چارەکەسەدەیەکی تەواوە سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانی و نووسینم.
پێشتریش سەرنووسەری گۆڤاری وەرزیی شەبەنگ بووم، بێجگە لە بواری ئەدەب کە زۆر پێشتر دەستم پێکردن.
بەدرێژایی ئەو ماوەیە، سەربەخۆ و خۆبەخش کارم کردووە. تا کاتی نووسینی ئەم بابەتەش پەشیمان نیم. ڕێگەیش بە خۆم نادەم منەت بکەم و بڵێم لە پێناوی کۆمەڵگای کوردیدا کارم کردووە، بەڵکو ئەوە بڕوای تاکەکەسی خۆم بووە.
دوای ئەو هەموو ساڵە، میدیای کوردی لە دۆخێكی تەواو جەمسەرگیردا دەبینم. کەناڵەکانی پارتی و نزیک لە پارتی، ئەو نووسەر و ڵێکۆڵەرەوانەیان خۆش ناوێت، ڕەخنە لە پارتی دەگرن.
تەنها جارێک لە کوردسات دەرکەوتووم، دڵنیا نیم ڕێکەوت بوو یان کرانەوەی میدیای یەکێتی.
ئاشکرایە کەناڵە ئیسلامییەکان ئەجەندای ئایینی و سیاسی خۆیان هەیە و هاوئاوازی خۆیان نەبێت، کەسی دی داوەت ناکەن.
ساڵانێکی زۆرە لە لیستی ڕەشی ئێن ئاڕ تیدام. هۆکارەکەی بۆ ڕەخنەیەکی من دەگەڕێتەوە لە بەرنامەیەکی کەناڵەکە، لە ئەڵمانیا ئامادە کرا بوو، بەرنامەیەکی زۆر خراپ بوو، سیخناخ بوو هەستی پڕ لە ترس و خۆپارێزانەی پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا. سەیر ئەوەیە پێش ڕەخنەکەی من لە ئێن ئاڕ تی، لە سەردانمدا بۆ سلێمانی، کەناڵەکە لە بەرنامەی ڕاستەوخۆدا میوانداری کردووم و لە سایتەکەی بابەتەکانی بلاو کردوومەتەوە.
زیاتر لە ساڵێکە هەست دەکەم سایتی هاوڵاتیش بایکۆتی کردووم، ئەگەرچی لە سەرەتای دەستپێکردنەوەیدا بابەتێکی منیان بڵاو کردەوە!
ڕەنگە هۆکاری بایکۆتی هاوڵاتی بۆ نووسین و چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی من، بگەڕێتەوە بۆ گلەیییەکی من سەبارەت بە لێدوانێکی خاوەنی هاوڵاتی سەبارەت بە فرۆشتنی ڕۆژنامەکە. چونکە من ئاگادارم هاوڕێ و هاوکارەکانم چەند خۆبەخشانە و لێبوردوانە، بێ بەرامبەر، یان بە مووچەیەکی ڕەمزی، رۆژ و شەویان خستبووە سەر یەک ،تا هاوڵاتی بکەن بەو هاوڵاتییەی بوو بە مێژوو.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا وای دەبینم، هاوڵاتی لە ئێستا بە هێز و ڕێبازێکی نوێوە گەڕاوەتەوە و هەوڵ دەدات مۆدێلێکی نوێ و جیاواز ئەزموون بکات و پشتیوانی دەکەم.
کەناڵە کوردییەکانی ئەوروپا هەموویان حیزبی و نیمچە حیزبیین، کەناڵە حیزبییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ،تا ئێستا نەیانتوانییوە بازنەی بچووکی میدیای حیزبی ـ ستالینی تێپەڕێنن!
زیاتر لە جارێک لە تەلەفزیۆنەکانی بروکسیل و سویدەوە دەرکەوتووم! ئەوان بەگشتی ئەو قسانەیان پێ خۆشە کە پێیان خۆشە. بەڵام من هەمیشە قسەی خۆمم کردووە. لە نزیکەوە ئاگادارم چەندین جار میوانداری کەسانێکیان کردووە، لە ئەوروپا فێر بوون ناوی خۆیان بنووسن، پێوەر بۆ ئەوان ئایدۆلۆجیا و گوتاری سیاسی تایبەتە.
یەکەم ڕۆژنامەنووسی کورد بووم ڕاپۆرتم سەبارەت بە ڕۆژ تی ڤی (پێشتر مەد ومیدیا تیڤی) ئامادە کرد، کاتێک بۆ یەکەم جار دیدارم لەگەڵ ئەحمەد تورک ساز کرد، خوێنەران نامەیان بۆ دەنارم و دەیانپرسی ئەو تورکە کێیە داکۆکی لە کورد دەکات!
لەسەر نووسین و کارە ڕۆژنامەوانییەکانم، دەیان جار هەڕەشەم لێ کراوە و ڕووبەڕووی ئەگەری دادگایکردن بووەمەتەوە.
چەند هەفتە پێش ئێستا بە مۆبایلەکەی خۆم، پرسیارێکی ڤیدیۆییم لە دکتور مورشید مەعشوق خەزنەوەی کرد، تا ئێستا نزیکە دوو ملیۆن بینەری هەبووە.
میدیاکانی شار و سپی و درەو و وێستگە و کەناڵی کەی ئێن ئێن و چەند میدیای تر، چەندین جار بابەت و دیداری منیان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام سایتی ئاوێنە، کە چەندین ساڵ خۆبەخش و بێ بەرامبەر، لە وڵاتە ئەوروپییەکان و پەرلەمانی ئەروپاوە کارم بۆ کرد، چەند ساڵە منی لە ڕێزی نووسەرەکانی خۆی دەرکردووە.
یەکێک لەو میدیایانەی لە بەشێک لە بەرنامە سەرەکییەکانیدا بەشدار بووم، دەنگی ئەمریکا بووە. جارێک لە کاک بەڵێن ساڵحم پرسی، نهێنی ئەو کوردییە پاراوەی دەنگی ئەمریکا چییە؟ لە وەڵامدا کاک بەڵێن بە خاکەڕاییەکی زۆرەوە گوتی: هەمووی هی کاتی هۆمەر دزەییە بۆمان ماوەتەوە.
من کێشەی تاکەکەسی و سیاسی و ئایدۆلۆجیم لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نییە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە، هەوڵ دەدەم، وەک بابەتێکی گرنگ پڕ بایەخ، لە دیدی خۆمەوە، دۆخی سایکۆلۆجی میدیای کوردی بخەمە ڕوو. ئەگەرچی چاوەڕوان دەکەم دوای ئەم نووسینە، زیاتر بایکۆت بکرێم.
دواجار ئەوەی بۆ من دەمێنێتەوە، سەرمایەی مەعنەوی و نیعمەتی ڕای سەربەخۆ و سەربەخۆبوونە.
کاتێک ئاوڕ لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو دەدەمەوە، دەبینم ئێمە، سەرباری هەموو کەموکورتییەکان، پێشکەوتووین. لەبەردەم هەر کەسێک بیەوێت لێدوان بۆ ڕای گشتی بدات، لانی کەم بیست مایک دانراوە. ڕەنگە کەسانێک ئەم دیاردەیە بە نەرێنی ببینن، بەڵام من وەک ئاماژەیەکی گرنگ و کاریگەری ڕای گشتی دەیبینم.
خەوشی سەرەکی میدیای ئێمە، جەمسەرگیری حیزبی و ئایدۆلۆجیییە. ئێمە پێویستمان بە لانیکەمی ڕێکەوتن لەسەر سەرخەتەکانی میدیای نیشتمانی هەیە.
جیهان پێشکەوتووە و میدیای کوردیش بە هەموو ڕەوتەکانییەوە پێشکەتوون. هیوادارم میدیای کوردی بە گشتی و میدیای ئەهلی بە تایبەتی، لە داهاتوو زیاتر گەشە بکەن و بایەخی زۆر بە زیرەکی دەستکرد لە بواری میدیادا بدەن.
دەمێنێتەوە بڵێم. یادی کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمە و ویداد وهەموو ئەو دەنگ و قەڵەمانەی گیانیان بەم ڕێبازە بەخشی، هەمیشە بەرزو زیندوو بێت.