رۆژنامه نووسی کوردی- سویدی
لەسایه‌ى سیستمێكى جیهانی زاڵدا، كه هه‌میشه باس لەپاراستن و بایه‌خى مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، واقیعێکی تراژیدی و دڕندە لە ڕۆژئاواى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌وێ گەلی کورد لە پێناو به‌رگریكردن له مانەوەو به‌ده‌ستهێنانى مافەکانی خۆیدا تێدەکۆشێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا دەستدرێژیی و په‌لاماره‌كانى تورکیا لەو ناوچەیەدا گەیشتۆتە ئاستێک، کە چیتر ناکرێت چاوه‌ڕێى بێده‌نگییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت، تابڕیار ده‌دات له‌قۆناغى لێدوان و ئیدانه‌كردنه‌وه، ده‌گوازرێته‌وه بۆ قۆناغى كردارى و ده‌ستوه‌ردانى راسته‌وخۆ بۆ رێگریكردن له‌و په‌لامارو هێرشه دڕندانه‌یه‌ى توركیا.
ڕۆژئاواى كوردستان، بۆتە سیمبولی بەرگری و هیوا لە کاتی شەڕ و وێرانکاریدا، له‌وێ گه‌لى کورد لەڕێگەی تێکۆشان و قوربانیدانێكى زۆره‌وه، قه‌رواره‌و كیانێكى سیاسى و ئیدارى و کۆمەڵایەتی دیموکراسی و فرە کەلتووری دامەزراندووە، کەهه‌م ژنان تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، هه‌میش هەموو پێكهاته نەتەوەیی و ئاینیی و كلتورییه‌كان، جێگەیان بۆته‌وه‌و به‌ئازادانه موماره‌سه‌ى ماف و ویسته‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن.
هەڕەشەو هێرشی دڕندانەی تورکیا ئامانجی تەنها لەناوبردنی بەرخۆدانی کوردنیه به‌ته‌نها به‌ڵكو سڕینەوەی تەواوی کلتوورو مێژووه‌كه‌شیه‌تى، كرده‌وه سەربازییەکانی تورکیا لە رۆژئاوا بۆته هۆی شه‌هیدبوون و برینداربوونى سه‌دان هاووڵاتى مەدەنی بێ‌تاوان، كه زۆرینه‌شیان ژن و منداڵ و كه‌سانى به‌ته‌مه‌نن، خێزانەکان په‌رت و بڵاوبوون و ماڵەکانیشیان خاپوربووه، ئەمە هەڵمەتێکی سیستماتیکی تیرۆر و راگواستن و دەرکردنە، کە تیایدا هاووڵاتیانى كورد ناچار دەکرێن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و رووبه‌روى هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسى سڕینه‌وه‌ى شوناس و ناسنامه‌یان لێ ده‌كرێت.
له هه‌ر وڵاتێكدا، منداڵان به‌بێ ترس دەتوانن بچنە سەر شەقامەکان و ئازادانە یاریی بکەن و چێژ لە منداڵێتی خۆیان وەربگرن،ده‌توانن هاوڕێی نوێ پەیدا بکەن و هه‌ست به‌تواناو لێهاتوویه‌كانى خۆیان بكه‌ن، به‌ویستى خۆیان یادەوەرییەکانیان دروست ده‌کەن وتاهەتایە دەمێنێتەوە، به‌ڵام له‌رۆژئاواى كوردستان، منداڵان ناچارن بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان ڕابکەن و خۆیان له‌بۆمب و تۆپ و فیشه‌ك و درۆنه‌كان ده‌كه‌ن، گوێكانیان ئاشناى قیژه‌و هات و هاوارو گریان و ده‌نگى ته‌قینه‌و بۆردوومان بووه، ئه‌وان به‌راستى یارى مان و نه‌مان و به‌رگریكردن ده‌كه‌ن، ئه‌وان فێربوون هه‌میشه له ترس و دڵه راوكێ و مه‌ترسیدا بژین، ئەوان ئەو ئاسایش و ئازادییە ئەزموون ناکەن کە شایسته‌ى هەموو منداڵێکه، ناچار دەبن ڕووبەڕووی واقیعێک ببنەوە کە پڕە لە توندوتیژی، لەدەستدان و تراوما، بەڵام بۆچی جیهانی دەرەوە چاو لەم ئازارانه دەپۆشێت؟ بۆچی هێشتا بێدەنگە، کاتێک هەموو کۆمەڵگاکان وا له‌ناوده‌چن و وێران ده‌بن؟ بەشێکى وەڵامەکە، بریتییه له‌جه‌نگیی ساردی جیۆپۆلەتیک، تورکیا بە پێگەی ستراتیژی و ئەندامێتی لە ناتۆ،هاوپەیمانێکی گرنگی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە، ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر حسابی پشتگوێخستنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و قبووڵکردنی رژێمێک بووە کە نیشانی داوە زیاتر بایەخ بە دەسەڵات دەدات نەک خه‌ڵكه‌كه‌ى.
هەروەها دەبێت ئەوە بزانین کە ترس لە بەرەنگاربوونەوەی تورکیا هەیە، زۆرێک لە وڵاتان دەترسن پەیوەندییە بازرگانییە گرنگەکانیان لەدەست بدەن، بەڵام ئایا بەڕاستی ئەوە نرخێکە کاتێک ژیانی خەڵکی بێ‌تاوان لە مەترسیدایە؟ کاتێک ئێمە بڕیار دەدەین چاو بپۆشین لەوەی کە ڕوودەدات، ئێمە بەشدارین لە پیلانێکی بێدەنگ بۆ سەرکوتکردن و خیانەت لەو کەسانە دەکەین کە بۆ ئازادیی خۆیان دەجەنگن.
ئێستا کاتی ئەوەیە جیهان بەئاگا بێتەوە، کاتی ئەوە هاتووە گوێ لە هاوارەکانی ڕۆژئاوا بگرین، دەبێت داوا بکەین سەرکردەکانمان چیتر توندوتیژی و چەوساندنەوە وەک بەشێک لە گۆڕەپانی جیۆپۆلەتیک قبوڵ نەکەن، دەبێت داوا بکەین ئەوانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بێ گوێدانە دەسەڵات و پێگەیان. ئەمە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، به‌ڵكو پەیوەندی بە مرۆڤایەتیمانەوە هەیە، دەربارەی توانا‌مان بۆ بەرگریکردن لە یەکتر لە کاتە سەختەکاندا.
گرنگە ڕێز لەو ژنە قارەمانانەی ڕۆژئاوا بگرین، کە لە پێناو ئازادیی و دادپەروەریدا گیانی خۆیان بەخت کردووە، بەهۆی هێز و ئیرادە و به‌خشینى ئه‌وانه‌وه كه بوونە کۆڵەکەی بەرخۆدانی کورد، دۆخى سیاسى و خه‌باتى سیاسى و چه‌كدارى رۆژئاواى كوردستان، چۆته قۆناغێكى نوێ تره‌وه، ئەو ژنانە تەنها بۆ مافەکانی خۆیان خەباتیان نه‌کردووە، بەڵکو خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانى ئه‌وان له‌پێناو داهاتوویەکی باشتردایه بۆ هەموو کەسێک، بۆیه گرنگه به‌شكۆوه یادى ئەوانە بکەینەوە کە لە تێکۆشان بۆ کۆمەڵگایەکی باشتر گیانیان لەدەستدا.
خه‌بات و تێكۆشانى ژنانی کورد، بۆ ئازادیی و دادپەروەری بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا،لە پشت خواستی کوردستانێکی ئازادەوە دەوەستین و پێکەوە بۆ ژنان و مافەکانیان تێده‌کۆشین، ڕۆژئاوا زیاتره لە شوێنێک لەسەر نەخشەى جیهان، هێمای بەرگری و هیوا و ئایندەیە، کە خەڵک بتوانن لە ئاشتی و ئازادی‌دا بژین، کاتێک چاومان لەئاست ئێش و ئازارەکانیدا دادەخەین، ئه‌وا چاومان له ئاست مرۆڤاتیماندا داخستووه، جیهان دەبێت ببینێت، هەست بکات هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی ئێمە هەڵوێست وەربگرین، ژیانی كه‌سێك زیاتر لە دەست دەچێت ماڵێكى تر وێران و خێزانێكى تر په‌رته‌وازه ده‌بن.