یەک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی مۆدێرن بەدیهێنانی دادپەروەرییە، جا تەنانەت ئەگەر ئایدیای یەکسانیش بە هەند وەرنەگیرێت. لەم ڕووەوە ئەرکی دامەزراوە سەرەکیەکانی هەر دەوڵەتێک دەستەبەرکردنی دۆخی شیاوە بۆ بەدیهاتنی ماف و ئەرکە بنەماییەکان، تاکوو لە رێگایانەوە ئیمکانی ڕەخساندنی هەرجۆرە هاوکارییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێتە دی. بەڵام پرسیارێکی گرنگ:
لە حاڵەتێکدا کە دەوڵەتێک بە کۆی دامەزراوەکانییەوە نەتوانێت یان نەیەوێت ئەم دۆخ و ئیمکانانە برەخسێنێت، ئەوەی کە خەسارمەندی ئەو دۆخە نادادپەروەرانەیە چارەی چی دەبێت؟
پێدەچێت بۆ دوو دەیەی ڕابردوو ئەمە پرسیاری سەرەکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی باشور بێت. گریمانەکانی ئەم تێگەیشتنە لای جەماوەری کوردستانی دوو جۆرن: یەکەم: بەرپرسانی سیاسی کوردستان لە توانایاندا نییە هیچ چارەیەکی جیدی بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری بڕەخسێنن؛ ئەمە خۆشبینانەترین گریمانەیە. دووەم: بەرپرسان بە ئەنقەست نایانەوێت هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم ئامانجە هەڵبگرن؛ گریمانەی زۆرینەی خەڵک. لە هەردوو حاڵەتدا پرسیاری جیدی ڕوو دەکاتە ئەو شتەی کە لە فەلسەفەی سیاسیدا ناوی "ڕەوایی" لێدەنرێت. جا لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە وای لێدێت کە ئەگەر بەڕێوەبەران نەتوانن یان نەیانەوێت چارەیەک بدۆزنەوە، چارەی خەڵک چی دەبێت لەبەرانبەر ئەم لەدەستچوونەی "ڕەواییدا"؟
لە حاڵەتی هاوشێوەی لەمجۆرە لە وڵاتانی دیموکراتیک و پێشکەوتوودا یان پڕەنسیپە ڕەوشتی و ئەخلاقییەکان لای بەرپرسان دەجووڵێت و "دەست لەکار كێشانەوە"، "داوای لێبووردن"، یان "دانپیانان بە هەڵە" ڕەوایی دەگەڕێنەتەوە بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی، چوونکا "متمانەی" دوولایەنە بەردی بناغەی دەوڵەتی مۆدێرنە؛ ئەم دیاردانە ناوبەناوێک لە وڵاتانی گەشەکردوودا دەبینرێت و جەماوەری کوردستانیش هەر لە دوورەوە هێماکانی ئەم دیاردە تەندروستانە دەبینن. یان لە نەبوونی ئەم پڕەنسیپانەدا، لە ژێر گوشاری جەماوەر ڕاستکردنەوەیەک بەدی دێت لە کۆی پڕۆسەکەدا.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، جگە لە هەندێ حاڵەتی دەگمەنی بچووک، بە گشتی لە کوردستانی باشوور، نە داوای لێبووردن بیستراوە، نە دانپیانانێک ڕووی داوە و نە دەست لەکارکێشانەوەیەکیش هاتووەتە ئاراوە. بەپێچەوانە، تۆمەتبارکردنی دەنگەکانی خوازیاری دادپەروەری زۆر بیستراوە. ئەمە پیشاندەری ئەو هێمایەتە بە جەماوەری کوردستانی کە ئیتر ڕەوشت و بە تایبەت ویژدان مانایەکی نییە لای بەرپرسی کوردستانی. بۆیە، لەم دوو دەیەی ڕابردوودا دەنگی ناڕازی پەنای بۆ چەندەها جۆری جیاوازی خەباتی مەدەنی بردووە تاکوو بتوانێت دەنگی ڕەوای خۆی بچەسپێنێت لەبەرانبەر پڕۆسەیەکی نادادپەروەردا. لەم ساڵانەدا بایکۆت، هەڵپەساردن، خۆپیشاندان، بەشدارینەکردن لە پڕۆسەی دەنگدان، سکاڵا تۆمارکردن لە دادگاکان و چەندەها جۆری دیکەی گیراونەتە بەر. دوایین هەوڵی لەمجۆرە و جیاوازتر لە هەموویان مانگرتنە لە خواردن، ئاوێتە بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان. کۆی ئەمانە لای جان ڕاوڵز فەیلەسووفی ئەمریکی بە "نافەرمانی مەدەنی" ناوزەد دەکرێت. کۆی ئەم پڕۆسانەیش کە تاکوو ئێستا لە کوردستان تاقیکراونەتەوە، کەم تا زۆر، هەڵگری ئەو مەرجانەن کە ڕاوڵز بە مەرجی پێوویستی هەر جۆرە خەباتێکی مەدەنی دادەنێت کە بریتین لە: گشتی بوون، ناتوندوتیژانە و هۆشیارانە. ئەمەیش بەو مانایە نییە کە پرۆسەکە بێخەوش بووە؛ لە هیچ شوێنێک خەباتێکی مەدەنی بێخەوش بوونی نییە، چوونکا هەموو کات ئەزموونی خەباتی مەدەنی، تێکەڵ بە تایبەتمەندییە ناوچەییەکان، ئاڵۆزی دروست دەکات بۆ کۆی کردەکان. بەڵام پرسیارێک:
ئەی ئەگەر خەباتی مەدەنی وەڵامێکی دڵخۆشکەری لە بەرپرسانەوە نەبینی لەبەرانبەر پڕۆسەی نافەرمانی مەدەنی، لەم حاڵەتەدا چارە چییە؟
لەو حاڵەتەدا، ئیتر پڕۆسەی خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنی مانای نامێنێت، ئەگەر ڕاڤەیەکی خێرا بکەین لە فەلسەفەی ڕاوڵز. ئەگەر بە زمانی فەیلەسووفی فەڕانسی میشێل فوکۆ بدوێین، کۆمەڵگای لەوچەشنە لە دۆخی ئازادایخوازیدا نامێنێت و بە جێگای ئازادی بیری لە ڕزگاری دەکاتەوە. تێگەیشتن لە جیاوازی مانای ئازادی و ڕزگاری لێرەدا گرنگ دەنوێنێت. ئازادیخوازی بە کۆی ئەو پڕۆسانە دەژمێردرێت کە لە کۆمەڵگایەکدا دەنگە جیاوازەکان لە پڕۆسەیەکی ناتوندوتیژانەدا هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن، بە بێ ئەوەی کەسێک وەک کەمینە بکەوێتە دەرەوەی کۆمەڵگا. بەپێچەوانەوە، ڕزگاری یان تەنانەت سەربەستی پڕۆسەیەکە کە تێیدا بەشێک یان زۆرینەی کۆمەڵگا خۆی بە جودا دەزانێت لەو کەسانەی کە حوکمی دەکەن.
ئەمڕۆ ئاماژەکان زۆرن کە پێمان دەڵێن کە ئیتر خەریکە دۆخی ئازادی لای خەڵک تەواوبوو دەنوێنێت و پێدەچێت کۆمەڵگای باشوور ڕوو لە دۆخی ڕزگاری بکاتەوە. ساڵەهایە کە نیشانە ورد و بچووکەکانی دەرکەووتوون؛ بێڕێزی بە نیشتیمان، نوکتەسازی لە سەر وڵات، سەنگەر جێهێشتن، هتد. بەڵام لەم ڕۆژانە و بە مانگرتن لە خواردن، ئاماژەیەکی دیکە، بەڵام جیدی دەردەکەوێت: ئیتر جەستەکانن کە دێنە گۆڕەپان. کاتێک تاکێک مان لە خواردن دەگرێت وەک جەستە دێت، یان با بڵێین وەک گیان دێتە مەیدان. ئیتر پرس، پرسی ڕادەربڕین نییە، و پیشاندانی نارەزاییش لە ئارادا نییە. کاتێک نافەرمانییەک وەک جەستەی ڕووت و ڕەها دەردەکەوێت، ئەوەمان پێدەگەیەنێت کە ئیتر کۆمەڵگا پێ دەنێتە "دۆخی ڕووتی ژیان"، وەک ئەوەی کە جۆرجیۆ ئاگامبێن، فەیلەسووفی ئیتاڵی پێمان دەڵێت. لە دۆخی ڕووتی ژیاندا، ئیتر تاک هیچی نییە بۆ لەدەستدان چوونکا هێنراوەتە ئاستی ژیانی بایۆلۆژیانەی خۆی. تەنها سیاسی زیرەکیش دەزانێت کە ئەمە "حاڵەت" نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ گشتانگیربوونی لە هەموو کۆمەڵگادا.
با بگەڕێینەوە لای پرسی "ویژدان". ویژدان تەنها ئەو ڕەهەندەی نییە کە بۆ بەرپرس بەپێی ناجوڵێت. ویژدان ئەو ڕەهەندەیشی هەیە کە چۆن نارازییەک لە دۆخی هەرێم، ویژدانی خۆی دەکات بە پێوەر بۆ دەرکەووتن و ڕازینەبوون. ویژدان هەمووکات ڕوویەکی شۆڕشگێڕانەیشی هەیە؛ ئەو کاتەی کە تاکێک قایل نییە بە نادادپەروەری. لە خێمەی مانگرتوان لە سلێمانی ئەوەی کە بەدی دەکرێت و سەرنجراکێشە، هوتافی "خێمەی ویژدانە". مانگرتوویەک ویژدانی خۆی دەکات بە پێوەر بۆ ڕازینەبوون بەم دۆخە؛ بۆ شۆڕشگێڕبوون بە شێوازی نوێ؛ پێدەچێت ئەمەیش دوایین پەیامی "خێمەی ویژدان" بێت تاکوو بەڵکوو ئەو "ڕەواییە" بەتەواوی لە دەست نەچێت.