کەرکووک، وه‌كو یەکێک لە گرنگترین ناوچە کوردنشینەکانی باشووری كوردستان، بەدرێژایی مێژووی خۆی ڕووبه‌ڕووی سته‌م و گۆڕانکارییە ئاڵۆزەکان بووە. خەڵکی ئەم ناوچەیە، چەندین ساڵە قوربانی سیاسەتە جیاکارییەکان و پشتگوێخستنی به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها جوتیارانی كورد کە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە دابینکردنی سەرچاوە خۆراکییەکان و ئابووری کەرکووک، ئێستا لە بارودۆخێکی ناڵه‌باردان. ئه‌مه‌ش نەک تەنها ئاسایشی ژیانیان مەترسی لەسەرە، به‌ڵكو ماڵ و گوند و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان مه‌ترسی له‌سه‌ره كه سه‌رچاوه‌ی دابینکردنی بژێوی ژیانیانه.
سەرچاوە نەوتییەکانی کەرکوک کە یه‌ده‌گێكی گه‌وره‌ی نه‌وتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌خۆ گرتووه، جگە لەوه‌ی سوودێكی وای به ئابووری خه‌ڵكی شاره‌كه نه‌گه‌یاندووه، بگره بووه‌ته هۆی سه‌رچاوه‌ی کێشە و ئازاری زیاتر بۆ خەڵکه‌كه‌ی. بۆیه به‌هۆی چاو تێبڕینی هێزە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەوە، خەڵکی کەرکووک بوونەتە قوربانی سیاسەتی فراوانخوازی و ڕەگەزپەرستانەی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق. ئه‌وه‌ش وایكردووه كورده‌كان بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی و دەرکردن لە ماڵەکانیان و کەمبوونەوەی دەرفەتی بژێوی ژیانیان دەبنەوە. نەوت کە بۆ زۆرێک لە وڵاتان بە سەرچاوەی سەروەت و سامان دادەنرێت، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ سەپاندنی فشاری زیاتر بەسەر خەڵکی کەرکوک و تێكدانی ژیان و گوزه‌رانیان.
بۆیه كورد له‌وشاره‌دا بەدرێژایی مێژوو، هەمیشە لەژێر چەوساندنه‌وه و فشاری جۆراوجۆردا بوون، كه وەک ناوچەیەکی هەستیاری ستراتیژی و خاوه‌ن نه‌وت هەمیشە جێگای ناکۆکی بووە. دوای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنی عێراق، فشاره‌كانی حکومەتی ناوەندی بۆ سەر کوردەکانی کەرکووکدا زۆرتر بوو. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، سیاسەتی به‌عەرەبکردن و دەرکردنی ناچاری کوردەکان لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری، بووە یەکێک لە تاریکترین سه‌رده‌می مێژووی ئەم ناوچەیە. بەڵام ئەم بارودۆخه له دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددام حوسێن نه‌ك هه‌ر نەوەستا، به‌ڵكو بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامه.
دوای داگیرکردنی کەرکووک لە ساڵی ٢٠١٧ و گەڕانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق بۆ ئەم ناوچەیە، بارودۆخ بۆ خەڵکی کەرکووک، بەتایبەتی جوتیارانی كورد، ئالۆزی زیاتری به‌خۆیه‌وه بینی. هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کە بەرپرسیار بوون لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەسەر ژیانی ڕۆژانەی كورده‌كان. به‌هۆی بوونی ئه‌و هێزانە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و کۆنتڕۆلکردنی ناوچە هەستیارەکان، ڕاستەوخۆ ڕێگرییان لە جوتیاره‌كان كرد. به‌هۆی هه‌ڕه‌شه له ئاسایش و سه‌روماڵیان، ئه‌وه‌ش وایكرد نه‌توانن وه‌كو پێویست کار لە زەوییەکانی خۆیان بکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکان ناچار بوون زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەجێبهێڵن.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه سیاسەتە چەوسێنەرەکانی دژ بە کوردەکانی کەرکووک، سنووردار نەبووە بە یەک سەردەمی مێژوویی یان حکومەتێکی دیاریکراو. به‌ڵكو وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت جیاوازییەکی زۆر لە نێوان حکومەتەکانی یه‌ك له‌دوای یه‌كی عێراق و ئه‌و گرووپە میلیشایانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه گرتووه، نه‌بووه. به‌ڵكو چەوساندنه‌وه و سیاسەتە جیاکارییەکان بەرامبەر کورد، بە شێوە جیاوازەکان بەردەوام بووە. بۆیه ئەگەر ڕێگری له‌م هه‌نگاوانه‌ی دژی به كورد نه‌كرێت، کوردەکانی کەرکووک بەردەوام دەبن له بوون به قوربانی سیاسەتە فراوانخواز و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان.
ئه‌وه‌ی به ڕوونی دیاره، یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکان لە به‌رده‌م وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافەکانی کورد له کەرکووک، نەبوونی هێزێکی یەکگرتوو و ستراتیژییەکی بەهێزی ده‌سه‌ڵاتی کوردە. حیزبە کوردییەکان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌پێناو خەڵک و خاكی ئەم ناوچەیە هەوڵ بدەن، زیاتر خەریکی پێشبڕکێی ناوخۆیی و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی شه‌خسی خۆیانن. ئەو دروشمانه‌ی کە لەلایەن سەرکردە کوردەکانەوە بۆ پشتگیری‌کردن لە خەڵکی کەرکووک ده‌گوترێت، زیاتر ڕیكلامه بۆخۆیان، چونكه هیچ ستراتیژییەکی کرداری و کاریگەریان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ڕاستەقینەکانی ئەم خەڵکە نه‌بووه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه، خه‌ڵكی كه‌ركوك متمانه‌یان نه‌مێنێ و زیاتر نا ئومێد بن له‌و بارودۆخه. هه‌روه‌كو ده‌بینین به‌رپرس و ئه‌ندام پەرلەمانه‌كانی كورد له به‌غداد، زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و حیزبه‌كه‌یان له‌به‌رچاوده‌گرن و تا ئێستا هیچ بڕیار و هه‌ڵوێستێكی بوێرانه‌مان لێیان نه‌دیوه بۆ خه‌ڵكی كوردستان و كه‌ركووك.
بۆیه لەم بارودۆخەدا، هیوا به حیزبە کوردییەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی کەرکووک زۆر واقعبینانه نییە. کوردەکان بەبێ هێزێکی یەکگرتوو و پلاندانانێکی ورد، ناتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە لە چارەنووسی ئەم ناوچەیەدا دروست بکەن. تەنها ڕێگای کاریگەر، دروستکردنی یەکێتی ناوخۆیی لە نێو حیزبەکان و خەڵکی کەرکووکە. ئەگەر کوردەکان بیانەوێت کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ شوێنێکی باشتر، دەبێت سێ گۆڕانکاری بنەڕەتی بكه‌ن:
1- دروستکردنی یەکێتییه‌كی ڕاستەقینە لە نێو حیزبە کوردییەکان، ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی پارته کوردییەکان هەمیشە گه‌وره‌ترین خاڵی لاواز كورد بووە له به‌رامبه‌ر ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد. بەبێ ستراتیژییەکی به‌هێز وهاوبەش، ناتوانین کەرکووک بگه‌ڕێنینه‌وه.
2- به‌بێ دانانی ستراتیژییەکی درێژخایەن، هیچ هه‌نگاوێك سەرکەوتوو نابێت. دەبێت لە ڕێگەی ئابووری، کولتووری و دیپلۆماسییەوە بوونی کوردەکان لەم ناوچەیە بەهێز بکرێت. هەروەها، درووستكردنی پەیوەندییه‌كی به‌هێز لەگەڵ گرووپەکانی تری کەرکووک، وەک عەرەبەکان و تورکمانەکان، دەتوانێت پێگه‌ی کوردەکان جێگیر بکات.
3- کەمکردنەوەی پشت بەستن بە پشتگیری دەرەکی و بەهێزکردنی هێزی ناوخۆیی، ئەزموون نیشانی داوە کە هێزە گەورەکان جێگای متمانه نین و لە کۆتاییدا بەپێی سوودی خۆیان بڕیار دەدەن. کوردەکان دەبێت هەوڵ بدەن ئابوورییەکی بەهێزتر، هێزی سەربازی سەربەخۆ و سەرچاوەی داهاتی جێگیر بۆ خۆیان دروست بکەن. به هەبوونی هێزێکی ڕێکخراو و ئامادە، لە کاتی هه‌ستیاردا دەتوانێت وەک هێزێکی كاریگه‌ر، له گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدای بۆ سوودی کوردەکان ده‌ربكه‌وێت.
ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەم قەیرانەدا بێ کاریگەری نییە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەندێک وڵاتەکانی جیهان دەتوانن بە زیادکردنی فشار لەسەر حکومەتی عێراق و یارمەتیدانی دابینکردنی ئاسایش بۆ جوتیاران، ڕۆڵێکی گرنگ لە باشترکردنی بارودۆخی ژیانیاندا بگێڕن. ئەم فشاره دەبێت بە شێوەیەک بێت کە نەک تەنها بارودۆخی ئاسایشی ئەم ناوچەیە باشتر بکات، بەڵکو دەرفەتی دروستکردنەوە و گەشەپێدانی کشتوکاڵی دابین بکات. لەم ڕێڕەوەدا، پشتگیری‌کردن لە جوتیاران و ئاسانكاری بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە کشتوکاڵییەکان دەتوانێت هەنگاوێکی سەرەتایی بێت.
لەکۆتاییدا، دۆخی ئێستای جووتیارانی كورد و خه‌ڵكه‌كه‌ی، دەرئەنجامی بایه‌خ نه‌دان و چاوتێبڕینی سامانه نه‌وتییه‌كه‌ی كه‌ركووكه له‌لایه‌ن حکومەتە ناوەندییەکانی عێراق، هەروەها نەبوونی هاودەنگی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنە کوردییەکان. لە کاتێکدا ئەم حیزبانە زۆرجار گیرۆدەی ڕکابەرییە ناوخۆییەکان و بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیانن، کێشەی ڕەگداکوتاوی خەڵک لە سایەی پشتگوێخستن و بێباکیدا فرامۆشكراون. تەنها بە دروستکردنی یەکێتییەکی ڕاستەقینە و ستراتیژی هاوبەش لە نێوان لایەنە کوردییەکان، هاوکات لەگەڵ فشاری دیپلۆماسی کاریگەر بۆ سەر حکومەتی ناوەندی عێراق، دەتوانین هیوای داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی کەرکووک بخوازین. لە درێژەی ئەم ڕێگایەدا، وەرگرتنەوەی مافە فەرامۆشکراوەکانی ئەو خەڵکە لە چنگی چەوساندنەوە و سته‌می مێژوویی نەک هەر مومکینە، بەڵکو پێویستە. تەنیا بە هاودەنگی و ئیرادەی پتەو دەتوانین ئه‌م بارودۆخه تێپەڕێنین و جێگەی کەرکوک بۆ دڵی مێژوو و کولتووری کورددا بگەڕێنینەوە.