لەئێستادا گەشتوگوزار کەرتێکی زیندوو و گرنگی جیھانی ئەمڕۆی ئێمەیە،لەکۆنەوە تاکەکان بەکەمی و بۆ مەبەستی دیارکراو و تایبەتمەند بڕیاری گەشتکردنی لەوڵاتی خۆیەوە بۆ وڵاتێکی دیکە داوە،بەڵام لەئێستادا بەھۆی جیھانگیریەوە سەرجەم تاکەکان لەھەر کوچەیەکی زەویدا بن ، گەر بۆ یەکجاریش بێت ئارەزوو و حەزی گەشتکردن و جوڵان و بەجێھێشتنی زێدی ھەمیشەیی خۆی لەمێشکدا کەڵەکەبووە،بەھۆی پێشکەوتنی پیشەسازی گەشتیاری و بەرەوپێشچوون ،گرنگی کەرتەکە چەندەھا جۆری گەشتکردن پەیدابوون و کەسەکان لەکاتی گەشتکردندا ھەڵبژاردەی زۆری لەبەر دەستدایە تاوەکو ھەڵیانبژێرێت،وەک(گەشتی ئاینی،گەشتی وەرزشی،گەشتی سەرکێشی،گەشتی مێژوویی،گەشتی حەوانەوە،گەشتی کەلتووری ..ھتد) سەبارەت بەجۆری گەشتەکان ھەر یەکێکان گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان ھەیە،بەڵام جیاواز لەھەمووی ئەوەی زۆر بەقوڵی دەچێتە ھزر و مێشکی گەشتیارەوە زۆر کاریگەری لەسەر دروست دەکات ئەوە (گەشتی کەلتووری) ئەم جۆرە گەشتە بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی جیھانی گەشتیاری سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان(WTO) دەڵێت گەشتیاری کولتووری مانای ئەوەیە "جۆرێک لە چالاکی گەشتیاری کە ھاندانی سەرەکی گەشتیار بۆ فێربوون، دۆزینەوە، ئەزموون کردن و بەکارھێنانی شتە سەرنجڕاکێشەکان؛ تاقیکردنەوەی بەرھەمە کەلتوورییە بەرجەستە و نادیارەکان لە شوێنێکی گەشتیاریدا و وڵاتێکی جیاوازدا.
وەک دەزانین پێکھاتە و ڕەگەزی سەرەکی ھەر کۆمەڵگا و شارستانیەتێک پەیوەستە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ماددی، ڕۆحی، و سۆزداری ھەر کۆمەڵگایەک ھونەر و تەلارسازی، کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری، کەلەپووری ھونەری چێشتلێنان خواردن ، ئەدەب، مۆسیقا، پیشەسازی داھێنان و کەلتوورە زیندووەکان بە شێوازی ژیان، سیستەمی بەھا، باوەڕ و دابونەریت لەخۆ دەگرێت بەمجۆرەش دەتوانین کۆمەڵگایەک لەکۆمەڵگایەکی دیکە،جودابکەینەوە، جیاوازی و ھەمەڕەنگییەکانیان ھەست پێبکەین،کەرتی گەشتیاری و گەشتکردن دەبێتە ھۆی ئاڵوگۆڕی کەلتووری لە نێوان خانەخوێ (کۆمەڵگەی ناوخۆیی) و میوان (گەشتیار).
گەشتیاریش ھۆکارێک دەبێت کە ئەم کارلێک و ئاڵوگۆڕە جیاوازی کەم دەکاتەوە و تێگەیشتن و ڕێزی ھاوبەش لە نێوان خانەخوێ و میواندا بەرز دەکاتەوە کاتێک تاکێک کلتوری خۆیان ھاوبەشی پێوەدەکەن، فێردەبن ڕێز لە بیروڕا و شێوازی ژیانی کەسانی تر بگرن،بەبێ ئەوەی پێکدادان و ناکۆکی دروست ببێت لەسەر بوونی ڕای جیاواز و کەلتووری جیاواز، لەدونیای دەرەوەدا زۆر کاریگەری ھەیە، بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا گرنگی تەواوەتی نەدراوە بەکەرتی گەشتیاری دەتوانین بڵێن ھێشتا بواری گەشتوگوزار لەنەش و نمای خۆیدایە و پێنەگەیشتووە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا،نەتەوەیی کورد لەئێستا گەورەترین و ڕەسەنترین گەلی زاگرۆس و جیھانە کە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی نیە، ئەمەش وامان لێدەکات دەبێت زیاتر ھۆشیار بین و دەبێت زیاتر ھانمان بدات بۆ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگاکەمان ئەویش یەکەمین شتێک کە ئێمە دەبێت بیپارێزین کەلتوورە ڕەسەن و ناوازەکەمانە بەھەر چوارپارچەی کوردستانەوە،ڕێگاکان زۆرن و دەتوانین لەسەرجەمیان سوود وەربگرین، شۆڕش و جەنگ و سیاسەت و دیپلۆماسیەت نەگەیاندین بەئامانجمان،دەبێت دەست بدەین کارێک کەزۆر بەئاسانی و بەخێرایی لەجیھانی دەرەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بناسرێین.
گرنگیدان بە کایەکانی رۆشنبیری زۆر گرنگە، بەپێچەوانەشەوە رەنگە یەکێک لە ئاستەنگە ھەرە گەورەکان، ئەوەبێت کە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دەستەبژێری دەسەڵاتدار و حوکمڕانی ئێمە، وەک پێویست لەوە نەگەیشتون کە پڕۆسەی نیشتیمانسازی و نەتەوە سازی بە کەناڵی ھونەرو ئەدەب و کایەی گەشتوگوزاردا تێدەپەڕێ. ئەوە گۆرانی و میوزیک و سینەما و شانۆ و شیعرو چیرۆک و رۆمان و گەشتوگوزارییە کە یادەوەری ھاوبەش و کۆنەستێکی تۆکمە و گرێدراو بەیەکەوە دروست دەکەن لەنێوان رۆڵەکانی یەک نەتەوەو و یەک خاکدا، ئەگەر ئەم کۆنەستە ھاوبەش و یەکانگیرە نەبێت شتێک نییە پێێ بوترێت نەتەوەو نیشتیمان.
ئەگەر بڕیارێش بێت سیاسەتمەداران و سەرمایەداران و ئەوانی دیش رۆڵێکیان ھەبێت لەپڕۆسێسی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازیدا ئەوا بەھۆی گرنگیدانیان دەبێت بە ھونەر و ئەدەبی باڵا و بواری گەشتوگوزار بەپلەی یەکەم. چونکە جگە لەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان بەکاریگەرییاندا لەسەر دروستکردنی کۆنەستی ھاوبەش. ھاوکات ئەدەب و ھونەر و گەشتوگوزار رەھەندی سیاسی و دبلۆماسیشییان ھەیە، لە ئێستاشدا چەمکی (دیبلۆماسی گشتی) لەسەر ئاستی دنیا کاری ڕژدی لەسەر دەکرێت. لێرەوە گەر دیبلۆماسیەتی گشتی بۆ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان چەند گرنگ بێت، ئەوا بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکانی لە نموونەی ئێمە چەندین جار گرنگە، چونکە دەتوانین وشەو ھونەر وجوانی کوردستان و گەشتوگوزار بکەینە باڵیۆزی ھەمیشەیی نەتەوەو نیشتیمان، لە رێگایانەوە ھەم لەیادەوەری گەلانی دونیادا ئامادەگی پەیدا بکەین، ھەمیش بەرگری لەمانەوەی خۆمان بکەین و لەوەش زیاتر جێگا پێی خۆمان لە ناو مێژودا بتەوتر بکەین. وەختی ئەوەش ھاتوە شوناسی خۆمان لە قوربانی و شەڕکەرو جەنگاوەرەوە بگۆڕین بە داھێنەرو ژیاندۆست و ژینگەدۆست، گۆڕینی ئەم شوناسەش تەنھاو تەنھا لە رێگای گرنگیدانەوە دەبێت بە ھونەرو ئەدەبی باڵا و پێشخستنی کایەی گەشتوگوزار.
بۆیە دەبێت ئێمە کەلتووری خۆمان زیاتر پەرەپێبدەین،تێکەڵ بین،جیاوازیەکان لەگۆشەی جیاوازەوە ھەست پێ بکەین، چونکە کەکۆمەڵگایەک فێری کەلتووری گەشتیاری بوو ئەوا وامان لێبکات دەکات،ھەر کەسێک،لەھەر ناوچە و وڵات و شار و بنتێکی ئەم دنیایەوە ھاتە شارەکەمان،بەجیاوازی ڕەنگ و ڕەگەز،ئاینی،نەتەوە، جلوبەرگێکە قووبڵ بکەین، ناکۆک نەبین، ھاوتا بینەوە ئەزموون وەربگرین زۆر بەئازادانە ڕێگەبدەین کەلتووری وڵاتەکەی خۆی پیادە بکات ڕێزی لێبگرین گەشتیاری کولتووری دەتوانرێت لە ھەر شوێنێکی جیھان ئەنجام بدرێت چونکە ژمارەیەکی زۆر کەلتووری جیاواز لە دەوروبەرمان ھەیە. کاتێک سەفەر دەکەیت بۆت دەردەکەوێت کە زۆر لەوە زیاترە کە بیرت لێدەکردەوە، چونکە تەنانەت لە ناو ھەمان وڵاتدا دەیان یان تەنانەت سەدان گرووپی نەژادی ھەیە کە ئایین و بیروباوەڕ و ئەفسانەیان ھەبێت و لەھجە و خواردن و ھتد ھەبێت.
ئەم گەشتکردنەش چ ناوخۆیی بێت چ دەرەکی بیت دەبێت ھۆی بوژانەوە و گەشەکردنی زیاتری گەشتیاری لەوڵاتدا، نموونەی ئەو وڵاتە فرەکەلتووریانەی وەک(فەڕەنسا،ئیتاڵیا،ئیسپانیا چین،ھیندستان،تایلەند…ھتد)چەندەھا وڵاتی دیکە کەبەھۆی ھەبوونی فرەیی کەلتووری و جیاوازی کەلتوورەکەیان ساڵانە ملێۆنان گەشتیار سەردانیان دەکەن، بەھۆی ھەبوونی ئەو کەلتوورە فرەییە لەھەندێک وڵاتدا کۆتا ئامار و داتاکانی بەشێک لەوڵاتەکان دەخەینە ڕوو:
١. فەڕەنسا: ٨٩.٤ ملێۆن گەشتیار
٢. ئیسپانیا : ٨٣.٧ ملێۆن گەشتیار
٣. چین: ٦٥.٧ ملێۆن گەشتیار
٤. ئیتاڵیا: ٦٤.٥ ملێۆن گەشتیار
٥. تایلەند: ٣٩.٨ ملێۆن گەشتیار
٦.ھیندستان: ١٣.٣٤ ملێۆن گەشتیار
ئەم ئاماژانە سەرەوە، ژمارەی سەردانیکەران و گەشتیارانی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین فرەکەلتووری بوونی ھەیە لەنێو وڵاتەکەدا و ئازادی ڕەھاش ھەیە بۆ پیادەکردنیان سەرەڕای سەرجەم جیاوازییەکان ئەمەش تێبینیەکی گرنگە لەوەی کوردستانیش گەر بیەوێت لەڕووی گەشتیاریەوە پێشبکەوێت دەبێت ھۆشیار بێت بەرامبەر کەلتووری گەشتیاری باش مامەڵەکردن لەگەڵ و کەلتوورانەدا بەشێوەیەکی ئاشتیانە ئاڵوگۆڕکردنی کەلتوور بێت لەئامانجیشدا ببێتە ھۆی گەشەکردنی گەشتیاری.