.'چەکدارەکانی جەنجەوید [پاش ئەوەی کە هەموومانیان کۆکردەوە لە گوندەکەدا] دەستیان لە سەر و قاچی ژنان دەدا، ئەگەر ژنێک قژی درێژ و قاچی پڕبووایە و پێستی ناسک و جوان بووایە یەکسەر دەیانبرد بۆ ئەوەی دەستدرێژیی بکەنە سەری. لە نێو هەمووماندا [کە هەموو لە شوێنێکی گوندەکەدا کۆکرابووینەوە] ترس و دڵەڕاوکێ دروست بوو و نەمانتوانی بجووڵێین. چەندین کاتژمێر کچەکانیان دەبرد و دواتر دەیانهێنایەوە. کە دەیانهێنانەوە کچەکان دەگریان، دەمانزانی دەستدرێژییان کراونەتە سەر. هەندێکمان هەر لەبەردەم خەڵکەکەدا [لەبەردەم براو باوک و مێردو خەڵکی گوندەکەدا] دەستدرێژیمان دەکرایە سەر....لەگەڵ ئەوانی تر من لەسەر زەوییە ڕووتەکە دانیشتبووم، زۆر ماندوو بووم، تینووم بوو زۆر ترسابووم. دوو کەسیان هاتنە لام، هەوڵمدا بەرگری لە خۆم بکەم و پێم وتن وازم لێ بێنن بەڵام ئەوان ئەمەیان بەدڵ نەبوو. لێیان دام و بڕیاریان دا لە پێش چاوی خەڵکەکە و هەر لەوێدا دەستدرێژیی بکەنە سەرم، یەکێکیان لە پشتەوە هاتە لام و دەستی کرد بە دەستدرێژیکردنم....دوای ئەوە نەمتوانی بجووڵێم.
هەندێک لە پیاو و گەنجەکانمان هەوڵیان دەدا لە [دەستدرێژی] بمانپارێزن. بەڵام بە گولـلە دایان لە قاچیان. ئەوە زۆر بە ئازار بوو کە ئێمە بینیمان وایان لێ کردن و لەبەرچاومان خوێنیان لێ دەهات و هاواریان دەکرد، ئیتر نەیاندەتوانی بجووڵێن. میلیشیاکان هەندێکی تریان لە پیاوەکان بە ڕووتی لەسەر دارەکان هەڵواسی....هەر ئەمە خۆی وەک کوشتنی ئێمە وابوو چونکە بۆیە وایان لە پیاوەکان دەکرد تا خۆیان ببینن کە چۆن دەستدرێژی دەکرێتە سەر ئێمە و ئێمەش ببینین کە چۆن ئازاری پیاوەکان و گەنجەکانمان [براو باوک و مێردو کەس و خەڵکی گوند] دەدەن... کچانی تەمەن حەوت ساڵ و هەشت ساڵان دەستدرێژییان دەکرایە سەر. هەندێک لە ئافرەتان کە دەسترێژیان دەکرایە سەر، هەر بەوە و بە جوێن و لێدان و سوکایەتیکردنیش وازیان نەدەهێنا و بەڵکو دواتر ئەندامی زاوزێشیان دەبڕین یان دەیاندوورینەوە.
ئەمەی سەرەوە کە تۆ خوێندتەوە چیرۆکی هەندێک لەو ژنانە بوو کە میلیشیا عەرەبەکانی جەنجەویدی سەر بە حکومەتی عەرەبی سودان بەسەر ژنان و کچانی بە ڕەگەز ئەفریقی ناوچەی دارفۆری سودانیان دەهێنا. ئەم ژنانە ئەم چیرۆکانەیان بۆ ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ گێڕاوەتەوە. ئەم کارەساتە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە دەستی پێ کرد. ئەم میلشیایانە، بە پاڵپشتی فرؤکەو هێزی حکومەتی عەرەبی سودان دەوری لادێکانیان دەگرت، پاشان هەموویان کۆ دەکردنەوەو حەزیان لە هەر ژنێک بوایە دەیانبرد بۆ دەسترێژی و کوڕو پیاوەکانیشیان دەکوشت. ئەمە بووە هۆی مردنی ٣٠٠-٤٠٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و ووێرانکردن و سوتاندنی هەزاران گوندو دەستدرێژی کردنە سەر هەزاران ئافرەت بەو جۆرەی سەرەوە. ئاوارەکان تا ئێستاش لە ئاوارەی و دەربەردەریدا دەژین.
لێرەدا پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا تۆ تا ئێستا چەند جار هەواڵی ئەو جینۆسایدەی دارفۆرت بیستووە؟ چەند جار پارە کۆکراوەتەوە بۆ خەڵکی دارفۆر؟ چەند خۆپیشاندانت بینیوە کە کرابێت بۆ پشتگیری خەڵکی بەشمەینەتی دارفۆر؟ دارفۆر لێرەدا تەنها نمونەیەکە. بۆچێ خەڵکی ووڵاتانی ئیسلامی (دنیای ئیسلامی) دەبێت تەنها لەسەر فەلەستین بێنە جواب و تەنها لە کاتێکدا کە هێرشەکان ئیسرائیل بیانکات؟ ئایا ئەوەی لە دارفۆر ڕوویدا زۆر لەوە زیاتر نیە کە لە غەزە ڕوودەدات؟ ئایا ئەمە دەبڵ مۆراڵی و دووڕووی نیەو خەڵکانێکی وەک خەڵکی ئەفریقی دارفۆریش مرۆڤ نین؟
بەڕوونی دیارە کە ئەم هەڵوێستەی کە ئێستا هەیە بۆ پشتگیری خەڵکی فەلەستین پەیوەندی بە لایەنگرتنی حەق و لێقەوماوان و ویژدانەوە نییە، بەڵکو تەنها ئەوەیە کە هەندێک خەڵک هەڵوێستیان هەیە چونکە بە کورتی ڕقیان لە جولەکەیە و هیچی تر، نەک ئەوەبێت کە ئەم خەڵکانە زۆر حەق-خواز بن! بەڵێ، هۆکاری ئەوەی کە خەڵکانی وڵاتان یان دنیای ئیسلامی ئەم کارەساتانە نابیستن یان زۆر کەم دەیبیستن و پەردەپۆش دەکرێت، بەڵام هەردوو چاویان لەسەر مەسەلەی فەلەستینە، تەنها ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی ڕێگە نادات کە خەڵکانی کۆمەڵگە موسوڵمانەکان ئەم ڕاستیانە بزانن. ئەوان تەنها ڕێگە بە تۆ دەدەن ئەوە بزانی کە بەرانبەر وڵاتێک یان لایەنێکی عەرەبی بکرێت. بۆ نموونە، ئەمە لە میدیاکان باس ناکرێت و کەواتە کەسێکی وەک تۆ هەرگیز نایبیستێت، بەڵام مەسەلەی فەلەستین ٢٤ سەعات لەسەر شاشەکان لێ دەدەن. بە هەمان جۆری دارفۆر، کاتێک لە ساڵی ١٩٦٣دا حکوومەتی بەعسی ئەوکاتە جینۆسایدی کوردی دەکرد، یەكێتیی سۆڤیەتی جاران ئەم قەزیەی بردە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی تری نەتەوە یەکگرتوەکان (ئەم بابەتە بە دۆکیومێنت هەیە). بەڵام وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا و جەزائیر و ئەوانی تر، هێرشێکی چڕیان کردە سەر ئەم هەوڵانەو بە "دەستدرێژی"یان بۆ سەر وڵاتێکی عەرەبی (عێراق) وەسف کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە سۆڤیەتەکانیش واز لەو هەوڵانە بهێنن و بەو جۆرە دەستی حکوومەتی عێراق کراوەبوو تا بە دڵی خۆی کورد بکوژێت!
لەبەر ئەوە با کەس ئەوەت پێ نەفرۆشێت کە پشتگیریی ئەوان بۆ فەلەستین هۆکاری مرۆڤی و ویژدانی هەیە و پەیوەستە بە حەق و ناهەقەوە! ئەی کوا حەق و مرۆڤایەتی و ویژدان بۆ خەڵکانێکی وەک خەڵکی دارفۆر؟ مەگەر ئەوانیش مرۆڤ نین و ئەو کارەساتەی لەوێ ڕوویدا و ڕوو دەدات زۆر گەورەتر نین لەوەی کە لە فەلستین ڕوو دەدات؟ ئەی بۆ تۆ یان کەسی تر لە عالەمی ئیسلامی هەڵوێستی نەبوو؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەو هەڵوێستەی کە هەیە تەنها لەسەر ڕق لێبوونەوە لە جوولەکە بونیات نراوە و هیچی تر. هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەوانەی هەڵوێستان هەیە هەڵوێستەکەیان لەسەر هەستێکی مرۆڤدۆستانە و حەق و ناهەق بونیات نابێت، هەرچەندە، بۆ ئەوانەی کە ئاگایان لێ نییە، ئەوانەی کە هەڵوێستیان هەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم بابەتە پەیوەستە بە ویژدان و هەق و ناقەوە، بەڵام ڕاستیەکەی تەنها ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی (بە عەلمانی و ئیسلامیەوە) توانیویەتی فیکری ئەم کەسانە قۆرغ بکات بۆ خۆی – واتە ئەوەی لە بەرژەوەندیی ناسیۆنالیزمی عەرەب بێت – وەک مەسەلەی فەلەستین – بەردەوام دەیدەن بە گوێی تۆدا. بەڵام ئەوەی لە بەرژەوەندیی تۆ نەبێت – وەک دارفۆر – ڕەنگە ڕێگە نەدەن کە تۆ هەر ئاگاشت لێیان بێت!
نوسەری ئەم بابەتە پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانە