"بەرکوڵ"
" من جاروبار بە ناو دەزگاکانی چاپ و پەخشی کتێبخانەکاندا دەگەڕێم بۆ کتێبی تازە کە بێئاگا بووبم لە دەرچوونی، کۆتایی پایزی پار بوو کە لە وەشانخانەی "غەزەلنووس" هاوڕێم کاک حەمە ساڵح بەدڵگەرمییەوە، کتێبی "چیرۆکەکانی ئەندریا"ی بۆ هێنام بەدەم ستیایشەوە ،کە بەرگ و تابلۆکە و تایتڵەکەی سەرنجی راکێشام ، منیش یەکاندەردوو خستمە ناو هەگبەکەی خۆم ،دواتر بە مەراقەوە کتێبەکەم گرتە ئامێز و ئیدی گەشتێکی پێکردم کە لە ماوەی چەند شەو و رۆژێکی کەم توانیم بەدەم چێژێکی دڵ هەژێنەوە بیخوێنمەوە، دوای چەند رۆژێکی دیکە كەوتمە سەر کەڵکەڵەی خوێندنەوەی بەو نیازەی هەڵسەنگادنی بۆ بکەم بە وتارێک. بە سۆزێکی ئەدەبخوازانە دنەی دام کە سەر لە نوێ دەوری بکەمەوە، ئیدی بەدەم تۆماری سەرنج و تێبینییەوە کەوتمە خۆم بە نیازی رانان و شەنوکەوکردن و مشت و ماڵی کۆی بەرهەمە سەنگین و رەنگینەکەی "ئەندریا"ی داهێنەر.
پێشەکییەکەی "هیوا قادر"ی شاعیر و ڕۆماننووس بۆ بەرهەمەکەی ئەندریا؛ ئاماژە بە ئازایەتی و کۆشش و هەوڵی دەکات کە مژدەبەرە و وەک پاڵەوانێکی نائاسایی چاوی لیدەکات کە بە هەق شایستەیە، کە من کورتی دەکەمەوە بۆ بوونی ئیرادە و ویستی کچێکی گەنج کە بەم تەمەنەوە ئامادەی سەرکێشیکردن بووە، کە دەیسەلمێنێت کە نووسین بە تەنها پیشە و حەزی نێرینە نییە بە تەنها، بەڵام بەدەم ئازارێک و ئازاییەتەوە کە شاخەکان بەرگەی ناگرن گەر رۆحیان هەبووایە، ئەندریا/ یان / بانوو پتر رووی لە ژیاندۆستییە ،خودی نووسینی ئەم یاداشتنامەیە و بیرەوەرییە بۆ خۆی بەڵگەیە بۆ پشتکردنە مەرگدۆستی و خەمۆکی کە نایخوازێت، کە ئاسان نییە لە سەرەتای ئەزموونی یەکەمینی خۆی وایکردووە کە بەر لە من "هیوا" بخاتە سەر جۆش و خرۆش و کەڵکەڵەی ناساندنی "ئەندریا" بە خەڵک و خوێنەرانی دیکە، کە وای کردووە لە رێگەی سیحر و هونەری گێڕانەوەدا وامان لێبکات بیخوێنینەوە و قسە و باسێک لەسەر داهێنانەکەی بکەین، پێشەکییەکەی "هیوا" کلیلی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگە لەسەر خوانی خۆشەویستی و و جوانی و داهێنان و جیاوازی و خۆ بە تاقانە کردنە بە ئیمتیازەوە، هاوکات لە دایکبوونی نووسەرێکی بەهرەمەند و تازەباو، ئاخر گێڕانەوە هاوشانە بە مانەوە و نەمری و ئایندەخوازی، کە جێگای خۆیەتی لیروکانە وتەزا و روانگەی "حاجی قادری کۆیی/ ٨١٨١ـ ٨١٨١"تان بیر بێنمەوە کە لە ناوئاخنی شیعرێکدا؛ کە من ناوەرۆکەکەی بۆ ئێوە دەنووسمەوە کە دەفەرمووێت ، "بەدبەختی کوردان لەوەدایە کە سەنگ و هێزی تۆمارکردنیان نەزانیوە کە واشە ،دیارە من ناوەرۆکی شیعرەکەم خستە ڕوو.
بەڵام ناکرێت ئیش و کاری ئێمە خودنەفرەتی بێت و کەم بینینی خۆمان بێت، چونکە کوردگەل وەک خاک و خەڵکەکەی داگیرکرا کراوە و کرابوو لە لایەن ئینگلیز و ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانلی و عەرەبی و عەجەم، هەر نەتەوەیەک داگیرکراو بێت بۆ مێژووێکی درێژخایەن بۆ سەدەها سەدە، رابوون و هەستانەوەیەکی بەهێزی گەرەکە کە خۆی لە نیر و چەوسانەوە و ستەمی داگیرکەر رزگار بکات. بیرمان نەچێت کە لە دێر زەمانەوە کوردستان خاکێکی پێخوست و شەڕگە و مەیدانی جەنگ و کوشتارگا و لەسابخانە بووە دەنێو ململانێ و جەنگی نەبڕاوەی ئیمپراتۆڕەکان کە گەمارۆی کوردستان ـیان داوە وەک سێ هێزی بارباریست تاوەکو ئێستاکێ!
دێمەوە لای "ئەندریا" و بیریان دێنمەوە کە 'ئەندریا' وەک خودی خۆی و رەگەزەکەی کە مێینەن، لە سەرەتای سەرەتاکانەوە، ئەوە خودی دایکەکان و داپیرەکان و ژنان بوون کە خۆیان داستانبێژ و هەقایەتبێژ و ئەفسانە وبەیت و بالۆرە و چیرۆکبێژ بوون، کەواتە "بانوو "زادە و بەرهەمی ئەو رۆژگارەیە، ئاخر هونەرە کە "ئەندریا" لە ناو کۆشکی پاشایەتی
"شەهریار"دا چیرۆکان بۆ پادشا دەگێڕێتەوە، کە دەبێت بە هۆی رزگارکردنی هەزارەها ژنی دیکەی وەک خۆی، کە دیارە "شەهریار"ی خوێنخۆر هەزار ژن دەکوژێت؛ چونکە ناتوانن لە رێگەی هونەر و سیحری گێڕانەوە وا بکەن پادشای حولحولی و و بوغرا و
میسیۆجێنستیک و کینەباز و پیاوسالار و رق ئەستوور بەرامبەر رەگەزی مێینە، بەڵام لە دوای مەرگی هەزار ژن، 'شەهرەزاد" خۆی رزگار دەکات لە پای ئەوەی کە سیحر و جوانی گێڕانەوە وا دەکات بە هەزارەها ژنی دیکەی بێ دەموپل، یان شەرمن و بێ بەهرە و لێنەزان؛ لە مەرگ لورتار دەکات بە سیحر و ئەندێشەمەندی گێڕانەوەی چیرۆک و داستان و ئەفسانە کە لە راستیشدا گوناهیان نەبووە، یانژی شکستهێنانیان لە گێڕانەوەدا؛ بەڵا هی ئەوە نەبووە کە "شەهریار" فەرمانی مەرگ بەسەر كچان و ژنگەلێکی کۆیلە ئاسا لەوە
ناکامتربوون لە هونەری هەقایەتبێژی کارا و لێوەشاوە بن، کەچی پادشای خوێنخۆر؛ خوێنی ئەو کچگەڵ و ژنگەلە وەک پێکی شەراب هەڵدەدات، بە واتا "شەهرەزاد" ئەم خوێنخۆرە دەوستێنێت، کە ئەوەیان سەیر نییە کە دەنێو کوشک و تەلار و لالەزار و باخچەی رازاوەی فیردەوس ئاسا و وەک نەوبووکێک بە تەبارێک لە گوڵی رەنگینەوە پێشوازیان لە "شەهرەزاد کردووە!
ئەوەی کە بۆ من مایەی سەرسامی و گرنگییە؛ دەبینم کە کچێکی تازە هەڵکەوتوو لە ناو کۆڵان و ماڵێک و گەڕەک و شارێکدا دەژی، خانمۆڵەیەک نە "شەهرەزادە" و نە ئەو بەختەی هەبووە کە بەگزادە و ئاغازادە و و میرزادە و شازادە بێر ئەوەی کەچی وای کردووە هەر هەموومان دەوری بدەین و چیرۆکەکانی دەستاودەست بکەن، ئەویش بە خەندەیەکی خۆشنوودی و هەم شەرمی تازە بووکێکەوە، بووکی بەهرە و ئەندێشەمەندی و بەرزەدەماغی کە وا بکات سوپاسگوزاری بین کە بە هونەر و ئەفسوونی گێڕانەوەی خۆکردە و خودگەرا دروستی کردووە، نەک وەک بەیتبێە و چیرۆکبێژە خواپێداوەکان و خاتوونەکانی ساڵۆن و حەرەمسەرا و بەنازپەروەردە.
"ئەندریا" زادەی ئازارێکی کوشندە و ئینسانییە، ئەو ئازارەی خۆی کردووە بە چامە و پەخشانێک کە لە رێگەی گێڕانەوە دەخوازێت بمێنێت و بمێنین .مەرجە ئەم راستییە بزانین کە پرۆسەی نووسین خۆرزگارکردنە لە شەرم و ترس و نیگەرانی، لەوەش جوانتر ئەوەیە کە ئەم هاوڕێکانی هاوشێوەی خۆی کەهاوبەش و هاوخەمن لە تەک 'ئەندریا' لە ناوئاخنی کۆی گێڕانەوە دراماتکی و تراژدیایە؛ ئەوانیشی بە ئێمە ناساندووە و سەرنشێنی هەمان شەمەندەفەر و گەمی و بەلەم و کەڵەکن، کە ناخوازێت پێکەوە لە ناو زەریایەکی سەرشێت بخنکێن!
گرنگترین هەست و نەستی 'ئەندریا' ئەوە بووە، کە لە دوای چوار ساڵییەوە خودی هەستی کەمبوودی و نەقوستانی رەت دەکاتەوە، خۆرسکانە، بەڵام کە ئێستا پێگەیشتووە و
تێگەیشتووە، پتر متمانەی بە خۆیەتی و بە درێژایی تەمەنی خۆی هەوڵیداوە کە کە ئەم وەک کچۆڵەیەک و هەنووکە وەک قوتابییەکی دانیشگایی لە کانگای دڵ و رۆحی خۆیدا، بەدەر لەوەی ئەوانیدیکە چلۆن دەیبینن، ئەم خۆی و دۆخی بونیادی فیزیکی و جەستەیی رەزامەند و لایقە بە خۆی، بە کورتی ئیدی تازە ئەوەی دیوییەتی و چەشتووییەتی لە خۆشی و ناخۆشییەک "دیفاکتۆ" چاوی لێدەکات و سەرکەشە و واقیعبینە بە ئەندازەیەکی سەرکەشانە و ئالانگارییەوە. وەک دیارە "هیوا قایەر خۆ" لە بری رانان و هەلسەنگاندنێکی درێژی مندا، ئەم بە کورتی و پوختی درکاندووییەتی بەم چەشنە:
{من جوان نیم وەک تۆ، بەڵام من جوانم وەک خۆم}
"خەونێک کە دێتە دی"
+ ئەوەی بۆ من گرنگە لە ناوئاخنی ئەم کتێبەدا کە وایکرد لە جارێک زیاتر بیخوێنمەوە ،یەکەمیان بەو نیازە بووم کە بزانم چیرۆکەکانی 'ئەندریا' چین و هاوکات چ پەیامێکی تازە بە خوێندەواران و من دەبەخشێت، من وام مەزەندە دەکرد کە بەرهەمەکەی چیرۆک ئامێز بێت ،بە تایبەتی چیرۆکی هونەری کە من خۆم پتر لە نیو سەدەیە پێوەی سەرگەرمم؛ کە ژانرێکی گرنگی ئەدەبییە لەسەر ئاستی دونیا، دەنێو ژانرەکانی دیکەی وەک شیعر و رۆمان و شانۆگەری و کورتیلە چیرۆک و نۆڤلێت کە دەکا کورتە رۆمان ،'ئەندریا' زیرەکانە تایتڵەکەی هەڵبژاردووە، لەوە گرنتر ئەوە بوو کە کەوتمە سەر خوێندنەوەی تاوەکو کۆتایی، ئیدی زانیم کە ئەمە ژانرە دەکرێت سەرگوزشتە بێت، یان یاداشتنامە و بیرەوەری و ژیاننامە، یاخود بایۆگرافی بێت کە نووسینەوەی ژیاننامەی کەسێکی دیکە بێت بە قەڵەمی 'ئەندریا'، بەڵام نەخێر.. دەرکم کرد کە ئەم بەرهەمە وەک شاکارێک بە شانازییەوە، دەچێتە خانەی
"ئاوتۆبایۆگرافی" کە دەکا نووسینەوەی خودی ژیانی خۆی بە قەڵەمی خۆی؛ کە زۆر باوە لە دونیا، پتر لە "رۆژئاوا" سەنگی زۆرە، دیارە دەنێو "رۆژهەڵاتی ناوەراست"یش بازاڕی هەیە و ناوە درەوەشاوەکانی نێو کایەی ئەدەبیات و سیاسەت و دەروونناس و کۆمەڵناس و داهێنەرانی نێو کایەی زانستە سروشتی و مرۆییەکانیش و پانتایی دیکەی فیکر و فێمینست و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، کە جیاوازن لەوەدا کە ئەزموونەکانیان فرە لایەن و رەهەندە، دەنێو ئەوانیشدا بەهرەمەند و بێ بەهرەی تێکەوتەوە.
لای خۆشمان دەستی پێکردووە، بە تایبەتی سیاسەتبازەکان کە کەمیان سەرنجی منی راکێشاوە، پرۆژە خودگەرا و سەبچێکتیڤەکەی 'ئەندریا' گرنگی لەوەدایە کە سەرکێشییەکی بوێرانەی نواندووە کە لە یەکەمین هەوڵ و دەستپێکی خۆ تاقیکردنەوە و نۆبەرەی
ئەزموونەکەی کە ناوازەیە، نییە سەرکێشی خۆنووسینەوە دەگمەنە و ئاساننییە، بە تایبەتی بۆ
تەمەنی 'ئەندریا .کۆی بابەتەکەی گێڕانەوەیەکی پیشەگەرانە و بەهرەمەندانەیە سەبارەت بە ئەزموونکردنی ژیان و زیندەگی خۆی، بە زمان و دارشتن و ئەفسوونی گێڕانەوەیەک کە لەترۆپکدایە بە دیدگای من، هەڵبەتە ژانری 'ئاوتۆبایۆگرافی پتر نووسەرانی "رۆژئاوا" بوون بە پێشەنگ و رابەر کە تیایدا نێرینەکان بەشی شێریان بردووە، بەڵام دواتریش خانمانیش پانتاییەکی بەربەرینیان داگیر کرد و بەردەوامیشە، لەگەڵ تێپەڕینی رۆژگاردا لە برەودان ،دیارە ئاوتۆبایۆگرافی پتر کێڵگەی ناوە درەوشاوەکانە کە تەمەندار و بە ناو ساڵاندا کەوتوون و خاوەن ئەزموونی و تێر و تەسەلەن و بە ناوودەنگن و ناسراون.
بەڵام ئازایەتی و ناوازەیی 'ئەندریا' لەوەدایە کە هێشتا کچەلاوە و کەس نەناسە و بێ پشت و پەنا بووە، بەدەر لە خانەوادەکەی خۆی کە پتر دایک و باوکی خۆی رۆڵێکی مەزنیان هەبووە، لە تەک خوشک و پوور و کەسوکاری نزیک بە خۆی بوون کە هاندەر و پشت و پەنای بوون، لە تەک چەند کەسێکی دیکە کە بە ژمارە کەم بوون، هەوڵ و کۆشش و خەونەکانی خۆی رۆڵی هەبووە کە نەترسێت لە سیحر و ئەفسوونی گێڕانەوە و داهێنان بە مەرجی خۆنووسینەوە کە سەنگ و پێگە و جێکەوتە دەبێت، کە من دڵنیام لە هەگبە و توێشەبەرەی "بانوو" شاکار و پەرجووی دیکە دەکا بە دیاری و خەڵاتی خوێنەرانی خۆی.
دەگوترێت لە هەر شوێنکدا بەهرە و ئەندێشەمەندی و داهێنان هەبێت، نە دەردەداری هەیە و نە پیری بوونی هەیە..هەر واشە!
"ململانێ و خەسڵەتە جوانەکانی بانوو"
+ خەسڵەتە جوانەکانی ئەم ئاوتۆبایۆگرافییە لەوەدایە کە ئەزموونی تایبەت بە 'ئەندریا' بە تەنها گێڕانەوەی ئازار و گرفت و کێشەی رۆحی و فیزیکی/ جەستەیی خۆی نییە، بەڵکو
ئەم توانیوییەتی رەهەندێکی سایکۆـ سۆسیۆ پەیڕەو بکات، بە ئەندازەیەک کە کۆی ماجەرا و دۆخی کوشندەی خۆی هاوشێوەکانی خۆی خستۆتە ناو بازنە و ئەو ژینگە و هەلومەرجەی کە بە دەستەجەمعی پێکەوە ئەزموونی دەکەن، بەڵام هەر یەکەی بە تایبەتمەندی خۆیەوە ،ئازار و ژان ژوور دابەش ناکرێت هەرگیز، بەڵام هاوسۆزی و هاوخەمی خەسڵەتێکی مرۆڤپەروەرانەیە ، کە ئەندریا لەوەدا بەرجەستەی کردووە کە گرفت و کێشە و دەرد و دەروونی خۆی و هاوڕێکانی خستۆتە سەر هەمان خوان، کە من ناوی دەنێم "خوانی خۆشەویستی" بۆ سەدەها و بگرە هەزارانی وەک خۆی کە بەهرەمەند نین لەو خێر و بێرەیکە لەم وڵاتەدا هەیە کە زادەی گەندەڵکاری و خۆپەرستی دەستەڵاتدارانە کە مایەی شەرم و ئەوپەڕی نەنگییە، ئازایەتی ئەم لەوەدایە کە خودی هاواری خۆی و ناڵە و تلانەوەی هەر هەمووانی بە رۆحێکی رەخنەگرانە درکاندووە ، بە واتا بووەتە زمانحاڵ و وتەبێژی هاودەرد و هاودەم و هاوخەم و هاوخەونەکانی خۆی، ئەم وایکردووە کە ئێمەش و ئەوانەشی خۆ بە دەستەڵاتدار و فەرمانڕەوای ئەم جوگرافیایە دەزانن، بە جەرگانە و بەوپەڕی نەزاکەت و هێوری و تێگەیشتنی خۆی کە دادگایی دام و دەزگا و بەرپرسەکان دەکات بە بێ ئەوەی ئەو داربەدەست و بڕیار بەدەست و زاتانە فەرامۆش بکات کە مرۆڤپەروەر بوون کە کەمینەن کە بە ئەمەکەوە ناویان دێنێت، بەڵام سەبارەت بەو بەرپرس و بەڕێوەری پەروەردەکار و وەزیر و بڕیاربەدست؛ بێ پەروا سەرزەنشتیان دەکات، بەڵام دوور لە زمانی زبر و دوور لە کینەبازی و رق و تۆڵە گوزارشت لە بێباکی و کەمتەرخەمییە دەکات کە ئەم و هاوڕێکانی بەریکەوتوون، ئاخر ئەگەر نان و خۆشگوزەرانی هەیە، دەبا پێکەوە بەشی بکەین، خۆ گەر لاتولڕی و برسییەتی هەیە، ئەوسا ئێمەش تیایدا بەشدار دەبین.. چش!
ئازارچەشتووەکانی وەک "ئەندریا' پێویستیان بەوە نییە کە کتێبە قەبەکانی سایکۆلۆژیا /دەروونناسی و کۆمەڵناسی و فەلسەفە بخوێننەوە تا تێمان بگەێنن کە ئەوان لە چ دۆخێکی تەنگژەبار و بێ نازی و فەرامۆشیدا دەژین، گەرچی دڵنیام کە ژمارەیەکیان، کەم بن یان زۆر، بە دوای ئەو سەرچاوانە دەگەڕێن دەنێو کایەی فیکر و ئەدەبیات و مێژوو بەو نیازەی خۆیان بناسن و هەم دونیای دەوروبەری خۆیان باشتر بپشکنن و بناسن، کە زیندووترین بەڵگە و نموونەش خودی"بانوو" خۆیەتی؛ کە من دەیبینم کە لە ناوئاخنی کتێبە ناوازەکەیدا بۆ من و ئێوە و هەمووانی سەلماندووە کە بە کردار و پرۆژە و پلان و نەخشەی کۆنکرێتی خستۆتە بەردەستی دەستەڵاتدار و بەرپرسانی بڕیاردەر بۆچارەسەرکردن گرفت و کێشەکانی ئەم توێژە کە مەحاڵ نییە ئەو دۆخە تەنگژە بارییە و چارەنووسە نالەبار و سەختگیرییە بگۆڕن. بە جۆرەها شێوە و میکانیزم سەلماندوووییەتی کە ئەوان بۆ خۆیان، بە کۆدەنگی و گشتیگیرانە ،هەر خودی خۆیان گەواهیدەر و شایەتحاڵن کە بوون بە کتێب و دەفتەر و قەڵەمی ئازایەتی و ئازار و خۆراگری!
"گەشبینییەک دەنێو شەوەزەنگدا"
+ لە ناوئاخنی کۆی یاداشتنامەکەی 'ئەندریا' خەم و پەژارە و ناسۆری هەن، بەڵام کۆی سەرگوزشتەی ژین و زیندەگی خۆی پڕە لە رۆشنایی و دڵ و دەروون کراوە و
ئەندێشەمەندی و ئالانگاری، بگرە کە هێشتا کچۆڵە بووە و لەسەر و بەندی فامکردنەوە و
خۆناسیندا؛ بە دوای چێژ و زانین عەوداڵ بووە، هەروەک کاک 'هیوا'ی شاعیر و رۆماننوس دەژنەوێت کە پڕشنگ و پریشکی ئەو رۆحە گەش و هەست و نەست و هەستیارییە خۆرسکانەی وەک چل چرایەک چواردەوری ئێمەش رۆشن دەکاتەوە!
"بانوو" دڵڕەقی و فەرامۆشی و خامۆشی لە کەسانی پایەدار و خاوەن پۆست بینیوە، بە تایبەتیش لە کەسانی بەناو پەروەردەکار و بەرپرسانی دامودەزگای پەروەردە، لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە بیگرە بۆ خودی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی و تا قۆناغی زانکۆی (بەڵام خۆشبەختانە بەپێی ناوئاخنی کتێبەکەی و باسەکانی ئێستا زانکۆدا تا ڕادەیەکی زۆر بێ گرفتە و مامۆستاکانی هاوکارین) لەسەر دەستی وەزیر گزیر و کادیرەکان کە لە ترۆپکی دەستەڵات و بڕیاربەدەست بوون ، بایی خۆی تاڵاو و دڵشکان و نائومێدی زۆری چەشتووە، لە لایەن کەسانێک کە لە سەری هەرەم و ترۆپکی هێز و دەستەڵاتداری پێگەدار بوون، کەچی هەر زۆرینەیان یەک بڕ و بیانوویان هەبووە کە گوایە رەنگە 'ئەندریا' دەرەقەت نەیەت و خۆی و ئەوانیش پێکەوە ماندوو ببن، گەیشتۆتە ئەو دۆخەی جارێک و دوو جار هەست بە نائومێدیەکی زۆر بکات بەڵام بۆ بەیانییەکەی کە لە خەو هەستاوە و رابووە، بە ویست و دلێرانە بەربەرەکانی کردووە، هەستی کردووە کە ئەم شایستەیە و مەرجە ماف و هەلی خۆی بەدەست بێنێت، وازی لەو رۆحی ئالانگاری و ململانێیە نەهێناوە، نەیخواستووە جێگەی بەزەیی بێت. بگرە یەک دوو جاریش لە هەستیاری خۆیەوە بەرامبەر بەوەی کە لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی کە ئیدی هۆشیاری و هەست و نەستی دەچێتە بان و فام دەکات کە ئەندامانی خانەوادەکەی خۆی و هەم خزم و ناسیاو بە دەستییەوە ماندوو بوون، بە تایبەتی دەرکی دەکات کە دایکی دوچاری چەند نەخۆشییەک بووە کە زادەی رەنج و هیلاکی دایکەیە لە پای خزمەتی بێ بڕانەوە و فرە لایەن، ئیدی بە جۆرێک کوشندە دەیبینێت؛ کە ئەمجارەیان ئەو دێتە پای بەزەیی و خەمخۆری بۆ دایک و باوکی خۆی و کەسانی هاوخوێنی خۆی ماندوو کردووە، ئیدی لە پێچێکی رکدا و وێستگەیەکی چارەنووسسازدا زۆر ماندوودەبێت ڕەنگە گەر کەسێکی تر بوایە بڕیاری خۆکوژیی بدایە ،بەڵام ، ئەم هەرگیز ئەو بڕیارە نادات کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت، چونکە دڵنیایە ژیان پێویستی بە هەوڵدان و بەردەوامییە دەزانێت خۆ کوژیی چارەسەر نییە بۆ دەردەکەی و دەبێت کۆڵنەدەر بێت تا کارێک نەکات بۆ هەمیشە پەشیمان ببێتەوە، چونکە بە ئاگاهی خۆی بێت یان نائاگاهی؛ دەزانێت کە ئەندامانی
خانەوادە بە بڕیارێکی لەو جۆرە زێدە غەمناک و پرسەدار دەبن، بۆیە هەرگیز پەنای بۆ نابات ، سەرباری ئەوەش کە لە کانگای دڵەوە هەست دەکات لەوە بەهێزترە کە خۆی بەدەستەوە بدات و ببەزێت!
" ژیانی سۆزداری و روانگەیەکی خودگەرایی"
+ ساڵان تێدەپەڕن و قۆناغی منداڵی و کیژۆڵەیی بەجیدێڵێت و خوێنێکی گەرمتر و تازە بەنێو دەمارەکانیدا دەسووڕێتەوە، گۆڕانکارییەک دێتە پێشێ کە فیسیۆلۆژی و هەم رۆحی و رەوانییە، لە باری سایکۆلۆژییەوە' 'بانوو' چیدیکە ئەو کچۆڵەیە نییە کە سەرگەرمی
ماڵەباجێنە و متوو و موروو و جۆرەها گەمە ویاری بێت، روانگەی دەگۆڕێت، بە تایبەتی کە دەزانێت كچانی هاوتەمەنی خۆیان کە لە هەمان گەڕەک دەژین و لە قوتابخانە بەیەکەوەن و هاوپۆلن، کەم و زۆر، هەوای سۆزداری دەیانبات؛ گەر زارەکی و راگوزەریش بێت، ئەم ناچێتە پای ئەوەی بزانێت دوای گەورەبوون خۆناسین و گۆڕانکارییەکی زەق و زۆپ لەسەر ئاستی ئاکار و رووخسار و هەیکەل و پەیکەری هەر یەکێکیان گۆڕاوە، بێگومان گوێبیستی ئەوەش دەبێت کچانی باڵقبوو، چ هەوا و حەز و رەفتارێک دەنوێنن، کە ئەم هیچ نیگەرانی و کۆمێنت و بەغالەت و ئیرەیی نانوێنێت، پتر گوێگرە و تەماشە دەکات، نە بە چاک و نە خراپ هیچ سەرنج و تێبینییەکی ناجۆر و نەرێنی نییە، لە کۆی یاداشتنامەکەیدا بە یەک رستەش سەرزەنشتی هاوتەمەنەکانی خۆی ناکات، هەست و نەستی زیندووی خۆی لە گەڕدایە، بەڵام بێ ئەوەی دادگایی هیچ کام لە هاوتەمەنەکانی خۆی بکات، کە ئەم خەسڵەتە دەنێو کچە لاوەکادان دەگمەنە، دیسانەوە لەنێو ژیاننامەی خۆیدا تەنها یەک شت دەکات کە هەست دەکات هەلی خۆیەتی، ئەویش دواندن و قسەکردنێکی خودگەرا و لەسەر زمانی خۆی و بە راناوی من کە ئیدی کاتی ئەوەیە لە ناوئاخنی یاداشتنامەکەی خۆیدا سەرگەرمی
'خۆنووسینەوە' بێت، بێ ترس و دوودڵی و شەرم ، بە تایبەتی سەبارەت بە پەیوەندی سۆزداری و ئەوینداری و کەپڵ گرتن و یان بەڕێکردنی زیندەگی و ژینی ئیرۆتیکانەی کچان لە بەرامبەر كوڕان کە سیخناخە لە شپڕێویی و شپرزەیی و شەرم و ترس و ئابڕووداری و ئابڕووچوون، سەرباری بەدحاڵیبوونی ئەم دوو رەگەزە کە مەبەست مێینە و نێرینەیە؛ کە بە داخەوە پتر کوڕان لە ڕاوچی دەچن و کچانیش لە نێچیر کە هەموومان دەیبیستین هەرا و گۆبەند و شەڕ و دوژمنکاری دەگاتە سەر کوشتن و بڕین و کێشە و گرفتی خوێناوی کە بە ناوی عیشق و ئەویندارییەوە دەبێت و دەکرێت، کە قۆناغێکی هەرزەیییە کە تیایدا عەقڵ و
ئاوەز هەموو دەم میوانیان نییە، پتر غەریزە و هەوەس و نمایشی درۆزنانەی تێدەکەوێت کە لە دوا دەرئەنجام بە شکست و نشوستی و دۆڕان و تۆران و و شەڕانگێزی کۆتایی دێت!
زۆر بە کورتی نێو نیگا و روانگەی "ئەندریا" روون و ئاشکرا و راستگۆیانەیە کە کورت و پوختی کردۆتەوە، دیسانەوە هەست و نەست و هەستیاری زێدە زرنگانەی خۆی خستۆتە گەڕ کە بەو بڕیارە رادەگات، کە ئەم وەک کچێکی عازەب و خانمۆڵە خاوەن خەونی خوێندن و پێگەیشتن و تێگەێشتن و سەرکەوتن، ناکرێت خۆی دوچاری گەمەی سۆزدارییەک بکات کە وەک هاوتەمەنەکانی خۆی گیرۆدە و گرفتار بێت، دلێرانە و راشکاوانە دەیدرکێنیێت و بڕیار دەدات کە ئیدی ئەم خۆی رابێنێت لەسەر دۆخێک کە کەلەپوور و کولتوور و ژینی کۆمەڵایەتی ناڕێک و ناتەندروستی پەیوەندییەکان دایانڕشتووە و بۆتە یاسا و رێسا، بە ئەندازەیەک خانەوادەکان بە گومان و دڵکرمی و نیگەرانن کە کچان کەمترین متمانەیان بە دۆستایەتی و سۆزداری هەبێت لەگەڵ کوڕانی هاوتەمەن و هاوپۆلی خۆیان ،بە جۆرێک رەسمیان کردووە کە کەمترین دەرفەت و بواری بەخشیوە بە گەنجان یەکتری بناسن، کەواتە
'بانوو' سەرگەرمی مەشق و راهێنانێک دەبێت کە وا کۆتایی دێت، یانژی بڵێین وا دەست پێدەکات کە لە رەگ و ریشەوە ئەو هەست و نەستە سۆزداری و ئیرۆتیکییە لە بن و بۆتکەوە ببیڕێت و فەرامۆشی بکات ،یان وا جوانترە کە بڵێین خۆرسکانە فەرامۆشی و دوورەپەرێزی هەڵببژێرێت. وەک دیاریشە لە یاداشنامەکەیدا زێدە ماندووە کە گەمەی سۆزداری و ئاژاوەکانی بارێکی قورستری بۆ زیاد دەکات ،بە واتا مکوڕ و رژد و سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەم بەزم و رەزمە دونیای ئەم نییە، کە من دانی پێدا دەنێم کە ئەم بە دیوە عەقڵانییەکەی ئەو بڕیارە دەدات، بڕیاری زیندەگی تەنیا باڵی لە سۆنگەی ملکەچییەوە نەهاتووە ،هەرگیزاوهەرگیز، بەڵکو هۆشمەندی و هەستیارییە کە پتر بایەخ بەوە بدات کە لە رووی خوێندنی زانکۆیی و ئەکادیمی سەربکەوێت و دوا نەکەوێت، کە بەڵگەش ئەوەیە توانیوییەتی ئەم خەونە بێنێتە دی!
بە واتا هەستکردن نەبووە بە کەمبوودی و ناتەواوی و ناکامڵی ..هەرگیز، ئەم روانینە و بڕیارەی "ئەندریا" لەنیو كچانی هاوتەمەنی ئەم دەدۆزینەوە کە پەیوندییە سۆزدارییەکان دەنێو دونیای ئێمە و جوگرافیایەکی بەرفراوان لە "رۆژهەڵاتی ناوەراست" کە دوچاری دەردەسەری دەبن کە بە تەنگژەباری کۆتایی دێت، بە رەهایی نا.. بەڵام هەموومان ئاگادارین کە زۆرینەی کچەکان دوای ستەم و درۆ و نمایشی نێرینەکان تۆراو و تەوەللا و غەمگین دەبن، بە واتا گەمەی سۆزداری و ئەوینداری دەگۆڕێت و وەردەگەڕێت بۆ گەمەی دەستەڵاتخوازی و و خۆ زاڵکردنی نێرینە بەسەر میینەوە!
من بۆ خۆم شایەتی سەدەها چیرۆکی لەو بابەتەم، لەو رۆژگارەی کە بۆ ماوەی بیست ساڵ
مامۆستا بووم لە ئامادەیی بازرگانی و پیشەسازی و و کشتوکاڵ کە كچان کوڕان تێکەڵ بوون و جیا نەکرابوونەوە، بەڵام ئێمە وەک تیمێک لە بەڕێوەبەر و مامۆستاکان بۆ هەمیشە نەماندەهێشت ببێت بە گۆبەند و بەڵای ناگەهان و رسوایی.
"گرفتی سۆزداری دیاردەیەکی گشتگیرە"
لە "رۆژئاوا"دا کە گوایە پێشکەوتووترن لە ئێمە؛ لە بواری رامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکری و فەرهەنگی و سۆزداری و سەربەستی و یەکسانی و دادەپەروەری ،بەڵام پەیوەندی سۆزداری بێ گرفت و کێشە نەبووە، بەڵام کادیر و کەسانی شارەزا و پسپۆریان هەیە کە لە باری کۆمەڵایەتی فریای ئەو کەیسە تەنگژەبارییانە دەکەون کە تا دوا دەرئەنجام چاودێری دەکەن و فەرامۆشی ناکەن.
سالانە یادکردنەوەی رۆژی توندوتیژی دژی ژنان کە دەکەوێتە بیست و پێنجی 'تشرینی دووەم"، کە لەسەر ئاستی دونیادا کە پەیوەستە بە دیاردەی زەبر و زەنگ و ستەم دەرهەق بە رەگەزی مێینە بە گشتی' لەسەر ئاستی خانەوادەکی و کۆمەڵایەتی و سۆزداری، کە لە بەرواری بیست و پێنجی مانگی نۆڤێمبەر جۆرەها بۆنە و و دیداری بۆ ساز دەکرێت، ساڵ دوای ساڵ ئامار و داتا لەسەر ئاستی هەر حەوت کیشوەرەکە بڵاو دەکرێنەوە، چ كچ بن و چ ژن "ژمارەکان ساڵ دوای ساڵ زیاتر هەلدەکشێت؛ کە ترسناک و نامرۆیی و کوشندەییە ،هەر کەسێک دەتوانێت سێرچ و پشکنینی بۆ بکات، ئەوسا دۆخی کارەساتباری و مەرگەساتی مێینە دەرک دەکات، لە هەردوو بەری "رۆژئاوا" و "رۆژهەڵات."
لە "رۆژئاوا" کچانێکی زۆر هەن کە هەتا بێت زیاتریش دەبێت کە زەماوەند و پەیوەندی کلاسیکی و ترادیشناڵ و مەزهەبگەرایی رەتدەکەنەوە، بە واتا هەڵبژاردنی تەنیا باڵی و ژیانێکی خود گەرا بووە بە دیاردە ، بەبێ هەلومەرجێکی تۆکمە و رادیکاڵ ناچنە ناو هیچ جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری!
بە تێگەیشتن و ڕوانگەی خۆم ؛ وای دەبینم کە ژینی سۆزداری و زیندەگی ئیرۆتیکی نێرینە و مێینە کە گوایە مەرجە یەکسانی و سەربەستی و دادپەروەری و هارمۆنیای تێدا بەر کەماڵ بێت، بەبێ سەردەستیی نێرینە و بن دەستەیی مێینە؛ زێدە زەحمەت و ئاڵۆزە. یان بێ زاڵبوونی پیاوان و کوڕە لاوەکان لە بەرامبەر ژنان و کچان بۆتە مەحاڵ، بەتایبەتی لای خۆمان، داتا و ئاماری ساڵانە ئەم دراما و تراژیدیایە دەسەلمێنێت، گەمەی دەسەڵاتخوازی و زاڵ بوونی ڕوحی خۆ – ویستی و نارسیتی نێرینەکان بۆ هەمیشە جێکەوتە دەبێت، بەڵام عەقڵە گەورە و پاکی بیرمەندەکانی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست بەگەڕانەوە بۆ فیکر و فەلسەفە و کۆی میرات و کولتوور و کەلەپوری یۆنان تاوەکو ئێستاکێ، واهی تۆمار کراوە و بەڵگە و داتا و ئامار زۆرن کە دەسەلمێنێت کە ژیانی سۆزداری و ئیرۆتیکی نێوان ژنان و پیاوان پڕ و سیخناخە لە دۆخێکی سێکسواڵێتی کە نوقمە لە روحی سادۆماسۆشی و دەسەڵاتخوازی نێرینە بەسەر مێینەدا دوور و بەدەر لە "ئۆرگازم"ی " گەردوونگەرایی کە تیایدا رۆح و جەستە یەکدیگیر بن.
" جیاوازی نەریتی سۆزداری بە گوێرەی جوگرافیایاکان"
مەرجە ئەو راستییە بزانین کە خۆشەویستی و سۆزداری ئاوێتەی یەکترین و هەردووکیان دووانەی یەک سكن .بۆ من سەبارەت بە "ئەندریا" و ئەم هەڵوێستە و و بڕیارەی کە داوییەتی کە مەرجە وەک کەسێکی سەربەخۆ و تاکڕەو پەسندی بکەین، بەڵام خودی بڕیارەکە و هەڵوێستەکە زادەی ژینگە و جوگرافیا و مێژووێکی هەنووکەییە، بەڵام گەر لە وڵاتێکی دیکە بووایە لە رۆژئاوا، بۆ نموونە ئەوروپا، ئەوسا خودی دامودەزگا و کادیرانی قوتابخانەکە نەدەهاتن بڵێن بۆچی ئەم بڕیارەت داوە، بەڵکو دیسان لەوێندەریش ژینگە و فەزا و هەلومەرجێکی بۆ دروست دەبوو کە خۆرسکانە بکەوێتە نێو بازنەی دۆخێکی سۆزداری و دۆستایەتی کە لە قۆناغی سەرەتاییەوە كچان و کوڕان وا رادەهاتن، بە یارمەتی
پەروەردەیەکی ئینسانی ئەوتۆ کە هاوڕێیەتی و هاوسۆزی دەبوو بە دۆخێک کە رۆژانە دەبوو بە نەریت، بیرتان دەنێمەوە کە لە وڵاتانی "رۆژئاوا"یی ،چوونە ناو پەیوەندی سێکسواڵی تەنراوە بە کۆمەڵێک یاسا و رێسا کە دیسانەوە پرۆگرام و وانەی تایبەتیان هەیە کە بە گشتی پێی دەوترێت "پەروەردەی سۆزداری" کە دەخوێندرێت کە جۆرێکە لە دیسپلینێکی ئەرێنی ،بەڵام گەر خاوەن پێداویستی تایبەت بێت یان نا؛ واز لە پەیوەندی سۆزداری ناهێنن، بگرە
کۆرپەلەیەک کە تازە لە دایک دەبێت هەستێکی ووڵی هەیە و خۆرسکانە هەست بە سۆزی گەرمی دایکە دەکات، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن پتر کۆنکریت و بەرجەستە دەبێت!
" دابەشکردنی قۆناغەکانی پێگەیشتن "
+ سەرەتا لە بەش و پاژی یەکەمینەوە کە دەست پێدەکات؛ وەک کات و مەودا لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تاوەکو هەشت ساڵی دەیهێنێت وەک بیرەوەری و یاداشتنامە تۆماری کردووە، کە هەستیارترین و کوشندەترین وێستگەیە .بە ڕای من کۆی تۆماری ناو کتێبەکە وەک ژیاننامە، راشکاوانە و بێ دەمامک/ ماسک گوزارشتی لە کۆی ماجەرا و رووداوەکانی ئەو رۆژگارە کردووە ، جا ج ناخۆشی بووبێت یانژی خۆشی کە من وای دەبینم تەرازووەکە بە دیوی 'ناخۆشی'دا کەوتووە و لاسەنگە. ئەوەش گرنگە کە ئەو هەموو ستەم و دڵڕەقی و نائومێدییە نەیتوانیوە منداڵەکەی ناو بوونی 'بانوو" بترسێنێت و دەمکوتی بکات، دەگوترێت منداڵ و فەیلەسوف هاوکووف و هاوتان چونکە حیکمەتزەدە و رەسەن و ئازادن، بە رەهایی نا، بەڵام تا ئەندازەیەکی بەرچاو و سەنگین بەم جۆر و چەشنەیە، گرفتی مرۆڤایەتی ئەوەیە کە تەمەنی قۆناغی ساوایەتی و بگرە تا تەمەنی حەوت ساڵی ئەرکی زۆرە، خودی ئەم تەمەنە هەستیارە کە ئەزموونی ساڵانی منداڵی دەبێت بە سەرچاوە و بناغەی کارەکتەری هەر یەکێک لە ئێمە، دیارە لای هەندێک لە بیرمەند و دەروونناس و پەروەردەناسەکان، ئەو قۆناغە درێژتر دەکەنەوە و دە سالی، بەڵکو تا پازدە ساڵی کە قۆناغی باڵقبوون و خۆ ناسینە ،پەیکەری رۆحی و ئینسانی و نائینسانی مەردمگەل پەیوەستە بەو رۆژگارەی کە منداڵ بووین، بە پێچەوانەی گیاندارەکانی دیکە، چ لە وشکانی بن یان ئاویی و هەم ئاسمانی کە فڕندەن، تەمەنی ساوایەتی و ئەرکی بەخێوکردنی زێدە کورت و کەمە بە بەراورد لەتەک مرۆڤ، کە سەبارەت بە مرۆڤ دیوێکی ئەرینی هەیە و هەم نەرێنی کە کوشندەتر وترسناکتر و کارەساتبارترە، لەبەر چەندەها هۆکار؛ کە یەکەمیان ئەو منداڵانە بە چ سیستمی پەروەردەیەک و فەلسەفە و فیکر و ئایدیۆلۆژیایەک گەورە بوون و فرچکیان وەرگرتووە؟!
" مانیفێستی خاوەن پێداویستی تایبەت"
نابێت لە یادمان بچێت کە ئەم 'شاکار'ە وەک مانیفێستێک دەیبینم کە گوزارشتە لە کۆی ئەو کەسانەی کە بوون بە خاوەن پێداویستی تایبەتی، نەک کەمئەندام و نوقستان، لە دەستپێکەوە کە تەمەنی دەگاتە ئەوەی کە هەلی هەبێت ناوی تۆمار بکرێت بۆ خوێندنی سەرەتایی، ئەندریا و دایک و باوک و کەسانی خەمخۆر دوچاری کۆسپ و تەگەرە و بەربەست و تەلبەندی زۆر بوونەتەوە کە بە هەق دوورە لە فەزا و دونیای پەروەردەیەکی نامرۆیی و پڕ لە سزا و بەدحاڵیبوون و بێباکی کە خودی 'بانوو' هەستی پێدەکات و غەمگینی دەکات، کە بۆ هەمیشە وا بووە کە منداڵ بۆی نییە قسان بکات و بزانێت چی دەوێت و چی ناوێت، گرفتەکەش لەوەدایە کە خودی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پڕ بە زاری بڵێت، هەیکەل و پەیکەری ئەم مەکتەبە ناکۆک و نەگونجاوە بۆ ئەم کچۆڵەیە ، هەڵبەتە سەرباری هەوڵی زۆری دایک و باوکی، بەردەوام نائومێد و ناچار بوون گۆزە گۆزەی پێبکەن لە قوتابخانەیەکەوە بۆ یەکێکیتر، بە بیانوو و هۆکاری ناجۆر و جیاواز کە هێشتا لە سەرەتایی بووە، هەمان ئازار و ئەشکەنجە و نەخێر و نائومێدی دەبێت بە مۆتەکە و یاخەگیری "بانوو" دەبێت ،دەبا خۆمان بخەینە جێگە و دۆخی ''بانوو" و هێچی دیکە، لە قۆناغی سەرەتایی چوونە ناو لۆناغی ناوەندی و دوا ناوەندی/ ئامادەی، تا گەیشتنی بە ئاستی زانکۆیی هەمان شەق شەلێنی پێدەکرێت و لە ئێستادا لە دۆخی زانکۆ رازییە، من ناوی دەنێم تێپەڕێن بە ناو دۆزەخدا، یانژی رووبارێک کە دۆزەخ ببڕێت!
دەنێو یاداشتنامە تاڵ و زێدە غەمناکەکەی تەنها ئاماژە بە یەک زات دەکات کە دەروونناسە و جار و باری بە دیاری جیاواز 'ئەندریا' شادومان شاگەشکە و ئارام دەکات، دەنێو ئەو هەموو پەروەدەکارە داربەدەست و هیچ بەدەستانە!
لە میانەی گەشت و سەفەرنامە زێدە دوور و جەنگەڵ ئاسا و ماندووکەرانەی ئاماژە بە دوو مامۆستای مێینە دەکات کە بەختی دەبێت کە یەکێکیان هاوسۆز و میهرەبان و خەمخۆری
'ئەندریا ' دەبێت، دووەمیان تاڵاو دەکات بە قورگی 'بانوو' رێک لە بری مامۆستای لوتابخانە دەبێت بە مامۆستای سزاخانە و خەمخانە و زیندان لەبەر چاوی 'ئەندریا'، لە هەمووی کوشندەتر ئەوەیە کە ناهێڵن بەشداری هیچ کام لە یاری و گەمەکان بکات، گەرچی بە کەیف و شادوماننیەوە ئەو یادی ئەو رۆژگارە خۆشانە دەکاتەوە کە لە منداڵییەوە تاوەکو قۆناغی هەرزەیی و لاوییەتی لە یاری و گەمە دانەبڕاوە، لە کاتێکدا بە گشتی وانەی وەرزش و هونەر گرنگن وەک هەموو وانەکانی دیکە، بەڵام ساڵانێکی زۆرە کە هونەر و وەرزش دەنێو قوتابخانەکاندا فەرامۆش کراون، بۆ هەر هەموو قۆناغەکان.هەر بە راستی زۆربەی قوتابخانەکان کەرستەکانی گەمە و یاری تێدا نییە!
" رۆحێکی جەربەزە و کۆڵنەدەر و نەبەزیو"
سەرباری خەم و نائومێدی دەنێو پرۆسەی خوێندندا کە داستانێکی دراماتیکی و تراژیکە ،"بانوو"ی سەرکەش و بەجەرگ لەوەدا پەست و بێزار دەبێت کە هاوتاکانی خۆی وەک خاوەن پێداویستی تایبەت لە ماڵەکانی خۆیان كچان و کوڕانی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام لەوەدا بەختەوەر بووە کە ئەو نەریتە ناشارستانییە لە ماڵی خۆیاندا نەبووە، بگرە حیسابیان بۆ حەز و ناحەزەکانی ئەم کردووە، یادوەرییەکی تاڵ کە هەراسانی دەکات، ئەو کاتەیە کە هەراش و فەراقە دەبێت، بڕیار دەدەرێت کە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، لە دوای تەواوبوونی کۆی ئەرک و پرۆسەکە لە لایەن پزیشکانەوە، ماوەیەک و بۆ ئەندریا و خانەوادەکەی ساغ دەبێتەوە کە نەشتەرگەرییەکە شکستی هێناوە و بگرە ئەم وەک هەر زیندەوەرێک و گیاندارێک بۆتە ئامرازی تایبەت بۆ تالیکردنەوە، نەک چارەسەری راستەقینە، راستە بۆ ماوەیەک لە پای ئەم بێ مۆڕاڵییەی ئەرکە نوژدارییەکەی ستافی پزیشکەکان، بۆ تاوێک دەمارگیر دەبێت و خەیاڵی گڕی دەدات لەتاو ئازاری زۆری نەشتەرگەری تەمەننای مەرگ بکات، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کات پەشیمان دەبێتەوە، بە واتا لای 'ئەندریا' بۆ هەمیشە ژیاندۆستی بەهێزترە لە مەیلی مەرگدۆستی، ئەوەی کە سەرنجی من رادەکێشێت ئەوەیە کە چەندە ئەو دونیا و دۆخە نالەبار و دراماتیکییە کە سیخناخە بە گرفت و کۆسپ و تەگەرە و بنبەست و ئاریشە و غەدری زەمانە، کەچی نابەزێت و کۆل نادات، بەڵکو پتر و پتر مکوڕ و سوور دەبێت کە رۆحی ئالانگاری و ململانێ و کۆششی بەردەوام دەبێت بە سەرمەشك و چاونەترس و خاوەن ویست و ئیرادە و جەربەزەیی، بگرە وای لێدێت قووڵتر بیر بکاتەوە و پرسیار و گومان و ئەندێشەمەندی ببێت بە خەون و خولیای کە هەر ئەم ئازار و کێشە و کارەساتبارە دەیبات بۆ داهێنان و خۆنووسینەوە و خوێندنەوەی بەردەوام کە بۆی دەبێت بە تێراپی و چارەسەری دەردەکان و تێپەڕین بە تێرابی و وەستان لەسەر پێیەکانی خۆی کە وای کرد چەندەها کەسی سەرسام بە تواناکانی ببن بە میوانی سەر خوانی خۆشەویستی و بەرزەدەماغی و داهێنان و بەهرەمەندی.!
ئیدی بە جۆرێک دەبێت بە خاوەن ویست و وزە و هێز کە بگات بەو قۆناغەی کە خۆی بناسێت و دەوروبەری خۆی کێوماڵ بکات کە بزانێت ئیدی کات و سەروەختی ئەوە هاتووە کە خۆی قەبووڵ بێت و قایل بیت بە دۆخەی خۆی کە ببێت بە دۆستی گیانی بە گیانی جۆری دەردەبارییەکەی کە بە دیدگای من ئەوەیان ئەوپەڕی تێگەیشتن و پێگەیش، گوێ نەدات بەو کەسانەی کە وەک بەزەیی ئاوڕێکی لێدەدەنەوە، یان خەم بەوە هەڵبگرێت کە کەسانێک پرسیاری ناماقووڵی لێدەکەن، جا چ خزم بن یان بێگانە، ئەم دەرکی دەکات کە خەڵکانێک هەن کە بە حیسابی خۆیان هاوبەشی خەم و کێشەکانی ئەون، بەڵام نازانن گوزارشتێکی شارستانی بکەن لە سۆز و خەمخۆری خۆیان!
لە کۆتاییدا وەک دەرئەنجامێک؛ ئەندریا گەیشتووە بەو قۆناغەی کە پێشنیار و چارەسەر و نەخشە و پلانی هەبێت بۆ هاوڕێکانی و کۆی کەسانی دیکە کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بە ئەندازەیەک هۆشیار و هەستیار بووە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کار و ئەرکی دەوڵەتداری و وەزارەتەکانە، بە تایبەتی وەزارەتی کۆمەڵایەتی و دامودەزگای پەیوەندیدار کە چارەسەری دۆخی ئەو کەسانە بکەن کە هەژارن و خاوەن پێداویستی تایبەتن، چونکە هەر چۆنێک بێت ،خەلكانی دەوڵەمەند و خواپێداو بایی ئەوەندە توانای دارایی و ماددی و مەعنەویان هەیە کە دەتوانن گرفت و کێشە فیزیکی/ جەستەیی و دەروونی خۆیان کەم بکەنەوە و بۆ چارەسەری دیکە بگەڕێن بۆ جۆرێک لە چارەسەری و کەمکردنەوەی کێشە و گرفتە کوشندەکانیان.
منیش دەخوازم وەک بانگەشەیەک کە مەرجە "ماس میدیا" چالاکتر بێت و بیر و پرۆژە و هەوڵەکانی بۆ ئەوە تەرخان بکات کە پانتاییەکی بەرفراوانتر تەرخان بکەن بۆ نزیک بوونەوە لەو چین و توێژە لە خەڵکی کە هەست نەکەن فەرامۆش کراون.