ھاوسەرگیری پێشوەختی کچان، زەوتکردنی مافی تاکەکەسیی‌

ئارێز موحەمەدی
  2024-08-17     286

ھاوسەرگیری پێشوەختی کچان؛ جیا لە زەوت کردنی مافی تاکەکەسیی، پراکتیزەیشە بۆ ناسەقامگیری تەندروستی، ئابووری و پەروەردەیی تەواوی کۆمەڵگە. 

 

ھاوژینی یان ھاوسەرگیری، پێکەوە بوون یان پێکەوە ژیانی دوو کەس یەکێکە لە پرسە کۆمەڵایەتییە بەرچاوەکان کە زۆرجار لە ژێر کاریگەریی نەریت و کلتوردا ڕۆڵێکی ناوەندیی دەگێڕێت. بەجۆرێک کە لە کۆمەڵگە ئایینی و دوواکەوتووەکاندا ھاوسەرگیری وەک جەبرێک بەسەر تاکدا دەسەپێنرێت. کە ئەمەش بەشێکی بۆ باوەڕی کۆمەڵگە تەنھا بە کۆژینی بنەماڵەیی و یەک چارەنووسی دەگەڕێتەوە کە بەداخەوە باری نێگەتیڤی ئەم پرسە زیاتر تیشکی بەر کچان و ژنان کەوتووە کە ئەوانی لە ھەڵبژاردنی تاکەکسی خۆیان دوررخستووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی مۆدێڕن و پێشکەوتوودا دانپێدانان بە پێکھاتە جۆراوجۆرەکانی بنەماڵەو و فۆڕمی پەیوەندییەکان خەریکە پەرە دەسێنێت و تاک لە بژاردەی خۆیدا ئازادە کە بێگومان لەم حاڵەتەدا 
ھەم باری دەروونی و سۆزداریی کەسیی گەشە دەکات، ھەم داڕشتنی پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری کۆمەڵگاش تەندروستتر دەبێت. دیارە لە ڕووی یاسایی و بۆ دڵنیایی لە پێگەیشتنی تاک بۆ وەھا ھەڵبژاردنێک تەمەنێکی دیاری کراو دەستنیشان کراوە کە سەروو ١٨ ساڵ دەگرێتەوە. بەڵام لەم نێوەدا پرسی ھاوسەرگیریی زۆرلەملێی خوار تەمەنی یاسایی بەتایبەتی بۆ کچان نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە بەجۆرێک کە ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامارێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤ باس لە ھاوسەرگیری زۆرە ملێی ١٢میلیون کچ لە ساڵێکدا لە سەرتاسەری جیھان دەکات. ھاوکاتیش لەهەمواری یاسای باری کەسێتی عێڕاقدا باس لە جێخستنی بەندێک بۆ بەیاسایی کردنی ھاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن دەکرێت کە ئەمە دەلالەت لە کەلێنە یاساییەکانی دەوڵەتی عێڕاقە. ئەگەرچی ئەم ناوچەیەو بەگشتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ساڵانە بێ گرێبەستی یاساییش کچانی خوارتەمەن دەخرێنە بەر ھاوسەرگیری. 

ئەم پرسە پرسێکی قووڵی نیگەرانکەر و جێگەی ڕەخنەیە کە کاریگەریی دوور مەودا و فرەڕەھەندی لەسەر تاک و کۆمەڵگا و کۆمەڵگاکان بە گشتی دادەنێت. ھاوکاتیش پێشێلکردنی بنەڕەتی مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەتی مافی منداڵان و کچان بۆ سەربەخۆیی خۆیان. ھەروەتر ناچارکردنی ئەوان لە ڕۆڵی گەورەساڵاندا لە ڕووی جەستەیی و  دەروونیەوە کارێکی دروست نیە و زیانی درێژخانەنی بەدوادا دێت. ھۆکارەکانیش بە پێی دۆخی ناوچەکە زۆرن لەوەی گوزارشت لە سەرھەڵدانی ئەم دیاردە توندوتیژە بکەن. وەک لە ئایین، باوکسالاری، نۆرم و نەریتە کلتوورییەکان، دۆخی ئابووری، ئاوارەیی و کۆچ،..ھتد. 

ھۆکارە ئایینی و کلتوورییەکان و دەسخستنە سەر ئەم ھۆکارە یەکێکە لە دیارترینەکان کە ڕاستەوخۆ دەخرێتە ژێر چاودێری لێکۆڵەران و چالاکوانان و لێکۆڵینەوەی لێوە دەکەن. چونکە لە پراکتیک بوونی نەریتەکان لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە. لە
لایەکی دیکەشەوە ھاوسەرگیری پێشوەختەو زۆرەملێ وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی کچ و بنەماڵە دەبینرێت و وەک درێژەدەری فۆرمی ژنایەتی،دایکایەتی و بەخێوکەریی تەقلیدی لێی دەڕوانرێت. 
بەڵام لەم نێوەشدا چەندی ھۆکاری دیکەش ھەن کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ھۆکارن بۆ سەرھەڵدانی ئەم دیاردەیە و من لێرە دەست دەخەمە سەر  تەنھا چەند بەشی سەرەکی.


دۆخە ئابوریەکان: 
کۆمەڵگەی عێڕاق (بەبۆنەی بە یاسایی کردنی ئەم پرسەوە، زیاتر فۆکووسم لەسەر ئەوێیە) یان بە گشتی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، خاوەن کۆمەڵگەیەکی چینایەتیین و تادێت گوشارە ئابوورییەکانیش پەرە بە زیاد بوونی چینی خوارووی کۆمەڵگە دەدات. لەم ڕووەدا ھاوسەرگیری پێشوەختەی کچانی خوار تەمەن وەک ڕێگە ڕزگارییەک لەم قەیرانە بۆ بنەماڵە ھەژارەکان و لادێ نشینەکان دەبینرێت کە ڕەنگە لەم ڕێگەیەوە گوشاری دارایی کەم بێتەوە یان ئاسایشی ئابوری کچان پێی باشتر بێت. 
لە ڕووانگەی من و زۆربەی ئەوانەی لەم پرسە دەکۆڵێنەوە، ئەم ڕێگەیە نەک تەنھا چارەسەری بە شوێن خۆیدا نەھێناوە بەڵکوو سەرھەڵدەری کلتورێکی دیکەی چەوسێنەرە وەک کولتوری بەکاربەر کە جێندەر و تایبەتی ژنان تێیدا بەکاردەھێنرێن. دەور و نەخشی کچان و ژنان سنووردار دەکرێت و سەرمایەداری و ھزری باوکسالار ھەر لا بەجۆرێک دەبنە ھۆکار بۆ بەکاڵا کردنی ژنان. بەگشتی لام وایە دوو ڕێگەت دەخاتە بەردەم؛ ھاوسەرگیری وەک ڕێگەچارەیەک، ھاوسەرگیری وەک بازرگانییەک!

 

ئاوارەیی و ناسەقامگیری جوگرافیایی: 
کۆچ و ئاوارەبوون بەھۆی قەیرانەکان، جەنگ، یان ھەر دۆخێکی دیکە، زۆر جار بنەماڵەکان و ژینگەی ئەوان ناجێگیر دەکات. دەکەونە ھەلوومەرجێکی نالەبار وەک مانەوە لە کەمپەکانی پەنابەران کە لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کچان ڕووبەڕووی دەستدرێژی، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و تەنانەت بازرگانیکردنیش دەبنەوە. ئاوارەییەکان لە عێڕاق و کۆچ و بەدیل بوونی ھزارانی بنەماڵەی عێڕاقی و کوردستانی ئێستاش کە ئاسەواریان ماوە، نموویەکی زیندوون. ھەر بۆیە لەم جۆرە ژینگەیەدا کچان قوربانی چەندین جارە دەبنەوەو ناچاریان دەکەن بە ھاوسەرگیری پێشوەختە و ناتەندروست. واتە لە ژینگەیەکی نائەمنەوە بۆ ژینگەیەکی نائەمنی دیکە پاڵ دەنێردرێن. کە ئەمەش بێگومان بەدەر نیە لە باوەڕی نەریتی و ئایینی "شەرەف پارێزی". 
   
  کۆنتڕۆڵ کردنی سێکسی ژنان: 
کلتوورە پیاومەزن و باوکسالارانەکان کچان کەم بەھاتر لە کوڕان ئەژمار دەکات. لە بواری باسی سێکس و پێوەندی جنسیشدا ھەروایە. ھەروەک ئیسلام ناوی لێدەبات، ژنان لە سێکسدا لەگەڵ پیاوان تەنھا وەک کێڵگەیەک دەبینرێن. بۆیە ئەم ھەڵوێستانە بە شێوەیەکی گشتی لە سێکسیزم و نایەکسانی جێندەرییەوە سەرچاوە دەگرێت. کە ژن و کچان وەک موڵکی بنەماڵە دێنە ئەژمار کە دەبێ ھەم لەژێرچاودێری دابن و ھەمیش کۆنترۆڵ بکرێن. بۆیەش کچان پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی خۆناسین، ناچاردەبن بچنە ژیانی ھاوسەرگیرییەوە. ئەمەش ئازادییان سنوردار، تەندروستیان نالەبار و دەرفەتی پێشکەوتنیان لاواز و بێ ھێز دەکات. لام وایە ئەمە نەک تەنھا چەوساندنەوەی کچان بەڵکوو تەواوی کۆمەڵگەشە. لێرەیە کە وتەکەی مارکس وەبیردەخەمەوە کە دەڵێت: کۆمەڵگەیەک ئازادە کە ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە تێیدا ئازاد بن. 
حەتمەن ھۆکارەکانی دیکەش  ھەن کە بەپێی دۆخی ناوچەکە سەریانھەڵداوە و تێیدەچێ ھەرکام و لە جێی خۆیدا توێژیینەوەی وردی بۆ بکرێت. 

کاتێک نائاگاییەکان ھەرەس دێنن و توندوتیژیەکان زیاد، بێگومان دەرەنجامە نەرێنییەکان وەردەردەکەون و پێ بەپێ لەگەڵ قۆناغی تەمەنی تاک دا دەڕۆن. ھاوسەرگیری پێشوەختەی کچان زەنگێکی خەتەرە بۆ زیاد بوونی مەترسی تەندروستی. وەک ترس و دڵەڕاوکێ لەکاتی پێوەندی جنسیدا، ئەگەری خوێن بەربوون، دووگیانی پێشوەختە، عفوونەتی زێ و ھەر ھەموو ئەمانەش مردن، خەمۆکی، خۆکوژی، دوورەپەرێزی و ئەگەری لە دەستدانی کۆرپەش و دەیان مەترسی تر پەرەپێدەدات. گەر ڕووانینێکی وردترمان ھەبێت بۆسەر ناوچە ھەژار نشینەکان ئەوان بەھۆی نەبوونی ناوەندی تەندروستی و کەمی کەلووپەلی پزیشکی، پێڕاگەیشتنەکان لە کەمترین ئاستی خۆیدا دەبێت.  
 لەلایەکی دیکەشەوە بە ھۆی نەبوونی پەروەردەی دروست و کارا، منداڵان و کچان تایبەتی تر بێبەشن لە پەروەردە و زانیاری باش لەسەر لەشی خۆیان، ئەندامی جنسییان و ڕەفتارە دەرەکییەکان ڕووبە خۆیان و مافی ھەڵبژاردنیان. ھەربۆیەش لەو کۆمەڵگایانەی ھاوسەری پێشوەختە بەکچان دەکەن، ئاستی خوێندەواریی و زانیارییان کەم دەبێت و ئەمەش دەرفەتەکانی داھاتوویان زیاتر سنووردار دەکات و توندوتیژی خێزانی پەرەپێدەدات و خوولەکانی ھەژاری و وابەستەییش بەردەوام دەکات. بەو پێیەی کە دابڕان لە خوێندن و پچڕانی پێوەندی کۆمەڵایەتی پەرەدانە بە بێکاری و ھەژاری و دەستنەڕۆیشتوویی سەرھەڵدەدات. 

باسەکەم لەوەدا کورت دەکەمەوە کە ھەر لە ھۆکار و دەرەنجامەکاندا دەتوانین ڕێکەچارەکانیش بدۆزینەوەو ھەوڵێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ڕووی پەروەردەو چاکسازی یاساییەوە بۆ بدەین. ھەروەھا چاونەترسانە دەستبخەینە سەر بەشداری بەرکەوتنی بەھا بەکاربەرییەکانی سەرمایەداری و بەھا نەریتییەکانی ئایینی و کلتووری کە ھاوسەرگیری پێشوەختە ئایدیالیزە دەکات و لە پراکتیکدا دەیھێڵێتەوە بەجۆرێک کە وەک ستاتووسێک بۆ پێشێلکردنی مافی منداڵان و سنووردار کردنی ئوتونومی کچان سێبەری خستووە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×