لەگرێکەی گۆردیۆسەوە تا گرێکوێرەکەی ویلایەتی موسڵ
هونەر تۆفیق
2020-02-15   1436
بەشی یەکەم : گۆردیۆس
گۆردیۆس یەکێکە لەپادشاکانی مەملەکەتی فریجیا .سیازدە سەدە پێش زایین، لەخۆرئاوای ئەنادۆڵ (ئاسیای بچوک)دا فریجیەکان مەملەکەتێکیان بۆخۆیان بنیادنابو. هاوتابوون بەمەملەکەتی یۆنانیەکان. بەشی سەرەکی رێگای بازرگانی جیهانی ئەو سەردەمە ( ڕیگای ئاوریشم) یان بەدەستەوەبو.
بەپێ ی ئەفسانەکانی یۆنان، گۆردیۆس جوتیارێکی هەژاری مەملەکەتی فریجیابوو. لەپاش مردنی پادشا، فاڵگرەوەی مەملەکەت دەڵێت هەرکەسێک بەخۆی و عەرەبانەیەکی سەر پشتی گایەکەوە هاتە ناوشارەوە، بازێک بەسەریەوە نیشتەوە ، ئەوە بکەنە پادشا، چونکە دابینکردنی خۆشگوزەرانی خەڵکی لێدەوەشێتەوە. لەو رۆژەدا گۆردیاسی جوتیار بەو وەسفانەی فاڵگرەوەکە دێتەوە ناوشارەوە. خەڵکەکەی لەسەر ئامۆژگاری فاڵگرەوەکە دەیکەنە پادشای مەملەکەت.
گۆردیۆس سەرباری بەپادشابوونی دەستبەرداری عەرەبانەکەی نابێت. بەگوریسێک عەرەبانەکەی بەجۆرە گرێیەک دەبەستێتەوە کە ئەمسەرو ئەوسەری گوریسەکە دیارنیە. بەڕەعیەتەکەی دەڵێت: زەیوسی خواوەند فەرمانی کردووە، بۆهیچ سوپاو هێزێک نیە بچێتە سنووری ئەودیو گرێکوێرەی عەرەبانەکەیەوە (واتە ئاسیا - رۆژهەڵات) تا ئەو گرێکوێرەیە نەکاتەوە. هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات ، زەیوسی خواوەند نەفرەتی لێدەکات.
لەپاش مردنی گۆردیۆس ، کوڕەکەی میداس دەبێتە پادشا، هەمان فەرمایشتی زەیوس لەسەردەمی حوکمداری میداس و دواتر لیدیایەکان کاریگەری دەبێت، سەرباری بوونی هێزو توانای سەربازی فریجیایی و میراتگرەکانیان لیدیاییەکان ، هیچ سوپایەک لەترسی غەزەبی زەیوس نەیاندەتوانی لەعەرەبانەکەی گۆردیاس واوەتربڕۆن بەرەو سنووری ئێرانیەکان لە خۆرهەڵاتدا. تەنانەت فلیپی مەکەدۆنی باوکی ئەسکەندەری مەکەدۆنیش لەسەدەی سێهەمی پێش زاییندا تەواوی مەکەدۆنیاو یۆنان و لیدیا داگیردەکات، سوپا بەهێزەکەی دەتوانێت بەئاسانی ئەخمینیەکان (ئێرانیەکان) لەودیو گۆردیۆسەوە بشکێنێت و ئاسیای بچوک داگیربکات، بەڵام لەبەردەم گرێکوێرەکەی گۆردیۆسدا ڕادەوەستێت. لەبەر ئەوەی توانای کردنەوەی گرێکەی نابێت، لەترسی زەیوس ناوێرێت سوپاکەی ئاڕاستەی ئاسیابکات. ئەو گرێکوێرەیە زیاتر لە حەوت سەدە دەخایەنێت. لە ئێستاشدا لەزمانی سیاسیدا هەر پرسێکی ئاڵۆزی سیاسی چارەسەری گران بێت، پێی دەڵێن پرسی گرێکوێرەکەی گوردیۆسە! تا هاتنی ئەسکەندەری مەکەدۆنی و کردنەوەی گرێکە بەو شێوازەی ئەسکەندەر کە ئاسیا و ئەوروپای پێکەوە بەستەوە. تەواوی رێگای ئاوریشمی خستەژێر رکێفی خۆیەوە.
ماویەتی ..