لە ١٢.١٠.٢٠٢٣ دا بەڕێز عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی نوسینێك ی لەژێر ناونیشانێكی دورودرێژ١ بڵاودەکاتەوە . نوسینەکە بەشێوە ی گشتیی خۆی بە دوو ئاقار و ئامانج دا ئاراستە دەکات ، یەکێکیان گلەیی و سەرکۆنەیە بەرامبەر کەسانێك ، کە نەیخواستووە نە ناویان بهێنێت و نە ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو بابەتە بدات . ئەوی تریان سەبارەت بە جەنگ ی غەززە - ئیسرائیل و دۆز ی فەلەستینیەکانە ! ئەگەر خوێنەر کەمێك بەسەرنجدانەوە لەو نوسینە و ناونیشانەکە ی وردببێتەوە ، تێدەگات و دەگاتە ئەو بڕوایەی ، کە ئەم نوسینە چەندێك شپرزانە و بە دنیابینیەك ی تەسك ، هەناسە سواریی ، دیدێك ی فاشیستانە و ئاقارێك ی نامرۆڤانە نووسراوە ؟ ! من لێرە دا سۆمایی دیدە و نیگا ی تێڕوانینی خۆم بەدوور لە هەر دەمارگیریی ، بارگرژیی یان خوانەکردە بێڕێزیەك ، تەنیا دەخەمە سەر بابەت ی شەڕ ی غەززە ! گومان ی تێ دا نیە کە ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت ، دۆزەخێکە و نێڵە ی ئاگرەکەی مرۆڤی فەلەستینیی دەسوتێنێت ، کە لەڕووی ویژدانیی ، مرۆڤایەتیی و ڕەوشتپەروەرییەوە ناشێت و ناکرێت شایی و لۆغانی بۆبگێڕدرێت . بەڵام ئەم دیمەنە تەنیا دیوێك ی شانۆ ی کارەساتباری شەڕ ی غەززە - ئیسرائیلە ، لە دیوەکە ی تریش دا دیمەنێك ی تری شانۆکە هەیە کە تەراژیدیا ی ئیسرائیل و گەل ی جووە ، کە تێی دا سەدان کەس دەبنە قوربانیی ئەو دۆزەخ و کوشتارگەیە ی کە فەلەستینیەکان یان چاکترە بڵێم حەماسیەکان خافڵگیرانە بۆ گەل ی جوویان ساز دابوو ، ئەمەش دیسان نامرۆڤانە دەکەوێتەوە ، ئەگەر چۆپیی و هەلهەلە لەسەر جەستە ی قوربانیان ی مرۆڤ ی جووش بکێشین . بەڕێز ئەمیر لە سەرەتا ی نوسینەکەی دا باس لە دوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراو دەکات ! ئەم دەربڕین و شێوازبەخشینە بە دنیا ی نادادپەروەریی ، دروستە و پێچەوانە ی حەقیقەت نیە ، لەوەتەی ژیانیش هەیە هەردوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراویش هەبووە ! بەڵام کاتێك نوسەر دێتە نێو هۆڵ ی دادگە و بینینی شانۆ ی ڕوداوەکان ، و هەروەها شێواز ی دەربڕین ی زمان و تێگەیشتنی ئەو بۆ کێشەکان ، ئیدی دیمەن و جیهانە دابەشکارییەکە ی جەنابی ئەمیر بۆ ژیان و مرۆڤایەتیی لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراو دا تەم ی بەسەر دا دێت و دیارنامێنێت کە لە دواجار دا جەناب ی ئەمیر لە دادوەرییەکەی دا دەبێتە بەشێك لە هەڵگر ی دنیا ی ئایدۆلۆژیایەك ی لایەنگیر و پابەندبوو بە پاشخان و کولتورێك ی ئیسلامییانە و هەر لەو دیدەشەوە دواجار ئەو دەبێتە بەشێك لە دنیا ی ستەمکاریی : { مسوڵمانانی فیداکاری غەززە زەبرێکی گورچکبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان ، بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو . } . ئەمە باوەڕ ی جەنابی ئەمیری موسوڵمانانە کە لە نوسینەکەی دا ئاماژە ی پێداوە ! ئەم جۆرە نەفەس و مێتۆدە ئەخلاقیی – مێژوییە ی ، کە بەڕێز ئەمیر بەکاریدەهێنێت بۆ دادوەرییکردن لەنێوان دنیا ی هەق و ناهەق یان ستەمکار و ستەملێکراویی دا ، مێتۆدێك ی تەواو فاشیستانە و سادیستانەیە ، مێتۆدێکە کە لە ڕووی مێژویی و ڕەوشپەروەرییەوە سەرچاوە ی خۆی لە هەمان ئەو مێتۆدە قورئانییە وەردەگرێت ، کە لە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر دا برەوی هەبوو : { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین } ؟ ! بەڵام ئەم ڕۆژگارە ی کە گەل ی جوو و فەلەستین ی پێداتێدەپەڕێت قۆناخێکە لەلایەك ناژیرانە و نالۆژیکییانە دەبێت ، ئەگەر بە ڕۆژگار و جەنگ ی بەدر بچوێنرێت و بپێودریت ، لەلایەکی دیەوە هەم تاوانێکە بەرامبەر بە گەلان ی جوو و فەلەستین ، کە جگە لە زیندوڕاگرتن و دروستکردنی هەست ی ڕق ، کینە ، بوغز و بەرپاکردنی ڕۆحی دوژمنکارانە لە نێوان ئەو دوو گەلە دا ، هیچ سود و بەرهەمێك ی نیە و نەبووە ؟ ! چەندین ساڵە ناسیۆنالیزم ی عەرەبیی بە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا ی ئیسلامیی – ئیخوانیی و بەکارهێنانی دروشم ی نەتەوەپەرستیی و بەکارهێنانی چەمك ی سەهیۆنیی یان زایۆنیزم ، کار لەسەر دۆز و کێشە ی فەلەستینیەکان دەکەن ، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان بەهۆیانەوە چارەسەرێك ی ڕیشەیی بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و دۆز ی فەلەستینیش بگەێننە کەنار ی ئاشتیی و ئارامیی . کاتێك یاسر عەرەفات پەیماننامە ی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان واژۆ کرد ، هەر زوو فاشیستە ئیخوانیی و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان کردیانە هەڵای تاوانبارکردنی عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە ناپاك و خۆفرۆش ، و دواییش جووە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان ئیسحاق ڕابینیان تێرۆر کرد . ڕاستە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕین ی ڕا و ویژدانی خۆی ، بەڵام ئەمە جێگە ی سەرنج و گرنگییپێدانی من نیە ؛ بە ئەندازە ی ئەوەی ، کە پێم گرنگە چۆن تاك ی کورد لە دنیا ی ڕق ، کینە ، بوغز ، ڕەتکردنەوە ، قبوڵنەکردن ی بەرامبەر و ... تاد دووربخەینەوە ! ئەو پاشخانە کولتوریی و فەلسەفییە ئیسلامیی - سیاسییە ی کە بۆ جەناب ی ئەمیر بووەتە ڕۆژنە ، دیدگە ، دنیابینیی و بیرکردنەوەیەك ی نەگۆڕ و موتڵەق ، پاشخانێكی تەواو فاشیستیی و بێبەزەییانەیە ، کە نەك هەر دوورە لە هەموو بەهایەك ی ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) و ئیمانداریی ، بەڵکو تەنیا مرۆڤ ی دەروننەخۆش بەرهەم دەهێنێت . ئەگەر سەرنج لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر بدەین ، دەبینین هەمان شێواز ی زمان ی هێرشبەرانە ، دروشماوییانە ی ڕەگەزپەرست و شۆڤینیە عەرەبەکان ی بەکارهێناوە : .. { ستەملێکراویی گەلی فەلەستین و ستەمکاریی جوولەکە زایۆنییەکان ... } یان { هەرکەس لەم ڕۆژگارە دا پشتیوانیی لە مسوڵمانانی ستەملێکراوی فەلەستین نەکات ، لە بەرامبەر ستەمی جوولەکە زایۆنییەکاندا ، نیشانەی پرسیاری زەقی دەکەوێتە سەر لە ڕووی : مسوڵمانەتیی و کوردایەتیی و مرۆڤایەتییشەوە ! } . دەربڕین ی ئەم جۆرە چەمك و بیرکردنەوە تیژپەڕ ( تطرف ) انەیە نەك ناتوانێت حەقیقەت و هۆکاری سەرهەڵدان ی ئەم جەنگە بنرخێنێت ، و ناشتوانێت هەتوانێك بخاتە سەر برین و ژان ی دایكێك ی دڵسوتاو ی فەلەستینیی و جوویەك ، بەڵکو بارەکە ی بۆ هەردوو گەل ی ناوبراو بە گوزەرێك ی تەراژیدیاش دا برد . هەر لە سەرەتا ی جەنگەکە دا زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز ، کەسایەتیی و پارتە ئیسلامییەکان زۆر گێلانە ، نەفامانە و ناواقیعیانە کەوتنە وتارخوێندن و گریان و شیوەن لە مزگەوتەکان و دەرکردنی بەیاننامە و هاندان ی سۆزداریانە ی سۆز ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد بە گیان ی ڕق ، کینە ، تۆڵە و پیرۆزیی قودس ، بۆ جەنگ و غەزاکردن دژی جوو و وڵاتی ئیسرائیل ، وەك بڵێیت کورد و جوو دوژمن ی باوەکوشتەی یەکتری بووبێتن ؟ ! ئەمیری موسوڵمانان لە ڕوداوەکان دا بەدەستوبردە بۆ هەڵوێستوەرگرتن ، بۆیە هەرزوو کەوتە بانگەواز ، بەیاندەرکردن و هاندانی گەنج ی کورد بەرەو غەزاکردن ، هەروەك ساڵێك لەمەوبەر زۆر نادادپەروەرانە و بە دیدێك ی فاشیستانە ی ئیسلامییانە هاوشان ی مەلا و مۆدێلی نوێی فاشیستانە ی بانگخوازەکان ی وەك دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ، زۆر نادادپەروەرانە و بەدیدێك ی فاشیستانەی ئیسلامییەوە بەیاننامەیەكی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئانیی دژی ئێزدییەکان دەرکرد و هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی دژ بە ڕوداوەکەی ساڵ ی پاری ئێزدیەکان لە شارۆچکەی شنگال ڕاگەیاند . ئۆقرەئارامیی ، ئاسودەیی و دڵخۆشبوونی جەناب ی ئەمیر بە کوشتار ی جووەکان و تۆڵە سەندنەوەی فەلەستینییەکان لە جووەکان ، بە جۆرێك لە ناخ و ویژدانی دا قوڵپ دەدات ، دەکەوێتە هەڵە ، بوختانکردن و بەلاڕێدان ی ڕاستیی و هەڵوێست ی مرۆڤی کورد لە هەر چوارپارچە ی کوردستان لەهەمبەر شەڕی غەززە – ئیسرائیل ، و حەماس و پەلاماردانەکانیان بۆسەر ئیسرائیلیەکان : { بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو ، لەنێویشیاندا خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا : باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ..تاد } . ئەم جۆرە قەتیسبوون و خۆچڕکردنەوەیە لەنێو زۆنگاو ی ڕق ، کینە ، بوغز ، تۆڵە ، و هەروەها بازنە ی داخراو ی ئایین ، دەقی قورئانیی ، فەرمودە و کۆڵان ی داخراوی یاساکانی شەرع دا ، مرۆڤ بەرەو دنیا ی پوچیی ، دڕندەیی ، بێئومێدیی ، گەشاندنەوەی پشکۆی دنیا ی ئاژەڵیی دەبات ، بەرەو ئاوابوونی خۆر و کوژاندنەوە ی ڕوناکایی ی ئیمان و مردن ی یەزدان دەبات ، مردنی یەزدانیش سەرەتا ی سەرهەڵدان و ڕەوایەتیدانە بە ستەم ، نادادپەروەریی ، نایەکسانیی و زەقکردنەوە و چریسکانەوەی شمشێر ی ڕق و کینەیە بۆ ملپەڕاندن و کەوڵکردنی پێست ی مرۆڤ . ڕۆڵی ئیمان و یەزدان لەم نێوە دا چیە ؟ ئیمان هێز یان مەملەکەتێك ی دەستڕۆیشتوو ی دەستەڵات ی پاشایی نیە ، کە بوون ، چەمك و ماناکانی خۆی لە ئەودیوی سروشتەوە حەشاردابێت ، مەقەڕ ، مزگەوت و تەکیە نیە کە ئامانج تیای دا مرۆڤی مێگەلیی لێبەرهەمبهێنێت ، لەقاڵبدانی دەق ، باوەڕ ، عەقیدە ، مەزهەب و ئایینێكیش نیە کە پیرۆزبکرێت و بپەرسترێت ، بەڵکو هێزی ئیلهامێك ی بێکۆتایە کە پەیام و ئامانجەکە ی گەیاندن ی مرۆڤە بە پلەیەکی باڵاتر لە فەزیڵەتی ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) ، دواجار گەیاندنی مرۆڤە بە ڕوناکایی و بەرجەستەبوون ی سیفاتی یەزدانیی لە ئەو ، واتا مرۆڤ دا ، واتا کار و پڕۆژەی ئیمان دروستبوونی مرۆڤی یەزدانییە ، بەجۆرێك ی دی سەرهەڵدانی مرۆڤ ی ئیماندارە . ئاراستە و ئامانجەکان ی ئیمان و ئایین زۆر لێکجیاوازن ، ئایین توێکڵ و دیوە ڕوکەشەکە ی ژیانە ، بەجۆرێك ی دی نێوەندگیریەکە لەنێوان دنیا ی ئاژەڵیی و ئەفسانەکان ی گەیشتن بە دنیا ی بەهەشت و دۆزەخ ! پایە و جێگە ی مرۆڤ لەو نێوەندە دا لە سەنتەربوون و سیفاتی گەردونییەوە بەرەو پەراوێز و ناوچەیبوون ( لۆکاڵییبوون ) و ئەحکام ی پابەندبوون بە دنیا ی ئایین دەبات . بەڵام ئیمان ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو ئەو کۆت و بەندانە ی ئەفسانە ، ئایین و پیاوانی ئایینیی ، ئاراستەکردنی مرۆڤە لە دنیا ی ئەفسانەیی بەرەو دنیا ی هۆشمەندیی و ئازادکردنی مرۆڤە لە دنیا ی ئاژەڵییەوە بەرەو فەلسەفە ی مرۆڤبوون ، واتا گەیاندن ی مرۆڤە بە بەرزترین و باڵاترین ڕەوشت . سیفاتێك ی تر ی ئیمان دەرهاویشتن ی مرۆڤە لە دنیا ی قەتیسبوون ، پەنگخواردنەوە ، خولخواردنەوە و ناوچەییبوون ، بەرەو بەجیهانیبوون و هەڵگرتنی سیفاتێك ی گەردونیی لە ناخ ، ویژدان ، بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا . لەم دنیا سیفات گەردونیە دا ، کە سیفاتێك ی بەرز و باڵای بەرجەستەبووە لە یەزدان دا ، کۆی مرۆڤایەتیی ، بە هەموو ڕەنگ ، زمان ، نەتەوە و ڕەگەزێكەوە لەوێ دا جێگە ی دەبێتەوە ، واتا چ جوویەك یاخود فەلەستینییەك بێت . بەڵام ئەوە ئایین و کەرەستەکان ی ئایینە کە لەلایەك دابڕین دروستدەکەن لە نێوان یەزدان و مرۆڤ دا ، واتا لە نێوان حەقیقەت و فەلسەفەی مرۆڤبوون دا ، و لەلایەکی دیەوە خوڵقاندن ی کێشە و قوڵترکردنەوەی بەربەست و ئاڵنگاریەکانی نێوان مرۆڤە تاکو ڕادەی دروستکردن و حەقانیەتبەخشین بە هەست ی ڕق ، کینە ، بوغز ، تۆڵە لەنێو کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی بەگشتیی و موسوڵمانان بەتایبەتیی : { لاتقوم الساعة حتی یقاتل المسلمون الیهود ، فیقتلهم المسلمون ، حتی یختبئ الیهودي من وراء الحجر والشجر ، فیقول الحجر و الشجر : یامسلم یا عبد اللە هذا یهودي خلفی فتعال فاقتلە ..... تاد } ، مەولانا جەلالەدینی ڕۆمییش ناهەقیی نەنواندووە کە :
من بەو هۆیەوە بێئایین و دینم
تاکو نەڕێژم خوێن ی هاوشێوەم
. لە ڕوانگە ی ئیمانەوە ؛ پێم پێویستە ئاماژەیەك بۆ بەشێك ی تر لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر بدەم کە : { هەروەها مزگەوتی ئەقصا و قودسیش خاڵی هاوبەشی نێوان تێکڕای مسوڵمانانە چونکە یەکەمین ڕووگە و سێیەمین حەڕەمیان و ، شوێنی سەفەری شەوڕۆ و میعراجی پێغەمبەرەکەیانە : سبحان الذی أسرى بعبدە لیلا .... تاد } . قەتیسکردنی دنیا ی ئیمان و سروشت ی یەزدان و سیفاتی یەزدانیی لە ناوچەیەك ی جوگرافیایی دیاریکراو دا یەزدان دادەبەزێنێتە ئاست ی پاشایەك ی ستەمکار و دادوەرێك ی نادادپەروەر و دڕندە کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتدارێتیی و فەرمانڕەوایی ئەو بەشە جوگرافیایە ورگی یەکتر هەڵدەدڕن ؟ ! تاکو ئێرە ؛ لەوانیە بارەکە زۆر تەراژیدیی و بێچارەسەر نەبێت ، بەڵام کێشە قوڵەکە لەوێ دا سەرهەڵدەدات ، کە ئایین وەك ڕۆڵ ی نێوەنجیەك دێتە نێو ئەم کایە و یاریەوە ، واتا دێت و شەرعیەت بە لایەك دەدات بۆ حەڵاڵکردن ی ڕشتنی خوێنی ئەوی دی ! ! بە بۆچوونی من خاڵ ی هاوبەشی نێوان مرۆڤایەتیی بەگشتیی و کۆمەڵگە ی موسوڵمانان بەتایبەتی ، شاری قودس نیە ، بەڵکو ئەو بەها و پرنسیپە مرۆڤایەتییانەن کە دان بە بوونی ئەوانی دی و ڕێز لە مافەکان ی ئەوانی تر دەگرێت ، ئەو پێوانانەن کە جیاکاریی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای فەلسەفەی مرۆڤبوون دادەڕێژن ، واتا ئەو پێوانانە ی زەردەشت ئاسا ، کە بیر ی چاک ، گوتار ی چاك ، کردار ی چاك دەکاتە بنەمای پێناسە و ناسنامەیەك ی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ ی ڕاستەقینە نەك ڕەگەز و ئایین . بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر لەم بارەیەوە وەها دەنووسێت : ( چونکە مرۆڤ ئەگەر مسوڵمان بێ دەبێ پشیت مسوڵمان بگرێ ، بەتایبەت ئەگەر وەك فەلەستینییەکان مەزڵومیش بن .... تاد ) ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ، و پێناسەکردنی مەزڵومیەت لەسەر بنچینە ی ئایین ، باوەڕ و پیرۆزکردن ی پارچەیەك ی جوگرافیایی ، نەك تەنیا ئایدۆلۆژیایەك ی ئەفسانەئامێزاوییە ، بەڵکو هاندان و برەودانە بە بیر ی توندوتیژیی و سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای فاشیزم ی ئیخوانیی و داعشیزم ی ئیسلامیی لەنێو کۆمەڵگە دا . بەیادهێنانەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستانە ی ئیخوان ی ئۆردوغانیی لەهەمبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ، باکور و باشوری کوردستان ئەوەمان بۆدەسەلمێنێت ، کە فەلسەفە ی موسوڵمانبوون فەلسەفەیەك ی پوچگەرایانە ی عەبەسیانەیە ، و توانا ی پاراستنی کەرامەت و زامنکردن یان دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنوسی هیچ گەلێك ی موسوڵمان یان ناموسوڵمانی نیە ، ئەوەی موسوڵمان بە موسوڵمانی کردووە لە دڕندەیی ، چەوساندنەوە ، کوشتار و ئەشکەنجەدان دا ، لە مێژو دا وێنە ی نەبووە . بۆیە کارێك ی ناڕەوا و ناپەسەندە ، ئەگەر ئێمە دیمەنەکانی گشت ئەو مێژوە خوێناویی و پڕ لە نادادپەروەریە ی کە ئاماژەم پێی دا بشێوێنین و تەنیا لە چەمكێك ی بچوك ی وەك زایۆنیزم و یەهودیەت یان شەری وێرانکاریانە ی غەززە - ئیسرائیل دا بەتاڵبکەینەوە ؟ ! پیرەمێرد ی شاعیر :
ئەو قەومەی کە خوا دەربارەی ئەوان ٢
فەرمووی یەك بە دەن بۆ ڕۆژی مەیدان
چۆن لە ڕاستیی جوو ڕوو وەرئەگێڕن
لە خەیبەرەوە بەوانە فێرن
هیوادارم ئەم جەنگە نەبێتە کەرەستەیەك بۆ خۆشکردن ی ئاگری ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لە نێوان مرۆڤ ی جوو و فەلەستینیی ! ! با هەوڵ و بیرکردنەوەکان بەو ئاراستەیە بێت ، کە ڕۆحی میهرەبانیی ، بەخشندەیی و قبوڵکردنی یەکتری لە نێوانیان دا بەرپا ببێت . هیوادارم نمونەکانی عەلی باپیرەکان نەبنە مایە ی فیتنە ، عاقیبەتشەڕیی و دروستکردنی زبڵدانی کولتور ی غەزا ، جیهاد و شەڕی پیرۆز لەنێو دڵ ، دەرون ، ڕەوشت و ویژدان ی تاك ی مرۆڤ ی کورد دا ، دواجار دەڵێم با کورد نەبێتە لەیستۆك و نەچێتە جەنگێکەوە ، کە شەڕی ئەو نیە ، ئێمە ی کورد گیرۆدەی مەزڵومیەت و ستەملێکراویین ، گیرۆدە ی کیمیاویی ، ئەنفال ، ڕەشەکوژیی و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ، فەیلیی و بارزانییەکانین ، گیرۆدە ی ڕەگەزپەرستیی ، بیری دژەکورد و ئیخوانی ئۆردوگانیی ی تورکیین ، کاراکتەر ی چەوسێنەر و ستەمکار لێرە دا گەل ی جوو نیە ، بەڵکو خێڵ ی موسوڵمانانن کە بەدرێژیی سەدان ساڵە دەمانچەوسێننەوە .
پەراوێزەکان
لە نێوان جوولەکە زایۆنییە داگیرکار و فەلەستینییە وڵات زەوتکراوەکاندا
ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئایەتە قورئانیە ی ، کە : یا ایها النبی صرخ المؤمنین علی القتال إن یکن منکم عشرون صابرون یغلبون مائتین و ان یکن منکم مائة یغلبوا الفا من الذین کفروا بأنهم قوم لایفقهون .