لوتکەی ئەمریکا، چین، ڕوسیا و دەروازەیەک بۆ قۆناغێکی نوێ

شاهۆ پاڵانی
  2026-11-20   

لە سەروەری یاساوە بۆ لۆژیک و سەروەری هێز

 

هەڵبەتە کۆبوونەوەی لوتکەی سێ قۆڵی ترامپ، شی جینپینگ و پوتین کە لە 19.11.2027 لە چین بەڕێوەچوو، پێشهاتێکی نوێیەو دەکرێ وەک دەروازەی قۆناغێکی تازەی سیستەمی جیهانی چاوی لێ بکرێت. ئەوەی لەم کۆبوونەوەیە گوزەرا و قسەی لەسەر کرا تەنها ئەم چوار خاڵە نەبوون کە بۆ ڕای گشتی جیهانی بڵاوکرایەوە، لاری لەوەدا نیە کە ئەمە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی، سیاسی و دیپلۆماسی نێوان زلهێزەکان بوو، هەروەها گومانیش لەوەدا نیە کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرەی  ئاستی باڵای زلهێزانی دونیا هەروا سادەو بێ ئەجێندا نامێمێنتەوە بۆ داهاتوو.

ئەوەی تا ئێستا ڕوونە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لە سەر هیچکام لە میحوەرەکانی جەنگی ئۆکراین و ئێران ڕانەگەیەنراوە و هێشتاش ناکۆکیەکان لەسەر تایوان بەردەوامن ، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترامپ و ڤلادیمێر پوتین پێش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی، دوو بە دوو لەسەر جەنگی ئۆکراین 40 خولەک گفتوگۆیان کردووە، بە بێ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک یاخود نەخشە ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنانی جەنگ لەم میحوەرە ڕابگەیەنرێت، تەنانەت لە بەیاننامەی کۆتاییشدا ناوی ئۆکراین هەر نەهاتووە.

ئەمەش بەو مانایە نیە کە ئیدی ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕوسیا و ئۆکراین گەیشتبێتە بنبەست، مێژوو سەلماندوویەتی هەموو جەنگێک چ کورتخایەن یاخود درێژخایەن دواجار کۆتایی دێت و زۆر جاریش بە دەخالەتی زلهێزەکان بووەو دەسکەوت و بەرژەوەندی ئەوانیشی تێدا ڕەچاوکراوە. بۆیە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەو کۆبوونەوەیە دەروازی چوونە ناو قۆناغێکی تازەیە کە ڕەنگە گۆڕانکاری گەوەرە لە سیستەمی جیهانیدا بە دوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەتیش شێوازی ململانێ و کۆنفلێکتی زلهێزەکان و داڕشتنەوەی خواستی بەرژەوەندیەکانیان بە شێوازێکی نوێ، بەبێ ئەوەی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ لە نێوانیان ڕووبدات.    

لە ڕوانگەی ژیۆپۆلیتیکیەوە دەکرێ ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان زلهێزەکان لە سیستەمێکی نوێی جیهانیی فرەجەمسەریدا چاوی لێبکرێت. بەڵام ئەم بابەتە هێشتا لەدەستپێکدایە و ڕەنگە لە ئێستادا زوو بێت، کە وەک ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بۆ دابەشکردنەوەی جیۆپۆلیتیکی هەژموون و دەسەڵات لە ناوچەکانی جیهاندا لێکی بدەینەوە. 

یەکێک لەو خاڵانەی ناو بەیاننامەکە کە سەرنجی منی ڕاکێشا و بەگومانەوە لێی دەڕوانم، دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان بوو، کە باس لە سنووردارکردنی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادگاکە دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر تۆخترکردنەوەی پارێزبەندی سەرۆک و بەرپرسانی دەوڵەتان دەکاتەوە، کە هەڵبەتە مەبەست و مەرامی ئەم پارێزبەندیە لە پێشدا و لە ڕیزبەندی یەکەمدا بۆ سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی زلهێز دەبێت. بۆ ئەوەی هیچ یاسایێکی نێودەوڵەتی نەبێتە کۆسپ لەبەردەم گەیشتن بە بەرژەوەندی زلهێزەکان و فراوانکردنی هەژموونیان لە ناوچەکانی جیهاندا.

بەپێی ماددەی 27 ی پەیماننامەی ڕۆما کە بنەمای یاسایی دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکانە، هیچ کەسێک بەهۆی پۆست و پلەی سیاسیی خۆیەوە لە بەرپرسیارێتیی تاوان بەدەر نییە، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی دەوڵەتیش بێت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە، کە ئەمریکا، چین و ڕوسیا  هیچ کامیان ئەندامی پەیماننامەی ڕۆما نین، کەچی سەرەڕای ناکۆکیە ستراتیژیەکانیان لەم خاڵەدا سەبارەت بە سنوردارکردنی دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان هاوڕا و کۆکن.

بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دادگاکە مەرج نیە زلهێزان هیچ فشارێک بکەن بۆ گۆڕینی ماددە یاساییەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەوەندە بۆ ئەوان بەسە کە دەتوانن پێوەی پەیوەست نەبن و تا ئێستاش هەر وا بووە، بۆ نمونە: ڤلادیمێر پوتین بە هۆی هێرشی بۆ سەر ئۆکراین، لە ساڵی 2023 وە لە لایەن دادگاکەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە! بەڵام ئایا لە ئەرزی واقیعدا ئەمە قابیلی جێبەجێ کردنە!؟ یاخوود ئایا پوتین گوێی بەو بڕیارە داوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر مێشێکیش میوانی نەبووە.

هەڵبەتە زۆر خاڵی جەوهەری ڕانەگەیەنراو لەم لوتکەیەدا باسکراون، وەک جەنگی ئێران،  داهاتووی تەنگەی هورمز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەنگی ئۆکراین ڕوسیا، پێشموایە ئەوروپا و داهاتووی هاوپەیمانی ناتۆ یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کبوونەوەکە بووبێ، هەروەها ناکۆکیەکان لەسەر تایوان و لە هەمووشی گرنگتر، داهاتووی سیستەمی بازرگانی جیهانی و بابەتی باج و ڕێڕەوە ئاوی و وشکانیەکان و زۆر شتی تریش،  کە ڕەنگە داهاتوو پەردەیان لەسەردا هەڵبماڵێ.

بۆیە بە بۆچوونی من ئەوە دوا کۆبوونەوەی ئەم لوتکەیە نابێت و ڕەنگە لە داهاتوودا بە پێێ بارو زروفی جیهان و قەیران و پێشهاتەکان، ناوە ناوە کۆبوونەوەی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت و وردە وردە جیهان بەرەو سیستەمێکی نوێی فرەجەمسەری هانگاو بنێت.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی لاهور شێخ جه‌نگی له‌ زیندانه‌وه‌
دوای ٣٥ ساڵ لە مانەوەیان لە تونس؛ عێراق دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧" دەفرۆشێت
هاوپه‌یمانی نیشتمانی: هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای سەرەکیی حزبمان لە هەولێر
تره‌مپ: له‌ په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ تا دوای سه‌ری ساڵی نوێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین
له‌سه‌ر دۆسیه‌ی قاچاخچێتی له‌ جورف سه‌خر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی بۆرییه‌‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ستگیركرا
پاش هەنگاوەکەی جورف سەخر و پەیامەکەی عەلی زەیدی؛ فەرماندەی زێرەڤانی: هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەرێم
ڕەشنوسی بودجەی 2027ی عێراق تەواوکرا؛ داهاتی نانەوتی دەگاتە 19٪ و دۆسیەی نەوتی هەرێم وەک بەربەستی سەرەکی دەمێنێتەوە
جرف الصخر لەسەر لێواری تەقینەوە؛ ئەمریکا بە تەلەفۆن و ئێران لە مەیداندا
یەرەکە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و تۆپخانە سنووری سەردەشتی بۆردوومان کرد و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە
ترەمپ بە ئامادەبوونی پووتین و شی جینپینگ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×