گومان لەوەدا نییە هەموو تاکێکی کورد خەون بە وڵات و نیشتیمانی سەربەخۆوە دەبینێت و مێژووی خەباتی دوورودرێژ و شۆڕشەکانی گەلی کوردستانیش گەواهی ئەو ڕاستیەن. ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای هەر میللەتێکە، کە بۆ سەربەخۆیی و بڕیاردان بێت لەچارەنوسی خۆی و وڵاتەکەی، یاخود هەر بڕیارێکی چارەنوسساز کە پەیوەست بێت بەگۆڕانکاری و وەرچەرخان لەهەر کایەیێکی سیاسی، ئابوری، ئاسایشی نیشتیمانی وتاد...
باشە ئەدی بۆ کەس ڕیفراندۆمی بە کورد ڕەوا نەبینی!؟ من باس لەعێراق و وڵاتانی ئیقلیمی ناکەم، بەڵکو باس لە ڕۆژئاوای دیموکراتی دەکەم، کە هەمیشە (دیموکراتی و ئازادی ڕادەربڕین ومافی گەلان) بە مانشێتی گەوەرە دەخەنە بەردیدی جیهان! خۆئەگەر بمانەوێ دیموکراتیەتی ئەوروپا و ئەمەریکا شی بکەینەوە، ئەوا خۆمان دەخەینە بابەتێکی زۆر قووڵ و قسەگەلێکی یەکجار زۆریش هەڵدەگرێ و لەبابەتەکەی خۆمان دوور دەکەوینەوە، بۆیە من نامەوێ لە بازنەی بابەتەکە دەربچم.
زۆرێک پێانوابوو دەستنیشانکردیی کاتی ڕاپرسیەکەی ٢٠١٧ کاتێکی نەگونجاو بووە و ئیتر هەریەکەو ئارگۆمێنتی جیاوازی بۆی هەبوو، بەڵام ئایا کێشەکە پەیوەندی بە کات و ساتەکە هەبوو، یان فاکتەری تری لەپشت بوو؟
فەرموون با بەیەکەوە خوێندنەوەیەک بۆ ئەو ڕیفراندۆمە بکەین، کە بووە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان و بەشکست کۆتایی هات.
پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، قسەی کەم و کرداری یەکجار زۆری گەرەکە، پێوستی بە دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، ئیرادە و پلانی درێژخایەن هەیە زۆر بەبێدەنگی، کە بەداخەوە ئەوەی ئێمە پێچەوانەکەی ڕاست بوو. بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ لە زۆر بواردا پێویستی بەزەمینەسازی و ئامادەکاریی جەوهەری هەیە، کە دەبنە بەردی بناغەی پایەکانی بونیادنانی دەوڵەت، بە جۆرێک بێ ئەو بنەمایانە مەحاڵە هەر باسیش لەسەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بکرێ، نەک هەوڵی هەنگاوی کرداری بۆ بدرێ.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی ئەگەر بەڕاستی پلانێکی ستراتیجییان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هەبوایە، دەبوایە هەر لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ زۆر بەخشکەیی و بێدەنگی کاریان بۆ بکردایە، بەر لەهەر شتێک گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدرایە و ئاسانکارییان بۆ جوتیاران بکردایە و بوژاندنەوە و پەرەپێدانی بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵییان بخستایەتە ئەجێندای کاری حکومەتەوە.
دەبوایە گرنگی بەکەرتی پیشەسازی ناوەخۆ بدرایە، من ناڵێم کارگەی زەبەلاحیان لەکوردستان دروستکردبا، بەڵام لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا، دەتوانرا کارگەی بەرهەمی خۆماڵی لە بوارە جیاجیاکان دروست کرابا، بۆ بەرهەمهێنانی زۆرێک لەپێداویستی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و پێویست نەبوایە هەر هەموو ئەمانە لە دەرەوە هاوردە بکرێن، من ئەوەش ناڵێم حکومەت دروستی کردبان، بەڵام زەمینەسازی و ئاسانکاری کردبا بۆ خاوەنکارەکان و ڕێگەی پێبدابان، ئەوکات هەلی کاریش بۆ زۆرێک لە هاوڵاتیان دەڕەخسا و دەکەوتنە سەر کار و لەسەرپێی خۆیان دەوەستان، لەجیاتی ئەوەی بیانکەن بە موچەخۆر و ببێتە باری قورس لەسەر حکومەت.
دەرهێنانی هێزی پێشمەرگە لەژێر ڕکێفی حزب و یەکخستنی لە هێزێکی نیشتمانی تۆکمە و پۆشتەکردنی، کە هەرلەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعسەوە هاوپەیمانان و بەتایبەتیش ئەمریکا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن، پێشمەرگە یەکخەن و بیکەن بە هێزێکی نیشتیمانی، بۆئەمەش کۆمەکی ماددی و مەعنەوییان کردوە. یەکخستن و بەدامەزراوەکردنی هێزەکانی ناوەخۆ بە پۆلیس و ئاسایش و دەزگای هەواڵگریەوە.
دەبوایە دروستکردنی بەنداو و دەوڵەمەندکردنی سامانی ئاو، چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و زۆری تر لە ئەجێندای حکومەت بوایە و بەهێمنی کاری بۆ کردبا.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، دەبوایە بودجەیێکی شایستە وەکو یەدەگ لەخەزێنەی حکومەتدا بوایە، کە لانی کەم بەشی دوو ساڵی پێداویستیەکانی حکومەتی کردبا بەخزمەتگوزاری وموچەی فەرمانبەرانیشەوە. ئەوەش کارێکی مەحاڵ نەبوو، لەبەرئەوەی هەر لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی عێراقی دوای سەددام حوسێن، کە کورد خۆی بەشێکی هەرە سەرەکی بووە لە بونیادنانەوەی حکومەت و نوسینەوەی دەستوری عێراق.
ساڵانە بودجەیێکی شایستە دراوە بە هەرێمی کوردستان، کە زۆر بەتێری بەشی هەموو پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و موچە و هەموو پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد و دەتوانرا ساڵانە بڕێکی مەعقولیش لە یەدەگی حکومەتدا هەڵبگیرێ بۆ ڕۆژێکی ئاوا، ئەگەر ویست وئیرادە بۆ سەربەخۆیی هەبوایە!
لەگەڵ نەبوونی هەموو ئەمانەش هیچ خوێندنەوەیەکیش بۆ باری سایکۆلۆجیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەکرابوو، بۆ هەنگاوێکی وا گەورە و چوونە ناو قۆناغێکی وا چارەنوسساز، پێویستە باری دەروونی خەڵک ئەو ئامادەییەی تێدابێ، کە بتوانێ بەرەنگاری پێشهات و دەرەنجامی هەموو سەختیەکان ببێتەوە، سایکۆلۆجیای خەڵک لەبارنابێ، کاتێک ژیان و گوزەرانی لەژێر هێڵی هەژاریدایە و بە بەرچاویشیەوە حکومەتەکەی تا بینەقاقای نوقمی گەندەڵی بووە، یان کە پێشمەرگەیەک لە سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا شەهید دەبێ، تەنها پێچ هەزار دینار لەگیرفانیەتی و بەهۆی دواکەوتنی موچەوە کرێی دوو مانگی خانوەکەی قەرزارە.
ڕەوشی پەروەردە و تەندروستیت لەوپەڕی خراپیدا بێت و سیستەمێکت بۆی نەبێ، ڕێگاوبان، هۆکارەکانی پەیوەندی، پەرتەوازەیی گوتاری کوردستانی، بوونی پەیوەندی لابەلا و ناتەندروست لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی، دوور لە بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و زۆر زۆری تریش کە هەڵبەت لە وتارێکی وا کورتدا ئەستەمە هەمووی بخەیتە بەر ڕۆشنایی.
ئاخر لە هەرێمێکدا هاتن و نەهاتنی موچەی فەرمانبەران گەورەترین مانشێتی ڕۆژنامەکان و گەرمترین سەردێڕی هەواڵی ڕاگەیاندنەکان بێت، چۆن دەکرێ باس لە سەربەخۆیی بکرێت!