لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، یاخود دەتوانین بڵێین شەڕی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دژ بەئێران چؤتە قۆناغێکی تەواو جیاواز و نوێ وە، کە خەریکە ئاگری شەڕەکە بەشێکی زۆری ناوچەکە بگرێتەوە.
ساڵانێکی زۆرە ئێران بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل و سڕینەوەی لەسەر نەخشە دەکات، بەڵام کاتێک قاسمی سولەیمانی لە ڕێگەی درۆنەوە لەلایەن ئەمریکاوەو لەبەغدای ژێر هەژموونی ئێراندا دەکوژرێ، لەهەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە زیاتر، ئێران هیچ هەنگاوی کرداریی ئەوتۆی نەهاوێشت! یان لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئێران، لەناو جەرگەی تارانی پایتەخت دا، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لەشوێنی حەوانەوەی خۆیدا زۆر بە وردی لە لایەن ئیسرائیل دەکرێتە ئامانج و دەکوژرێت، کەچی لە هەڕەشەی توندی تۆڵەسەندنەوە زیاتر، هیچ کاردانەوەی ئەوتۆی نەبوو کە زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێ! ئەمە جگە لە چەندین سەرکردەی تری گروپە چەکدارە وەلائیەکانی ئێران و لەناویشیاندا چەند سەرکردەیێکی سوپای پاسدارانیش چ لە سوریا، عێراق یاخود یەمەن لە لایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەکوژرێن، تا دەگاتە حەسەن نەسروڵا سکرتێری حزبوڵای لوبنانی، کە بە نزیکترین گروپی وەلائی سەر بەو وڵاتە هەژمار دەکرێت، بەهۆکاری ئەوەش کە حزبوڵا گروپێکی عەقائیدی شیعەگەرایی یە، بۆ ئێران لە ڕیزبەندی هەرە سەرەوەی ئەو گروپانەدێ کە ئێران بەناوی بەرەی مقاوەمەوە ناوی دەبات.
هەڵبەتە فاکتەرگەلێک هەن بونەتە بەربەست لەبەردەم ئێران، نەک لە هەمبەر بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی سڕینەوەی ئیسرائیل، بەڵکو هەمیشە خۆی لەوە بەدوور دەگرێ، کە لەئێستادا ڕاستەوخۆ بچێتە جەنگێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل یان ئەمریکا، بۆیە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە جەنگەکە لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی لە ڕێگەی گروپە چەکدارە وەلائیەکانی بەڕیوەببات.
یەکێک لەو فاکتەرانە نالەباریی ڕەوشی بەرەی جەمسەری ڕۆژهەڵاتە بەسەرکردایەتی ڕوسیاو چین. لەلایەک ڕوسیا سەرقاڵی جەنگێکی درێژخایەنە بەرامبەر بە ئۆکرانیا لە بەرەی ئەمریکاو ئەوروپا، بۆیە ناپڕژێتە سەر پاڵپشتیکردنی ئێران لە بەرەیەکی تری جەنگدا، لە لایەکی تریشەوە چین سەرگەرمی گەشەپێدان و پێشخستنی ئابوری وڵاتەکەیەتی لە ڕێگای پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیا، وەبەرهێنان، داهێنان و خستنە بازاڕی کاڵا و شتومەک و پێداویستی نوێ لە جیهاندا، بۆیە چین دەیەوێ لە ڕێگای کێبڕکێ ئابووری و وەبەرهێنانەوە دەست بەسەر بازاڕی جیهاندا بگرێت و بەم میتۆدە گرەوی ململانێکان لە ڕۆژئاوا بباتەوە، لەبەرئەوە لە حاڵی حازردا چین خوازیاری تێوەگلان نیە لە هیچ جەنگێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
فاکتەرێکی تر ڕەوشی ناوەخۆی ئێرانە لە ڕووی ئابوری، ئەمنی و سەربازی، ئێران بەهۆی ئەو گامارۆ توندانەی کە بەسەریدا سەپێنراوە توشی قەیرانێکی قوڵی ئابووری بۆتەوە، کە کاریگەری بەهێزی لەسەر بژێوی ژیانی هاوڵاتیان داناوەو باری سایکۆلۆژیای گەلانی ئێران بەرگەی فشاری هیچ سەختیێکی تر ناگرێ، بەتایبەتی شەڕێکی گەورەی ماڵوێرانکەر. حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئەوەشی لا ڕوونە، دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی ژینگەیێکی لەبار بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکارەکان و دروستبوونی پشێوی ناوەخۆ، تادەگاتە ئەگەری ڕاپەڕین لە شارەکاندا.
هەرچەندە ئێران یەک لە وڵاتە زلهێزە ئیقلیمیەکانی ناوچەکەیە، لەگەڵ ئەوەشدا توانا سەربازیەکەی هەرگیز بە هێزو تواناو تەکنۆلۆجیای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئەوروپا بەراورد ناکرێ، ئەم فاکتەرانە وایانکردوە کە داشی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران سواربێ و بنیامین نەتانیاهۆش ئەوەی نەشاردەوەو بەڕوونی پەیامی بۆ ئێران و گروپە چەکدارەکانی نارد، کە ئەوان دەستیان بە هەموو شوێنێک دەگات و هەر کەسێک لە هەر پێگەیێک و لەهەر شوێنێک بێت، ئەگەر بەمەترسی بزانن بۆ سەر ئیسرائیل، درێغی لە کوشتن و لەناوبردنی ناکەن.
بۆیە ئێران هەمیشە کۆششی ئەوەی کردوە، دوور لە سنورەکانی خۆی و بە ماشەی گروپەکانی ناو (بەرەی مقاوەمە) بۆئەوەی دەستیشی گەرم نەبێ ئیدامەی شەڕەکانی بدا. بەڵام وای دەبینم دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵا قۆناغێکی تر دێتەپێشەوە، کە لە بەرژەوەندی ئێران دا نابێ تەنانەت بەم شێوەیە ختۆکەی گروپە چەکدارە وەلائیەکانیشی بدا، سەرکردەی گروپە چەکدارەکانیش لەو پەیامە تێگەیشتن، کە چیدی هیچ شوێنێک بۆیان ئەمین نابێ و دەکرێ لەهەر کات و ساتێکدا بکرێنە ئامانج و لەناوببرێن.
خەونێکی تری کۆماری ئیسلامی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیەو ساڵانێکی زۆرە سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەی نێودەوڵەتی زۆر بە چڕی سەرگەرمی ئەم پڕۆژەیە، بۆیە خواستی ئەوەی نیە بەهۆی چوونە جەنگێکی ڕاستەوخۆی لەم شێوەیە، ڕیسکی لەباربردنی پڕۆژەکەی بخاتە گەمەیێکی نادیارەوە.
هەرچەندە من بە دووری دەزانم جەمسەری ڕۆژئاوا بەتایبەتیش ئەمریکاو ئیسرائیل، هەرگیز ڕێگە بەوە بدەن کە ئێران لەکۆتاییدا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوان هەمیشە پلانی دوورمەودایان هەیە و ڕەنگە ماوەیێکی کەم پێش تەواوبوونی پڕۆژەکە، لە کتوپڕ و ناکاوێکدا تێکڕای بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاو ئیسرائیل بکرێنە ئامانج و خاپوور بکرێن.
چونکە ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە پێشینەی هەیەو لە ناوەڕاستی ساڵی 1981 ئیسرائل هەمان کردەوی بەرامبەر بە عێراق ئەنجامدا.