سەردانەکەی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ دیمەشق، کۆمەڵێک پەیامی ڕاسەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گرنگی هەڵگرتبوو، پەیامەکان تەنها بۆ دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق نەبوو، بەڵکو پەیامێکیشی بەگوێی تورکیای ئەردۆگان دا، کە ئەوان سورن لەسەر پشتیوانیکردنی کورد و جەخت لەسەر گەرەنتیکردنی مافی کوردانی ڕۆژئاوا دەکەنەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریای نوێ و پشتیان تێناکەن.
سەرەتا لە سەردانەکە ئەوە بەڕوونی دەخوێندرایەوە کە هەردوو وەزیریرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا، تەنها بەناوی دوو وڵاتەکەوە سەردانی دیمەشقیان نەکردبوو، بەڵکو ئەوان بەناوی یەکێتی ئەوروپاوە پەیامەکانیان بە دەسەڵاتی سوریا گەیاند بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع. من ڕۆشنایی دەخەمە سەر قسەکانی ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، بۆ ستافی پەیامنێرانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا دوا، کە لەو سەردانەدا یاوەرییان کردبوو.
سەبارەت بە پەیامی ڕاستەوخۆیان بۆ دەسەڵاتی ئێستای سوریا گووتی، ئێمە بەدەسەڵاتی سوریامان ڕاگەیاندوە کە (یەکێتی ئەوروپا) هیواخوازی حکومەتێکی دیموکراتیە لە سوریا و چاوەڕوانی ئەوەش لە حکومەتی داهاتوو دەکەن، کە مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەکانی تێدا پارێزراو بێ بەتایبەتیش جەختی لەسەر مافی ژن کردەوە. وە بە ڕاشکاویش گووتی، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە هاوکاربێ بۆ بونیادنانەوەی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەک و یارمەتی پێشکەش دەکات. بەڵام ئەوروپا هەگیز نابێتە مەکینەی پارەدەر بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوروپا پەلە لە بڕیارەکانی ناکات، بەڵکو بە ووریایی و بەوردی چاودێری ڕەوشەکە دەکات، ئاخۆ دەوڵەتی داهاتووی سوریا بەرەو کام ئاڕاستە هەنگاو دەنێ. ئەوروپا ئەوە باش دەزانێ کە دەستتێوەردانی ئیقلیمی لەناوچەکەدا بوونی هەیە و ڕەنگە داهاتووی سوریا بکەوێتە ژێر کاریگەری تورکیا و قەتەر، کە پارەیێکی زۆریان خستۆتە خزمەتی تەوژمی ئیسلامی ئیخوانی لە ناوچەکە، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک ئەوروپاو ئەمریکا چاوپۆشی لێناکەن.
زۆر بە ڕوونیش بە ئەحمەد شەرعیان گووتوە کە، دابینکردنی گەرەنتی ئاسایشی کورد لای ئەوان گرنگەو پێویستە مافەکانیان وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سوریا پارێزراوبێت، بۆ ئەم مەبەستە زۆر بەگرنگیان زانیوە و هانی دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شامیان داوە، بە زووترین کات دانوستان لە گەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، کە ئەوانیش وەکو لایەنی ئەڵمانی لە هەفتەکانی ڕابردوو کاریان لەسەر ئەوە کردوە. هەروەها ڕێنماییان کردوون ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی سوپایێکی نیشتیمانی بکەن بە بەشداری هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەپێی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەحمەد شەرعیش بۆ ئەمە هاوڕا بوە لە گەڵیان.
بە کاری لەپێشینەشیان زانیوە، کار بکرێ بۆ وەستاندنی ئەو شەڕەی کە ئێستا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامی هەیەو لەلایەن گروپە میلیشیاکانی پڕۆ تورکیا درێژەی پێدەدرێ. ئانالینا باربۆک لە کۆتاییدا دەڵێ، هۆکار زۆر بوون بۆ ئەوەی ئومێدمان هەبێت، بەڵام هۆکاریش هەن کە دەبێ بە ووریاییەوە مامەڵە بکەین.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەیامگەلێکی فرەڕەهەند بەدەستەوە دەدەن، کە بۆ کورد دڵخۆشکەرەو بە خاڵی پۆزەتیڤ لێکدەدرێتەوە. لەلایەک ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا دەڵێن، کە ئەوان چاوەڕیی حکومەتێکی دیموکراتی فرەیی دەکەن لە سوریای داهاتوو، کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەکان بەیەکسانی لە ژێر یەک چەتری دادپەروەریدا کۆبکاتەوە بە نەتەوەی کوردیشەوە، وە بە ڕوونیش هۆشداریان پێدەدا کە ناکرێ لەژێر هیچ پاساوێکدا مافی ژن پێشێل بکرێت. هەڵبەتە ئەوروپا و ئەمریکاش باگڕاوند و بیۆگرافیای ئەم گروپانە لەبەرچاو دەگرن، بۆیە هێشتا بە گومانەوە لە دەسەڵاتی نوێی سوریا دەڕوانن، ڕاستە بە ئاگاداری و ڕێپێدانی ئەمریکا، ئەوروپا و ئیسرائیلیش هەیئەی تەحریری شام بەپشتیوانی تورکیاو قەتەر سەرکەوت، بەڵام یاریەکەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا زۆر لەوە فراوانترە و پلانی تریشی بەدواوەیە لە ناوچەکە.
لە لایەکی ترەوە پەیامێکی ڕوون دەدەنە تورکیا کە ئەوان دەستبەرداری کورد نابن و بەناڕاستەوخۆش هۆشداریان پێدەدەن کە دەبێ شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕابگرن و گروپە میلیشیاکانیان لغاو بکەن. بەتایبەتیش دوای ئەوەی دوێنێ جێگری نوێنەری سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گووتی، گەرەنتیکردنی پاراستنی کورد لە سوریا بە پێویست دەزانین و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشیشی نەشاردەوە، ئەمڕۆش ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبونەوەی باڵوێزانی وڵاتەکەی بەڵێنی دا، کە ئەوان هەرگیز پشت لە کورد ناکەن لە سوریا. هەموو ئەمانە کێچی خستۆتە کەوڵی حکومەتی تورکیا، نازانێ چۆن هەڵسوکەوت بکات و بە چ ڕێگایەک هەوڵی تێکدان و لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا بدات. ڕاستە ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپاش ئێزان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن لە ناوچەکە، بەڵام هەرگیز تورکیاش بە دۆستی خۆیان نازانن، چونکە ئێران هاندەرو داینەمۆی تەوژمی ئیسلامیی شیعەگەرایەو تورکیاش خۆی بە ڕابەری جیهانی سوننەگەرایی دەزانێ و بە داینەمۆی تەوژمی ئیخوانی دادەنرێ.