ئەم ترسە، لە کومەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەگۆڕێ هەروەها لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێک، له عەقڵێکەوە بۆ عەقڵێک، دواجار پەیوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیری و دانایی و زانایی و ڕەسەنایەتییەوە هەیە.
ترسی جێگرتنەوە چییە ؟ کاتێک سەرکردەیەک ئەبینێ کەسێکی لە خۆی سەرکردەتر پەیدا ئەبێ، یەکسەر ئەو ترسە دروست ئەبێ، ترسەکە گەورە ئەبێ، ئەبێ بە شاخێک، ئەوەیش وا دەکات جەنگە نهێنیی و تیرۆرە دراماتیکییەکان سەر هەڵبدەن، بۆ نمونە کاتێ سەدام حسێن ئاو دەکاتە ژێر ئەحمەد حەسەن بەکر و خۆی دەبێتە فەرمانڕەوایەکی تۆتالیتار، یەکسەر ترسی جێگرتنەوەی بەرامبەر هاوڕێکانی بۆ دروست ئەبێ و لە درامایەکی سیاسیدا هەموویان بە خائین له قەڵەم دەدا و خۆی دەبێتە دادوەر و بڕیاری کوشتنیان بۆ دەردەکات. پاشان هەمان ترس بەرامبەر ئەفسەرێکی نزیکی وەک عەدنان خەیروڵای ژنبرای بۆ دروست ئەبێ، کاتێ ئەبینێ ڕۆژ بە ڕۆژ جەماوەر و پێگەی زیاد ئەبێ، لێرەدا ئیتر ترسی جێگرتنەوە هەموو ناخی سەدام داگیر ئەکا و لەناکاو لە درامایەکی تیرۆریستیدا، عەدنان فڕۆکەکەی ئەکەوێتە خوارەوە و کوتایی دێت..
وەهمی جێگرتنەوە نەخۆشییەکی دەروونییە، تەڕ و وشک ئەسوتێنێ، عەقڵ و داهێنان ڕادەگرێت، هەستێکی کاڵ و پێنەگەییوی منداڵانەیه، وەک چۆن منداڵێک یارییەکی بە دەستەوەیە و منداڵێکی تر ئەبینێ، یارییەکەی ئەشارێتەوە یان باوەش ئەکا بە یارییەکەیدا و کاتێ منداڵەکەی تر لێی نزیک ئەکەوێتەوە، هەڵمەتی بۆ دێنێ و شەڕی لەگەڵدا ئەکات، بە بێ هیچ هۆکارێک بۆ شەڕکردن تەنها لەبەرئەوەی یارییەکەی لێ نەسێنێت، یان وەهمی لێسەندنی یارییەکەی و جێگرتنەوەی، وای لێدەکات شەڕی لەگەڵدا بکات، لەوێدا ئیتر یارییەکە ئەبێتە هۆی شەڕ .
ئەم وەهمەی منداڵیی، وەهمێکی ئاساییە و پێویستە هەموو مناڵێک هەیبێ، بەڵام ئەگەر درێژە بکێشێ بۆ تەمەنەکانی تر، ئاسایی نییە، کاتێ سەرۆک ئەو وەهمەی هەبێ و هەر کەسێکی لە خۆی زیرەکتر و داناتر ببینێ، باوەش بکات بە کورسییەکەیدا و لەگەڵیدا بەشەڕ بێت و لەناوی ببات، کارەسات ئەمەیە، چونکە ئەو جێگایە لە ڕێکەوتێکی مێژووییدا، لە میراتێکدا، لە غەدر و کودەتایەکدا دەستی کەوتووە و ئامادە نییە بە هیچ نرخێ دەرستبەرداری ببێ، ئەو جێگایە لەو کۆمەڵگا دواکەوتووانەدا واتا هەموو شتێ، واتا خاوەنداریێتیی بێ قەید و شەرتی هەموو نیشتمان بە هاووڵاتییەکانیشیەوە، ئیتر چۆن وەهمی جێگرتنەوە، شێت و دەهریی ناکات؟ ئەوەتا قەزافی سەرۆکی لیبیا کاتێ وەهمی جێگرەوەی کورسییەکەی ئەبێ بە ڕاست، داوا لە دار و دەستە بەڵتەجیەکەی ئەکا کە ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بگەڕێن و کۆمەڵکوژیی بکەن، هەتا سارکوزی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا ئەوەی پێ قبوڵ ناکرێ و فڕۆکە میراجەکانی هەڵدەستێنێ و دار و دەستەکەی قەزافی تەفر و تونا ئەکا، دوای ئەوە ئیتر ئەم عاشقەی کورسی دەسەڵات، دوا پەیامی بۆ بەڵتەجییەکانی ( دار دار زەنگە زەنگە الی الامام) ئەکرێتە گۆرانییەکی گاڵتەجاڕ و بە دونیادا بڵاو ئەبێتەوە، وەک چۆن چارلی چاپلن، دەسەڵاتپەرستیەکەی ئەدۆڵف هیتلەر ئەکاتە فیلمێکی گاڵتەجاڕ.
مەکیاڤیللی لە کتێبی میردا، ئامۆژگاریی سەرۆکەکان ئەکات هەر کەسێک دڵەڕاوکێی جێگرتنەوە و لێسەندنەوەی کورسییەکەی لەلا دروست بکات، پێویستە لەناوی ببەن. ئەم دڵەڕاوکێیەی سەدام حسێن بۆ نمونە لە هاوڕێکانی و له سیاسەتمەدار و فەرماندە سەربازییەکانی، وایکرد دەیان و سەدان کەسی زانا و بلیمەت و دڵسۆز لە بواری دەوڵەتداریدا بە سیناریۆی جیا جیا لەناو بچن.
شایانی باسە ئەڵێن جۆزێف ستالینی دیکتاتۆری ڕوسیای بەناو بەڵشەفیک و ئەدۆڵف هیتلەر و تەنانەت سەدام حسێنیش، کتێبی میری مەکیاڤیللی تاکە کتێبی دڵخوازیان بووە و تەنانەت ئەڵێن ستالین ئەو کتێبەی لە ژێر سەرینی جێخەوەکەیدا داناوە، بۆ ئەوەی هەمیشە پێش خەوتن، ڕاڤە و پڕۆڤەی لەسەر بکات.
ئەم پەتای جێگرتنەوەیە، کارێک دەکات کۆمەڵگای سەرۆک ببنە کۆمەڵگایەکی درۆزن و دوو ڕوو و کۆیلە و کاسەلێس و دەست سپی، تاکە بازرگانیی تیایدا مەرایی و کلکە لەقێ بێ بۆ سەرۆک، هەر سەرۆکیان بینی بکەونە گۆرانی ووتن بە قەد و باڵایدا، وەسفکردنی و خۆ بچووککردنەوە لە ئاستیدا و دەست و پێڵاو ماچکردنی بۆ ئەوەی ئەو وەهمی جێگرتنەوەی بۆ دروست نەبێ و لەناویان نەبات. ئیتر کۆمەڵگا ئەبێ بە پەرستگایەکی گەورە و هەمووان ئەکەونە سەر چۆک بۆ سەرۆک، سەد و یەک ناوی بەرز و دەگمەنی بۆ دادەتاشن و وڵات پڕ دەکەن لە پەیکەر و تابلۆی سەرۆک و پێی دەڵێن زێڕ و باوک و دیاردەی دەگمەن و بێ وێنە، لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەدا سەد دەنگی هاووڵاتیان بە دەست دێنێ، ئەگەر نەیارێک بە ڕێکەوت پەیدا بێ، هەزاران ڕاپۆرتی سیخۆڕیی پەلکێشی دادگا نیشتمانییە کارتۆنییەکانی ئەکەن و قیڕەی ئەبڕن. ئەم نیفاقە هەمە لایەنەیە، کۆمەڵگا ئەکات بە مەزرای مریشک، بیر و باوەڕ و ئایین و نەتەوایەتیی و نیشتمانپەروەریی و پێشکەوتن و گەشانەوەی تێدا ئەپوکێتەوە، ئەدەب و هونەر ووشک ئەبن، ڕۆژنامە ئەبێ بەمینبەری دۆعا و نزا و پاڵەوانێتییەکانی سەرۆک، نوسەری سەفسەتە کون و کەلەبەری ووڵات پڕ دەکەن، هەمووی بە خاتری ئەوەی سەرۆک لە شێرپەنجەی جێگرتنەوە چاک بێتەوە و وەک سەگی هار بەر نەبێتە لاشەی خەڵکەکە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم وەهمه کۆتایی نایەت، ئەگۆڕێ بۆ شتی جیاواز، بۆ نمونە سەرۆک بڕیار دەرئەکات هەر کەسێک دۆلاری پێ بگیرێت، ئەبێ لە سێدارە بدرێت، وەهمی پارەی بیگانە!! بۆ نمونە سەرۆک لە پڕ ئەدا بەسەر فەرمانگەیەکدا کۆمەڵێک جنێو باران ئەکا و بەناوی نیشتمانپەروەرییەوە کۆمەڵێک ئەکوژێ و کۆمەڵێ نانبڕاو و کۆمەڵێکی تریش زیندان ئەکا، بۆ ئەوەی وەهمەکەی چارەسەر بکات کە بە هیچ شتێ چارەسەر ناکرێ.
نزار قەبانیی لەو بارەیەوە لە شیعری شمشێروەشێنی عەرەبیدا ئەڵێ:
خودە لەسەرێک وەکو خوای ئاسمان،
هەموو شتێک بە کۆیلەکان ئەکات،
هەڵیانئەپەڕێنێ، سەریان ئەپەڕێنێ، ئەیانهاڕێ ...
ئەمانە هەمووی لە ڕاستیدا لە ژێر کاریگەریی وەهمی جێگرتنەوەدا ئەنجام دەدرێن. دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ کوشتن، بۆ نمونە سەدام حسێن مەکینەیەکی قیمەکردنی گەورەی هێنابوو، دوژمنە وەهمیەکانی ئەخستە ناوی و قیمەی دەکردن و گۆشتەکەیانی ئەخستە ناو ئاوی دیجلەوە بۆ ماسییەکان، تی ئێن تی لە قوربانییەکانی ئەبەست، بۆ ئەوەی ببن بە تەپ و تۆز، یان توانەوەیان لە حەوزی تێزابدا، وەهمەکە وای لێدەکات لە گۆڕی نەیارە وەهمییەکانی بترسێ و گۆڕ بزریان بکات، دەیان هەزار قوربانیی لە ووڵاتە دیکتاتۆرەکاندا گۆڕ بزرن، کوژراون و لاشەکانیان بزر کراون، هەزاران دایک و باوک تا دوا هەناسەیان بە دوای لاشەی جگەر گۆشەکانیاندا گەڕاون بێ ئەوەی بیدۆزنەوە.
ئینجا بزانن، وەهمی جێگرتنەوە چ کارەساتێکی مرۆیی و مۆڕاڵیی دروست ئەکات، کۆمەڵگا ئەکات بە مەیدانی پێشبڕکێی سەرشۆڕیی و کۆیلایەتیی، بۆ ئەوەی بەر بومەلەرزەی ئەو دڵەڕاوکێیەی سەرۆک نەکەون، لێرەدا ئیتر هەموو شتێکی سەرۆک جیاوازن و ئەوەی بەخەویش بیر لە لاساییکردنەوەیان بکاتەوە، خراپترین سزا دەدرێت، ئیتر ئوتومبیلەکانی سەرۆک تایبەتن، ڕەنگی ئوتومبیلەکانی، ئەو کانزایەی ئوتومبیلەکانی لێ دروست ئەکرێن، ئەبێ گوللە و ڕۆکێت نەیانبڕێت، کۆشکەکانی،سەعاتەکانی مەچەکی، گۆرەوییەکانی،ئەو کلێنکسانەی چڵمیان پێدا ئەسڕێت، وەک موفەڕک هەڵدەگیرێنەوە و نرخەکانیان لە زێڕ و گەوهەر گرانتر ئەبن، ئەو کچانەی کە لاقەیان دەکات، چاویلکەکەی، جگەرەکەی، تەنانەت دەستشۆر و جێگای پیساییکردنەکەی لە ئاڵتون و ئەڵماس بۆ دروست ئەکرێ بۆ ئەوەی لە هەموو شتێکدا ئەو تاک و تەنها وبێ وێنە و جیاواز و بێجێگرەوە بێ.ئەم وەهمە وای لێدەکات بڵێ من نامرم، سەدام حسێن ئەیووت: باپیرم لە تەمەنی سەدوبیست ساڵیدا ئەسپی تاوداوە، بۆ ئەوەی قوربانییەکانی لەوە حاڵی بکات، ئەم لە دەرەوەی بازنەی فەوتان و مردن و پیربووندایە.
ئەوەی لەو دۆخەی سەرۆک کارەساتبارترە، داچۆڕانی ئەم وەهمی جێگرتنەوەیەیە بۆ ناو تەواوی کۆمەڵگا، بە تایبەت لەبەر ئەوەی هەموو بەرپرس و کاربەدەستەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەستەبژێری ئەو سەرۆکە نەخۆشەن و بە فلتەرەکانی ئەودا ڕۆیشتوون، هەر بۆیە لە بازنەی کاربەدەستیی خۆیاندا هەمان وەهمی جێگرتنەوەی سەرۆک دەچێتە وێزەیان و هەر کەسێک لێی بە شک بن، ئەیخەنە بەر زەبری کاریگەری سزا و دوورخستنەوە و جۆرەها هەڵوێستی نامرۆڤانەی ترەوە، بە جۆرێک زانایەکی وەک ئەحمەد زوێل کە بێ ئاگایە لەم دەردە کوشندەیەی وەهمی جێگرتنەوە ، ئەڵێ : ( له کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا هەر کەسێ سەرکەوتنێ بە دەست بێنێت، هەمووان لە هەوڵی ئەوەدا ئەبن شکستی پێبێنن، بەڵام لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا هەر کەسێ بکەوێ و شکست بێنێ، هەمووان یارمەتی دەدەن و هەڵیدەسێننەوە )
ئەحمەد زوێل لەبەر ئەوەی زانایەکی کیمیا بووە و زۆر ئاگای لە سیاسەت و کۆمەڵناسیی نەبووە، ئاگای لەوە نییە لە ڕۆژهەڵاتدا شتێک نییە بەناوی سەرکەوتن و پێشکەوتن، ئەوەی کە به ناوی سەرکەوتن و پێشکەوتنەوە لە هەندێ کەسدا ئەبینرێ، هەمووی سەرۆک بڕیاری لەسەر داون و ئیمزای بۆ کردوون، بە قبوڵ خاس و بڕیاری تایبەت فەراهەم کراون، تەنانەت پلە بەرزەکانی خوێندن، بەخششی سەرۆکن، لەبەرئەوە هەمووان لە ناخەوە ڕقیان لەوانەیە سەرکەوتنە درۆزنەکانیان بە دەستهێناوە و حەز ئەکەن شکستیان پێبێنن، ئەم حاڵەتە تراژیدییە، شۆڕشێکی ترسنۆکانە و نهێنییە بەسەر سێبەرەکانی دیکتاتۆردا، کاتێ کەسێکی تەمەڵ و تەوەزەل لە ڕێی سەرۆکەوە بڕوانامەی دکتۆرا بە دەست دێنێت یان چەندین پڕۆژە و زەوی و داهاتی بۆ تەرخان دەکرێت و لە ناکاو دەوڵەمەند ئەبێ و هەڵئەئاوسێت، ئەمە ئەبێتە هۆی تووڕە بوونی نهێنیی خەڵک، چونکە ئەزانن ئەمانە هیچ سوودێکیان بۆ میللەت نییە و ئەوەی سەرۆک دەستی پێنەگەیشتووە دایڕزێنێت، ئەمان دایدەڕزێنن. بەڵام لە ئەوروپا و سیستمە تێکنۆکراتەکاندا، مرۆڤ بە پێی زانست و کارامەیی خۆی پلە و پۆست و داهات بەدەست ئەهێنێت، هەر بۆیه ئەوروپییەکان بۆ نمونە ڕقیان لە ستیف جۆبس نییە، لەبەر ئەوەی ستیڤ جۆبز داهێنەرە و کۆمپانیای ئەپڵی داناوە و ئایفۆن و ئایپادی و ئایپۆدی بۆ خەڵکەکە دابینکردووە. بێگومان خەڵکی زانا و دانا و خاوەن ماڵ و سامان، کە بە شێوەیەکی تەندروست و سروشتیی ئەو زانست وماڵەی دەستدەکەوێت، خەڵکێکی بەخشندە و بەبەزەیین و ئامادەن دەستی یارمەتی بۆ هەژاران و کەسانی شکستخواردوو درێژ بکەن، شتێکی ئاساییە خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بل گیتس زۆرینەی سامانەکەی بۆ پڕۆژەی ئاو و کارەبا لە کیشوەری ئەفەریقیادا تەرخانبکات.
واتا فەلسەفەی یارمەتی و کۆمەک لەگەڵ فەلسەفەی ئێرەیی و ملی یەکترشکاندن، لە بنچینەی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کاتێک خەڵکێکی کاسە لێس و خۆپەرست و گەمژه و نەزان، دەوڵەمەند دەکرێن و دەکرێنە پڕۆفیسۆری کارتۆنیی، ئەمانە دینارێک ناخەنە سەر گۆڕی باوکیشیان، چ جای یارمەتیی ڕەش و ڕووت بدەن هەر بۆیە ئەبنە جێی ئێرەیی و تووڕەیی خەڵکەکە، بەڵام خەڵکێک کە بە داهێنان و زیرەکیی و دانایی خۆیان ببنە خاوەن سامان و پلە و پۆست، بێگومان خەڵکێکی بەخشندە دەردەچن و جێی ڕێز و متمانەی خەڵکیشن.
ئەگەر تەماشایەکی چوار دەوری خۆمان بکەین، دیاردەی ترسی جێگرتنەوە لە هەموو کایەکاندا دیارە ، لە سەری سەرەوە هەتا خواری خوارەوە .. برا و برا، برا و ئامۆز لە ترس و وەهمی جێگرتنەوەی کورسی دەسەڵات، یەکتری شار بە دەر ئەکەن، یان ژێر بە ژێر، شیر و تیر لە یەکتر ئەسوون و هەوڵی حەیابردن و پەڕاوێزخستنی یەکتر دەدەن. دیاردەی جیابوونەوە و حیزبی تازە دروستکردن، دەرهاویشتەیەکی ترسی جێگرتنەوەیە، یەکێکی بە توانا لە حیزبێکدا پەیدا ئەبێ، پێگە و جەماوەری هەیە و بواری کوشتن و گۆڕبزرکردنی نییە، ئێ خۆ کورسییەکەیش بڤەیە و نابێ لێی نزیک بێتەوە، هەر بۆیە جیا دەبێتەوە و ڕەشماڵی حیزبێکی تازە هەڵدەدات و کوێخایەکی تری هەتا هەتایی دێتە مەیدانەوە. زیاد بوونی لیست و حیزب و دەستە و ڕێکخراو، کاردانەوەی ئەو وەهمەیە کە ئەبێتە هۆی پارچە پارچه بوونی میللەت، وای لێ دێ ئەوەندە حیزب و کۆمەڵە و دەستە و کەناڵ و ڕۆژنامە دێنە ئاراوە، کەس ئاگای لە کەس نامێنێ و هەر یەکەی خەریکی ئاواز و هۆرە و سروود و پەیڕەوی ناوخۆ و کار و چالاکییە دۆنکیشۆتییەکانی خۆی دەبێ، هەر یەکەی پڕۆڤەی دەوڵەتەداریی تایبەتی خۆی دەکا و هەزاران حوکمەتی خەیاڵپڵاوی ناو قات و بۆینباخ و فڕۆکەی تایبەت و ڤێلای دوورە دەست و ئوتومبیل و جلی گوللەنەبڕ و بودجە و بازگە و ئەندام سەرکردایەتیی دێنە ئاراوە، کە وەک خەیاڵپڵاوەکانی دۆنکیشۆت، پەلاماری پەڕەکەی ئاش و سەر و گوێلاکی یەکتری دەدەن و ئیشیان شکاندن و عەیبدارکردن و لە قوڕا گەوزاندنی یەکترییە.
ئیتر ئەم دەردە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دادەچۆڕێ، لەو ماوەیەدا داوەتکرام بۆ کۆڕی پیاوێکی نیشتمانپەروەر، منیش هەندێ قسەم کرد، پیاوە نیشتمانپەروەرەکە ئارامیی لێ هەڵگیرا، ووتی ئەو قسانەی تۆ بێ ئەرزشن!
تەنانەت لەناو هونەرمەنداندا، لەناو شاعیران و نووسەران و وەرزشکاراندا، لە بازاڕی سپی و ڕەشدا، ئەم وەهمی جێگرتنەوەیە زۆر بە ئاشکرا دیارە، لەم شارەی خۆماندا چەند هونەرمەندێک دەرمانێک (کە ناوی ناهێنم ) لەگەڵ خواردندا دەرخواردی هونەرمەندێکی تازە و بەتوانا دەدەن بۆ ئەوەی ژێکانی دەنگی تێک بچن و جارێکی تر نەوێرێ توخنی گورانی ووتن بکەوێ ببێتە جێگرەوەی ئەوان.
دوو وتار ئەنێریت بۆ ڕۆژنامەیەک، یەکسەر ترسی جێگرتنەوە هەراسانیان دەکات، ووتاری سێیەمت پشتگوێ دەخەن، هەمان کات بە فەیلەسوفێکی خزمیان یان به بیریارێکی عەشرەتەکەیان ئەڵێن : ئادەی بە زنجیرە ووتارێک قوڕمچەی بکە!
ئەویش ئەڵێ خەمتان نەبێ، واتان بۆ لێدەکەم، جارێکی تر لە ڕووی نەیەت دەست بداتەوە قەڵەم!
نووسەری بەناوبانگمان هەیە، لە ترسی پێگە و کورسییەکەی، هەر دەم ئەکاتەوە میللەت سوک و ڕیسوا ئەکا و جنێوگەلێکی دیپلۆماسیی وایان پێ ئەدا، مەگەر هەرخەڵکی ئێمە قبوڵی بکەن.
پزیشک هەبووە هەتا مردووە قسەی لەگەڵ پزیشکەکەی هاوتایبەتمەندیی نەکردووە، نەک زانیارییەکی لێ ببات و پێگە و ئاستی زانستیەکەی لەق بێ و ببێتە جێگرەوە یان برابەشی.
تەنانەت لە نێوان هاوسەرەکاندا ئەم کێبڕکێ و وەهمی جێگرتنەوەیە هەیە و کورسێکە له نێوانیاندا دێت و دەچێت، هەتا خێزانەکە تیا ئەچێت، کۆمەڵێ مناڵی نەخۆش و خەمۆکیی و دژ بە یەک و ناڕازییان لێوە سەرچاوە ئەگرێت.
ئەمە حاڵ و ئەمە مەسەلە، ئیتر بە ڕاستی ئەم دەردی وەهم و ترسی جێگرتنەوەیە نازانم چارەسەرەکەی چۆنە و چەندی تێ ئەچێ و کێ پێی هەڵئەسێ، ئێوەیش هیمەتێکی بۆ بکەن ...