زمانی راگەیاندنی کوردی و خاڵیبوونەوە لەواتا
نەوزاد جەمال
2020-08-24   951
لێرەدا نەوەک
پسپۆڕێکی تایبەتی راگەیاندن و نەوەک زمانناسێکیش دەنووسم. بەڵکو، زمانی راگەیاندن
وەک دیاردەیەک دەخەمەژێر پرسیارەوە. هەرچییەکیش کە لەوبارەوە نووسیومە یان دەنووسم،
بیرکردنەوەو هەڵوەستەکردنە لەسەر ئەو دوو کایەیە.
مەبەست لەخاڵیبوونەو-بەتاڵبوونەوە- چییەو چۆن لەراگەیاندندا
بووەتە دیاردە؟ بەتاڵبوونەوە؛ سوانی زمان و خاڵیبوونەیە لەهەر واتایەک یان بیرکردنەوەو
زانین و زانیاری گەیاندن. لەدوای راپەرینەوە، سەدان زاراوە، دەستەواژەو چەمک،
دروشم و 'ووتراو'-ستەیتمێنت-(بەکردار یان نوسرواوبێ) لەمیدیادا دەووترێنەوە. ئەگەرچی
سەرەتا وەک کەرەسەیەکی زمانەکی، دەستکەوتێک بوون بۆ زمان و راگەیاندن. بەڵام، بێئامانج
و بێپەیام و بێزانیاری بەکارهێنانیان، وایانکرد بسوێن و لە واتا بکەون. دواجار، وەک
کەفی سەردەریا لەزانیاری و واتابەخشی رووتببنەوە.
دەستەواژەگەلی "ئەزموونی نوێ، هەستیاری دۆخەکەو
قەیرانباری، کارەسات لەڕێیە، مەترسی لەبەردەمە، هەڕەشەمان لەسەرە، ئاسایشی نیشتمانی
لەلێواردایە، کوردایەتی و نیشتمان و نەتەوایەتی، مرۆڤ، دیموکراسی، ئازادی و دەسەڵات
و ئۆپزسێۆن" هتد... لە هەواڵ و سەردێڕو نووسینەکاندا، بوونە ووتراوگەلێکی
بێبەهاو بێواتا. چونکە، بەدەربڕینیان هیچ بەهایەکی زانینەکی لێنەکەوتنەوە.
کاتێ، 'منی' بیسەرو بینەرو خوێنەر، بۆنموونە ووشەی
"قەیران و کارەسات" لەباسکردنی دۆخی کۆرۆنادا دەبیستم؛ یەکسەر ئەوەم
دێتگوێم کە "کارەساتێکی گەورە" بەڕێوەیە. ئایا، لەدەربڕینەکەدا چ
زانیاریی و پەیامێک دەگاتە مێشکم؟ پێویستە، راگەیاندکار لەدەربڕینەکانی وەک 'کارەسات
و مەترسی و هەڕەشە'ن، بەبێ پرسیارلەخۆکردن و بیرکردنەوە رەخنەیی بەناونەکەوێت-تینەکەوێت.
دەبێت بپرسێ: بۆ کارەساتەو بەکام پێوەر؟ ژمارە
داتاکان چەندەو هی کامە مانگ و ساڵە؟ ئەی، ئەگەر ئەو داتایانە بەنەخۆشییەکانیتر،
رووداوەکانی هاتوچۆ، شەڕوشۆڕو توندتیژیی بەراوردکەیت، ئایا ڕێژەی مردن بەکۆرۆنا
کارەساترە؟ ئەگەر ژەمارە بڵاوکراوەکانیش ئەوەندەنین کە لەراستیدا هەن. چونکە، بەرپرسانی
شارو نەخۆشخانەکان و حکومەت، لەکاردانەوە دەترسن و دەیانشارنەوە، ئیتر بەرمەبنەمای
چی؟ ئەگەر ڕێژەکە کەمترە، بۆ گەورەی دەکەن؟
بەداخەوە، ووشەکانی "زیادکردن، هەڵکشان و داکشان"
هتد... زاراوەگەلێکی ئاماریین، لەمیدیادا بەبێ پێشینەی زانستی دەبنە مانشێتی هەواڵەکان.
بێئاگاییە لە'زمانی زانست' کە هەوڵەکە دەڵێت "رێژەکە هەڵکشاوە". چونکە، لە
دەستەواژەکەدا بەراورد هەیەو دەبێ بەپێی کات، شوێن و بکەرو پێودانگ-ستانداردەکە- ئەو
دەستنیشانکرابێت. هەروەها، گۆڕاو نەگۆڕ لەدیاردەو رووداوەکاندا جیابکرێتەوە.
ناکرێت لەخۆڕا رێژەی نەخۆشی لەهەرێم بۆنموونە بەراورد بەئێران بکرێ و بەزۆرتر یان
کەمتر قسەی لێبکرێت. رێژەی نەخۆشییەکە لەئێران لەسەدا چەندیش بێت، بەپێی رێژەی
دانیشتوانی و ستانداردی خۆیەتی. جاران ژمارەو داتا لەراگەیاندنی ئێمەدا نەبوو
جگەلە وشەکانی 'زۆر، زیاد، کەم '. ئێستە رۆژانە، ژمارەو داتا بەڕووماندا دەتەقنەوە.
بەڵام بەنازانستیانە.
ئەگەر کۆی
ئەو دەربڕینەوشانە (کارەسات، قەیران و هەڕەشەو مەترسی) لەماوە دەیەکدا کەچەندبارەکراون،
تێکڕا کۆبکرێتەوە، دەگەیتە ئەنجامێک: یان ئەوەتا شتێک نییە ناوی هەڕەشەو قەیران و
کارەسات. یان دەبێت هەموو رۆژێک کارەسات و مەترسی لەژیانماندابێت. کەواتە، کارەسات
شتێکی رۆژانەی ئاساییە. چیتر کارەسات نییە کاتێ ژیانی رۆژانە بەڕێوەبچێت. قسەم لەئاستی
گوزەران و ژیانەکە نییە. چونکە، ئەوە گۆڕاوێکەو لەبەرزونزمبوونەوەدایە.
پێدەچێت، خۆبەدرۆخستنەوە، چێواشەکردنی رای گشتی جێگەی
ئەرکی سەرەکی میدیاکاری گرتبێتەوە. تەنانەت، هاوڵاتی ئاسایش لەوە گەیشتووە
"میدیای ئێمە راستبێژی تێدانییە". نەبەهای زانیاری دروستیان هەیە، نەووتراو
و دەربڕین و پەیامەکان یەکترتەواوکەرن.
ئاخر، هەردەبوایە بەپێی پەیام و هەواڵەکانی سەرەتای
ئەمساڵ، هەموو بە کۆرنا تیابچووینایەو هەرێم دارووبەردی بەسەریەکەوە نەمایە. ئەگەرچی
هەمووشتەکان پێرفێکت و بێخەوش نیین، بەڵام لەگەیاندنی رێژەکاندا راستی
کێشەوگرفتەکان بەهۆی بێسەلیقەیی، پەلەکردن، شپرزەیی و پەڕپووتیی و ناڕوونی، سەرەوبن
بوون. بەکارهیێنانی ئەو ووشانە لەجێی خۆیاندا نەبوون. چونکە، داتاکان پەیامێکی
رازاندنەوە، خۆدەرخستنن. لەکاتێکدا بەکارهێنانی ئەو دەربڕینانە 'ئەرک و بەرپرسیارێتی
سەلماندن' دەخاتەسەر راگەیاندنکار.
بۆیە، هێندە بەکارهێنانەوەی ئەو ووتراوانە جگەلە لە"حەشو"
ئاخنین هیچترنییە. لەمێژووی بزاڤەکەلامییەکاندا، ئەشعەرییەکان بە'حەنەفی' و 'سەلەفی'
ئەمڕۆو 'زاهیرییە-رواڵەتخوێنەکانیان دەوت حەشوکەرەکان. چونکە، ئەوەندەی ووشەیان
بەکاردەهێنا، هێندە بیریان لەواتاو پەیامەکەی نەدەکردەوە.
لێرەوە، گرنگ نییە چەندە لەووتنەوەو ئەزبەکردنی ئەو
وشانەدا کارابیت. بەڵکو، چۆن بیریان پێدەکەیتەوەو چەندە زانین و زانیاری بەهۆیانەوە
دەگەیەنیت. ناکرێت باس لەداد و ماف بکەیت، لەکاتێکدا نووسینەکەت، هەواڵەکەت مافی
خوێنەرو جیاوازی بۆچوونی ئەویتر پێشێلکات.
هەروەها، لەراگەیاندنی دروستدا، دەبێ ناوەڕۆکی هەواڵ
و بابەتەکە وورژاندن و کارلێک دروستبکات نەک دەربڕینی وشەو قسەی شاخدار. دەربڕینی
سۆزجوڵێنەرو وروژاندنی هەستونەست کاری شیعرو ئەدەبە.
بۆیە، سەرچاوەیەکی ئەو گرفتە، لەو زمانە شیعرییەوەیە
کە هێشتا ژانرەکانی تری نووسین و رۆژنامەگەری، بواری ئەکادیمی و شرۆڤەی زانستی و
فەلسەفەش پێوەگیرۆدەیە. ئەگەرچ، هێندە هۆگری شیعرو رۆمانی کوردیی سەردەمەکەنیم.
ئەوەندەی خوێندوومەتەوە، تێبینیمکردووە پڕن لەرازاندنەوە بەدەستی وەستایەکی "فرانکشتاینیانە"
کە خۆینەر دەخاتە دۆخێکی دەروونی شڵەقاوەوەو ئامانجی ئەوەیە خوێنەر ئەقڵ و هۆشی
رادەستی نووسەرکات!
نووسەرو
رۆژنامەکاری ئێمە، خوێنەرکوژن. چونکە، نووسیین پانتاییەکی دیالۆگکردن نییە،
ئەوەندەی ساخکردنەوەو سەپاندنی ڕاوبۆچوونێکە بەسەرخوێنەر/بینەردا. لەجیاتی رێخۆشکردن
بۆ پرسیارو بیرکردنەوە، قایلکردن بەبۆچوونی خۆیان، دوائامانجەکەیە.
لێرەوە، مەرگ و کۆتایی رەخنەش رادەگەیەنم. چیتر،
رەخنەگرتن وەک نووسین، راگەیاندن واتاو کاریگەریی نەماوە. جگەلەوەش رەخنەگرتن
ئامرازو ئەسپێکی خێرای خۆگەیاندنی کەسانێک بوو بەپۆست و پێگەی باش. ئیتر سیحرەکەی
بەتاڵبووەوە. بیرکردنەوەی رەخنەیی وەک جیهانبینی لەخۆیدا بەکۆتا نەگەیشتووە، بەڵکو
ئەو فۆرمەی کە زۆربەمان لەدەیەکانی پێشووەوە لەسەری راهاتووین، پووچبۆتەوە. ئیتر،
بەخێربێن بۆ "کۆمەڵگای پاش هەقیقەت، پاش رەخنەو پاش زمان".