ئیسلامی سیاسی وەکو خۆی

ڕێبوار عەلی
  2024-09-18     531

سەرەتا:
ئیسلامی سیاسی زاراوەیەکە، بۆ بزافە ئیسلامیەکان بەکاردێت بەمەستی جیاکردنەوەی ئەو ڕەوتەی کە لەڕێگەی حیزبەوە هەوڵی بەژداری لەگەمەی سیاسی و گرنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی وڵات دەدەن. بەوەش جیادەکرێنە لەڕەوتە ئیسلامیەکانی وەک (ئیسلامی میللی، سۆفی، سەلەفی، نوریی، تەبلیغی، دەعەوی ، جیهادی،ئیخوانی ...هتد). حیزبە ئیسلامیەکان ئەم زاراوەیەیان لەسەر گرانەو بە جۆرێک لە دژایەتیکردنی خودی ئیسلامی دادەنێن، بەو واتایەی ئەم تێڕوانینە ئاینی ئیسلام دوردەخاتەوە لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات! بەبۆچونی من ئەو پاساوەی ئیسلامیەکان بۆ ئەوەیە، لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلامدا جۆرێک لەپیرۆزی بدەن بەخودی خۆیان و لەسەروی هەر ڕەخنەو سەرنجێکەوە بمێننەوە کە بیانخاتە ژێر پرسیاری جدی و باری لێپرسینەوەوە.
دیارە هەر ئايین و ئایۆلۆژیایەک ئاراستەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی ژیان، بەشێکی دانەبڕاوە لێی و هەموو مرۆڤێک دەتوانێت، بەباگراوندی هەر بیروباوەڕو فەلسەفەیەکەوە سیاسەت بکات و دەسەڵات بگرێت بەدەستەوە. نەخوازەڵا ئاینی ئیسلام کە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە بەشداری گەرمی لەململانێکانی کۆمەڵگەدا کردووەو لەشاری مەدینەدا لەدوای دروستکردنی مزگەوت، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی شارەکەی گرتۆتە دەست و ماوەی چەند سەدەیەک بەردەوامبووە لەحوکومڕانی، وەکو دەسەڵاتی هەریەکە لە ( خولەفای ڕاشیدین، ئەمەوی، عەباسی، فاتیمی، ئەیوبی، عوسمانی ....هتد). کەواتە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی خودی ئایين نيیەو ئیجتیهادی مۆڤەو پیرۆز نیەو ڕەخنە لێگرتنی بڤەو قەدەغەنیە، دەشێت پۆڵێن بکرێن و بخرێنە ژێر ڕەخنەی زانستی و خوێندنەوەی بابەتیانەوە.
سەرهەڵدانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی کوردستان:
سەرجەم رەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان ،لەساتی دەرکەوتنیانەوە تاکو ئێستا،ھەبوونیان بۆئەم هۆکارانە دەگەڕێنەوە:
‏ شەڕی سۆفیەت دژی ئەفغانستان ساڵی 1979و دەرکەوتنی موجاھیدینی ئەڤغانی..1
‏ بەرپا بوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ساڵی 1979.2
3-گەشاندنەوەی ڕێکخستنی جیهانیی ئیخوان موسلمین، لە سەرەتای ساڵی 1980 دا.
ئەمانە بوونە ھۆکاری ڕاستەوخۆی سەرھەڵدانی ڕابوونی ئیسلامی و پوژانەوەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، لەسەرانسەری جیھان و لەدایک بوونی رەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان، کە پێشترلە ناوەڕاستی ساڵی پەنجاکان ڕێکخسنی برایانی موسڵمان لە ڕێگەی محەمەد مەحمود سەواف و ئەمجەد زەهاویەوە لە سنوری
تاکە کەسێتیدا گەیشتببووە شارەکانی کوردستان. " سەلام عەبدولكەریم /گوتاری ئیسلاميی وگرفتی ئۆپۆزسیونی سیاسی / 198 ، 289 / 2009 /چاپخانەی سیڤا / سلێمانی."

 

ئەمەش ڕیزبەندی حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستانە، بە پێی ساڵی ڕاگەیاندنیان:
1ـ بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق،کە ساڵی 1987 لە ئێران دامەزرابوو،ساڵی 1991بە ھێزێکی چەکدارییەوە گەڕایەوە کوردستان و وەک سێیەم ھێز لەدوای یەکێتی و پارتیەوە دەرکەوت.
2ـ بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی (نەهزە)،کەساڵی 1992دامەزر، لە ساڵی هەشتاکانەوە ڕێکخستنیان هەبوو.
3ـ یەکگرتووی ئیسلامی کوردسان، (ئیخوان) کەساڵی 1994 ڕاگەێنرا، بەڵام لە شەستەکانەوە ڕێکخستنیان هەبوو.
4ـ یەکبوونی ئیسلامی،کەساڵی1999، لەیەکگرتنی بزوتنەوە و نەھزەی ئیسلامی پێکهێنرا، لەدوای ساڵێک هەڵوەشایەوە.
5ـ کۆمەڵی ئیسلامی کودستان (دادگەری) ،کە ساڵی 2001دامەزرا.
6- بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان، ساڵی 2024 لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دروستبوونی ئەم حیزبە ئیسلامیانەدا، هەموویان لە ناوچەی هەڵەبجەو هەورامانەوە سەریان هەڵداوەو ڕابەرەکانیان جگە لە مامۆستا عەلی باپیروەتمان پشدەری، خەڵکی ئەوناوچانەن و تاکو ئێستا وەکو خۆیان چەسپاون و لە سنوری بنەماڵەییدا قەتیسیان خواردووە.
پرسی گۆڕانکاری و مانەوە وەک خۆیان:
ئەم حیزبەئیسلامیانە، سەرەتا بەھێز دەرکەوتن و دواجار بەرەو داخران رۆیشتن، ئەمانە نەیانتوانی لەگەڵ پێشکەوتن و کرانەوە و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا بڕۆن. بەتایبەتی ساڵی 2003لەگەڵ روخانی رژێمی بەعسدا قۆناغێکی نوێ ھاتەئاراوە. باشترین ھەلبوو ئیسلامییەکان خۆیان بگۆڕن و چاکسازیی لەناو جەستەی خۆیاندابکەن،بەڵام نەیانکرد! لەدوای لەدەستدانی دەرفەتی گۆڕانکاریی و نە چوونەناو قۆناغی نوێوە، بەتایبەتی لە دوای دەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 و سەرکەوتنی گەورەی بەسەر ئیسلامیەکاندا، ھەروەھا لەدایکبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ساڵی 2018 و جارێکتر دواکەوتنەوەی ئیسلامیەکان ئەو ڕاستیەی سەلماند، کە ئیسلامیەکان گەشەکردنیان سنوردارە و چونەتە قۆناغی قۆزاخەوە. دەتوانین زۆر ھۆکار بۆ ئەم دۆگمابوون و چەقبەستنیان بھێنینەوە، کە دیاترینیان ئەمانەن:
‏1ـ زاڵبوونی کەسە تەقلیدی و موحافیزکارەکان لە پیاوان و ژنان ،بەسەر زۆربەی جومگەکانی ئەو حیزبانەدا.
‏2ـ دەستکەوتنی پۆست پارە و ئیمتیازاتی گەورە بەسەر زۆربەی سەرکردە و کاراکانی ئەوحیزبانەدا، بە جۆرێک زۆربەیان لەھەژارەوە بوونە دەوڵەمەند و خەمی یەکەمیان بووە پارێزگاریی لە دەسکەوتەکانی خۆیان، نەوەک گەشە و گۆڕانکاریی.
‏3ـ دەرنەکەوتنیان لە ڕوی سیاسیەوە، وەک هێزی بەرهەڵستکاری جێگرەوەو نمونەی جیاوازی لە حیزبەکانی دەسەڵات.

ئیسلامی سیاسی کوردستان لە دوای شوێنکەوتنی چەندین ساڵەی بیردۆزە نەسەلمێنراوەکانی هەریەکە لە (حەسەن بەننا وئەبو لئەعلای مەودودی و سەید قوتب) گەیشتنە بنبەست، شۆڕشی بەهاری عەرەبی کەساڵی 2010 بەرپابوو دواتر ئاکام و ئەنجامە شکستخواردووەکانی، وەڵامی ئیسلامی سیاسی بوو بۆ
مێژووی سەدساڵەیان، کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نیەو پرۆژەی ئیسلامی سیاسی کۆتایی پێهاتووە و دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکانیشیاندا زۆرینە بە دەست بێنن قەیران دروست دەبێت و بەناچاری دەکشێنە دواوە . هەر لەبەر ئەوەیە ئیسلامیەکانی ئێرەش، لە دوای ئەوەی بە هەژاری دوای مەبدەء و بیروباوەڕەکەیان کەوتبوون، هیلاک بوون و کۆڵیانداو پڕۆژە بنڕەتیەکەیان ڕاوەستا، ئێستا حیزبەکانیان کردووە بە نوسینگەی ئابوری سیاسی و لە ڕێگەیەوە دەوڵەمەند دەبن و بە قۆستنەوەی سروتە ئاینیەکان پلە وپۆست و پایە کۆدەکەنەوە، هەر بۆیە سنوردارن و کارەکەیان بەرەو بێ بازاڕی دەڕوات و دەوڵەتداری و گۆڕانکاری بەوان ئەنجام نادرێت. ئەوان بە کردار وەڵامی مێژوویان دایەوە، کە مۆدێلی سەردەمێکی دیاری کراوبوون و بنمیچی هەڵکشانیان سنوردارە، ئیتر لەوە زیاتر ناتوانن ئاینی ئیسلام و پیرۆزیەکانی بۆ هەمیشە ژێربار بکەن و بیقۆزنەوە بۆ مەبەستە سیاسی و بەرژەوەندیە تایبەتی و دەستەگەرایەکانی خۆیان، هەر هیواهەڵچنینێک لە سەریان زیندەخەونی خۆش و ئاسنی سارد کوتانە.

 

ئەنجام:
1- هۆکاری دروستبوونی ئیسلامی سیاسی کوردستان، زیاتر وەڵامدانەوەی پاڵنەرە دەرەکیەکان بووە.
2- ڕەنگی ناوچەیی بەسەریدا زاڵەو ئەقڵی تەقلیدی دەیبات بەڕێوە.
3- پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی گەیشتۆتە بنبەست و گۆڕانکاری تیادا دروست نابێت.
4- لە ڕوی سیاسیەوە بوونەتە نوسینگەی ئابوری، سروتە ئاینیەکان بۆ گەرمکردنی بازاڕ بە کاردێنن.
5- بۆ ئایندە هیچ هیوایەکیان لەسەر هەڵناچنرێت و نابنە فریادڕەسی سیاسی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×