حکومەت بە کۆمپانیا بەڕیوەدەبرێ لەکاتێکدا خەریکە حکومەتیش قوتدەدات؟

نەوزاد جەمال
  2022-08-31     639

حەزئەکەم لە بۆچوونی هاوڵاتی ئاسایی و کاسبکاری نێو بازاڕەوە دەستپێکەم: "ئەگەر حوکمداری لەڕێی کۆمپانیاکانەوە بێت، منیش ئەتوانم وڵاتەکە بەڕێوەبەرم"!

هەرچەند پسۆڕی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی نیم، بەڵام پێدەچێ ئەوانەشی کە بڕوانامەی ئابوری سیاسەت و شتیتریشیان هەیە، درکیان بەو وەرچەرخانە مەترسیدارە لە هەرێمدا نەکردبێ کە چۆن هەنگاو بەهەنگاو کۆمپانیا زەبەلاح دەست بەسەر هەموو "جومگە خزمەتگوزارییەکان"دا دەگرێت.

بەشێکی وتارو بۆچوونەسیاسیەکان لەپێناو قسەکردن لەسەر کاراکتەری سیاسی بەسەر وێنەگەورەکە و بەدگۆڕانەکاندا تێپەڕیون. ئەوەندەی سەرنج لەسەر کارەکتەرەکانە، باس لە بکەر پەلهاوێژەکان-کۆمپانیا- ناکەن. سەنگەرگرتن و لێدان لە کەسەکان-سیاسی و فەرمانڕەوا- باشترین ئامرازی نێوبانگی نوسین و خوێنەر راکێشانە.

گەورەبوونی قەبارەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت(رەنگە زۆرینەیان تایبەتبن بە بەرپرسەکان) لە بەرامبەر بچووکبوونەوەی دامەزراوەکان، دامەزراوە و فەرمانگەکانی هەرێمی بەرەو پوکانەوە و ئفیلیجکردن دەبات.

رەنگە ئامانجی حکومەت، کاراکردنی خزمەتگوزاریی و کەمکردنەوەی رۆتین و گێڕانەوەی داهات و پێیوابێ هەنگاوێکی باشدەنێ. بەڵام، دواجار خۆی دەبێتە کرێنشینی کۆمپانیاکان. چونکە، باڵادەستیشیان، ئەگەر جێگرەوەش نەبێ، مایەی تەواو بچووکبنوونەوەیەتی.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەکۆمەڵێ "دیاردەی شێواندن" کە بە 'بەدگۆڕان' ناویدەبەم، لە رەوشی گشتی سیاسی و ئابوری هەرێمدا باسکەم. وەکچۆن بەدگۆڕانێک لە 'دیاردەی حزب' روویدا، کاتێ حزب بوو بە کۆمپانیا، ئاوەهاش سیاسی بووە بازرگان و خاوەن کۆمپانیا. هاوکات، بازرگارنیش بووە سیاسی!

هەروەها، کوشتنی کەرتی گشتی لەپێناو کەرتی تایبەتیشدا، بووە ئامانجێکی قازانجبەخش. لەژێر پەردەی چوونە دەرەوە لە 'مۆدێلی سۆسیالیزم' و بەرەو بازاڕی ئازاد، نەک زەبری کەمەرشکێن لە ئابووری و سەرچاوە سروشتی و داهاتەکانیتریش درا، بەڵکو دیموکراسیشی بەرەو پشکپشکێنەبرد. هەریەکە دەبێت قاشێکی کێکەی مسۆگەرکردبێت. ئەمەش ئەو مۆدێلە حوکمڕانییە(لە ئێراقیش بەهەرێمەوە) کە دادۆشین و بەتاڵانبردن و بەفیڕۆدان و گەندەڵی لێکەوتەوە.

سەیرە، داهات و سەرچاوەی سەروژێر زەوی هەرێم ئەگەر لە وڵاتانی(لوبنان، ئوردن و سوریا) پتر نەبێ، ئەوا نزیکیانە. لەکاتێکدا، دانیشتوانی هەرێم ناگاتە شەش ملیۆن و رووبەری جوگرافیش هێندە بەرین نییە، کەچی هەرچی ئەرک و خزمەتگوزارییەکان بە کۆمپانیا بسپێردرێ. شارەوانیت هەبێ، کەچی کۆمپانیایەک ئاوی بلوار و خاشاک کۆبکاتەوە. ساڵانەش هەرەشەی مانگرتن و پێنەدانی شایستەی دارایی سەرهەڵبداتەوە!

 ئەمە چی دەگەیەنێ جگەلە خراپبەرێوەبردن، کاتێک حکومەت ئەرکەکانی خۆی رادەستی کۆمپانیاکان دەکات؟ پاساوەکە ئەوەیە، دامەزراوەکانی حکومەت لەبەر بیرۆکراسی و پرن لەفەرمانبەری بێکار و بندیوار، پێویستە "هەڵئاوسان" لە رێژەی فەرمانبەرانیدا بکات. بۆیە با کەرتی تایبەت ئەرکی ئەوان بکات. لەکاتێکدا فەرمانبەری دامەزراو مووچە وەردەگرێ و بەرهەمیشی نییە!

بیهێنە بەرچاوت، هەر لە داینەگەوە تا زانکۆ، نەخۆشخانە، شەقام و رێگاوبان و گەراج و سیکوریتی و گەشتوگوزار، پەروەردە، چی نەماوەو نەدرێتە کەرتی تایبەت؟ هەمووشی لەسەر حسابی داهاتی گشتی و بەرژەوەندی و چاکەی هاوڵاتیانە. چونکە، کۆمپانیا قازانج ویستە. کاتێ رەگی خۆی داکوتا، دەکەوێتە داهێنانی خزمەتگوزاری و پێداویستی 'وەهمی' لە پێناو زیادکردنی قازانجدا. دواجار، خەڵکی و حکومەت دەبنە کرێچی کۆمپانیاکان.

ئەزانین چۆن کۆمپانیا زەبەلاحەکان وەک میتاڤێرس و ئەپڵ و گۆگڵ و هتد... کە بە بکەری نادەوڵەتی- نێودەوڵەتی چۆن لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیک سەرقاڵی بەربەرەکانی ئاسایشی دەوڵەتانن. هەر لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی و بازارسازی چەکفرۆشتن و تاڵانکردنی ئابوریی تا بەکەلاوەکردنیان، رۆڵی روخێنەریان هەیە. دەبینین، هەمان مۆدیلی کۆمپانیاسازی دزەیکردۆتە ناو ئۆرگانەکانی حوکمڕانیەوە چ کارەساتی گەندەڵکاری و کڕین و فرۆشی لێکەوتۆتەوە و داهاتی گشتی تاڵاندەکەن.

کە بازاڕ دەکرێتە پێوەر بۆ زانکۆ و خوێندن و تەنانەت مرۆڤبوونیش، ئیتر هەموومان دەبینە کڕیار و بەکاربەر. کۆمپانیا نە ناسنامە، نەنیشتمان و نە ئینتما جگەلە بۆ بەرژەوەندی خۆی نییە. هەرچی لەفرۆشتن نەیەت، بازاڕی خۆشنەبێ، فەرامۆشدەکرێ.

ئیدی، ئەم ئەقڵیەتە لە کوردستان نەک هەر سیاسەت و ئاوبوری، بەڵکو رۆڵی گرنگی هەموو کەرتەکانیش وێراندەکات. لە وڵاتێکدا کە هێشتا دامەزراوەکان سەرپێنەکەوتوون، پرۆفێشناڵیتی کارکردن و بەڕێوەبردن نییە، کۆمپانیا دەتوانێ هەموو رێگەی قانونیش لەپێناو بەرژەوەندی قازانجخوازانەیدا بگرێتەبەر.

لەسایەی کۆمپانیاکانەوە، ژیان و گوزەرانی خەڵکی چنگێکی ماوەتە. هاوڵاتی دەبێ بەهەموو جۆرێ لەخەمی ئەو چنگەژیانەیدابێ و لێینەدزرێت. هەستدەکات لەهەموو لایەکەوە کۆمەڵێ زەروو تێیئاڵاون و بەشێوازی جیاواز پارەی لێدەکێشنەوە.

مادام هەمو شتێک لەڕێی کۆمپانیاوە ئەنجامدەدرێ، ئیتر 'من' هاوڵاتی حکومەت نیم، بەڵکو کرێچی و مەعمیلی کۆمپانیاکانم. ئیتر کۆمپانیا ناسنامە و نیشتمان و پێوەری مرۆڤبوونمە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×