دڵسۆزی بۆ نەتەوە و سوپاسگوزاری بۆ ئازادی: تێڕامانێک لەسەر ناسنامەی کوردیم وە خۆشەویستیم بۆ ئەمریکا
دڵسۆزی بۆ نەتەوە وگەل لە ناخدا، خۆشەویستی بۆ خودی مرۆڤ و باوەشکردنی ناسنامەی کولتووری پابەندبوونێکی قووڵی کەسین. بۆ من ناسنامەی کوردایەتیم تەنیا بابەتی ڕەچەڵەک یان شوێنی لەدایکبوونم نییە، بەڵکو توخمێکی دیاریکەری ڕۆحمە. کوردستان بە شاخە مەزن و کولتوورە زیندووەکەی وە خۆشەویستی لەناخەوە بە ڕۆحی بەستراوە و نەبڕاوەی ژیانی منە. دڵم لە شانازی بۆ گەلەکەم و زمان و نەریت و خەباتی بەردەوامی بۆ دانپێدانان و ئازادی لێدەدات. بەڵام پێویستە هەموو کەسێکیش ئەوە بزانێت، ئەم خۆشەویستییە قووڵە، ڕق و بێڕێزی بۆ گەلانی دیکە دروست ناکات؛ بەڵکو بە پێچەوانە، هێز و گوڕم پێدەدات بە ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو مرۆڤەکان بۆ ئەوەی ناسنامەی خۆیان بە نرخ بگرن وە وڵاتی خۆیان خۆش بوێت. بە بۆچونی من، مرۆڤ بەو ڕەسەنایەتیەو بوونەی خۆیەوە جوانە!
خۆشویستنی کوردستان و نەتەویی و کەلتووری بۆمن، بە دڵ و گیان، دانپێدانانە بە قوربانیدان وخەباتی دوروو درێژو سەرکەوتن و کەوتنی مێژینەی گەلەکەمە. کوردبوونی من خۆی لە خۆیدا،هەستێکە کە نوێنەرایەتی خۆڕاگری دەکات لە بەرامبەر چەوسانەوەی چەندین سەدەی کوردستان وە نوێنەرایەتی دەوڵەمەندی کولتوورێک دەکات کە ڕەتی کردۆتەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت لە بەرداوم چەوسانەوەی چەوسێنەرەکان. چونکە، خۆشەویستم، پەیوەستە بە پەیوەندییەکی قووڵی ئەو خاکە شیرینە کە پێی دەڵێن کوردستان کە مێژووی دوورو درێژی گەلەکەمی لە باوەش گرتووە. کاتێک بیر لە کوردستان دەکەمەوە، بیر لەو چیرۆک و مێژووە دێرینیەی دەکەمەوە کە لەلایەن بابو باپیرەمان بەخوێن نوسراون، بە جوانی و خرۆشی و لایلایە و سەربردەی حەیرانەکان، وە لە هەمووشی گرنگتر، ئیرادەی نەگۆڕی گەلەکەم دەکەمەوە. شانازی دەکەم بە هەر شێوازێک کە لە توانامدا بێت کە بڵێم کوردم وە ئەوەی لەتوانامدابێت خزمەتی گەلەکەم بکەم، جا چ لە ڕێگەی داکۆکییەوە بێت،یان لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی ڕاست و درووستی یان ئەفسانەی بێت. یان ناسینی بەگەلانی تر لە ئەمەریکا، یان تەنها هەڵگرتنی ڕۆحی کوردی بێت بە کەرامەتەوە بۆ هەر شوێنێک بچم وە لە هەر کونجێکی ئەم دونیایە تیایدا بژیم.
بە هەندێک کەس سەرسام دەبم کە هەست بە ترس یان شەرمەزاری دەکەن کە بڵێن کوردم یان تەنانەت دان بە نەتەوەی خۆیاندا بنێن. بەداخەوە من شاهیدی ئەم جۆرە کەسانە بوومە لە ئەمەریکا، جا چ ئێستا یان لە ڕابردوو وە هەرکاتێک شایەتحاڵی ئەوە بووبم، سەرنجی خۆم دەخەمەڕوو بۆ ئەوەی بیری کەسانی وا بخەمەوە کە هەرگیز نابێت کەلتوور و نەتەوەیی خۆیان بشارنەوە بە هەر پاساوێک بێت. لە کاتێکدا کە جیاواز بوون یان بەشێک نەبوون لە زۆرینە دەتوانێت نائارامیێکمان بۆ درووست بکات وە دڵنیام زۆرجارئازاریشمان دەدات و چاک هەست دەکەم کە کارێکی ئاسان نیە، بەڵام ئەم ناڕەحەتیە ئەوە ناگەیێنت کە مرۆڤ دوودڵ بکات لە بوونی خۆی. من پێموایە بۆ هەر تاکێک، زۆر گرنگە کەلتوور و نەتەویی خۆی لە باوەش بگرێت وە شانازای پێوە بکات. بە بۆچونی من، کەسێ کە شانازی بە نەتەویی خۆی نەکات، کەواتە، شانازای بە هەبوونی خۆشی ناکات. من خۆم بە بەرپرس دەزانم وەکو کوردێک وە ئەوانەی کوردپەروەرن دەبێت بێینە دەنگ لە سەر ئەو هەلس و کەوتە حاشاکردنە لە نەتەویە.
جا هەر بۆیە لێرە کە کەسانی نزیک لە خۆم ئامۆژگار دەکەم ، بەتایبەت، کوڕەکەم فێری ئەوە دەکەم کە هەمیشە دان بە کوردایەتی خۆیدا بنێت و شانازی پێوە بکات. بۆمن سەربەرزیە کاتێ ئاری کوڕم تەمەنی هەشت ساڵان بوو باسی کرد بۆم گووتی، ئەمڕۆ مامۆستاکەم پرسیاری لێ کردم خەڵکی کوێی منیش لە وڵامدا گووتم کوردستان. مامۆستاکەی پرسیاری زیاتری لێ کردبوو کە کوردستان دەکەوێتە کوێ؟ ئاری لەو تەمەنەدا لە ئەنتەرنێت نەخشەی کوردستانی نیشانی مامۆستاکە دەدات کە بۆ ئەوەی بزانێت کوردستان کەوتۆتە کوێ.من چاک دەزانم کەمینەبوون ئاسان نیە وە کەسانی زۆرینە چۆن سەیرت دەکەن و دەتخوێنەوە، بۆ من گرنگ نییە کەسانی بەرانبەر چۆن بیر لە کوردایەتی و کەسایەتیم دەکەنەوە سەبارەت بە گەل و نەتەوەکەم- من بە شانازییەوە خاوەنی ئەو کەلتوورەم بەهەموو کەموکرتیەکەیەوە وە هانی خەلکانی جیاواز لە نەتەوەی دیکە دەدەم کە هەمان شت بکەن وە هەمان هەڵسوکەوتیان هەبێت.
لە زانکۆی سەلت لایک ستی، زۆرجار بە قوتانیەکانی خۆم دەڵێم، بەبێ گوێدانە ئەو فشارانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە ڕۆژانە، پێویستە هەوڵدەن بەهەموو شێوەک شانازی بە نەتەوەیی خۆیان بکەن. لەم ڕۆژانە کوڕێکی گەنجی کورد کە خەڵکی تورکیایە لە لای من گوتی من کوردم بەس من ناتوانم کوردی بئاخڤم چونکە خۆت دەزانی لە تورکیا چۆن شەڕی ناسنامەی کوردیامان لە گەڵ دەکەن. لە وەڵامدا منیش گوتم من ئەو ڕاستیە تاڵەی براکوردەکانی کوردستان تورکیا چاک دەزانم و هەستی پێ دەکەم. کورد له هەرچوارپارچەی کوردستان ڕۆژانە بەرانبەر ئەم کارە ناڕەوایانەی داگیکرەکانی دەبنەوە.بەڵام مانای ئەوە نیە کە تۆ بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ناسنامەی خۆت بیت. دوای چەند ڕۆژێک هات بۆلام داوایی کرد یارمەتی بدەم کاری بۆ بدۆزمەوە. منیش ناردم بۆ لای برادەرێک کە پێشتر بۆمن کاری دەکرد کە کاتێ بەرێوبەری بەشێکی بووم لە کۆلیج. دیارە دوایی ئەو برا کوردە لە لایەن برادەرەکی خۆم وەرگیرابوو منیش ئاگادار نەبووم. دوای مانگێک برادەرەکەم هات بۆ سەردانم باسی ئەوەی کرد کە ئو...لت لە لای من ئیش دەکات، بەڵام ئەو هەرگیز ناڵێت کوردم ، هەر دەڵێت من تورکم. دوای یەک دوو هەفتە، ئو...لت هات بۆ لام باسی ئەوەم کرد بۆی و گووتم دیارە ئێستا بۆ هەرنان ی برادەرم ئیش دەکەیت؟ گووتی بەڵێ، ڕاستەر زۆر سوپاس بۆ یارمەتی تۆ، ئێستا بۆ ئەو کار دەکەم. منیش گووتم تۆ باسی دەکەی کە تۆ کە کوردی؟ گووتی بەڵێ. منیش نەم گووت وانیە، بەڵام ووتم، من ئاو بەرگووم نەکەوتووە. بەبێ ئەوەی ئەو شەرمەزار بکەم، بەگشتی زیاتر لە دە خولەک باسم کرد کە مرۆڤی کورد نابێت ناسنامەی کوردایەت لە بیرکات وە زۆر گرنگ تاک داکۆکی لە بوونی نەتەویی خۆ بکات، بەتایبەت کە تۆ قوتابی کۆلیجی لە پەروەردەی باڵا ئێمە وەکو کورد بەرپرسیارێتیەکی زۆرمان لەسەرە لە ئەمەریکا گەلی کورد بەکەسانی تر بناسێنین. پێگووت وەکو کورد، من هەست بە چەوسانەوەی گەلەکەم دەکەم وە زۆر بەباشیش تێدەگەم، بەڵام، مرۆڤ ئەبەد نابێت نکۆڵی لە نەتەوەی خۆی بکات، ئەگەر بۆ هەر پاکانەک بێت. ئەو یەکێ لە نمونەکانی من لە گەڵ برا کوردێکم. من ئەو بەسەرهاتە بۆ ئەو ناگێڕمەوە کە خۆم بە پاڵەوانی کوردپەروەری دابنێن، بەڵکو ئەمە بیرهێنانەوەیەکە بۆ کەسانی دەرەوەی وڵات کە هەموو مان لە ئاسیتی خۆمان بەرپرسیارین لە داکۆکی کردن نەتەوەی خۆمان. ئەم کارەشم مانای دەمارگیری نیە، بەڵکو شانازای کردنە بە کورد بوونم. بەهەرحاڵ، من ئەو شتە بەبیری قوتابی تریش دەهێنمەوە، زۆر جار ڕووی گوتارم لە قوتابی تر دەکەم کە هەڵگری ناسنامەی ترن، وەکو، عەرەب، ئەفغانی وە هەروەها ئەفریقیشیان تێدایە.
ڕەوشت و ئاکارێکی تر زۆر بێزار کەرن لە ئەمەریکا کە بۆتە دیاردەیەکی زەق کە ئەویش ناو گۆڕینە. من لە مەبەستی زۆر کەس تێدەگەم گۆڕینی ناویان لەبەر هۆی نەزانی گووتنی ئەمەریکیەکانە، بەڵام بۆمن ئاسان نیە ناوی خۆم، ناسنامەی خۆم لە کەمالەوە بگۆڕم بۆجۆرج یان دەیڤید...هتد. من وەکو کوردێک، وا هەست دەکەم، ئەگەر هاتوو کاتێ ناوی خۆم بگۆڕم وەکو ئەوە وایە کە ناسنامەی ئەسلی خۆم گۆڕیەوە. جا بۆیە، بۆمن ئەوە کارێکی ئەستەمە!
بەڵام پەرۆشی من بۆ کوردستان و ناسنامەی کوردایەتیم تایبەت نییە تەنها بە کوردی. خۆشویستنی ناسنامەییم بە مانای نکۆڵیکردن لە بەهای ئەوانی تر نییە. بەپێچەوانەوە، باوەڕی من بە گشتگیربوونی کەرامەتی مرۆڤ، فێرم دەکات کە وەک چۆن من مافی ئەوەم هەیە کوردستانم خۆشبوێت، کەسانی دیکەش هەمان مافی ئەوەیان هەیە کە نەتەوە و ئایین و کولتووری خۆیان بە نرخ بزانن و خۆشیانبوێت. ئەم هاوسەنگییە بە بۆچونی من، لە نێوان شانازیکردن بە خۆت و ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە، بۆ دروستکردنی پرد لە جیهانێکدا کە تادێت بەیەکەوە گرێدراوە، زۆر گرنگە.
لێرە ئەوەش پێویستە بڵێم، کە کەس بارودۆخی لەدایکبوونی هەڵنابژێرێت. مرۆڤ لەدایک بووبێت کورد، تورک، فارس، عەرەب، یان هەر شوناسێکی تر، توانای ژیانی ئازادانە و دەربڕینی خۆی، خواستێکی گشتگیرە. خۆشەویستی من بۆ کوردستان لەگەڵ هەمان باوەڕ گونجاوە وە بڕوای تەواوی پێیەتی کە هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی شایەنی ئەو دەرفەتەن کە بەبێ ترس و تۆقان شانزای بکەن بە کولتوور و مێژووی خۆیان.
لەدوای کۆچکردنمەوە لە کوردستانەوە بۆ ئەمریکا دەتوانم بڵێم، گەشتێکی گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتی بووە لە ژیانم. منیش وەک زۆر کەسی دیکە ڕووبەڕووی ئازاری ئاوارەبوون بوومەوە، نیشتمانێکم بەجێهێشت کە زۆرجار بوونی گەلەکەم پەراوێزخراوە وە یان بەمەبەست ئینکاری لە بوونی کراوە. بەڵام لە تاریکترین کات و وەختمدا، کە جیهان هەستی بە نادڵنیایی و بێ پێشوازیکردن دەکرد بەرانبەر بەمن، ئەمریکا پەناگەیەکی پێشکەش کردم. ئەم وڵاتە میهرەبانە دەرگاکانی کردەوە و دەرفەتی ئەوەی پێدام کە لە ئازادیدا بژیم و ژیانم بنیات بنێنمەوە وە جارێکیتر بتوانم خەون ببینمەوە. بۆ ئەوەش هەمیشە خۆشەویستییەکی قووڵ و پڕ بەدڵم، بەردەوام بۆ ئەمریکا وە هەتا لە ژیان مابم هەڵیدەگرم دەمێنێتەوە لەگەڵما.
ئەمریکا بۆ من تەنیا هەر وڵات نییە؛ بیرۆکەیەکە- خاکێک کە خەڵک لە هەموو گۆشەکانی جیهانەوە کۆدەبنەوە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش بەبێ جیاوازی. بەهێزییەکەی لە هەمەچەشنییەکەیدایە و لە بەڵێنەکەیدایە کە گرنگ نییە تۆ کێ بیت و لە کوێوە هاتوویت، دەتوانیت لێرە جێی خۆت بکەیتەوە دەرفەت ئامادەیە تا بە توانای خۆت ئازایەتی بیدۆزیتەوە. بەبۆچونی من، هیچ کارێکی گران بەئاسانی دەست ناکەوێت. بەرهەمی ڕنج، دەستکەوتەکانە. جا بۆیە، ئەم بەڵێنانەی ئەمەریکا، هەستێکی سەربەخۆیی پێبەخشیم کە کاتێک هەستم بە نائومێدی دەکرد، ئەمانە بە بەردەوامەی بۆنەتە هەوێنی ئیلهامبەخشین بۆ من بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەشداری لەم کۆمەڵگەیەدا بکەم.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم، بە خۆشویستنی ئەمریکادا هەست ناکەم خیانەت لە ناسنامەی کوردایەتیم بکەم؛ بەڵکو من ئەو دووانە وەک تەواوکەر دەبینم. کوردایەتیم زەمینەسازی دەکات، ڕەگ و ڕیشەی خۆمم بیردەخاتەوە، لە کاتێکدا خۆشەویستیم بۆ ئەمریکا ڕەنگدانەوەی سوپاسگوزاریی منە بۆ ئەو دەرفەتانەی کە ڕەخساندوویەتی لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی ڕابردوو. پێکەوە ئەم دووانە ناسنامەی من وەک کورد-ئەمریکی پێکدەهێنن- مرۆڤێک کە ڕۆحی کوردستان لە دڵمدا هەڵگرتووە و لە هەمان کاتدا ئایدیای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لە باوەش دەگرێت کە ئەمریکا پێناسە دەکات.
گرنگە ئەوەش بڵێم کە خۆشویستنی کەلتوور و نەتەوەی خۆت و دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ وڵاتێکی دیکە (ئەمەریکا)، دژ بەیەک نین. خۆشەویستی سەرچاوەیەکی سنووردار نییە؛ کاتێک هاوبەش دەکرێت گەشە دەکات و قووڵتر دەبێتەوە. خۆشەویستیم بۆ کوردستان، قەدرزانیم بۆ ئەمریکا کەم ناکاتەوە و سوپاسگوزاریم بۆ ئەمریکا لە هەمان کاتدا، دڵسۆزیم بۆ ناسنامەی کوردایەتیم کەم ناکاتەوە. بەڵکو ئەم دوو خۆشەویستییە ژیانم دەوڵەمەند دەکەن و دیدگام فراوانتر دەکەن.
لە کۆتاییدا ئەزموونەکانم فێریان کردم کە جیهان فراوانە و جوانییەکەی لە هەمەچەشنییەکەیدایە. هەر کولتوورێک و هەر گەلێک و هەر خاکێک چیرۆک و خەبات و جوانی خۆی هەیە. خۆشویستنی نەتەوەی کوردیم، بەدڵنیایەوە، بە شانازی و ڕەسەنایەتییەوە لەباوەش دەگڕم و لە هەمان کاتدا ڕێز لە ماف و ئازادی خەڵکی تر دەگرم.