ئەم بابەتە وەڵامێکە بۆ فوئاد سدیق لە ناونیشانی بابەتێکیاندا بە ناوی ... ڕۆشەنبیری ئێمە لە کوێن، مەسعود محەمەد و ئەوانی دی ... کە لە ۱۷،۱۲، ۲۰۲۳ لە ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە، وەک خۆی دەڵێت ناونیشانەکەی لەنوسەرێکی بیانیەوە وەرگرتوە گوایە هاو گونجاندنێکە بۆ بابەتەکە.
سەرەتا بابەتەکەی بەڕێز فوئاد سدیقم بەم جۆرە دێتە پێش چاو: لە تەمسیلی مامە خەمە کاتێک کۆنە فرۆشەکان هەمان قاتی حاجی مەکی خۆی کە پێشتر بێئاگاداری حاجی لە ماڵەوە کڕیویانە ئێستا پێیدەفرۆشنەوە چاکەتەکەی کێشەی نیە بەڵام پانترۆڵەکەی کورتە، حاجی مەکی ئەزانێ پانتڕۆڵەکە کورتە بەڵام فرۆشیارەکان فێڵی لێدەکەن بەزۆر قاتەکەی پێدەفرۆشنەوە حاجی مەکی حەزی لەو کێشانە نیە بە ناچاری قاتەکە ئەبا.
ئەم بابەتەش هەمان سیناریۆی حاجی و فرۆشیاری تەڵەکە بازە.
نوسەر دێت سەرەتا درێژ دادڕیەکی بێمانا دەکات کەقەناعەت بە خوێنەر بکات کەبەڵێ مەسعود محەمەد نە بیرمەندەو نە نوسەرێکی شارەزایەو نە زمانزانێکی فەلسەفیە. وەک بڵێین ئەوەی مەسعود محەمەدی کردە ناو زەمەن بوو، لەو کات لە غیابی. ڕۆشەنبیرانەوە مەسعود محەمەد هەڵکەوتووە، گوایا مەسعود محەمەد لە زماندا زیرەک بووە بەڵام لە فەلسەفەی زماندا لاوازبووە وە .تەنانەت داماو بووە، ئەوەی نوسەر دەیڵێ تەنانەت عەزیزی مەلاڕەش لەزمانی فەلسەفی زۆر دەوڵەمەنتر بووە، لە مەسعود محەمەد. بەداخەوە تاکو ئێستا کتابێکی عەزیزی مەلاڕەشمان بەرچاو نەکەوتوە، عەزیزی مەلا ڕەش ئەو ئەستێرە پڕشەنگدرە بە ڕەونەقە نەبوە کەفوئاد سدیق باسی دەکا. تەنانەت لەیەک سەرچاوەی فکری ڕۆشەنبیری ناوی عەزیزی مەلا ڕەش نەهاتوە.
خۆزگە ناوی مەحمودی مەلا عزەت یان ناوی حەمید عەزیز یاخود مامۆستا دکتۆر کەمال میراودەلی یان مامۆستا دکتۆر محەمەد کەمال دەهات کە ئەوانەو چەند بەڕێزێکی تر ئەستێرەی پڕشەنگداری زمانی فەلسەفین. ناوهاتنی عەزیزی مەلا ڕەش لە ئەزعەفول ئیمانەوەیە، وە ئیتر مەسعود محەمەد لەدوای یان لە ژێرەوەی ناوی عەزیزی مەلا ڕەشەوە ئەوەیان هەر زۆر کۆمیدیە. دە ئاخر بەڕێز کاک فوئاد مەسعود محمەد لەدەرەوەی ئەکادیمیاو فەلسەفە بێت بەڵام هێشتا چەقی ئەکەدیمیایە.
نوسەر دەڵێت خۆزگە مەسعوود محمەد کتابێکی هاوشێوەێ بێرتراند ڕەسڵ دەبوو، وەک مەعریفەی مرۆیی، خۆی ڕەسڵ دیاردە ناسیە فیمینۆلۆژیایە نەوەک مەعریفەی مرۆیی، دواریش بێرتراند ڕەسڵ پێنج ژنی هێناوە، وەڵا ئەگەر مەسعودمحەمەد کۆدی فەلسەفەی خۆرئاوا بوایە بەڵام گەر پێنج ژنی هێنابا ئەوا ئێستا فیمینیزمی کوردی مەسعود محەمەدی دەهاویشتە ناو زبڵدانی مێژووەوە ، وە ئەو کات جەنابی فوئاد سدیق بەس بۆ سەلماندنی بیروڕاکانی ئەبووە پشگیری بەهێزی فیمینیزمی کوردی.
بەڵێ گەشتی ژیانی مەسعود محەمەد بەزمانێکی هێندە ئەدەبی بەرز نوسراوە کە هیچی کەمتر نیە لە دانپیانانەکانی ژان ژاک ڕۆسۆ یان بیرەوەریەکانی پابڵۆنیرۆدای شاعیری شیللی. بەڵێ مامۆستا فوئاد گەر بەدیققەت گەشتی ژیانی مەسعودمحەمەد بخوێندباوە ئەوسا ئەیزانی لە گەشتی هێرۆ و هەڵشۆی پشدەرەوە چۆن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بە سەرماو برسیەتی و نەهامەتی ژیانی گوزەراندوە.
بەڵام هەڵبەت دیارە کاک فوئاد لە خوێندنەوەکانی لە مەڕ مەسعود محەمەد کورتی هێناوە هاکەزایی سەرپێی چاوی پیا خشاندووە. گوایا مەسعود محەمەد لە گەشتی ژیانم باسی خواردنی گۆشتی بەراز دەکات کەحەرامە و قەدەغەیە لەناوئیسلام نەشیاوەو ڕێپێنەدراوەو شەرع نیە. ناو هێنانی ئەو نمونە لاوازەیە وەک ئەوە وایە تۆخاوەن خانوویەکی هەزار مەتری بینابیت، خانووەکە دەیاندەرگاو پەنجەرەی تیایە. ئاوا بەڕێکەوت یەکێک لە پەنجەرەکان چەند سم مەترێک لەوانی تر بەرزتر یاخود نەوی ترە، تۆ بێیت بێویژدانانە هەموو خانوەکە زەڕبی سفڕ بکەیەتەوە. ئایا شیاوی ئەندازەیی ڕێپێدراوە.
بەڵێ سەردەمانێک مەسعود محمەد وەک بیرمەندێکی تاک و تەرا وەک سوپەڕ ئیگۆ. بیرمەند لەناو شارو شارستانیەت دروست دەبێ، ئایا ئێمە تایبەتمەندی شارمان هەیە ئایا بۆ ئێمە دۆخێکی گونجاو بوە تاکو بیرکردنەوەی فەلسەفی بەرهەم بێت.
کورد عەقڵیەتی دینی قبوڵە بەڵام تاکو ئێستاش فەلسەفەی قبوڵ نیە نەیتوانیوە بێتە ناو مێژوو، سەر شانۆی مەعریفەت. هەنگاوەکانی مەسعود محەمەد ئەگەر باش و چالاک نەبن ئەوا بێ گومان خراپ نین. بیرکردنەوەکانی لە ناواخنیدا هێشتا غایەتێکیان تێدایە کە بەرەو پنتێکی ڕووت دەڕوات، ئایدیایەکی گەڵاڵەی پێش وەخت لە مەسعود محەمەد دا هەیە. هێشتا ئەوەی مەسعود محەمەد باشترین کارێکە کە لەو زەمەن و ئەو کات نوسرابێ و بەرهەم هاتبێ. مێژووی تاکگەرایی لە ڕۆژئاوا چەندین بیرمەندی لە پشتەوە بووە ئەرگۆمێنتیان کردووە ڕەخنەیان کردووە. ئەمما مەسعود محەمەد تاک لایەنە قسەی لە سەر تاکی کورد کردوە.
بە دیوێکی تر ئەو بۆ مرۆڤایەتی نوسیویەتی لە ووتەیەکی ناوازەیدا هاتوە کە دەڵێ سەیر کە بزانە ئینسان چ کائینێکە بیرکردنەوەو عەقڵی دەگاتە ئاستی کەمال بۆ ناو مانگ و ئەستێرە، بەڵام کە توڕەش دەبێ ئاستی عەقڵی دادەبەزێت بۆ پشیلە.... ئایا ئەمە یۆنیڤیرساڵیەتی مەسعود محەمەد نیە.
کاتێک کاک فوئاد باسی کارل پۆپەر دەکات، بێئاگا لەوەی پۆپەر بە نازناوی گۆڕهەڵکەنەکەی مارکس ناوی دەرکردووە. یەعنی سەردەمانێک کارل پۆپەر ڕەخنەی مارکسی کردوە کە زیاتر لە دوو ملیار کەس کۆمەنیزم بوونە. هەیمەنەی کۆمەنیزم بەشێکی تەواوی جیهانی داگیر کردبوو. ئیتر ئاساییە لە ناو کورد بیرمەندێک بێت ڕەخنەی کۆمەنیزم بکات.
ئیتر باشە بۆ گۆچانەکەی مەسعود محەمەد خوارە یان بۆ کەوان و تیرەکەی مەسعود محەمەد کورتی هێناوە، ئامانجەکەی نەپێکاوەو یان پەیامەکەی نەگەیشتووە. مامۆستا فوئاد باسی سەردەمی ڕۆشەنگەری دەکا کە دەڵێت کورد هێشتا نەگەیشتوە بە ڕۆشەنگەری یان ئێمە هێشتا لە دەرەوەی مێژووین خەریکە بێپەروا هەموو خەتاکەی بخاتە ئەستۆی ملی مەسعود محەمەدەوە.
دیسان کاک فوئاد سدیق ئاماژە بە کتابی زاناو فەیلەسوفان دەکات. کە هەر یەکێکیان کەلێنێکی باشی لە سیستەمی دەوڵەتداری پەیدا کردووە. وەک کتابی ڕەخنە لە عەقڵی پەتی کانت، یان سەرمایەی مارکس، یان فیمینۆلۆژیای هۆشی هیگڵ، یان برایانی کارامازۆڤاو تاوان و سزای دیستۆیڤسکی یان شاکارێکی وەک کۆمیدیای دانتی یان هۆمیڕۆس یان ووشەو شتەکانی میشێل فوکۆ ... یان زەردەشت ئاوای گوتی نیتشە یان لیڤانسی تۆماس هۆبز یان شاکەرەکەی گۆتە یانی زۆری تریش.
ئەی گوایە کوا شاکارەکەی مەسعود محەمەد، کە سەرچاوەی ئیشڕاق و مەعریفە بێت بۆ خوێنەرانی. بەڵێ دیسان کتابی مرۆڤ و دەورو بەری مەسعود محەمەد ناوازەترینی نوسەرە... ئا لە مرۆڤ و دەوروبەر دەڵێین ئەوەیە مەسعود محەمەد.
ئەگەر مەلا عەبدولکەریمی مودڕیس وەک عەلامە کە خاوەنی زیاتر لە سەد کتاب و دەسنوس بێت ئەی پێم ناڵێی بەکام کتابی دەناسرێتەوە بڵێین ئەو کتابە ئایکۆنەکەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە.
خۆ هێشتا مەسعود محەمەد ژمارەی کتابەکانی زۆر لەوە کەمترە لە ئاست نوسراوەکانی عەبدولکەریمی مودەڕیسی زاناو دانا. بەڵێ کتابی مرۆڤ و دەوروبەر سەرچاوەی ئیشڕاق و مەعریفەیە. بەڵام چی لە خوێنەری کورد بکەین لە جیاتی پشگیری هێشتا لە ناو کایەی مەعریفی ڕق بەرهەم دێنێ.
مامۆستا فوئاد دێت باس لە مۆدێرنەتەو پۆست مۆدێرنەتە دەکا بەبێ ئەوەی ناوی یەک فەیلەسوف بێنێ نە میشیل فوکۆ نە هایدگەر نە سارتەر نە لاکان نەدۆڵۆز نەبادیۆ و ئە فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆڕت نە زۆری تریش، وەک بڵێین هەر فرچکی بە فەیلەسوفە کۆنکانەوە گرتبێ...کۆن کۆنخوازە، نوێش نوێگەریە، پێدەچێ کاک فوئاد لە بەرەی یەکەمیان بێت.
مەلا بەختیار لە کتابی دیموکراسی لە نێوان مۆدێرنەتەو پۆست مۆدێرنەتەدا باس لە میشێل فوکۆ دەکات. ئەوەی لەو کتابەی مەلا بەختیار ڕاستە تەنها ناوی میشێل فوکۆیە کە فەڕەنسیە، ئەگینا هیچی ڕاست نیە.
ئەوەی مامۆستا فوئادیش لەسەر مەسعود دەیڵێ تەنها ئەوەی ڕاستە کە مەسعود محەمەد کۆییە، ئەگینا سەر لەبەری ڕەخنەکانی هەڵبەستراوە، هیچی ڕاست نیە.
نوسەر دێت دەڵێت ڕۆشەنبیرانی کوردی مێشکیان کرمی کردووه بەئایدیۆلۆژیاکان، وە گوایا مەسعود محەمەد بازنەی حکومەتی بەغدای تێنەپەڕاندوە.
بەڵێمنیش پشگیری وتەکەی مامۆستا فوئاد سدیق دەکەم. لەو هەڵ و مەرجە مەسعود محەمەد کتابی نامەیەک بۆ غۆرباتشۆف دەنوسێ ... خۆی ئەبوایە مەسعود محەمەد هەڵوێستی هەبوایە لەسەر مەسەلەی ئەنفال و کیمیاباران. بەڵام مامۆستای ئازیز ئەو سەردەمیش بەڕێزتان هەر خەریکی نوسینو کتابی لاوەکی بون ئەی بۆجەنابتان هەڵوێستی نشتیمانیتان نەبو، یاخود لانی کەم بەرهەمێکی هاوشێوەی ئادەمیزاد لەناو کۆمەڵگای کوردەواری عەبدولخاڵق مەعروفتان نەبووە. کە خانوەکەت لە شووشەیە نابێت بەرد بگریە هاوسێکەت.
من ناتوانم بچمە ناو وردەکاریەکانەوە بەڵام خۆزگە ئاڕاستەی ڕەخنەکانت لەو سێنزە ساڵەی پێش مەرگی مەسعود محەمەدد خودی خۆی دەکرد، نەوەک بیست ساڵ دوای مردنی. بەڵێ مەسعود محەمەد ویستی خۆی بێت بیرکردنەوەو خوێنی جیاواز بێت. وەک بڵێین ئەو تاقانە سەیری دنیاو ژیانی کردوە. کێڵگەو بیرکردنەوەکانی کۆمەڵگای کوردی بووە، وەک میراتی ڕابردوو. ئەو سەدا سەد ڕۆژهەڵاتیانە بیری نەکردوتەوە، بەڵام بیرکردنەوەکانیشی ناچێتە ناو سیستەمی بیرکردنەوەی خۆرئاوا.
بەڵێ مەسعود محەمەد ماتریالیزترین دیاردەی ڕۆشەنبیری سەردەمی خۆی. ڕەخنەگر دێت وەک تایپی کۆمەنیزمەکان دەڵێت مەسعود محەمەد زادەی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتیە. باسی کتێبی حەماغای گەورە دەکات. گەر کاک فوئاد نەختێک لە تێکست مەبەستی نوسەر بگەیشتبا ئەیزانی ئەو کتابە بۆیە نوسراوە لە بەهانا هاتنی حەماغایە بۆ خەڵکی هەژارو برسی لە گرانی گەورەی کۆیە ساڵی ۱۹۱۷. نەوەک لەزادەی ستایشی عەقڵی دەرەبەگایەتی کوردیەوە بێت.
دە باشە دەی کاک فوئاد بۆ ڕەخنە لەو هەموو پیاهەڵگوتن و ستایشەی کەریمی عەلەکە ناکەیت کە لەسلێمانی بۆی ئەکەن تەنانەت لە حکومەتی کوردستان کرا بە وەزیری خەزێنەو مالیە... کەچی هێستاش سەخاوەتی حەماغا بە دەیان جار لەکەریمی عەلەکە لە پێشترە.
لە گرانی سەفەر بەرلەک کەریمی عەلەکە گەنمی بە نیوە قیمەت فرۆشتەوە بە خەڵکی، ئەمما حەماغا هەر بێپارە بێبەرامبەر گەنمی بە خەڵکی داوە، ئایا ئەوەی دەڵێی شیاوی ڕەخنەیە، یاخود ڕوانینێکی کوشندەی سەرپێییانەو هەڵکەندنی چاڵە بۆ مەسعود محەمەد.
بەڵێ ئەگەر عەقڵی سەرمایەداری نەبوایە بەحەیاتی خۆی پاڵەو جوتیاری کوردی تا ڕۆژی قیامەت وەک ئەسیری دەستی داس و هەوجاڕ دەمانەوە، ئەگەر چی ئەو دوو ئامێرە ئێجگار سادەو ساکارن، چ جای بگات بەڕاکێشەرو دەڕاسە.
بەڵێ کورد ۲٥۰۰ ساڵە بەشداری مێژووی نەکردوە، هێشتا ئێمە لەدەرەوەی مێژووی مەعریفین. بەداخەوە قەوارەیەکی عەقڵانیمان نیە.
دواجار مەسعود محەمەد هەم مایەی گەشبینیە وە هەم مایەی ڕەخنەیە. بەڵێ منیش دەنگی خۆم دەهاومە پاڵ دەنگی مامۆستا فوئاد سدیق.
بەڵێ خۆزگە مەسعود محەمەد لە جیاتی ئەو هەمووە سەرئێشەیە خەریکی نوسینی ڕۆمانێکی هاوشێوەی شەڕو ئاشتی تۆڵستۆی بوایە لە سەر مێژووی مادەکان کە دەست و بازو تیرو کەوانی جەنگاوەری ماد چەند بەهێز بووە. ئەوسا فوئاد سدیقەکانیش سەرکوت دەکران.