کورد لەنێوان بەرداشی جەمسەرەکاندا

شاهۆ پاڵانی
  2024-01-18     410

ڕۆژهەڵاتتی ناوەڕاست خەریکە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ و دۆخێک دروستبوە، کەناوچەکە نزیکبۆتەوە لەوەی ببێتە مەیدانی کرداریی ململانێی جەمسەرەکان.  ململانێکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فرەڕەهەند و ئاڵۆزن  و دەیان ساڵە لەناوچەکەدا درێژەیان هەیە. بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی شەڕێکی تری خوێناوی لەنێوان ئسرائیل و حەماسدا لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، دۆخی ناوچەکە بەقۆناغێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێ، ئێران کەبەدوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێت، شکستی حەماس هەراسانی کردوەو خەریکە، لەڕێگەی بریکارەکانی وەک حیزبوڵاو حوسیەکانی یەمەن و گروپە چەکدارە شیعەکانی  عێراق، بۆ مانەوەی هەژموونی خۆی دەستوەردان بکات و ناوچەکەی خستۆتە دۆخێکی مەترسیدار، جگەلەوەی لەماوەی ڕابردوودا بەردەوام هێرشی درۆنی لەلایەن گروپە شیعە چەکدارەکانی سەربە ئێران کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان بەبیانوی بوونی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشە موشەکیەکانی سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانیش لە شەوی ١٥ لەسەر ١٦ ی ئەم مانگە، لەم ململانێیانەوە سەرچاوەی گرتوەو کۆمەڵێک ڕەهەندی تریشی هەن.

لەلایەک ئێران دەیەوێت پەیامێک بەئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بدات، کە ئەوانیش لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گروپەکانی سەربە ئێران لە عێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان و تەواوی ناوچەکە بێ وەڵام نابن و  بەهەمانشێوە دەستیان بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەگات و دەیانکەنە ئامانج. لەهەمانکاتدا ئێران خواستی گەیاندنی ئەو پەیامەشی هەیە، وەک دەرخستنی تواناکانی خۆی لە پەرەپێدانی موشەکی بالیستیکی دوورهاوێژ، وەک هۆشداری و هەڕەشەیێکی ناڕاستەوخۆ کە ئەوە نیشاندەدات، هێزو توانای ئێران بەکەم نەخەمڵێنرێ و ئەگەر پێویستبکات و فشارەکانی سەر ئێران توندتر بکرێت، دەکرێ و لەتوانایدا هەیە، لەداهاتوودا ڕاستەوخۆ مۆشەک ئاڕاستەی ئیسرائیلیش بکات.

هەڵبەتە ململانێی نێوان ئێرانی سەربە جەمسەری ڕۆژهەڵانیی ڕوسیاو چین لەلایەک و، جەمسەری ڕۆژئاوایی ئەمریکاو ئەوروپا لەلایەکی ترەوە، خەریکە ڕەوشێکی مەترسیدار دەخوڵقێنێ و دەکرێ ناوچەکە لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە توشی شەڕێکی ماڵوێرانکەرو خوێناوی بکەنەوە، چونکە تا بۆیانبکرێ و لانیکەم لەئێستادا نایانەوێ ڕاستەوخۆ شەڕی یەکتر بکەن و جەنگە گەورەکە هەڵبگیرسێنن.

ئەوەی من مەبەستمە ڕۆشنایی بخەمەسەر، چارەنوسی هەرێمی کوردستانە لەنێوانی ئەم بەرداشەدا. بەداخەوە بەدرێژایی دەیەها ساڵەی بزوتنەوەی کوردایەتی و شۆڕشەکانی، کورد نەیتوانیوە ڕەوشی ناوچەکەو ململانێی جەمسەرەکان بخوێنێتەوەو بە پلان و بەرنامەیێکی ستراتیجی هەوڵی دەستکەوتی زیاتر بدات لەبەرژەوەندی دۆزی گەلی کوردستان، بەڵکو هەمیشە خەریکی پەیوەندی ئیقلیمی کورتمەوداو تاکتیکی بوە، لەپێناو هەندێک دەستکەوتی لاوەکی وەکو بڕێک چەک و پارەو هەندێ شتی تر، کە بەشی زۆری لە ململانێ و شەڕەکانی ناوەخۆدا بەکارهێنراون، هەڵبەتە فاکتەری سەرەکیش نەبوونی گوتارێکی هاوبەش و کاری دەستەجەمعی پلانی ستراتییجی بوە لەنێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان.

لەئێستاشدا دەبینین هێزو لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بەهەمان ڕیتمی شکستخواردووی دەیەها ساڵ پێش ئێستا سیاسەت دەکەن، هەمیشە بەجیاو دوور لە گوتاری نیشتیمانی هاوبەش خەریکی پەیوەندیە ئیقلیمیەکانن، کەهیچیان بچوکترین خزمەت بە بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکانمان ناگەیەنێ. چۆن دەکرێ ئەقڵی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەوەدا نەشکێ، کە پەرتەوازەیی و نەبونی کاری دەستەجەمعی هیچ بەرهەمێک نادا بەدەستەوە!! چۆن دەکرێ ئەقڵی سیاسی بەوەدا نەشکێ، کە حکومەتێکی بێ دەستور،  حکومەتێک و دوو زۆنی حزبی و دوو ئیدارەی جیا، حکومەتێک و دوو دەزگای هەواڵگری، حکومەتێک و دوو هێزی پێسمەرگە، حکومەتێک و دوو هێزی ئاسایش و پۆلیس، حکومەتێک و دوو ئەجێندای جیاواز، حکومەتێک و دوو ئاڕاستەی پەیوەندی جیاواز لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە قوتووی هیچ عەتارێکی سیاسی و لەهیچ سوچێکی ئەم جیهانە بوونی نیە!!؟  کە هیچکام لەم دەزگایانە ئامادەیی ئەوەیان نیە،  بچوکترین هاوکاری هەمئاهەنگی یەکتری بکەن، لەکاتێکدا بەردەوام و بەجیا لەگەڵ دەزگا هەواڵگریە هەرێمیەکان لە پەیوەندی و هاوکاری و کاری هاوبەشدان.

ئەم فاکتەرانەو زۆری تریش زەمینەێکیان ڕەخساندوە کە هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی تەراتێنی دەزگا هەواڵگریە هەرێمیەکان، ئاشکراشە هیچکام لەم وڵاتە هەرێمیانە کە بە پلەی یەکەم تورکیاو ئێرانن بەهیچ شێوەیەک خێری هەرێمی کوردستانیان گەرەک نیەو بەردەوام لەهەوڵی تێکدانی ئارامی  و ئاسایش و ئابوری و کایەکانی تری هەرێمی کوردستانن.

بۆئەوەی هەموو ئەو مەترسیانە تێپەڕێنرێ و چیتر کورد لە نێوان بەرداشی جەمسەرەکاندا نەهاڕدرێ، پێویستە خەمخۆرانی نیشتیمان بەهەموو دەنگ و ڕەنگە  جیاوازەکان کە لەم ڕەوشە خراپە ناڕازین و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، لەبەرەیەکی نیشتیمانیدا کۆببنەوەو گووتارێکی هاوبەشی نیشتیمانییان هەبێت و واز لە تاکتیک و پەرتەوازەیی بهێنن و پلانێکی ستراتیجی بۆ ڕزگاری قەوارەی هەرێمی کوردستان کۆیان بکاتەوەو بەجیددی لەهەوڵی هێنانەکایەی ژیانێکی ئارام و شایستەبن بۆ خەڵکی کوردستان.       

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×