کێن ئەوانەی دەڵێن هەڵبژاردنی پەرلەمان دونیای ئێمە دەگۆڕێت

سۆران ناسح
  2024-08-18     340

دەستور و یاسا کە پەیوەستە بە ژیانی هەموانەوە جۆرێکە لە ڕێکخەری دەسەڵات و دواجار سنورێکیشە بۆی تا سەرنەکێشێت بۆ ستەم، لە گەڵیدا پاراستن و زامنکردنی ماف و ئازادی ژیانە بە گشتی بەرامبەر بە دەسەڵات و دواتر بەرامبەر بە یەکدی، بەڵام ئەم داد و بێدادییەی ئینسانی ئێمە بەتایەبەت کورد بەرامبەر بەو نادادی و ستەم و قەیرانە بەردەوامانەی کە لای ئێمە دەگوزەرێ و درێژە بە خۆی دەدات چیە؟ ئەوەی هەیە لە ژێر ناوی سیاسەتکردن و دەستگرتنی دەسەڵاتی تەواوی خێڵ و دین لە یاسادا، ڕوبەڕووبوونەوەی مەزاهیبەکان و خێڵ و حیزب ناکرێ وەک جۆرێک لە ململانی وێنا بکرێ، چونکە ململانی دیوێکی لانی کەم بابەتی هەیە،لە ڕاستیدا ئەوەی دەگوزەرێت توندووتیژی و فەوزایە، لێرەدا پرسیارێک درووست دەبێت ئایا ڕیشەیی کێشەکانمان چیە؟ کۆمەڵگا بۆ لەم دۆخەدا بەردەوامی بە خۆی دەدات، بۆ ئێمە بۆ ساتێکیش لە خۆمان ڕانامێنین و قوڵ ڕۆبچینە ناوخۆمان و پرسیاری جدی ڕووبەڕووی خۆمان ناکەینەوە، تا هۆکاری ڕاستەقینەی کێشەکانمان بزانین.

ئەگەر لەم پنتەوە دەست پێ بکەین ئایا دەکرێت چونە نا  شارستانیەت لە یاسا جودا بکرێتەوە، یاسا بە واتای قەدە‌غە و لەگەڵیدا دەستەبەرکردنی ماف و ئازادی ژیان و ڕێکخستنی تێدابێت، ئەمەی دوای پەیوەندی بە گەشەی مێژووییەوە هەیە، تێدا زهنەیەت و ڕوانین بۆ ژیان وە بۆ مرۆڤ جۆرێک لە گەشەی مێژووی و عەقڵی بە خۆیەوە بینیوە و لە ڕووی یاساییەوە کۆمەڵێک دەستکەوتی دەستەبەرکردووە پەیوەست بە ئازادی و مافەوە مەبەست  خۆرائاوایە جیاواز لەو خۆرهەڵات کە ئێمە نیشتەجێن تێیدا ژیان و ماف و ئازادی نزیک لە سەرکوتکردنی تەواوەتییە، سەرباری بەرکەوتنمان بە کەلتور و شارستانیەتە خۆرئاواییەکان و دروستبوونی برینێکی کەلتوری لە ژیانماندا و هەوڵی جۆرێک لە خۆ هاوشوناسکردن، بەڵام لە واقعدا هەژارین و کۆیەتی ئەم جەستەیە مەبەست خۆرهەلاتە نەک ئەم رێسکەی نەکردووە بپەڕێتەوە بۆ قۆناخێکی تری ژیان کردن بگرە زیهنیەت و ڕوانینی بۆ دونیا و تەفسیری بۆ مرۆڤ هەمان ڕوانین و تەفسیرە کە بە دریژایی مێژووە تایبەتەکەی هەیبووە کە مەنگی و نەجوڵانە، کە باسی کەلتور و شارستانیەتمان کرد بێشک هەموو نەتەوەیەک خاوەنی جۆرێکە لە کەلتورە ، بەڵام کە دەستەواژەی مێژوومان خستە ناو بابەتەکەوە دەبێت مەفهومەکەی ڕوونبکەینەوە کە مەبەستمانە، لێرەدا بە مانا سادەکەی وەری ناگرین کە کۆمەڵیک کار و چالاکی ئاسایی ڕویداوە، بەڵکو مەبەستی ئێمە لە مێژوو گەشە و بەرەپێشچوون و  قۆناغبەندیی و پەڕینەوەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تری ژیانکردن و بیرکردنەوە کە پەیوەستە بە کەلتوری گەشەکردووەوە جۆرێک لە ئیمکان و دەستەبەرکردنی زیاتر لە ژیانێک بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت، لەگەڵیدا ببێتە جوڵە بۆ کەلتورەکانی تر وەک شارستانیەت و کەلتوری یۆنانی کە جورئەتی ڕاستەقینەی بەخشیە کۆمەڵیک کەلتوری تر پێکڕا کۆمەڵیک دەستکەوتی زانستی و مرۆیی و فەلسەفی ، یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی....هتد دەستبخەن کە لە خۆرئاوا گەیشتووە بە ئاستێکی گرنگ، بۆیە ڕاستە ئێمە وەک خۆرهەڵاتی و کورد کەلتور و شارستانیەتمان هەیە بەڵام شارستانیەتی بی دەستکەت و بێ داهێنانین لەم ڕوانگەیەوە لە دەرەوەی مێژووی خاوەن دەستکەوت و گەشەکردوەکانین. یاسا یان بڵین دەستور لەم نوسینە کورتە وەردەگرین و چۆنیەتی گەشەی کە کایەیەکی سەرەکی و گرنگە و کۆیی کایەکانی تر لە پەیوەندیدان لە گەڵی و دابڕاونین لێی. ئێمەی خۆرهەڵاتی و تایبەتیتر کورد هەمیشە دادوبێدادمانە بەوەی دادپەروەری نیە، پەرلەمانێکی ناکارامان هەیە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن ستەمی گەورە دەکات، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆنیە، یاسا لێرە  حوکمی چەند شەخسێکە و نیاز و تەماعی کەسی و مەزهەبی و تایفی  و خێڵ و عەشیرەت دۆخی یاسایی و سیاسیەکە دەبەنە ڕێوە، جیا لەمە کە وەسف و شانازیەک خۆرئاوا هەیانە بۆ خۆیان بەوەی کە دەوڵەت و حوکمەتی دەستور و یاساکانە، نەک کەس و دین و خێڵ ، وە دەستور و یاسا وەک هێزێکی مادی و مەعنەوی نوێنەری ئیرادەی گەلە، عەقڵ بە کۆمەڵ حوکمی هەموویان دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم دۆخە جیگیرە چۆن درووست بوو؟ تابزانین لانی کەمی کێشە و ئیشکالیەتی ئێمە لو کوێدایە.

کاتێک باسی دەستور و یاسا دەکەین تەنیا دیاری کردنی تایبەتمەندی دەسەڵاتداران نیە کە هێزی فەرمانڕەواییان هەیە، بەڵکو لەوەگرنگتر دانانی سنورێکە بۆ دەسەڵاتەکانیان بە فعلی و پراکتیکی بۆ ئەوەی مافی بنەڕەتی مرۆڤ و خەڵک پارێزراو بێت لە دەستیان ، ئەم ئایدیایە کە دەبێ سنور بۆ دەسەڵات و فەرمانڕەوایان دابنرێت ڕەگوڕیشەی قوڵی لە فەلسەفەی سیاسی خۆرئاوادا هەیە، بەر لەوەی مەسیحیەت بێت و دەربکەوێت یۆنانیەکان دووهەزار ساڵ لەمەوبەر دەسەڵات و دادپەروەریان بەیەکەوە بەستەوە، ئەوان باسی کۆمەڵێک بەها و یاسایی سروشتیان کرد کە مرۆڤ خاوەنیەتی وەک ئازادی و ژیانێکی شایستە و وەک یەکبوون لە مافدا، هۆشیاربوونەوە کە چاک لە خراپ جیابکەنەوە، ئازادیەک کە هیچ کەس پێینەداون بەڵکو سوشتیەو مرۆڤ دەبێت هەیبێت، بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافانە داکۆکی لەوە دەکرا باشترین شێوەی حوکمڕانی سیاسی ئەوەیە لە ڕێگەی یاساوە بێت و شێوازەکەی دیموکراسی بێت نەک لە ڕێگەی تاکەکەسەوە ، عەقڵێکی گەورەی وەک ئەرستۆ لەو قۆناغەدا و لە کتێبە بەناوبانگەکەی (سیاسەت) باس لەوە دەکات باشترە دەسەڵات لەدەست سەروەری یاسا بێت نەک کەسێک ، پەسەنترە حوکم بە یاسا بکرێت کە بەرهەمی عەقڵە نەک سۆز، سەروەربوونی تاکەکەس بۆ حوکمڕانی بەرەو ئەوە دەچێت ببێ بە ستەمگەر و ببێتە حوکمێک بۆ بەرژەوەندی کەسی، نەک چاکەی گشتی، ئەو لە کتێبەکەیدا باس کە ئاڵوگۆڕی پۆستەکان و فەرمانڕەواکان دەکات، جیاکردنەوەی کارەکان وەک کارێکی چاک دەبێ بە یاسا رێکبخرێت، ئەم بۆچوونە یاساییانە بۆ دەسەڵات لەو کاتەوە یۆنانیەکان وەک ئەوروپا خۆیان لە فارس و میدییەکان و خۆرهەڵات و ئاسیا جیا کردەوە، ئەویش لە ڕێگەی کتێبێکی ئیسخیلۆس بە ناوی فارسەکان باسی ئەوە دەکات فارسەکان و ئاسیا وەک کۆیلە تاکە پاشایەکی ستەمگەر حوکمیان دەکات و دەپەرستن، بەڵام یۆنانیەکان مرۆڤی ئازادن و  بە  حوکمی یاسا فەرمان ڕەوایی دەکرین و ئەو نوێنەرە هەڵدەبژێرن کە بە پێی یاسا حوکمیان دەکات.

ئەم دۆخە لەگەڵ هاتنی هاتنی مەسیحیەت دەگاتە شوێنێک، مافی دانانی یاساکان لە مرۆڤ و کۆمەڵگا وەربگیرێتەوە و بدرێتە دەست دین و پیاوانی ئاین وەک نوێنەر و پارێزەری یاسای خودا شوێنی خۆیان بگرن و دەسەڵاتی خۆیان جێبەجێکرد، پێشتر یاسایی یۆنانی کە ئازادی و ژیانێکی شایستە مافی سروشتی مرۆڤە و هیچ پێدراوێک پێی نەبەخشیوە، گۆڕدرا بۆ یاسای سروشتی ئاسمانی واتە لە زەمینیەوە بۆ ئاسمانی و دەبوو مرۆڤ ئەو یاسایانە پەیڕەوبکات کە لە دین و مەسیحیەتدا هەن و ئازادی و ماف وەک پێدراوی خوداوەند ببینرێن ، ئەوانیش یاسای ئەزەلی کە یاسای خوداوەندە ، یاسای ئاسمانی کە لە ئینجیلەوە هاتووە بۆ پەیڕەوکردن و ڕێنمای مرۆڤ دەکات بۆ ئەودیو دونیا و ڕێنوێنی ئینسان دەکات بۆ بەختەوەری ئەبەدی، یاسای سروشتی بەبێ یاسای ئاسمانی پیرۆز نوقسانە، مرۆڤ سەرباری هەبوونی عەقڵی بەڵام سروشتێکی داڕوخاوی هەیە و گوناهبارە و دەبێ ڕێنوێنی بکرێت، ئەمانە هەمووی جیاواز لەو یاسا سروشتیە بوو لە یۆنان باسی عەقڵ و ئازادی و نەبوونی کۆتوبەندی دەکرد، لە مە مەسیحیەتدا دەبەسترێتەوە بە دین و خوداوە یاسای سروشتی، بە دینیکردنی یاسا و بەستنەوەی بە دەسەڵاتی ئیلاهیاتەوە چەمکەکە لە بەرگە دینیەکەیدا ببێتە هۆی دانانی دادگای پشکنینی دینی و لەگەڵیدا پاڵپشتێک بێت بۆ دەستورە مەلەکی و ئیمپراتۆریەتە ستەمگەرەکان.

ڕوونە کە ئەم دۆخە چەندین سەدەی خایاند کە بە سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست ناودەبرێت، تا هاتنی سەدەی حەڤدە و هەژدە لێرەوە گەڕانەوەیەکی گەورە دێتە ئاراوە بۆ مێراسێکی کەونینەی خۆیان، ئەویش عەقڵانیەتی فەلسەفەی یۆنانە، بە تایبەت عەقڵێکیی گەورەی وەک ئەرستۆ بۆ خۆ ڕزگارکردن لە ستەمی دین و دواکەوتووی. لێرەوە بیری پیرۆز و مافەکانی مرۆڤ و ژیانێک شایستە بوو بە دروشمی بزاڤێکی  گەورە ئەویش عەقڵە ڕۆشنگەرەکان بوون( وەک تێبینی: هەڵەیەکی گەورە هەیە کە  ئێمە تا ئێستاش  بۆ چەمکی شوڕش و گۆڕان هەمانە کە پێمان وایە گوایە تەنیا شۆڕشەکان: ١٧٨٩ فەڕەنسی و ١٧٧٦ ئەمریکی و کۆمەڵێک شۆڕشی دی ڕۆژئاواین گۆڕیوە، بەڵکو بەشی سەرەکی بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاری کۆمەڵێک عەقڵی گەورەبوون ئەم گۆڕانەیان درووست کردووە)لە دەرئەنجامی ئەم گەڕانەوەیە بۆ میراتی یۆنان و گەشەدان بە ئایدیای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کە ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا سیاسەت باسی کردبوو بووە هۆی دووبارە بیرکردنەوە و داڕشتنەوەی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ئەم ڕەوتە داکۆکی گەورەیان لەوە دەکرد کە دەوڵەت یان بڵێن حوکمەت بە جۆرێک ڕێکبخرێت زامن و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ  بە گشتی و تاکەکەس بێت، بۆ بەدیهێنانی دەبێ ئەرکی دەوڵەت و حوکمەت دابەشبێت بەسەر سێ بەشدا ئەوانیش ، یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری. لێرەوە ئیشکالیەت و کێشەکە دروست دەبێت بەوەی دین وەلانرا و یاسای مۆدێرن دروست بوو ئەوانیش سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری جێگەی هەرسێ دەسەڵاتی ئەزەلی و ئیلاهی و سروشتی دینی گرتەوە، ئەمە بووە هۆی لە جێی دیندارێک و عەقڵێکی دواکەوتوو و بیروباوەڕ فاسد  کە خۆیی بە زمانحاڵی خودا دەزانی و حوکمی مرۆڤی دەکرد نەمێنێ و لە جێگەی دەمودەزگا و سیستەمی مۆدێرن لە سێ دەسەڵاتی جیاکراوە و چاودێر بەسەریەکەوە جێگەی بگرێتەوە لە دەوڵەتێکدا چیتر دین و عەقڵێکی کۆنزەرڤاتیڤ ڕۆڵی نەمێنیت و نەتوانێت بەردەوام بێت،

ئەوەی تا ئێرە لێی دواین ڕوونە کە یاسا لە ئەنجامی گەشە و پەڕینەوە لە دەرەبەگ و دینەوە بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و دواتر بۆ دەوڵەت ، بەڵام ئەمە نە لای ئێمە وەک کورد و خۆرهەڵات نەک ڕوینەداوە بگرە کۆپیەکی زۆر ناشرینی خۆرئاوایە بۆ یاسا و دەستور ، وەک فۆرم هەرسێ شێوازی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری وەرگیراوە بەڵام جیاواز لەو ناوەڕۆک و مانا گەورەیەی خۆرئاوا بۆی تیکۆشاوە و ئەم شێوازی حوکمە دروست بووە ، لە کوردستان و دواتر بە گشتی ئەم ناوچەیە ئەو ناوەڕۆکەی پێدرواوە کە  خۆرئاوا چەندین سەدە شەڕ و ململانێی توندی هەبووە لەگەڵی  ئەویش دینە بە پلەی یەک و دواتر عەقڵیکی دواکەتووە بەڵام لێرە دین و خێڵ بنەڕەت و جەوهەری ئەم سێ دەسەڵاتە پێک دێنێنن، سیانەی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بنەڕەتەکەی دینی ئیسلامە بە کۆمەکی خێڵ و حیزب بەڕێوەی دەبەن کە تەواو دژیەک و پێچەوانەیە لەگەڵ جەوهەر و ناوەڕۆکە ڕەسەنەکەی کە یاسایی مەدەنییە و جیاکردنەیەتی لە دین و خێڵ ، بۆیە دەبێت لەو خاڵە سادە و بنەڕەتیە تێبگەین لە بنەڕەت. ئەساسەوە، باسکردنی دیموکراسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و گۆڕان و ئازادی و ژیان و مافی هاوڵاتی دەبێتە مەخسەرە و ئەم دۆخەی دروست کردووە کە تێیدا دەژین وناکرێت لەم خاڵە بنەڕەتی و سادەیە تێنەگەین ئەوەی هەیە لە پەرلەمان کە شوێنی یاسادانانە و دواتر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری لە بنەڕەتەوە بە هەڵە هاتووە  و داماناوە  کە دەرئەنجامی گەشەی ئێمە و خۆرهەڵات نیە، بەڵکو پەیوەستە بە تێڕوانینی خۆرئاوا بۆ مرۆڤ و بۆ ژیان ، کە ئێمە هێشتا وێنا و تەفسیرێكی ڕوونمان نییە نە بۆ مرۆڤ و نە بۆ ژیان، بۆیە لێرەدا کێشەکە کەسی  و شەخسێک نیە بەڵکو دەستەجەمعی و گشتیە ئەم دۆخە نەبە هەڵبژاردن و نە بە شۆڕش دەستکاری ناکرێت. بەڵکو دۆخی ئێمە ئەستەمە بەبێ دەستکاری ڕیشەیی و گەورە لە زیهن و ڕوانینمان بۆ ژیان و بۆ مرۆڤ گۆڕان ڕوبدات، سادەی و ساویلکەییە ئەگەر بۆ ساتێکیش خەیاڵ بکەین بەم جۆرە لە دیدگا و ڕوانین بۆ ژیان و بینینی مرۆڤ و بەڕێوەبردن کە هەمانە. بە هەڵبژاردن و جێگۆرکێی حیزبی بە بێ گۆڕانی ڕیشەیی بتوانین لانی کەمی دادپەروەری و ژیانێکی ئازاد دەستبخەین.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×