بەڕێز مامۆستا (شێرزاد حەسەن) لەوتەیەکیدا دەڵێ: خوێندنی وانەی ئایین لەقۆناغی سەرەتاییدا داعش بەرهەم دەهێنێ. ئەو وتەیە هەر ئامانجێکی لەپشتەوە بێت! هەم زانستی نییە، هەم دوورە لەڕاستییەوە. لێرەدا بەچەند خاڵێك تیشك دەخەمە سەر ئەو قسەیەو وەڵامی ناوبراو دەدەمەوە.
١- خوێندنی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی، سەربەوەزارەتی پەروەردەن، کاری ئەو وەزارەتەش هەر وەك لەناوەکەیدا هاتووە، بەپلەی یەکەم پەروەردەو پێگەیاندنی قوتابییە، لەگەڵ پرۆسەی پەروەردەدا نووسین و خوێندن و زانستەکانی دیکە فێری قوتابی دەکرێت. لەتەواوی سیستەمی خوێندنی دنیادا، لەباشترین سیستەمەکانی پەروەردەدا، لەپێشکەوتووترین وڵاتانی دنیادا، ئامانجی سەرەکی خوێندن پەروەردەکردنی قوتابییە.
٢- لێرەدا دەکرێ پسپۆڕانی بواری پەروەردە، یان هەرکەسێکی خوێنەوارو ڕۆشنبیر، ئەو پرسیارە ئاراستەی مامۆستا (شێرزاد حەسەن) کەخۆی هەم وەك مامۆستاو سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی، هەم وەك ڕۆشنبیرو نووسەرێك بکەن. ئایا کام فەلسەفەو تیۆرەی پەروەردە، بۆ قوتابخانەکان باش و گونجاون تا قوتابی لەسەر پەروەردە بکرێن؟ خۆ ناکرێ هیچ وانەو بابەتێكی پەروەردەیی بەقوتابی نەوترێ و وێڵبکرێ.
٣- گشت کۆمەڵگەو تیۆریەکانی پەروەردەی مۆدێرن، داکۆکۆکی و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کەمرۆڤێك بەرهەم بێنن ڕاستگۆ، مرۆڤدۆست، ژینگەدۆست، زانستدۆست، لێبووردە، ئەکتیڤ، بەرهەمهێن، چالاك و ئیشکەر، تەندرووست بێت. بەتەحەداوە، بەمامۆستاو هەموو ئەوانەی وەك ئەو بیردەکەنەوە دەڵێم، تەواوی ئەو خەسڵەت و ڕەوشتانەی کە ئاماژەم پێدان، لە تەواوی ئایدیاو سیستەم و فەلسەفە مرۆیی و ئایینەکان بگەڕێ، هێندەی ئایینی ئیسلام بەڕوونی و ڕاشکاوی گرنگیان بەو بابەتانە نەداوە، پێیان لەسەر پابەندبوون پێیانەوە دانەگرتووە، هانی مرۆڤیان بۆ ئەنجامدانی نەداوە.
٤- ئەوەی مامۆستا ئاماژەی پێدەدا، کەگوایە لەوڵاتانی ئەوروپا وانەی ئایین لەقوتابخانەکان ناخوێنرێ، هیچ بنەمایەکی نییە، سیستەمی پەروەردەی سویسرا، لەتەواوی وڵاتانی ئەوروپا پێشکەوتوو ترو چڕوپڕ ترە. وانەی ئایین لەقوتابخانەکان دەخوێنرێ( Religionsunterricht) پێدەوترێ. بێگومان، هەر لەقۆناغی باخچەی ساوایان، سروودی کریسمس و باسی پیرۆزی پێغەمبەر عیسا س.خ بەقوتابییەکان دەڵێن. هەر وەك نموونەیەك، لەم ساڵانەی ڕابردوودا، سیاسییەکی سویسرا، ئاماژەی بەوە دابوو، بەهۆی زۆری منداڵە پورتوگالیی زمانەکان، منداڵەکەی ئەویش بەزمانی پورتوگالی فێری سروودی کرێسمس بووە.
٥- تەواوی ڕۆشنبیرو پسپۆڕانی ئەوروپا، بەدیندارو سێکۆلارەوە، بەڕێزەوە تەماشای ئایینی خۆیان دەکەن، هەر لەمنداڵییەوە لەسەر ئەوە فێردەکرێن و ڕادەهێنرێن، چونکە وەك بەشێکی دانەبڕاوی کولتوورو ناسنامەی فەرهەنگی خۆیان لێیدەڕوانن. بەداخەوە، زۆرێك لە ڕۆشنبیرو نووسەرو سیاسەتوانانی کورد، لەشەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا نەوەدەکانیش، سەرسامی فیکری مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووبوون. ئەو ئایدیۆلۆژیایە، تۆوی بەسووك تەماشاکردنی ئایینی تێدا ڕواندن، مژدەدەرانی کۆمۆنیزم، چەواشەکارانە تەواوی دواکەوتنە سیاسیی، ئیداریی، زانستیی، کۆمەڵایەتییەکانیان، بەئایینی ئیسلامەوە گرێ دەداو خەڵکیان دژی هاندەدا. ئەوەش هۆکاری سەرەکی بوون کەزۆربەی ڕۆشنبیرو نووسەرانی کورد، ویژدانێکی بیمارو وێنەیەکی شێواویان لەسەر ئیسلام لابچەسپێ. بەداخەوە، نوخبە ئیسلامییە ڕۆشنبیرەکەی کەلەنەوەدەکانەوە سەریهەڵداوە، هێندەی خەریکی سیاسەت بوون ئەوەندە لایان بەلای نوخبەی ڕۆشنبری کۆمەڵگەکەیانەوە نەکردۆتەوە، نەیانتوانیوە ئەو وێنە تەڵخ و شێوێنراوەی ئیسلام لەلایان بسڕنەوە.
٦- حەیفە ڕۆشنبیرێ کەمێ ئاگایی سیاسیی هەبێت، نەزانێ کەداعش هەڵقوڵاوی یارییەکی قێزەونی دەستگا موخابەراتییەکانن! بۆ مەرامی سیاسی، وێرانکردنی ناوچەکە، گەرمکردنی بازاڕی کۆمپانیاکانی فرۆشتی چەك درووستکراون. لەوەش حەیفتر، قەتیس کردنی مێژووی هەزارو چوارسەد ساڵەی ئیسلام، کەنموونەی تۆڵێرانس و پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن بووە لەئایینەکانی ترو شوێنکەوتوانی، لەگرووپێکی وەك داعشدا.
٧- هەبوونی تێبینی و ڕەخنە لەپرۆگرامەکانی خوێندن بەپەروەردەی ئیسلامییشەوە، کەزۆربەی لەسەردەمی ڕێژمی دیکتاتۆر داڕێژراون، کارێکی ئاسایی و مافی کەسانی پسپۆڕو ڕۆشنبیرە. بەڵام وابەستەکردنی پەروەردەی ئیسلامیی و بەستنەوەی بەفیکری داعشەوە، چاو داخستن و بازدانە بەسەر ئەو ڕۆڵە میانڕەو و تۆڵێرانسەی، کەئیسلام لەپێگەیاندنی هەزاران کەڵەپیاوی مرۆڤ دۆستی وەك مەولانای ڕۆمی، نالیی، حاجی کاك ئەحمەدی سلێمانیی، مەحوی و نموونەکانی تردا گێڕاویەتی. ئەوە ستەمێکی گەورەیە بەخەرمانی مێژووی ئەو کەڵە پیاوانە.
٨- لەمامۆستا شێرزاد دەپرسم، ئایا قەتلوعامکردنی دەیان ملیۆن مرۆڤ، لەجەنگی یەکەم و دووەمی جیهان لە سەدەی ڕابردوو، پەروەردەی ئیسلامی بوو؟ کوشتنی چەندین ملیۆن مرۆڤ بەدەستی کۆمۆنیزم و ستالینیزم و هەتکردنی مافەکانیان، خەتای پەروەردەی ئیسلامیی بوو؟ ئایا پیاوکوژێکی وەك (ئەندریاس پرێڤیك) کەقەسابخانەکەی خێوەتگەکەی ئۆسلۆی ئەنجامدا، یان خوێنڕێژێکی وەك (برنتۆن تارانت) کە لەمزگەوتەکەی نیوزیلاند، قەتڵوعامی نوێژخوێنەکانی کرد، بەرهەمی پەروەردەی ئیسلامیی بوون؟.