نیشانەکانی دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێ یەم تا دێت ڕوونتر دەردەکەون، ڕەنگە لەسەردەمی ئێستای جیهانگیری و زیرەکی دەستکرد دا شێوازو بەڕێوەچوونی جەنگی جیهانی سێ یەم لە دوو جەنگەکەی تر نەچی و جیاواز بێت. دۆخی ململانێکان و جیۆپۆلەتیکی جیهان لەم ساڵانەی دواییدا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەت دوای بەردەوامی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە، ئەم جەنگە یەکێک لە قەیرانە هەرە جیددییەکانی ئەوروپای دوای جەنگی جیهانی دووەمە، جگە لە ململانێ سەربازییە ڕاستەوخۆکان، سزاکانی سەر ڕووسیا و ڕادەستکردنی چەک لە لایەن ئەوروپاو ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، بووەتە هۆی تۆخکردنەوەی جەمسەربەندی جیهانی و ئاڵۆزترکردنی ململانێ و ئاڵنگاریەکان لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان. وە پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە، لێکەوتەی دوور مەودای بۆ سەقامگیری جیهانی و بە دیاریکراویش ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە.
لە لایێکی ترەوە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریاو خاپوورکردنی هیلالی شیعی و لاوازکردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە، بە جۆرێک کە نەک ئێران لە دووری سنورەکانی خۆی توانای هێرشکردنی بۆ سەر نەیارەکانی نەماوە بەڵکو ئێران ئاخنراوەتە گۆشەیێکی تەنگی بەرگری. تورکیاش سەررەڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام قەیرانی ئابووری و گرژیە سیاسییەکانی لە ناوەخۆ، ناوچەکەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە هەڵکشاندایە، دوای دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغلوش قەیرانێکی تری جیددی خستە سەر ئەوانی ترو وەک بومەلەرزەیێک زەمینەی ئابووری و ئاسایشی ناوەخۆی تورکیای نزیک کردۆتەوە لە لێواری داڕمان.
ئەوەی پێشهات و ڕووداوەکانی بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریەکان خێراترکرد ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بوو لە سوریا، سەرەڕای ڕاماڵینی ڕژێمێکی دکتاتۆری شۆڤێنی، هێشتا ئاسۆی گەیشتنی سوریا بە کەناری ئارامی و دیموکراسی ناڕوون و تەم و مژاویە، ئەوەی دەسەڵاتی سوریای گرتۆتەدەست هەیئەی تەحریری شامە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ( ئەبو محەمەد جۆلانی) کە دیفاکتۆیێکە هێشتا ئەوروپاو ئەمریکا بە فەرمی دانیان پێدا نەناوەو بە گومانەوە لێی دەڕوانن و لەژێر چاورێری دایە. ئەو ڕەشەکوژیەی لە کەناراوەکانی تەڕتوس و لازقیە کرا بەرامبەر بە عەلەویەکان، ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی نوێی سوریای دەرخست و ئەو ڕاستیەی ئاشکراکرد، کە ئەحمەد شەرع چ گورگێکی کەڵبە بەخوێنە لە پێستی مەڕدا، ئەمەش ئارگۆمێنتێکی باشە بەدەست ئیسرائیل و زەمینەیێکی گونجاویشی بۆ دەڕەخسێنێ بۆ خێراترکردنی فراوانی سنورەکانی و هەنگاونان بەرەو پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە کە خەونێکی لەمێژینەی جولەکەکانە.
بەهەمانشێوە هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کاری ئیسرائیلی ئاسانتر کردو بیانوی بەدەستەوەدا، کە ئیدی غەزە تەختی زەوی بکرێت و کوشتنی سەرکردەکانی وەک هەنیەو سنوار و ئەوانی تر شایەتی شکستەکانی حەماسە بەرامبەر بە ئیسرائیل. لاوازکردنی حزبوڵای لوبنانی و کوشتنی حەسەن نەسروڵاو سەرکردەکانی تری ئەو حزبەش درێژکراوەی هەمان جەنگە کە حەماس دەستی پێکرد و گڕی پێ لە ناوچەکە بەردا و داسی دروێنەی سەرکەوتنەکانی دایە دەستی ئیسرائیل.
سەرەنجامی هەموو ئەمانە ئێران کەوتە چاڵێکی قوڵی قەیرانی زۆر جیددی، کە هاتنە دەرەوەی ئەستەم بێت. ئێرانی ئێستا زۆر جیاوازترە لە ئێرانی پێش کەوتنی ئەسەد، سەرەڕای سزا و ئابڵوقە سەپێنراوەکان و قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەردەوامی هێلی هەژاری کە ناوەخۆی ئێرانی نزیک کردۆتەوە لە داڕووخان، سەرباری ئەوەی تا ڕادەیەک تەنیا مانەوەی لە ناوچەکە، ئێران لە ئێستادا کەوتۆتە بەردەم دوڕیانێکی سەخت کە دەرچوون لێی نزیکە لە مەحاڵ، لە دوای نامەکەی ترامپ بۆ خامەنیی، ئێران دوو بژاردەی هەیە، یەکیان بژاردەی ڕێککەوتنە کە پەیوەستی دەکات بە دەستبەردان لە پڕۆژەی ئەتۆمی و پەرەپێدانی چەکی ستراتیژی، پشتکردن لە هەموو گروپە میلیشیا وەلائیەکانی هەر لە گروپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و هەموو ئەوانی تر تا دەگاتە حوسیەکانی یەمەن کە بە بەرەی مقاوەمە ناسراوە، ئەمەش دەستبەرزکردنەوەو تەسلیمبوونی ئێران دەگەیەنێت بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل، یاخود دەبێ خۆی بۆ شەڕێکی چاوەڕوانکراوی وێرانکەر ئامادە بکات، کە دەبێتە هۆی ڕوخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، لە ئەگەری بژاردەی دووەمدا دوا بزمار لە تابووتی خۆی دەدات، بۆچی!؟ ... لەبەرئەوەی ناو هەناوی ئەم وڵاتە پڕە لە نەخۆشی کوشندەو هەر لە دەستپێکی چوونە ناو پرۆسەی جەنگ، ڕقی پەنگخواردووی گەلانی ئێران دەتەقێتەوەو ئاگری ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گڵپە دەکات و سەرتاسەری وڵات دەگرێتەوە.
سەبارەت بە نزیکبوونەوەی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێ یەم، کۆمەڵێک فاکتەر و ململانێی نێودەوڵەتی لە چەندین گۆشەی دنیادا بوونی هەیە. لەوانە سەرکەوتنی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، کە کەسێکی پێشبینی نەکراوەو زۆر جار هەڕەشەی وا دەکات، پێشتر هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی نەیکردوە، بۆ نمونە دەڵێ کەنەدا دەکەین بە ولایەتێکی ئەمریکی، هەڕەشەکانی لە ئەمریکای لاتینی، وروژاندنی بیرۆکەی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند، هەڕەشەی چۆڵکردنی غەززەو دەستبەسەرداگرتنی، سەرەڕای قەیرانی ناوەخۆی ناتۆ و مەترسی هەڵوەشانەوەی، لە لایێکی ترەوە جەنگی زیاتر لە سێ ساڵەی ڕوسیاو ئۆکرانیا کە ناو ماڵی ئەوروپای تۆشی قەیرانی سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلەتیکی زۆر جیددی کردوە، هەرچەندە چین لە ئێستادا خۆی لە ململانێی سەربازی بەدوور دەگرێ، بەڵام داگیرکردنی تایوان لە لایەن چینەوە لە گۆشەیێکی تری ڕۆژهاڵاتی جیهاندا مەترسیێکی دیکەیە. لە هەمووشیان نزیکتر لە تەقینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لەسەرەوە تیشکێکی خێرامان خستە سەری.
دەکرێ لە ئێستادا سەرباری ئەو فاکتەرانەش جەنگی جیهانی سێ یەم هێشتا دووربێت لە تەقینەوە، بەڵام دابەشکردنەوەی نەخشەی جوگرافی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەریەکانی جیۆپۆلەتیکی نوێدا ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە. گرژیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەڵکشاندایە، ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا یاریکەرێکی سەرەکیە لە ناوچەکەو باشترین هەلی بۆ ڕەخساوە بۆ فراوانکردنی سنورەکانی و پڕۆژەی جێبەجێکردنی کۆڕیدۆری داود و ئیسرائیلی گەورە، کە خەونی لەمێژینەی جوەکانە. هەر لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مەترسیەش بوو تورکیا مەسەلەی بەناو ئاشتی لەگەڵ کورد وروژاند، هەم بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکانی کاریگەری دابەشبوونی ناوچەکە لەسەر تورکیا، هەم بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر هیچی دەستنەکەوێت لە داڕشتنەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە کورد لەم گۆڕانکاریانەدا چانسێکی باشی هەیە بەو مەرجەی یاریێکی ژیرانە بکات و چاوی لە دەستکەوتی ستراتیژی بێت و بە تاکتیکی ئقلیمی هەڵنەخەڵەتێ.
دەمێنێتەوە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە، سنورەکانی جوگرافیای تەواوی جیهان دەستکردی هێزو سیاسەت و جیۆپۆلەتیکە و هەموو کات دەکرێ گۆڕانکاری تێدا بکرێ، بەتایبەتی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە زادەی ڕێککەوتنی سایکسپیکۆ و دواتریش پەیمانی لۆزانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بوو کە بۆ ١٠٠ ساڵ واژۆ کرابوو، لەو کاتەوەش تا ئێستا گرژی و ئاڵۆزی بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ یەخەی ناوچەکەی بەرنەداوە، ئێستاش جگە لەوەی ماوەی دیاریکراوی پەیمانی لۆزان کۆتایی هاتووە، ناوچەکەش لە بەردەم ململانێ و تەحەددیاتی جیۆپۆلەتیکی نوێ دایەو، ئەمجارەیان داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە قەڵەمی ئەمریکاو ئیسرائیل دەبێت نەک بەریتانیاو فەرەنسا.