هەرێمی کوردستان: وڵاتێکی دەرۆزەکەرو سیاسەتی دەستپانکردنەوە
نەوزاد جەمال
2020-07-29   698
دیمەنی بەشینەوەی کارتۆنە
خۆراک لەسەرووەختی کۆرۆناو بەزمی مووچەدا، وێنەی برسێتی پاش راپەڕینی(١٩٩١) هێنایەوە
بەرچاومان. پاش کشانەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی ناوەند، ژیان و گوزەرانی خەڵک پشتی
بەکۆمەکی و هاوکاری نێودەڵەتی دەبەست. هەرێمی کوردستان وەک "سەبەتەخۆراکێکی
مەزن" کەوتەسەر نەخشەی رێکخراوە مرۆییەکان. هەرێم بووە مۆڵگەی رێکخراوە "خێرخوازییەکان".
کەمخۆراکی نەوەدەکان بەشێکی
دانەبڕاوی ژیانی خەڵکە، تەنانەت ئەوانەی لەو دەیەدا هاتنەدنیاوە مۆرکی ناڕێکی
تەندروستیان بەهۆی بەدخۆراکیەوە بەلەشولارەوە دیارە. دەرچەی دەربازبوون لەو دۆخەش،
کەڵکەڵەی رووکردنەوە ئەورپا یان چاوبڕینە هاوکاری مادیی رێکخراوەکان بوو. لێرەوە،
زەمینەی لەکارخستن و پشتبەخۆنەبەستن، دەبێتەسروشتی دووەمی مرۆڤی ئێمە. نەبوونی
کارو داهات رێخۆشکەربوو کە پشت بەئازوقەوەرگرتن و دانیشتن لەماڵەوە بێت.
خەڵکانێکیش لەخزمەتگوزاریی
ئاسایی پزیشکی و کشتوکاڵییەوە تاسیخوڕیکردن کاریان لەرێکخراوەکاندا دەکرد.
دووزلحزبەکەش دوای کەوتنی رژێم و لێشاوی پەترۆدۆلار، بێکاری و نەبوونی گوزەرانیان
قۆستەوە تا خەڵکەکە ببێتە چەکدارو دەنگدەر بەبەرامبەر بەدامەزراندنیان. رێکخراوە
ئایینەکان، ئیسلامییەکانیش دەرفەتیان قۆستەوە. لەژێر پەردەی هاوکاری مرۆیی و
خێرخوازیدا، خەڵکیان کردە پاشکۆی باوەڕەکانیان.
هەموو ئەم کارانە کەناوی
"خێرخوازی و هاوکاریی مرۆیی"بوون کە هێندەیتر مرۆڤی ئێمەیان کردە
بەرخۆرو کارنەکەرو پاڵدانەوەو حەزکردن بەماڵی ئییف و موفت تێیاندا چێندرا. ئەم وێنە
گشتییە، راستیەکیتریش دەردەخات؛ کە چۆن هەرێم و مرۆڤی ئێمە بەچ پرۆسەیەکی بەرخۆریی
و دەرۆزەکەر-سواڵکەریدا تێپەڕییووە. تەنانەت، لەئاستی و حکومەت و دامەزراوەکانیشدا
ئەمە رەنگیانداوەتەوە. ئێستە کە حکومەت -بەووتەی خۆی- توانای پێدانی موچەو
تێرکردنی ئەو هەموو موچەخۆرەی نییە، بوونەتەبار بەسەرییەوەو زەبرێکی پشتشکێنی لەکارتی
دانوستانەکان هەرێم/بەغدا داوە.
پەتای کۆرۆناو دابەزینی نرخی
نەوت و ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی ناوەند، وایکرد دیمەنی هەژاری جارێکیتر بگەڕێتەوە.
پەیتا پەیتا میدیاکان بۆ نێشاندانی بارودۆخی سەختی گوزەران، خەڵکانێک بەچاو فرمێسکاوییەوە
دەهێنە بەرکامێرا. لەولاوەشەوە سەرمایەدارو بازرگانەکان وەک 'حاتەمی تایی' هەڵمەتی
خێروخوازیان کردۆتە مانشێیتی هەواڵەکان.
ئیدی، جارێکتر مرۆڤی ئێمە
فێری دەرۆزەکردن، چاوشۆڕی و دەستپانکرندەوە دەکرێت. نکولی لەوەناکەم کەسانێک
لەسەرهێڵ و ژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵکو تاسەر رەگ دژ بەو وێناکردنەی دۆخەکەم. کارەساتە،
مرۆڤی ئێمە بەو جۆرە بێئیرادەو بێئختیار بکرێت. لەناچاریدا سەر بۆ خێرخوازێک دانەوێنێت.
مەترسیدارترین شت بیرۆکەی خێرخوازییە.
بەبیانوی دۆخی نائاسایی و
قەیرانەوە، حکومەت و دامەزراوەکانی لەئەرک و کارەسەرەکیەکانیان خۆیان دەدزنەوە. دابینکردنی
پێداویستییەکان بەرێکخراو خێرخوازانەوە دەسپێرن. ئەمە کۆیلایەتیکردنی مۆدێرنی
بەناوی خێرەوە. مرۆڤ شایەنی بەزەیی و خێرپێکردن نییە. بەڵکو مافی سروشتی لەسەر
حکومەتە کە هەلیکارو ژیانی دابینکات. تواناو بەهرەکان پەرەیان پێبدرێت. کوشتنی مرۆڤ ئەوەیە کە تەنها فێری سکپڕکردن بکرێ
تا بیرلەهیچیتر نەکاتەوە.
کارەساتە حکومەت خۆی داوا لەدەوڵەمەندو
سەرمایەداران بکات تا هاوکاری هاونیشتمانیان بکەن. بەوە حکومەت کۆتایی بەڕۆڵ و
مەرجی هەبوونی خۆی دەهێنێت. هەڵمەتی خێرخوازی، هەوڵێکترە بۆ رزگارکردنی حکومەتە
لەکەمتەرخەمیەکانی. چونکە، بەخشینی خۆراک/پارە بەناوی خێرخوازییەوە، دەچێتە خانەی
ئارایشتکردنی کەموکورتیەکانی دەسەڵاتەوە.
بەشێکی رێکخراوەکان راستەوخۆ
بە"سامانی حزب" رووی خۆیان سپیدەکەنەوە. ئەوانەی کەرتی تایبەتیش، پشکی
بەرپرسن یان سوودمەندبوون لەپرۆژەکانی شارەوانی و گومرگ و حکومەت و ئاسانکاریان
بۆکراوە. سەیرنییە، کۆمپانیایە لەبوارێکدا خەڵکی دەڕەتێنێ کەچی دێت باسی هەتیو
بێوەژن و هتد... دەکات.
ئەوەشی کەناوی هاوکاریە، جگەلە
ریکلامی بازرگانی و پەردەپۆشکردن کاری نایاسایی و نامۆراڵی زێتر نییە. کوشتنی
تواناو بەهرەی مرۆڤە لەوەی بەدەست و رەنجی شانی خۆی بژێویی دابینکات. بەزەبری نان،
ملکەچ و کۆنترۆڵی بکەیت. هەرچی شکۆو ئیرادەیە، مەردایەتی و جوامێرییە بەناوی
هاوکاری و خێرەوە بکوژیت.
من لەگەڵ هاندان و رەخساندنی
دەرفەت و هەلی باشترکردنی ژیان و گوزەراندام. دژی بیرۆکەی خێروچاکەم. چونکە، پڕە
لەخۆپەرستی و خۆپەسەندی و نەوی سەیرکردنی ئەوتیر. هەر لایەنێک باوەڕی بەچاکەکاری
هەیە، با لەپرۆژەی بنیانتنان و پەرپێدانی بەردەوامی تواناو بەهرەکانەوە دەستپێکات.
لەڕێی رەخساندنی دەرفەتەوە هاوکاربێت. پرۆژەیەک کە مرۆڤ بەهۆیەوە هەست بەرپرسیارێتی
و بڕیاردەربێ لەسەر چۆنیەتی ژیان و دابینکردنی گوزەرانی بدات. مرۆڤ سەربەخۆبکات نەک
کۆیلە.
سوود لەتواناو بەهرەو
شارەزایی پیشەییان وەربگرێ. دەستوبازویان بەگەڕبخات، نەک لەژێر پەردەی هەژاریدا لە
دەستوپێیان بخات. بیرۆکەی خێروخوازی -بەدەر لەنیازو مەبەستی کەسەکە- خاڵی نییە
لەبەرژەوەندی بێبەرامبەر. تەنانەت ئەگەر بۆ ئەودونیا/خوابکرێ. لەبەرئەوەی کەسەکە
بەباوەڕی خۆی دەقاتی لەدونیاکەیتر وەردەگرێ. یان لەپێناو سڕینەوە خراپەیەکدا دەیکات.
تەنانەت، ئاسوودەیی ویژدان و دەروون لەهاوکاری و خێردا بەدەرنییە.
بەرژوەندی هاوبەش
لەخێرخوازیدا ئەوەیە بێبەرامبەر نییەو چەواشەکاری تێدایە. باشترە چەمکەکە بگۆڕدرێت.
چونکە، سووکایەتیکردن بەوەرگری تێدایە. لەجیاتی ئەوە 'پەرەپێدان و بنیاتنانی مرۆیی'
دابنرێت. ئەمەش هەر ناوگۆڕین نییە بەڵکو وەگەڕخستن، دۆزینەوەو رەخساندنی دەرفەت بۆ
تواناو بەهرەکانە لەبواری خۆیاندا.
ئاخر، ئەوە چییە تۆ مەڕێ
بکەیت بەخێر بۆئەوەی بیست خێزان گۆشت بخوات، دەمانگی رەبەق زەقەی چاوی بۆ ژەمێکی گونجاوبێت؟
لەجیاتی ئەوە پرۆژەی درێژخایەن و خۆژین سازبکەن. وەک ووتراوە؛ مامۆستای باش ئەوەیە
فێری راوەماسیت بکات، نەک ماسیت بۆ بگرێ. ئەم هەموو خێرانە، وامان لێدەکەن تەنها خەون
بەژەمێک و سکپڕکردنێک بکەینەوە نەک کێشەو گرفتەکان چارەسەربن. تکایە، مرۆڤ مەکەن
بەرەجەبی ژیر دارهەنجیرەکە کەپیشەی رۆژانەی دەمکردنەوەیە و خەون بەهەنجیرێکەوە کە بەڕێکی
راستەوخۆ بکەوێتەدەمییەوە ببینێت.