سەیرنییە، کە دۆخی ئەمڕۆی مرۆڤ ئێمە لەم هەرێمەدا بەئاشکرا و راشکاوی مردنی خۆی لەپێناو زیانگەیاندن بەخاوەنەکەی لێهاتووە. ئاواتخواستن بەداگیرکەر لە فۆرمەکانی پێشوودا، وەک خواست و بژاردەیەکی باشتر کەوتۆتەوە. بەو پێییە کوردستان کۆلۆنیەکی نێودەوڵەتییە(ئیسماعیل بێشکچی)، ئیتر هەرێمی کوردستان پاش راپەڕین و بەتایبەت بەکاریگەری کۆڕەوە مەزنەکە بووە ناوچەیەکی پارێزراو.
بەڵام، تاچەند مرۆڤی کورد وەک داگیراوێک، لە پاشماوەکانی داگیرکاریی رزگاری بوو؟ ئەم پرسیارە لەسۆنگەی یەکدوو سەرنجی 'ئەلبێر مامی' دا رووندەبێتەوە: چۆن داگیرکراو لەیەککاتدا کە دڵڕەقانە خۆی رەتدەکاتەوە، داخوازی زێدەلەبەدەری لە داگیرکەر هەبێت؟ چۆن دەتوانێ رکی لەداگیرکەرێشبێ و پێشی سەرسامبێ؟
پارادۆکسی داگیرکراو لەو دەربڕینەدا رەنگە دۆخی ئێستەی هاوڵاتیانی هەرێم روونبکاتەوە. پسپۆڕی بواری کۆلۆنیالیزم-ئیستعمار- وەک 'ئەلبێر ماێمی' و 'ئۆکتاڤ مانونی' جەختیان لەسەر ئەو وێنە زەینی و دەروونییەکردوە کە لەناخی داگیرکراودا کێشراوە و پاش نەمانی داگیرکاریش بەئاسانی ناسڕێتەوە.
تەنها رێگەیەک بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو وێنەیە، هەڵوەشانەوەی بناغەیی کاراکتەر و کەسێتی مرۆڤی داگیرکراو و ئەو سیستمەی کە داسەپێنراوە. هۆکارێکی بابەتیی گەڕانەوەی مەیلی ژێردەستەیی داگیرکراو بۆ داگیرکاری دەرەکی، شکستی دامەزراوەکانە لە رزگارکردن و باشکردنی ژیان و گوزەرانی ئەوەانەی بەحساب لە داگیرکاری رزگارکراون.
ئیدی، دۆخی هەرێم ئەم راستییە دووپاتدەکاتەوە: وەکچۆن حکومەت(کۆی دامەزراوەکان) بۆتە بار بەسەر خەڵکەوە، خەڵکێش بوون بە بار بەسەرییەوە. بەدیاریکراوی نازانم چەندە دەروونناسی لوبنانی 'مستەفا حیجازی' بیرۆکەکانی لە 'ئەلبێر مێمی' و 'فانۆن' سەبارەت بەدۆخی دەروونی مرۆڤی داگیرکراو وەرگرتووە. بەڵام ئەوە روونە کە سایکۆلۆجی مرۆڤی ژێردەستە و داگیرکراو لە پارادۆکسێکی سەیردایە : لە رکوکینە و بێزاندنی دەسەڵاتداراوە بەرەو خۆشەویستی و شکۆداکردنی دەڕوات!
چەندە رکی لەخۆی بێتەوە، لەبەرئەوەی خۆی پێ سووک و کەمە، هێندەش بە ستەمکارەکەی سەرسامە! چونکە، بەرای 'حیجازی' لە کاراکتەر ستەمکاردا "تایبەتەمەندی خودایی" کە ئیمتیازی دەسەڵاتخوازی و سەپاندنی هەیە، دەبینێتەوە. لێرەوە، مەیلی خۆبەکۆلیەکردن لە نزیکبوونەوە و خۆبردنەپێشەوە لە ستەمکار لای داگیرکراو بەهێز دەبێت.
هاوکات، لەپاڵ خۆبێزاندندا، دژایەتی و ستەمکردن لە هاوزمان و هاوئاست و هاوپیشە و هاوڵاتییانی خۆی پەرەئەسەنێت. لە قوربانییەکەوە، دەبێتە هەژدیهایەک بەسەر هاوزمانەکانی خۆیەوە. بۆیە، لەدیدی خۆماڵییدا، 'ستەمکاری نێوخۆیی' لەگەڵ داگیرکارێکی بیانیی جیاوازیی ئەوتۆی نییە. چونکە، بەکلکایەتی دەرەوە دائەنرێ.
جیاوازییەکیش کە هەیبێ؛ بەزمانی خۆمانە ستەم دەکات. ئەمەش قورستر و تاڵترە لە بیانییەک کە خاک و ئاوی و سامانت داگیردەکات. بەڵام، بۆ داگیرکاری خۆماڵی لە هی بیانی خراپتربێ، ئەگەر پیشەی هەردووکیان هەر داگیرکاریی بێ؟ تائێستا لەم نهێنیە باش حاڵی نەبووم، بۆیە جێی هەڵوەستکردنە.
هەروەک میدیاکار 'فەیسەڵی قاسم' لە تویتێکدا ئەپرسێت: بەراوورد لە نێوان ژیان لەسایەی داگیرکارێکی دەرەکی و ناوخۆییدا وەکئەوەیە کەسێ لێتبپرسێت؛ ئایا دەتانەوەێ لەژیر رکێفی فەرمانڕەوایەکی قەسابدابن یان لەژێر سایەی سەگەکانی قەسابەکەدا بەسەربەرن؟
هەڵبەت؛ پرسیارەکەی قاسم ئەو گریمانەیە ساغ دەکاتەوە؛ ئەگەر من کۆیلیەبم، با کۆیلەی ئاغایەکی رەسەن نەک زڕەکوێخایەک بم! ئەگەرچی ئەو پرسیارە بەراووردکارییەم لاپەسەندنییە. چونکە، چەوسانەوە و ژیردەستەیی دەبێ رەتکرێتەوە، چونکە دژ بەشکۆی مرۆڤە نەک لەبەرئەوەی دەرەکیی یان ناوخۆییە، بەدەستی بیانییە یان خۆمانەکی.
چونکە، زەوتکردن و تێکدان و لە مرۆڤخستن و داماڵین لە پێگە و بوونی تێدایە. ئەوەش راستە کە 'داگیرکەری بچووکیش(ناوخۆیی) بەرای 'مامی' هەمیشە لەسەر سێکوچکەی 'قازانج و ئیمتیاز و زۆرداریی' دەژیی.
بەڵام، گرفتەکە لەوەدایە؛ دۆخی کۆلۆنیالی- واتە ئەو بارودۆخەی داگیرکاریی خستوویەتییەوە، وەک خۆی ماوەتەوە و تێنەپەڕێنراوە. ئەم دۆخەش لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی وابەستەیی و دوولایەنەیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دامەزراوە. دۆخێک وەکچۆن داگیرکەر دروستدەکات، ئاوەهاش داگیرکراو سازدەکات. ئیتر ئەوەی گۆڕانی بەسەردا دێ، کاراکتەر و وێنەی داگیرکراو داگیرکەرەکەیە کە هەندێکجار دەچێتەسەر بیچمی داگیرکراو و دەیکاتە داگیرکەری ناوخۆیی.