دوو شه‌ممه‌, 31 ی ئازار , 2025

گەمەی ئاشتی تورکیا

بەها رەحمانی
  2024-11-01     347

بڕیار وابوو کە پرسی کورد بەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی و شکست و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لەو شەڕە، چارەسەر بکرێت. بەڵام سەد ساڵ بەسەر دروستبوونی دەوڵەتی نوێی تورک تێئەپەڕێت و نە تەنیا ئەم کێشە چارەسەر نەکراوە، بەڵکو درێژەی ئینکارکردن و زەوت کردنی مافی نەتەوەیەک لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە نوێیەدا، بووەتە هۆی چەندین راپەڕینی یەک لە دوای یەکی ئەو نەتەوەیە و دواجارو لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابوردوو، "پارتی کرێکارانی کوردستان" لە باکوری کوردستان لەدایک بوو. ئەم رێکخراوە دوای چەند ساڵ لە کاری نهێنی و رێکخراوەیی،  بڕیاری دا بە دەستپێکردنی شەڕێ چەکداری لەدژی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک کە هەتا ئێستا درێژەی هەیە.

ئەنجامی ئەو شەڕە چەکدارییە (بە پێی ئامارە نافەرمییەکان)، کوژرانی زیاتر لە چل و چوار هەزار کەس بووە کە زۆرینەیان کوردن. ئەمە بێجگە لە ماڵوێرانی و کاولکاری لە دەیان گوندو شارو شارۆچکە لە باکوری کوردستان و لەهەمان کاتدا میلیتاریزەکردنی هەموو باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.

دەوڵەتی تورک لە ماوەی ئەم چل و چەند ساڵەدا، چەندین جار دەستی داوەتە وتووێژ کردن کە گۆیا خوازیاری چارەسەری ئاشتییانەیە بەڵام هەموو جارێک دەرکەوتووە کە مەبەستی فێڵ کردن و کات کوشتن و خۆ ئامادەکردن بووە بۆ درێژەدان بە شەڕو جارێکی دیکە شەڕی هەڵگیرساندووەتەوە و هێرش و پەلاماری بۆ سەر بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە پێشتر توندتر کردووەتەوە. دوایین جارو لە دوای ماوەیەکی زۆر وتووێژ لەگەڵ "پ ک ک"، دیسانەوە شەڕی لە نیوەی ساڵی ٢٠١٥ دەست پێکردەوە و ئەم شەڕە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.

لەم رۆژانەدا، جارێکی دیکە دەنگۆی دەستپێکردنەوەی وتووێژ هاتووەتە ئاراوە و دەستپێکەکەی تەوقەکردن و هەواڵپرسینی بەرپرسێکی باڵای "پارتی نەتەوەپەرەستی تورک" بوو لەگەڵ بەرپرسێکی "دەم پارتی" لە پەرلمانی تورکیا. دواتر "دەوڵەت باخچەلی" کە خۆی و پارتەکەی نەک لە تورکیا بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئینکاری هەبوونی نەتەوەیەک بەناو کورد ئەکەن، بووەتە دەمڕاست و ئەندازیاری ئەم گەمە نوێیەی دەوڵەتی تورک. "باخچەلی" یەک کە سڵاوەکەشی سەڵاوی "گورگە بۆرەکان"ە، کتوپڕ باس لەوە ئەکات کە "ئەو تورکەی کوردی خۆش نەوێت تورک نییە" یا "با ئۆجاڵان بێتە نێو پەرلمان و قسەی خۆی بکات".
بەڕێز ئۆجاڵان ٢٥ ساڵە لە دورگەی ئیمراڵی و بەتەنیا بەند کراوە. ئۆجاڵانێک کە ٤٣ مانگ بوو لە ئاسایی ترین مافی هەر بەندکراوێک کە ئەویش دیدارە لەگەڵ کەس و کاری، بێبەش کرابوو، ئەمجارە ئیجازەیان بە برازاکەی دا کە بچێتە دیداری مامی و ئەو ببینێت.
پرسیارئەوەیە کە باشە لە ئێستادا چی روویداوە و چ شتێکی نوی هاتووەتە ئاراوە کە "باخچەلی" و "ئەردۆگان" بوونەتە پەیامبەری ئاشتی و باس لە برایەتی تورک و کورد ئەکەن؟

بۆیە پێویستە جوڵەی ئەم دواییانەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک لە سونگەی ئەو رووداوە ناوخۆیی و ژیئوپۆلیتکانەوە هەڵبسەنگێندرێت کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویانداوە و خەرێکە رووئەدەن کە ئەوانیش بریتین لە:

١. تورکیا لە وتووێژەکانی چەند مانگی رابوردوو لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد بۆ زیندوکردنەوەی "پەیمانی ئەدەنە" شکستی هێنا سەرەڕای هەوڵ و گوشارەکانی روسیا بۆ سەر بەشار ئەسەد بۆ ئەم مەبەستە. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە تورکیا رازی نەدەبوو بەوەی کە وەک پێشمەرج، هێزە داگیرکەرەکان و چەتەکانی لە ناوچانە داگیرکراوەکانی باکورو رۆژئاوای سوریا بکشێنێتەوە. چونکە تورکیا متمانەی بەوە نەبوو و نییە کە هێزەکانی سوریا بتوانن ئەو بۆشاییە پڕکەنەوە و مەترسی ئەوەی ئەکرد کە ئەو ناوچانە بکەونەوە دەست کوردەکان.  
٢. قەیرانی قووڵی ئابووری تورکیا چەند ساڵێکە تەنگی بە دەسەڵاتدارانی تورک هەڵچنیووە. خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان بە لێشاو تورکیا جێ ئەهێڵن و متمانەیان بە تورکیا وەک بازاڕێکی ئەمن بۆ سەرمایەکانیان نەماوە. رێژەی بێکاری بە پێی ئاماری "بانکی نێودەوڵەتی" و "سەندوقی نێونەتەویی دراو" لە ٢٠٢٤، گەیشتووەتە ٩.٦ لە سەد. واتە لە هەر دەکەس لەو وڵاتە کەسێک بێ ئیشە، هەرچەندە ئەم رێژەیە لە ئامارە نافەرمییەکان زۆر زیاترە لەوەو ئەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە زۆرینەی ژنان لە کۆمەڵگای تورکی دا کاری نێوماڵ ئەکەن و لەم ئامارانەدا ئەژمار نەکراوون.
نرخی "لیری تورکی" لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەدا چل دابەزیووە و ئێستا یەک دۆلاری ئەمریکی بایی ٣٤.٤ لیری تورکی یە.
‌هەمووی ئەمانەو کێشە نێۆدەوڵەتییەکان وەک شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی غەزە-لوبنان بووەتە هۆی ئەوەی کە نرخی خۆراک و شتومەک لە تورکیا چەند قات بچێتە سەرەوە.
ئەمانە وایان کردووە کە تورکیا لە خەیاڵ پڵاوی "زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی" لەدوای بەهاری عەربی، دەست هەڵبگرێت (ئەگەر کاتیش بێت) و وای لێهاتووە تەنانەت ناتوانێت موچەی مانگانەی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی لە رۆژئاوا و باکوری سوریا دابین بکات. بۆیە بودجەی شەڕ لەگەڵ کوردەکان ئەوەندەی دیکە دۆخەکە بۆ تورکیا و بودجەی گشتی ئەستەم ئەکات.  
٣. گرنگتر لەو دوو هۆکارەی سەرەوە، دەرئەنجامەکانی شەڕی نێوان ئیسراییل و حەماس لە غەزەو درێژە کێشانی ئەو شەڕە، لەوانەیە وابکات کە شەڕەکە تەشەنە بستێنێت و ببێتە شەڕێکی گەورەتر لە نێوان ئێران و ئیسراییل دا. بۆیە ئەگەری شەڕی نافەرمی ئیسراییل و ئیران بۆ شەڕێکی تەواو ئاشکرا، تا دێت لە هەڵکشاندایە. ئەو شەڕە ئەتوانێت دەسەڵاتی مەلاکان لە ئێران لاواز بکات تا ئاستێک کە ئێران بەرەو پارچە پارچە بوون ببات. لەو وەها هەلومەرجێکدا بەشار ئەسەدیش لە سوریا لاوازتر و بێدەسەڵاتر ئەبێت، ئێراقیش بەم قەوارەی ئەمڕۆیەوە نامێنێت و ئەبێتە سێ پارچە و لەژێر هێژموونی شێعەکان دەرئەچێت و بەمەش پێگەی کوردەکان لە سێ پارچەی کوردستان واتە، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشور بەهێزتر ئەبێت. ئەمەش ئەو سەناریۆ مەترسیدارەیە بۆ تورکەکان کە وای لێکردوون وەخۆ بکەوون تا بەڵکو لە ئاوا دۆخێکی نەخوازراودا،  لانی کەم زەرەرو زیانەکان بۆ دەوڵەتی تورک بە کەمترین ئاست بگەیەنن.

 "پ ک ک" ش باش لەم یارییەی تورکەکان تێگەیشتووەو وڵامی دەستپێشخەرییەکانی دەوڵەتی تورکی، به هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە، رێککەوتی ٢٠٢٤/١٠/٢٣ بۆ سەر دامەزراوەی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی تورکیا، دایەوە.
بەڕای من مەبەستی پ ک ک لەو هێرشە ئەوە بوو کە بە دەسەڵاتدارانی تورک بڵێت کە:
١. ئەوان لەدوای چەندین ساڵ هێرش بۆ سەر قەندیل شکستیان هێناوە و پ ک ک ئێستاش لە توانایدایە کە هێرشی لەو چەشنە لە جەرگەی پێتەختی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.
٢. سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا ئۆجاڵانن بە رێبەری خۆیان ئەزانن، بەڵام لەدوای ٢٥ ساڵ ژیانی دیلی، هەموو بڕیارێک لە دەست ئۆجاڵان دا نییە و "پ ک ک" بەو سوکایەتییەی پارتی نەتەوە پەرەست و گورگە بۆرەکان واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە رازی نابێت تەنانەت ئەگەر داوایەکی واش لەلایەن ئۆجاڵانەوە لەو رێکخراوە بکرێت.

بۆیە وەک لە کۆنەوە وتوویانە، پەتی درۆ کورتە. تورکیا لە دوای ئەوە، هێرشی نوێی کردەوە سەر رۆژئاوا و باشوری کوردستان و دوو رۆژی تەواو بە هەموو جۆرە چەکێک قەندیل و شەنگال و شارەکانی رۆژئاوای کوردستانی بوردمان کرد.

من پێموایە کە ئەبێت کوردەکان لە باکور بە وریاییەوە بچنە ناو وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی تورک و بزانن دەسەڵاتدارانی تورک چییان مەبەستە. ئەگەر دەسەڵاتی تورکی کات ئەكڕێت با کوردەکانیش کات بکڕن بۆ بوژانەوەی خۆیان لە باکور و رۆژئاوا. بەڵام بۆ دڵنیایی لە نییەت پاکی دەسەڵاتدارانی تورک، پێویستە کوردەکان پێداگری بکەن لەسەر ئەم پێشمەرجانەی خوارەوە بۆ هەرچەشنە وتووێژێک:
١. راگەیاندنی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو دیلە سیاسیەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا
٢. کشاندنەوەی هێزە داگیرکەرەکانی تورک لە گرێسپی، سەریکانی و عەفرین لە رۆژئاوا
٣. کشاندنەوەی هێزە داگیرکەرەکانی تورک لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی باشوری کوردستان.
٤. وەستانی هەرچەشنە هێرشێکی ئاسمانی و تیرور لە دژی رۆژئاوا و باشور

رێژەی رازی بوونی دەوڵەتی تورکیا بەو خاڵانەی سەرەوە دەرخەری رێژەی جیدیەتی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکە بۆ وتووێژ و زیندوکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×