لاوازی ڕۆڵی کورد لە گۆڕانکاریەکانی سوریا چارەنوسی ڕۆژئاڤا بەرەو کوێ دەبات!

شاهۆ پاڵانی
  2024-12-20     167

کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا نزیک دەبێتەوە لە دوو هەفتە، لە لایەن هەیئەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی حکومەتی قۆناغی ڕاگوزەریش پێکهێنرا، کەچی پێکهاتەی کورد لە سوریا لە بچوکترین پانتایی هاوکێشەکان بۆ کێشانی نەخشەی حکومڕانی لە سوریای داهاتوو جێگای نەکراوەتەوە. ئەوەش پرسیارو تێڕامانی زۆر جیددی هەڵدەگرێ.

جێگای داخە، کورد نەک پێش ڕووداوەکان ناکەوێ یان هیچ نەبێ هاوتەریب لەگەڵی ناڕوا، بەڵکو هەمیشە دوای ڕوداوەکان خەبەری دەبێتەوەو هەوڵ دەدا بەدوایدا ڕابکات، کە ئەمە زۆر درەنگ دەبێ بۆ زامنکردنی هەر دەستکەوتێک. ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دە ساڵی ڕابردوو دەبوایە ئەنجامی دابا، یەکخستنی گوتارێکی هاوبەشی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو لە نێوان لایەن و هێزە سیاسیەکانی کورد، کە دەبوە فاکتەری بەهێزی پێگەی لایەنی کورد وەک نەتەوە لە ڕەوش و پێشهاتێکی وەک ئێستای سوریا.

خاڵێکی تری گرنگ، پێداچوونەوەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان بوو لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری سوریا، لانیکەم لە دوو ساڵی ڕابردوو، وە دەسپێشخەری لایەنی کوردی بۆ بەستنی کۆنگرەێکی فراوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆ دیزاینکردن و کێشانی نەخشەی سیستەمی حکومڕانی دوای کەوتنی ئەسەد، وەک پێکهاتەیێکی گرنگی سوریا بۆ گەرەنتیکردنی مافە نەتەوەییەکانی، ئەو کاتە دەکرا لەحکومەتی ڕاگوزەریش بەشداربێ بۆ ئەم قۆناغەی دوای کەوتنی ئەسەد، بەو پێگە بەهێزەوە دەشیتوانی ڕۆڵی هەبێ لە نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریا، ڕەنگە ئەوە ئاسان نەبووبێ و ڕەخساندنی زەمینەێێکی لەم شيوەیە ئەستەم بووبێ، بەهۆی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاو دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا، وەلێ لانیکەم هەوڵی بۆ بدرابا، دەسپێشخەریێکی لەم جۆرە بەمەرجی یەک گوتاری کوردی، دەبوە هەڵوێستێکی ئەرێنی و بەهێزی کورد بۆ ڕای گشتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش.

هەروەکو چۆن لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣ وە ئەمریکاو هاوپەیمانان داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، کە هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوەو کۆتایی بە دیفاکتۆی دوو ئیدارەیی بهێنن، بەڵام بەهەند هەڵنەگیراو تا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە. بەهەمان شێوەش لە ٢٠١٤ وە ئەمریکاو هاوپەیمانان داوا لە هێزە کوردیەکانی سەر گۆڕەپانی سوریا دەکەن بەتایبەتی (پەیەدەو ئەنەکەسە)، کە خۆیان یەکبخەن، دووربن لە باندۆڕی سیاسی پارچەکانی تری کوردستان وسەربەخۆیی خۆیان وەکو کوردی سوریا بپارێزن، بەتەنها نمایشی سیاسەت و نوێنەرایەتی کورد بکەن وەکو پێکهاتەیێکی گرنگی سوریا، بەڵام دیسان ئەوەش بەهەند هەڵنەگیرا. بۆیە بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستان بووبێ، نەبوونی گوتاری هاوبەش و پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد، دەرفەتەکانی لەدەستداوە.

زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین لێرەو لەوێ، هەندێ کەسایەتی سیاسی کە زۆر جار پۆستی باڵاشیان لە حکوموت و پەرلەمان هەیە، چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمریکاش، دۆستی کوردن و هاوسۆزی بۆ کوردو دۆزەکەی دەردەبڕن و زۆر لێدوانی باشیش دەدەن، بەڵام ئایا دەربڕینی هەست و سۆز و هاوخەمی هیچ لە مەسەلەکە دەگۆڕێ؟! بێگومان نەخێر، چونکە ئەوانە لە سەرئاستی تاک لێدوان دەدەن و ناچێتە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتەکانیان و ناشتوانن ڕێڕەوی بەرژەوەندی سیاسی وڵاتەکانیان بۆ ئێمەی کوردە بگۆڕن، وە ناشیگۆڕن. لەبەرئەوە پێویستە ئێمەی کورد ئیدی واز لە تێکەڵکردنی هەست و سۆز لەگەڵ سیاسەت بهێنین، دەبێ لەوە تێبگەین هیچکات هەست و سۆز لەفەرهەنگی سیاسی و بەرژەوەندیە سیاسیەکان بچوکترین جێگای نابێتەوە.  وەدەبێ باش لەوە تێبگەین کە ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە ناوچەکەن، ڕاستە کورد بە هاوبەش و هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، بەڵام تەنها بۆ شەڕی دژی داعش و تیرۆر نەک بۆ پاراستنی کورد و کورد بە هاوبەش و هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیان بزانن، وە هاوکارو پشتیوان بن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی. بەڵام کورد دەیتوانی ئەم هەلە بقۆزێتەوەو خۆی کۆبکاتەوە، لە ڕووی سەربازیەوە خۆی بەهێزو تۆکمە بکات و یەک گوتاری هاوبەشی سیاسیشی هەبوایە، ئەوکات دەیتوانی بوونی خۆی لەسەر ئەرزی واقیع  بسەلمێنێ، وە بەشداریش بێ لە داڕشتنی نەخشەی حکومڕانی لە سوریای نوێ.   

درەنگکەوتن لە هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێ، کورد ئاسۆیەکی ڕوونی نیە سەبارەت بە مافە نەتەوایەتیەکانی لە ژێر سایەی حکومڕانی سوریای نوێ. خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنەکان بۆ ڕەوشی سوریا ئەوە دەردەخەن، لەژێر ڕەحمەتی ڕێککەوتنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنرا، زەرەرمەندی یەکەم ئێران بوو کە دەست و قاچیان بڕی لە ناوچەکە، ڕوسیاش پێموانیە بێ هیچ دەستکەوتێک دەستبەرداری بەشار بووبێ و لە هاوکێشەکە چووبێتە دەرەوە، دەکرێ ڕوسیا بەشار ئەسەدی بە ڕێککەوتنێکی نهێنی پەیوەست بە جەنگی ئۆکرانیا لە گەڵ دۆناڵد ترامپ ی سەرۆکی داهاتووی ئەمرێکا گۆڕیبێتەوە، ئۆکرانیاش ماندوو و شەکەتی دەستی ئەو جەنگەیەو زیلینیسکیش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە تەنانەت بە سازشکردن لە سەر بەشێکی خاکی ئۆکرانیاش بۆ ڕوسیا، ئەمەش لەدوای دەستبەکاربوونی ترامپ لە مانگی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە.

هەرچی تورکیایە براوەی یەکەمی هاوکێشەکەیە لە ناوچەکە، هەڵبەتە بە ئاگاداری ئەمریکاو ئیسرائیلیش، لەمەودواش تورکیا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری دەبێ بەسەر سوریا و سیستەمی حکومڕانیەکەی، بە هەمانشێوەی ڕۆڵی ئێران بەسەر عێراقی دوای سەدام حوسێن. بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە سیستەمی حکومڕانی سوریا سیستەمێکی مەرکەزی سوننی بێ بە دیزاین و مۆدێلی تورکی، کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک ئاوەکەی ناچێتەوە ئاشی بەرژەوەندی کورد لە سوریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×