مرۆڤی موسوڵمان؛ گیرۆدەی دنیایەكی چەقبەستووە، گیرخواردوی ناو کۆڵانێكی داخراوە کە ڕزگاربوون لەناویدا ئەستەم یان مسۆگەر نیە! تەسلیمبووی ئەفسانە و چیرۆکانێکن، کە بەهۆیانەوە هەم شوێنپێ و ڕۆڵی عەقڵ بزر بووە هەمیش ئیرادەی ئازاد تیای دا بێکاریگەر بووە!! دووربوونی عەقڵ و ئیرادەی ئازادیش لە ژیان و دنیای بیرکردنەوە و کردەوەی مرۆڤی موسوڵمان دا، ئەوی کردووەتە کەسایەتییەكی گەوج، لاواز، بێئیرادە، باوەڕبەخۆنەبوو، ناواقیعیی، مێگەلیی و تەسلیمبوو بەو دیاردە و ئاقارانەی، کە لە دەرەوەی ئیرادە و ژیانی ئەو دا ئەو ئاراستە دەکەن، واتا لەجیاتی ئەو بیردەکەنەوە و بڕیار دەدەن، دواجار ئەو بە هەموو وجودێكی جەستەیی، فیکریی، ئەخلاقیی و ویژدانیەوە دەئاژوێردرێت . بەڵام لە پشت ئەوانەوە ؛ دوو چەمك یاخود دیاردەی تری مرۆڤایەتیی هەن، کە ڕۆڵێكی سەرەکیی و زۆرناباش (نێگەتیڤ) لە ژیانی هەر تاکێكی مرۆڤی موسوڵمان دا دەگێڕن، ئەویش دوو چەمكی (پیرۆزیی - المقدسات)و (قەدەخە – تابوو) بووەکانە . ئەم دوو چەمكە، کە سەرچاوەی خۆیان لە جیهانی ئایین و شەرعەوە هەڵدەگۆزن، دنیایەكی بێکۆتا لە پیرۆزیی و قەدەخەکانیان وەك شەبەنگێك بەڕاسەری عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤی موسوڵمانەوە جێگیرکردووە، کە مرۆڤی موسوڵمان بەهۆیانەوە، بێپرسیار و دەستەپاچە ماوەتەوە بۆ وەڵامدانەوە و گەیشتن بە حەقیقەتەکان . دواجار ئایین بەبێ کارلێك و ئاوێتەبوونی ئەم دوو چەمك و دیاردەیە لە ژیانی مرۆڤایەتیی دا، پایە و شکۆی خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە ژورێكی ساردوسڕی بێ کوانوو . بەڵام من لێرە دا بۆ دوورکەوتنەوە لە درێژدادڕیی و داهێزرانی حەوسەڵەی خوێنەر، باسەکەم گرێ دەدەم بە باسێك سەبارەت بە هەڵویستی سیاسیی و ڕەوشتپەروەریی (ئەخلاقیی) مرۆڤی موسوڵمانی کورد و هەڵوێست و بۆچونی مرۆڤی ئیسلامیی سیاسیی کورد لە هەمبەر دۆز یان شەڕی غەززە-ئیسرائیل .
ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێز دکتۆر (موسەنا أمین) ئەندامی پەرلەمانی عێراق – یەکگرتوو لە چاوپێکەوینێکی دا لە کەناڵی (میحراب)١دا، شڕۆڤە بۆ ڕوداوەکانی شەڕی ئیسرائیل-غەززە دەکات . من لێرە دا لە دیدێكی سیاسییەوە بۆ کێشەکان ناڕوانم و خۆم ناخەمە ناو هیچ بەرەیەكی لایەنەنەکانی شەڕەکەوە، بەڵکو تەنیا لە دیدگە و ڕۆژنەیەكی ڕەوشتپەروەریی و مرۆڤایەتییەوە خوێندنەوەیەك بۆ بوچونەکانی ئەو دەکەم، بەبێ هیچ مەبەستێكی خوانەکردە سوکایەتیی یان هێرشی کەسایەتیی و عەقیدەیی !! ئەگەر کەسێك لە قسەکانی دکتۆر موسەنا وردببێتەوە، بۆی ڕووندەبێتەوە کە ئەو چەندێك سەرپێیی، بەهەستێكی ساردوسڕانە، ویژدانێكی مردوانە، دەرونێكی پڕ لە ڕق، کینە و دیدێكی فاشیستانەی ئیسلامییەوە بۆ گەلی جوو دەڕوانێت ؟ ! لە ڕۆژنەی دید و بۆچونەکانی ئەوەوە، ئەو کەسێكی ئایینداری ئیسلامییە، بەڵام ئیماندار نیە ! ئیمان لە کورترین پێناسە دا بریتیە لە نزیکبوونەوەی مرۆڤ و یەزدان و بەرجەستەبوونی ڕوناکایی و سیفاتی یەزدان لە ئەو، واتا مرۆڤ دا، تاکو ڕادەی ئاوێتەبوون، هەر ئەو ڕوناکیە یەزدانیەشە، کە ڕەوشت و ئاکاری مرۆڤ لە تاریکستانی دنیای ماددیاتەوە دەگەێنێتە دوامەنزڵگەی باڵاترین و بەرزترین ویژدان و ڕەوشت . بۆیە کاتێك ڕوناکایی یەزدان لە پرشنگدانەوە و ڕوناکییهاویشتن دەکەوێت، ئیتر مرۆڤ لەنێو تراویلکەی ئەم دنیایە دا سەرگەردان دەبێت، و ئیتر هەموو کار و بیرکردنەوەیەکی دزێو و ناقۆڵا ڕەوایی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی دا دەسەپێنێت . بابزانین ئایا دکتۆری بەڕێزمان لەکوێی ئەم هاوکێشەیەدایە، ئایا چەندێك بەلایەنی کەمەوە تیرۆژێكی خۆری یەزدان، دزەی کردووەتە نێو ڕەوشت و ویژدانیەوە؟! دکتۆر موسەنا لە شوێنێكی چاوپێکەوتنەکەی دا بەمجۆرە پێناسەی مرۆڤی جوو دەکات : {جولەکە خوێڕیی، ترسنۆك، زاڵمن} لەکاتێكدا لە پەڕتوکە پیرۆزەکەی دا ( قورئانی پیرۆز) هاتووە : { انا خلقناکم من ذکر و انثی وجعلناکم شعوبا ... تاد } یان : {خلقنا الانسان فی احسن تقویم} . ئەم جۆرە دەربڕین و پێناسانە، جگە لە خاڵیکردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ڕۆحێكی بۆگەنبووی هەڵگرتوو بە ڕق، کینە، بوغزو دەرونێكی نەخۆشانە لە نێو زبڵدانی بیر و عەقیدەیەكی فاشیستانە دا هیچ بەها و سودێكی بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی نیە، جگە لە قوڵترکردنەوەی کێشە و تیژکردنەوەی نوكی ڕمی ڕق، کینە، بوغز و تۆڵەی ئایین و عەقیدەیەكی ئیسلامییانە بۆ چەقاندنی لە گۆشت و پروسكی مرۆڤی جوو، توانای گەیاندنی هیچ پەیامێكی ڕەوشتپەروەریی، خۆشەویستیی، میهرەبانیی و ئاشتیانەی بۆ مرۆڤایەتیی و بنیاتنانی فەلسەفەی ڕەوشتپەروەریی (فەلسەفەی ئەخلاق) لەنێو دەرونی مرۆڤی موسوڵمان دا نیە . ئەم جۆرە زیادەڕەویی و مانەوەیە لە بازنە و چوارچێوەیەكی تەسك و داخراوی باوەڕ وعەقیدەیەكی دیاریکراو دا و لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێكی ئایینیی ڕووت دا، لەلایەك پڕۆسەی کوشتنی ڕۆحی یەزدان پەیڕەو دەکات، و لەلایەكی دیەوە پڕۆسەی دابڕان و دورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت و سیفاتی گەردونیی یەزدان، خێراتر دەکات . لە سروشت و سیفاتی بەرفراوان و بێکۆتای گەردونیی یەزدان دا جێگەیەك نیە کە توانای هەبێت تۆوی ڕق، کینە، بوغز تیای دا سەوز ببێت ! درەختی جوێن، تەوهین، پلەبەندیی مرۆڤ، شعب اللە المختار و احسن الدین توانای چرۆدەرکردنیان نیە، ئەوانە ناتەبان لەگەڵ ڕۆحی یەزدان، پیرەمێردی شاعیر و ڕوناکبیری کورد بێهۆ نەبوو کە لە شیعرە بەناوبانگەکەی دا دەیفەرموو:
ئاو داری کە لەسەرسەر ڕاگرتووە، ئەزانێ چی تیایە
لەلای نەنگە پەروەردەی نوقوم کا، گەورەیی وایە
یەزدان باڵاترین عەقڵ، جوانترین و بەرزترین ڕەوشتە، بەرجەستەبووی سیفاتی فەڕبەخشیی، شادیی، خۆشبەختیی، بەختەوەریی، گەورەیی، خۆشەویستیی، میهرەبانیی و بەخشندەییە، بەڵام بابزانین یەزدان لە دیدی دکتۆری ئازیزمان دا چۆن خۆی بەرجەستە دەکات و چیتر لە وەسفی گەلی جوو دا دەڵێت : {جوولەکە خەڵکێكی تەممەڵ، تەوەزەل، فاشیل و دۆڕاون} . سازدانی دادگەیەکی بێمۆڕالیی لەمجۆرە و دادوەرییکردنێكی نامرۆڤانە لەپێناوی تەنیا بەرجەستەکردنی وێنەیەکی ناشیرین و خاڵیکردنی زبڵدانێكی پڕ لە جوێن، سوکایەتیی، هەڵڕشتنی ڕق و کینەیەكی کوێرانەی ئایینیی، و خۆخاڵیکردنەوەی دەرونێكی نەخۆشانە و سادیستانە لە بەرامبەر گەل و کەسایەتیی هەر تاکێكی جوو و هەروەها بەکارهێنانی مێتۆدێكی فاشیستانە و دوورکەوتنەوە لە ئەتەکێت و ئادابی مرۆڤایەتیی و ڕەوشتپەروەریی، هیچ پێناسە، لێکدانەوە و وێنەیەكی تر هەڵناگرێت ! ! بابزانین دادوەرییەكی تری دکتۆری پایەدارمان لەبەرامبەر جووەکان و ژیانێكی شەرەفمەندانە دا چۆنە : {جوو ئاژەڵیی دەژین و عەلەفخۆرن . } یان : {زایۆنییەکان هاوشێوەی کۆمەڵگە غەربییەکانە، خەریکی هۆمۆسێکسوالیتیی و جینسی ئازادن، منداڵ ناخەنەوە و منداڵیان بۆبەخێو ناکرێت و خەریكی سەگ و پشیلە بەخێوکردنن} . کاتێك مرۆڤێكی مەکتەبلیی و ئایینپەرستێكی وەك دکتۆر موسەنا بەمجۆرە هەستی خۆی بەرامبەر بە کۆی گەلێكی کەڤنەوار و خاوەن چەندان مرۆڤی فەیلەسوف و زانای جوو کە خزمەتیان بە کۆی کولتوری مرۆڤایەتیی کردووە دەردەبڕێت، جگە لە خۆبەزلزانیی، هەستی باڵادەستیی، هەستی بەکەمزانین و بچوک سەیرکردنی بەرامبەر جگە لە هەڵڕشتن و خۆخاڵیکردنەوەی ڕقێكی ئەستور و کوێرانەی مێژویی - ئایینیی و هەروەها چەکدارکردنی کۆمەڵگە بە چەكی ڕق، کینە، تۆڵە، بوغز و پەیڕەوکردنی ئادیۆلۆژیایەکی فاشیستانەی ئایینیی، هیچ خزمەتێكی تر بە دەرونناسیی (سایکۆلۆژیای) مرۆڤی کورد ناکات . بەڵام بابزانین دکتۆری هێژامان چ وێنە و وێنایەك بەرامبەر حەماس دەخاتە بەر دیدە و بیرکردنەوەمان، چ زیادەیەكی دی دەخاتە سەر عەقڵ، بیرکردنەوە، ڕەوشت، ویژدان و هەستی مرۆڤایەتیی ئێمە : {حەماس بۆ شەهید و مەرگ هاتووە، جیهاد ئەکەن، سەری ئیسلامیان بەرزکردەوە}، ئەگەر لە سایکۆلۆژیەتی ئەو سیفاتانەی دکتۆر بۆ حەماس وردببینەوە، سێ ئامانج دەبینین : چاندنی فەلسەفەی مەرگ، برەودان و شەرعیەتدان بە هێرش و داگیرکاریی (جیهاد) و بەدەستهێنانی دەستەڵات (هەستی شانازیی) ؟ ! لە دیدی دکتۆر موسەنا دا ؛ دۆزی گرنگ و سەرەکیی، و خاڵی ناوەند لەژیانی مرۆڤی موسوڵمان دا گەیشتن بە فەزیڵەتی ئەخلاقیی و بنیاتنانی فەلسەفەی خۆشەویستیی، میهرەبانیی، لێبوردەیی و هەروەها بەرجەستەبوونی سیفاتی باڵا، ویژدانی بەرز، ڕەوشتی باڵا، ڕوناکایی و گەرمیی خۆری یەزدانیی نیە لە زاتی مرۆڤی موسوڵمان دا، بەڵکو پەڕینەوەی مرۆڤە بەسەر پشتی یەزدان دا لە پێناوی خزمەتکردن بە ئایدۆلۆژیا و بەرزکردنەوەی ئاڵایەك، کە خۆی باوەڕی پێیەتی و پیرۆزیی هەیە، ئەویش ئایین و بیری ئیسلام و ئیسلامیزمە ؟ ! ئەم جۆرە دوورکەوتنەوەیە لە ئیمان و فەلسەفەی یەزدانناسیی، کاك موسەنای گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی، کە : {حەماسەکان لەپێناوی خوا شەهید دەبن، خواش ڕێز لە شەهیدەکانی دەگرێ، ئەو شەهیدانە دواجار شفاعەت بۆ خەڵکی تر ئەکەن ..} . لەوەها هەلومەرجێك دا ؛ کاتێك حەماسێكی جیهادیی و شەڕکەر، بە دەست و جلوبەرگی خوێناویی لە دنیای بەهەشت دا دەبێتە شفاعەتکەرێك حەق و شەرعیی لە نێوان یەزدان و مرۆڤی موسوڵمانی ناساڵح و گوناهبار دا، دواجار یەزدانی کڵۆڵ هەم پایەی گەورەیی و سیفاتی گەردونیی خۆی لەدەستدەدات هەمیش بەناچاریی و دەستەپاچەیی مل بۆ داواکاریی و خواستەکانی حەماس دەدات ؟ ! ئەم وێناکردنە خەیاڵیی و بەخشینی وێنە پیرۆزانەیە بە حەماس لەلایەن بەڕێز مثناوە، بۆ شەڕکەرانی داعش و قاعیدەش دەشێت هەر ڕاستبن . بابچینە وێستگەیەكی تر لە دادوەریی و دادگەی بۆچونەکانی بەڕێز دکتۆر موسەنای مرۆڤدۆست، و بزانین چ وێنا و وێنەیەكی تر لە حەماسیەکان لە بیردان، ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤی موسوڵمانی کورد دا دەنەخشێنێت ؟! {حەماس مەفخەرەیە بۆ موسوڵمانان، بۆ ئەحراری عالەم، نەك تەنیا بۆ موسوڵمانان} . ئەم وەسف و پیاهەڵدانە ناواقیعیی و زیادەڕۆییانەیە سەبارەت بە حەماس، نەك تەنیا لە نێوان مسجد الأقصی بۆ بیت اللە الحرام بڕناکات، بەڵکو ناشتوانێت لە باشترین شانس، حاڵەت و دەرفەت دا ببێتە دیاردەیەكی جیهانیی و نمونەیەكی تەندروست و ڕێنیسانس بۆ هەموو ئەحراری عالەم ! ئەم جۆرە خۆبادان و بیرکردنەوە داعشیی و خەیاڵخۆشیە ڕۆمانسیانەیە لەنێو پۆشاكی قات و بۆینباخ و لەبەردەم کامێرا و شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان دا، ناتوانێت هیچ هەتوانێك بخاتە سەر برینی بەسۆ، دڵ ناسۆر، جەرگسوتاو و سکسوتاوی دایکێكی فەلەستینیی و جوویەك . با زیاتر شوێنپێی قسەکانی کاك دکتۆر هەڵبگرین و بزانین بەڕێزیان لە سۆنگەی ئەخلاقیاتەوە چۆن حەماس هەڵدەسەنگێنێت : {حەماس جوانترین نمونەی ئەخلاقیات پێشان دەدات، حەماس تاڵانچیی نین، بەڵکو خاوەن ڕیسالە (رسالـة) ن} . ئەم دید و شێوە وێناکردنانە بۆ ئەخلاق، ئەخلاقێك کە تێکەڵ بە ڕشتن و هەڵسانی طوفانی دەریای خوێن و سازدەری گۆڕەپانێك بێت بۆ هاڕینی ئێسقانی مرۆڤی جوو لە کوشتارگەکانی حەماس دا، نەك ناتوانێت هەرگیز ببێتە دیاردەیەكی جیهانیی بۆ (احراری عالەم) و هەڵگری پەیامێكی مرۆڤایەتیی، بەڵکو مرۆڤی موسوڵمان دەگەێنێتە دوالوتکەی دنیای ئاژەڵیی و خۆپەرستیی . ویژدان و ئەخلاقێكی لەمجۆرە تەنیا دەتوانێت مێشکێكی بارگاوییبوو بەڕق، کینە، بوغز و تۆڵە لە دڵی کەسێكی وەك دکتۆر موسەنادا ئارام بکاتەوە، دەتوانێت تەنیا شفابەخشی بانگخوازی ئیسلامیی دکتۆر عەبدولواحید بێت، کە چۆن چێژ لەئازاردانی ئێزدیی دەبینێت لەلایەن سڵمانانەوە ؟ ! یان توانای هەیە تەنیا کڵپەی شادیی لە دڵی کەسێكی وەك علی باپیر دا هەڵبگیرسێنێت، کە دەنووسێت : {مسوڵمانانی فیداکاری غەززە زەبرێکی گورچکبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان، بۆ تێكڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا مایەی دڵخۆشیی بوو} . کاك موسەنا لەچاوی کامێرا و دنیای پوچ و بێمانای تیکتۆکەوە بەجۆرێك مەستی کوشتاری جووەکان دەبێت لەلایەن حەماسەوە، دەچێتە حاڵەتی گەشکە و لەخۆچوونی شادییەوە و : {سەرکەوتنی حەماس هەزاران ئەوروپیی و ئەمریکیی کردە موسوڵمان} . بابزانین کاك موسەنای پایەبەرزمان لە وەسفی نهێنیی و موعجیزەی ئیسلام دا چی دەڵێت : {ئەم ڕۆحی بەرامبەریی و مەقاومیی و عیززەتەی کە ئیسلام دەیخاتە ناخی کەسێکەوە زۆر بەئاسانیی پێشوازیی لە مەرگ دەکات، ئەمە سڕڕێکە، ئەمە موعجیزەیەکی ئیسلامە} . لەم بۆچوون و دیدەی دکتۆر موسەنا بۆ ئیسلام دەشێت تەنیا دوو شت بخوێنینەوە، یەکەم : ئیسلام وەکو فەرز و فەرمانێكی ئیلاهیی، ئایینێكی پیرۆزە و بەپێویست ناوەند، سەنتەر و نمونەیەكی باڵا و کامڵبووی ڕەوشتە بۆ کۆی مرۆڤایەتیی . دووهەم : مژدەبەخشە بۆ سەوزبوونی تۆوی مەرگ و نووسینەوەی فەلسەفەی مەرگ و مەرگدۆستیی لە ژیانی هەر تاکێكی موسوڵمان دا ؟ ! ئەو بەجۆرێك مەرگ دەکاتە ناسنامەیەك بۆ باشترین و بەڕەوشتترین مرۆڤ، کە لە شوێنێكی چاوپێکەوتنەکە دا بڵێت : {جولەکە بۆ ڕەفاهیەت و ژیان هاتووە، بۆ مردن نەهاتووە} . قوڵبوونەوەی هەستی شانازیی و فەلسەفەی مەرگدۆستیی لە دید و ویژدانی کاك موسەنا دا، ئەو بەرە و دنیایەكی بێڕەحم، بێهەست و بێسۆز و بێباکانە دەبات، ئەو دەڵێت : {هەموو غەززەش تەخت بێت، هەر فەلەستینییەکان سەرکەوتوون} . ئەم فاتیحادادان و گرەوکردنە بێمانایانە لەسەر جەستەی قوربانیانی خەڵکی مەدەنیی و بێگوناهی غەززە، و خوێندن و نزای غەزەب و نەفرەتی ئیلاهیی بەسەر قوربانیانی جوو دا، دەشێت هەڵگری تەنیا ڕەوشتێكی سیخناخبوو بە هەستێكی بێباکیی، دڕندەیی، بێدەربەستیی، بێبەزەیی، خەمساردیی، و ئایدۆلۆژیایەكی فاشیستییانەی ئایینییانە بێت بەرامبەر بە هەردوو گەلی فەلەستینیی و جوو . دوابڕگە کە پێویستە من لێرە دا ئاماژەی پێبدەم، ئاماژەیە بە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ترس و فۆبیای ئیسلامی سیاسیی لە مۆدێلەکانی سەلەفیی و ئیخوانێتیی لە ڕێڕەوی سیاسەت و شێوازی سیاسیان بۆ فەرمانڕەوایی لە داهاتوی کۆمەڵگەی کوردستان دا . بابزانین کاك دکتۆری عالی مقاممان لەم بارەیەوە چی دەفەرموێت : {ئەبێ ئێمە سود لەم دەرفەتە (واتا ئەزمونی حەماس) وەربگرین بۆ بوژانەوەی ئیمانیی و مەعنەویەت} . دوا وشەم بۆ کاك موسەنا و نمونەکانی ئەو ئەوەیە، کە هێندەی ئەوەی ئێوە هێز و وزە لە چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە ژیان و دنیای ویژدان و بیرکردنەوەی موسوڵمانی دڵپاك و بێئاگای کورد دا سەرفدەکەن، باشتر نیە مرۆڤی موسوڵمانی کورد لە دنیای گیانپەروەریی (ڕۆحانیەت)، ئیمانداریی، یەزدانپەروەریی و یەزدانناسیی نزیکبکەنەوە ؟! باشتر نیە موسوڵمانی کورد لە دنیای سیفەتەکانی یەزدانیی کە میهرەبانیی، خۆشەویستیی، لێبوردەیی و قبوڵکردنی ئەوانی دیە، نزیکبکەنەوە ؟ ! تکایە واز لەو ڕق و کینانە بێنن بەرامبەر بە جوو و ئاینەکەیان کە جارێك بە مشك و مەیمون و جارێکیش بە بەرازیان دەچوێنن٣ ! هەرکەس دینی خۆی بۆخۆی٤ ! ! حەماس و جیهادەکانیان نە پیرۆزن و نە هێڵی سوریشن بۆ موسوڵمان و کۆی مرۆڤایەتیی ! ! با هەوڵبدرێت بە گشت مرۆڤایەتیی ئەم شەڕە بووەستێنرێت و ئاشتیی و ئارامیی لەنێو هەردوو گەلی جوو و فەلەستینیی دا بەرقەرار بێت . ڕق و کینە دەتوانێت تەنیا دەمی چەقۆکان تیژتر بکەنەوە و قوربانیی زیاتر بەرهەمبهێبێت .
پەراوێزەکان
١- کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیی ناوخۆیی یەکگرتووی ئیسلامیە لە باشوری کوردستان .
٣- ئاماژەیە بۆ سورەتی البقرة : ( قل هل انبئکم بشر من ذالك مثوبة عنداللە من لعنە اللە وغضب علیە و جعل منهم القردة الخنازیر...) .
٤- ئاماژەیە بۆ سورەتی الکافرون : ( قل یاایها الکافرون لا اعبد ما تعبدون .... لکم دینکم ولی دین) .