دەنگی ئەمریکا 33 ساڵە خیانەت لە دەستوری ئەمریکا دەکات

ئاسۆ جەبار
  2025-02-18     160

ئەمریکییەکان و کەسانی دڵسۆزی ئەمریکا و ناو دەنگی ئەمریکا هەر لەسەرەتاوە زۆر هەوڵیاندا بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا نەگات بەم ڕۆژە و خیانەت لە دەستوری ئەمریکا بکات و عەقڵیەتی حیزبگەرایی و پاوانخوازی و شەڕانگێزی زاڵنەکەن بەسەر ئەو دامەزراوە فیدڕاڵییەی ئەمریکادا بەڵام سودی نەبوو.

مایکڵ رۆبن هەر لە خۆیەوە قسە ناکات و رەخنە ناگرێت لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا و دەڵێت دەبێت سەرلەبەری بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا گۆڕانکاری تیادا بکرێت و دەشڵێت " گەورەترین ئاڵنگاری بەرامبەر ئازادی و ئازادییەکانی کورد لە بەغداوە نییە، بەڵکو لە خۆسەپێنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر یان کلێپتۆکراسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە سلێمانی." با بزانین مایکڵ ڕۆبن کێیە؛ دکتۆر مایکل ڕوبین بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆن بووە، هاوکارێکی باڵایە لە پەیمانگای ئەمریکی ئینتەرپڕایز، کە تایبەتە بە ئێران و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها نوسەر و هاو-سەرنوسەری چەندین کتێبە کە بەدواداچوون بۆ دیپلۆماسی، مێژووی ئێران، کولتووری عەرەبی، توێژینەوە لەسەر کورد و سیاسەتی شیعە دەکەن، لەوانە "حەوت پایە: بەڕاستی چی دەبێتەهۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟"، "سەرهەڵدانی کوردستان"، "سەماکردن لەگەڵ شەیتان: مەترسییەکانی بەشداریکردنی ڕژێمە ناپاکەکان" (کتێبی بەریەککەوتن)، "ئێرانی ئەبەدی: بەردەوامی و ئاژاوە".

دکتۆر مایکڵ ڕۆبن بەڕێوەبەری شیکاری سیاسەت بووە لە ساڵی 2023 دا کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شیکەرەوە و شارەزابوو لە ساڵانی 2012–2024 نووسینگەی توێژینەوەی سەربازی بیانی ئەمریکا، ڕاوێژکاری سیاسی بووە لە سەروەختی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان لە (بەغدا) لە ساڵانی 2003 بۆ 2004. خاوەنی دەیان پۆستی گرنگ و پسپۆرییە.

ئەوانەی پێنوایە تا دنیا دنیایە دەتوانن ڕووی راستەقینەی حەقیقەتی گەندەڵی و نادادپەروری و مافیاگەری بشارنەوە خەیاڵیان خاوە، حەقیقەت ئەو ڕووناکییەیە کە بەهەموو تاریکی دونیا ناشاردرێتەوە. ئەوانەی پێنوایە دەتوانن بە داگیرکردنی ڕووناکی؛ تاریکی بە خەڵک بفرۆشنەوە زۆر دەمێکە ڕووی ڕەشی درۆ و ستەمکارییەکانیان تۆمارکراون و رۆژی لێپرسینەوە نزیکە.

ئایا دەتوانیت دەستور و یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا وەک گەورەترین دەوڵەتی زلهێز لە جیهاندا پێشێلبکەیەت و خیانەت لە بەند و مافە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا بکەیەت و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچیت؟ نەخێر دەیان ناوەندی یاسایی و حکومی ئەمریکی هەن کە ڕێگرن لەبەردەم پێشێلکردن یان خیانەتکردن لە دەستوری ئەمریکا، وەک کۆنگرێس و دەسەڵاتی دادوەری باڵا، ئەنجومەنی سینات، یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و گەنجینەی ئەمریکا. ڕەنگە بۆ ساتێک لە ساتەکان باندی سیاسی و حیزبی و تاکەکەسی سەر بە هەندێک وڵات و تاقمی مافیای توانیبێتیان سوود لە هەندێک کەلێنی یاسایی و سیاسی وەربگرن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حیزب و وڵاتەکەیان بەکاریان هێنابێت، بەڵام نەیانتوانییوە تاسەر پارێزگاری لەو پێشلکاریی و خیانەتە بکەن بەرامبەر ئەمریکا.

 

کولتوری رق و کینە

بەپێی دەستور و یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا ڕەفتار و هەڵوێستی ڕق و کینەئامێز قەدەغە و هەرکەسێکیش رق و کینە بەرامبەر هەر کەسێک بگرێتەبەر لەڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە. بەڵام رق و کینەیەکی کۆمەڵایەتی و حیزبی و مافیاگەری هەیە کە تەنها زادەی کۆیلەی ئەو حیزب و باندە مافیاگەرانەن کە بۆ پیادەکردنی هەر کینەیەکی حیزبی و بنماڵەیی پاداشت دەکرێن و موچەی کۆیلایەتی وەردەگرن.

ئەم کلتورە لە دەنگی ئەمریکادا بەتایبەتی بەشی کوردی زادەی ئەو حیزبایەتییە کوێرانە و کۆیلایەتییە بوو کە تائەوڕۆکە لە فۆرمی جیاوازدا خۆیان نمایشدەکەنەوە، کینەی چاڵهەڵکەندن بۆ ڕۆژنامەوانە بوێرەکان، کینەی ناوچەگەرێتی دژی ناوچەیەکی دیکەی کوردستان، کینەی رق لێبوونەوە لە نەتەوەیەک یان نەژاد و رەگەزێکی دیکە، کینەی نانبڕینی ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لێدەگرن و ڕووبەڕوویان دەبنەوە، لە ماوەی ساڵێکدا بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەدەرئەنجامی رق کینە و توندڕەوی زیاد 12 ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ و پرۆدویسەری لەسەر کار لابرد، رق و کینەی حیزبی بە رادەیەکە لەو بەشەدا بە خوێنی سەری خەڵکانی جیاواز و سەربەخۆ تینوون. هێشتا ئەو بارودۆخەی دەنگی ئەمریکا بەتایبەتی بەشی کوردی لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدایە.

 

کولتوری بێدەنگکردن و دەمکوتکردن

باندی کۆیلەی حیزبەکان لەم دەزگایەدا لە بەڕێوبەر و سوپەرڤایسەرەکانەوە شۆڕبووبۆوە بۆ ناو باندێکی توندڕەوی حیزبی، دروستکردنی جاسوس لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ چاودێریکردن و سانسۆڕکردن، بۆئەوەی سکرین شاتی هەموو بابەت و وێنانە بکەن بۆ بەرێوبەرەکانی دەنگی ئەمریکا و بەرپرسە حیزبییەکانیان و ملی ئەوانەی پێبشکێنن کە ڕقیان لێیانە و هاوبیر و هاوڕای عەقڵیەتی شەڕانگێزی و کۆیلایەتی ئەوان نین. هەڕەشەکردنی بێدەنگکردن و نانبڕین و دروستکردنی ترس لە کار و پیشە و تواناکانت لەماوەی ئەو 33 ساڵە ڕوویەکی ناشرینی شەڕانگێزی بووە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا. ئەگەر دەزگا هەستیارەکانی ئەمریکا دەستبکەن بە لێپێچینەوەی ورد لەوە تێدەگەن کە زوربەی بەرپرس و سوپەرڤایزەرەکانی دەنگی ئەمریکا بەشی کوردی یان سەر بە پاراستنی پارتی بوون یان سەر بە یەکێتییە تۆراوەکانی نزیک لە پارتییەوە بوون، یان ژێراوژێر لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵ و پیاوکوژەکانی کوردستاندا لە پەیوەندیدا بوون.

لە ئەمریکا ناتوانیت لە دەزگایەکی حکومی کە لەژێر چاودێری و رەحمەتی کۆنگرێس دایە ببیتە کەسێکی توندڕە و شەڕانگێز و شەلاتی تەنها لەبەرئەوەی سەرۆکەکەت و باوکت یان براکەت بەدەسەڵات و شەڕانگێز و پێشلکاری ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتکەری خۆپیشاندەران و گەندەڵ و دڕندە بووە لە کوردستان، تۆ ناتوانیت وەکو بەرپرسە مافیا و گەندەڵەکانی وڵاتەکەت لە ئەمریکاش شەڕانگێز و کۆیلەی حیزب بیت. ئەمریکا وڵاتی ئازادی و یاسا و لێپێچینەوە و لێپرسینەوەیە لە گەندەڵ و شەڕانگێز و جاسوس و باندی حیزبی.

کە پێدەخەیتە ئەم وڵاتەوە دەبێت کولتوری دڕندەیی داکەنیت و بەرگی ژیاندۆستی و پێکەوەژیان لەبەربکەی، بەرگی حیزبایەتی و مافیاگەری داکەنیت و بەرگی هاوڵاتیبوون لەبەربکەی، بەرگی جاسوسی داکەنیت و ببیت بە نیشتیمانپەروەر.

دواجار رەنگە تا ئەم سەروەختە توانیبێتان خیانەت لە دەستوری ئەمریکا بکەن و وەک باندێکی حیزبی و پاراستن و کۆیلەی بەرپرسەکانتان مامەڵەتان کردبێت لە دەنگی ئەمریکادا، رەنگە سوپەرڤایزەر و جێگرەوەکانیان توانیبێتان تا ئێستا شەڕانگێز و توندڕە و کەلەڕەق و پێشلکاری دەستوری ئەمریکا بووبن، بەڵام ئیتر لەمەودوا رۆژی لێپرسینەوەیە. چونکە ئەوانەی خیانەت لە دەستور و یاساکانی ئەمریکا دەکەن بە ئاسانی بۆی دەرناچن، لەم وڵاتەدا یاسا هەیە، دەیان دەزگای هەستیار هەیە پارێزگاری لە بەهاکانی ئەم نیشتیمانە دەکات، پارێزگاری لەدەستور و مافی هاوڵاتیان دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×