لە مەیدانی قوتابخانەی ئامادەیی کوڕاندا لە سلێمانی کەسێکی بزێوو ئێستاش وێنەکەیم لە بەر چاوە بە تۆپێکی باسکەوە زۆر جار تەپە تەپی بوو. جیاکردنەوەی لە تۆپ ئاسان نە بوو. ئەو کەسە فوئاد یاسین بوو. ئەو دەم وەرزش باو نە بوو. لە سنوری قوتابخانە تێ نە دەپەڕی. ژمارەیەکی کەم، لەوانە دو حەفید فاروقی شێخ محەمەدو ئازادی شێخ جەلال لەگەڵ نوری سەعید وەرزشی لەشجوانیان دەکرد، ئەوانیش هەمیشە توانجیان لێ دەدرا.
جگە لە وەرزشکاریی، فوئاد لە یەکێتی قوتابیانیشدا لەگەڵ بوو. کەسێک بوو کە هەمیشە لە ناو قوتابییەکاندا دەبیستراو دەبینرا. بەڵام وەکو خۆم لە خوێندندا نا. هەم ئەو هەم من گرنگییمان نە ئەدا بە خوێندن. هەر یەکەمان لەسەر خەیاڵێک. من بە پێچەوانەی فوئادەوە جگە لە رۆشتنی ناو شاخ، کەسێک بووم دور لە وەرزش. لە قوتابخانە نوغرۆ بوبووم لە بیرکردنەوەو خەیاڵدا. قەرزاری کەم مامۆستام. چونکە زۆر کەم گوێم لە مامۆستا گرتووە. بیرمە جارێک لە وانەدا لە دڵی خۆمدا وتم: "کاتێک پەپولەیەک لە باخێکەوە بەرز دەبێتەوە، هۆیەک هەیە کە بە لای راستدا دەڕوات نەک چەپ. کامەیە ئەو هۆیە؟ ئەمەیە زانست."
تەنها بایی دەرچوون دەمانخوێند. بۆ ئەوەی باسەکە نەبەمە سەر خۆم، دەڕۆمەوە بۆ لای فوئاد. رۆژێک لە بەر دەروازەی قوتابخانەدا را وەستابووین چاوەڕێمان دەکرد بانگ بکرێین بۆ ژورەوە بۆ تاقیکردنەوە. قوتابییەکان هەموو مقۆمقۆیان بوو. باس دەکرا کە چ بابەتێک دێتەوە بە پرسیار. منیش کە هەمیشە فریای ئەوە نە دەکەوتم بابەتەکە بە شەوێک ئامادە بکەم، هەڵپەی ئەوەم بوو کە داخۆ پرسیارەکان چی بن؟ فوئاد لەو لاوە دەنگی هەڵ بڕی و بە خەیاڵی خۆی دەیزانی کە چی دێتەوە. منیش ئەو باسەی ئەو ناوی دەهێنا هیچم لێ نە دەزانی. پێم وت ئا بە قوربان هەتا بانگیان نە کردووین بۆ ژورەوە بە پەلە شتێکم بۆ باس بکە. فوئاد لە وەڵامدا وتی بۆت باس ناکەم. منیش وەڵامەکەیم لە لا سەیر بوو. ئایا لەبەر بەغیلییەتی؟ کاتێک لێم پرسی بۆچی نایەوێت بۆم باس بکات؟ ئەو لە وەڵامدا وتی: "بەشی یەک جارم لەبەر کردووە. بۆتی باس بکەم خۆم بیرم دەچێتەوە."
سەیری ئەم سەعیکردنە لەقە بکەن! تەنها هەتا تاقیکردنەوەکە بڕ بکات و بەس. من زۆر چاک لەو قسەیە تێ گەشتم. چونکە خۆشم ئەوەم دیبوو کە بابەتێکم لامسەرلایی دەخوێندەوە وەکو خەو لە مێشکمدا دەمایەوە. کاتێک دەمویست بیکەم بە وەڵامی پرسیارێکی تاقیکردنەوەی قوتابخانە دەڕەوییەوە. هەر بەشی ئەوەی دەکرد کە هەتا سەر دەفتەرەکەی بەرم و هیچی تر. بۆیە لام وایە ئەوەی فوئادیش نەک بەشی منیشی نە دەکرد، بەڵکو خۆشی هیچی پێ وەر نەگرتبێت.
لە کاتی پشووەکاندا فوئاد زۆر کات تۆپەکەی لە بن دەستدا بوو. ئەگەر وا نەبووایە ئەوا شتێکی تری دەخوڵقاند کە سەرنجی را دەکێشا.
سەرەتای ساڵانی حەفتاکان بە فەرمانی حکومەت قوتابیانی ئامادەیی دوای دەوام دەبوو بچن بۆ سەربازگەی سلێمانی بۆ مەشقی سەربازیی لە ژێر ناوی "مەرکەز ئەلتەدریب ئەلشەعبی". ژمارەیەک لە ئێمە ئەو عەریفانەمان شێت کردبوو کە مەشقیان پێ دەکردین. دەوای تەواوبوونی دەورەکە هەموویان سواری زیلی سەربازیی کردین و ناردیانین بۆ بەغداد. هەتا گەشتینە ئەوێ توشی ماندوبوونێکی زۆرو رەزالەت بووین. تومەس لە هەموو عێراقەوە وەکو ئێمەیان هێنابوو بۆ فڕۆکەخانەی موسەنا. لەوێ دەستە دەستە لە ناو چادردا بووین. نازانم چ مانگێک بوو، بەڵام شەوێک بارانێکی زۆر باری. ئاو چووە ژێر زۆربەی چادرەکان. فوئاد لەوێش لە بەزمی خۆی نە کەوت. شەو بە سەر چادرەکاندا دەگەڕا، بە دەستێکی دەرکی چادرەکەی لەو دیووەوە هەڵ ئەدایەوەو هەتا هێزی تیا بوو سەمونی سەربازیی زلە زلەی خوساوی ئەکێشا بە ناو چادرەکەداو بۆی دەر دەچوو. دەبوو بە هەراو هەتا بۆی دەچوونە دەرەوە لە چاو ون دەبوو.
رۆژێک کۆیان کردینەوەو چەکی کڵاشینکۆفیان بە سەردا دابەشکردین. بەڵام مەخزنەکانی ئێمە بێ فیشەک، بەتاڵ بوون. وتیان هەر سەد کەسەو دەبێت بە گەردوسێک. ئنجا ئەفسەرەکە وتی هەر گەردوسەو دەبێت ناوێکی هەبێت. ئێمە دو گەردوس بووین. لە وەڵامدا وتمان گەردوسی شەهید عەزیز ئەتروشی و گەردوسی شەهید کەمال سەلیم. بێگومان ئەفسەرەکە نەیدەزانی ئەو دو شەهیدە کێن. کاتێک رۆژی نماییش هات مەخزنەکانیشیان لێ وەر گرتینەوە. دوایی بۆمان دەر کەوت کە تەنها ئێمەی خەڵکی سلێمانی تفەنگی بێ مەخزەنمان پێ بوو. ئەوانەی شارەکانی تر بە مەخزەنی پڕ فیشەکیشەوە هاتنە نماییشکردنەکەوە.
سەرتۆپی دەستەڵات لە شوێنێکی بەرز دانیشتبوون و گەردوسەکانیش بە بەردەمیاندا تێ دەپەڕین. لە ئاستی ئەوان دەبوو رو بکرێتە دەستەڵاتداران و بە سەلامەوە لێێان رەت ببن. سەرکۆمار ئەحمەد حەسەن بەکر، سەددام حسەین، شبل ئەلعەیسەمی و هی تر. گەردوسەکەی ئێمە یەکەم دەر چو. دواتر ئەفسەرەکە هات و کەوتە سکاڵاکردن کە بە سەریدا تێ پەڕیبوو ناوی گەردوسەکان ئەو دو شەهیدە بوون. دیار بوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو. بە هەر حاڵ گرێیەک ئەدەم لەم باسە.
ساڵانی حەفتاکان فوئاد لە چالاکیی ناو شاری پێشمەرگایەتیی ئاڵاو بە هۆیەوە رای کرد بۆ شاخ. خێزانەکەیان لەبەر بوون بە پێشمەرگەی فوئاد گیران. لە کاتی گواستنەوەیاندا بۆ بەندیخانەکانی خوارووی عێراق سەباح هەر پاش سەد مەترێک لە بەندیخانەکەوە هەڵ هات و درایە بەر رێژنەی گولـلە. بەڵام بەخت میوانی بوو دەر چو. دواتر ئەمیش رای کردە ناو پێشمەرگەوەو جوتە برا لە ناو پێشمەرگەو گوندەکاندا زو ناویان دەر کرد. سەباح بە هۆی نەگونجان و ناکۆکیی نێوان پێشمەرگەی لایەنەکانەوە بێزار دەبێت و لەگەڵ تایەر موراددا دێتە ناو شارەوە. لە ناو شاردا بە نهێنیی پەیوەندیی دەکات بەو دەستە مارکسییانەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەی عێراقیش هەبووە. دوای ئەم پەیوەندییە داوای ئەوەی لێ دەکەن کە چالاکییەک لە ناو شاردا بکات بۆیان ئنجا ئەوانیش خۆی و هاوڕێکەی تایەر موراد دەنێرنە دەرەوەی وڵات. وردەکاریی ئەمانە دیارە لای سەباح یاسین خۆیەتی. بەڵام کاتێک دەچن بۆ چالاکییەکە ئەمنی عێراقیی لە ناو مزگەوتی شێخ مستەفای نەقیبدا بە جلی کوردییەوە بۆیان وەستاون. سەباح هەست بە ئەم کەمینە دەکات. کاتێک ئەمنەکان دەیانەوێت بیانگرن، سەباح بە چەپۆک و دەمانجە لێیان دەست دێت و دەرباز دەبێت. بێگومان ئەم بەرەنگاربوونەوەیە ئازایەتییەکی زۆری دەوێت. کەم کەس لەم کاتانەدا ناڕوخێت و لە پەلوپۆ ناکەوێت. تایەر موراد کە لە دواوە دەبێت دەگەڕێتەوە بۆ دواوە. ئەویش کوڕێکی بە جەرگ دەبێت. بەڵام کاتێک دەمانچەیان لێ هەڵ دەکێشێت، یەدەگی دەمانچەکەی دەکەوێتە خوارەوە. ئنجا پەنا دەبات بۆ قومبەلەکەی. کاتێک قومبەلە دەگرێتە ئەمنەکان، قومبەلە دەبێت بە ئاسنێکی ساردو ناتەقێت. تایەر موراد بە برینداریی هەڵ دێت و خۆی دەکات بە ماڵێکدا. ئەمنەکان ئەو ناوە دەگرن و تایەر موراد بە برینداریی دەگرن و پاشان لە دار دەدرێت. ئەم روداوەی سەباح و تایەر موراد لە رۆمانی "خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان"دا تیشکی داوەتەوەو وەکو بەشێکی تایبەت جێگای گرتووە. لە رۆمانەکەدا سەباح یاسین ناوی "چەتۆ"یە. بێگومان بە گوێرەی تێگەشتنم لە خەسڵەتی سەباح پێشبینیی ئەوەم کردووە کە سەباح لەو جۆرە رەوشانەدا کە هۆنینەوەن نەک راستیی، چۆن بیر دەکاتەوەو هەڵسوکەوت دەکات.
سەباح و فوئاد لەگەڵ هاوڕێیانی تردا رو لە رێگای کێو دەکەن بەرەو سوریاو لوبنان. لەوێشەوە لە وڵاتی سوید دەگیرسێنەوە. ساڵی ١٩٨٣ بە رێکەوت فوئادم لە سەنتەری ستۆکهۆڵم بینییەوە. هەر فریای تۆزێک قسە کەوتین و هیچی تر.
جارێکی تر فوئاد لە دروستکردنی رێکخراوی "سۆڵیداریتی"دا سەری هەڵ دایەوە. ئەم رێکخراوە دەستیان کرد بە پاککردنەوەی باشور لە مین. بێگومان جگە لەمەش چالاکیی تریان هەبوو کە ئەمانە بەجێ دەهێڵم بۆ کەسێکی بەشدار لەو هیمەتانەدا کە قسەیان دەربارە بکات. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە هەبێت ئەو کات ئێمە دەستەیەک گۆڤاری "کۆنتراکت"مان دەر دەکرد. بە مەبەستی پشتگیریی کەسانی چالاک و برەوپێدانیان، لە گۆڤاری "کۆنتراکت"دا دەربارەیان نوسیمان.
دوای نەمانی دەستەڵاتی سەددام لە باشوردا، دور بە دور هەواڵی فوئادم دەبیست کە بەردەوام هەر چالاک بوو لە سلێمانی بە کردنەوەی دەورەی کۆمپیتەر بۆ خەڵکیی. جگە لەمەش باسی ئیشەکانی لە رۆژئاواش دەکرا. بەڵام وەکو لەسەرەوە پەنجەم بۆ را کێشا من لە نزیکەوە بێ ئاگابووم لەو کارانەو دەهێنێت ئەوانەی لەگەڵی بەشدار بوون یان لە نزیکەوە ئاگایان لێی بووە، لەو بارەیەوە زانیاریی بخەنە بەر چاو.
لە خۆپیشاندنەکانی ١٧ی شوباتدا فوئاد یاسین و هەروەها سەباحی براشی دوبارە قوتبوونەوە. فوئاد هەمیشە قاچێکی لە بەردەرکی سەرا بوو. چەند جارێک لە بەردەرکی سەرا یەکمان بینی و گفتوگۆمان کرد. بیروڕامان جیاواز بوو دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕان و روداوەکانی ١٧ی شوبات. ئەو کات من دوای ١٧ی شوبات بە ماوەیەک، جەڵتەی دڵ لێی دام و کەوتمە خەستەخانەوە. لە سلێمانی دوکتۆر ئارام شەبەکەی بۆ دانام و پاش بیست رۆژێک گەڕامەوە بۆ سوید.
دوا جار بەهاری ساڵی ٢٠٢٠ فوئادم چەند جارێک بینییەوە. بڕیارمان دا رۆژێک بچین بۆ خانووەکەی لە گوندی "دێرێ" بەڵام کۆرۆنای بەد نەعلەت دنیای گۆڕی. من رۆشتمەوە بۆ سوید. ئەو کات فوئاد چاپوک و پڕ وزە بوو. ئەوەی بە خەیاڵی مرۆڤدا نە دەهات فوئادو مردن بەو زووانە یەک بگرنەوە. بەڵام بە داخەوە ئەم جارەیان دەنگوباسی لەناوچوونی هات لە روداوێکی ئوتومبیلدا لە سەر رێگای گوندی دێرێ. یادت درەوشاوە بێت و نمونەت زۆر بێت کاکە فوئاد.