زۆرجار ڕۆژنامەنوسان هاوشێوەکانی نموونەی ئەردۆغان و پوتین، کلینتۆن و بلێر یان ڕەیگن و تاچەر دەخەنە ڕوو. من حەز دەکەم بەراوردێکی دیکە بکەم: بەراوردی ئەحمەد تورکی سیاسەتمەداری کوردی باکوری کوردستان و بنیامین فرانکلینی یەکێک لە پایەکانی دامەزرێنەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا! کەمێک ئارامت هەبێت و بەردەوام بە لە خوێندنەوە، ئەم دووانە زیاتر لەوانەی ناومان هێنان هاوشێوەی یەکدین.
ئەم وتارە بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە بنیامین فرانکلین دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە ڕەنگە هەندێک ڕۆشنایی بخەنە سەر خەباتی کورد بۆ ئازادی. بەشێکیشی تایبەت کراوە بە سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک. هیوادارم ڕۆژێک کەسێک دەستی بە کارەکانی ئەحمەد تورکیش بگات و شتەکانی کۆ بکاتەوە. فرانکلین لە بەرامبەر ئینگلیزەکان سەرکەتوو بوو بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان ئازاد بکات. بەڵام هێشتا، ئەحمەد تورک ڕێنماییی کوردەکان دەکات بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە لە تورک جیایان بکاتەوە. ئەو جیاکردنەوەیەش لە پێناوی بەرژەوەندیی هەردوو نەتەوەیە.
جگە لەوەش، هەروەک چۆن بەراوردکردنی چەند پزیشكێک سوود و قازانجی بۆ نەخۆشەکان هەیە، بە هەمان شێوەش بەراوردکردنی سەرکردە سیاسییەکان سوود و قازانجی بۆ هاووڵاتیان هەیە. ئەگەر قەرار بێت هەڵبژاردن جەوهەری دیموکراسی بێت، ئەوا من بە بەراوردکردن و هەڵبژاردن بەشداری دیموکراسی دەکەم. خۆ ئەگەر ئەم بەراوردکارییە یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بڕیارێکی ژیرانە بدەیت؛ لەوانەیە ئەو بڕیارە ژیرانەیەی تۆ هاوکار بێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشکەوتن بەدی بێت.
بنیامین فرانکلین کەسایەتییەکی دیاری ئەمریکییە. لە ساڵی ١٧٠٦ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٧٩٠ کۆچی دواییی کردووە. ٨٤ ساڵی تەمەنی بنیامین فرانکلین بەسەر دوو نیوەدا دابەش دەبێت. لە نیوەی یەکەمدا، سەربەخۆییی کەسیی خۆی ڕاگەیاند. لە نیوەی دووەمدا، کاری بۆ سەربەخۆییی ئەمریکا کرد.
زۆربەی ئەو کوردانەی کە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کەسانی هۆشیارن، ڕەنگە زۆر ئارەزووی ئاشنابوون بە بەشی دووەمی ژیانی بنیامین فرانکلین بکەن. شکسپیر ئامۆژگاریمان دەکات بۆ ئەوەی لە دەلاقەیەکی فراوانترەوە سەیری ژیان بکەین؛ هەر وەک گووتوویەتی ''ئەوەی ڕابوورد تەنها پێشەکییە''. واتە دەبێت نیوەی یەکەمی ژیانی فرانکلین بزانین بۆ ئەوەی باشتر لە نیوەی دووەمی ژیانی تێ بگەین. من بە هەموو ژیانی ئەودا دەچمەوە؛ ئەمەش لە پێناوی ئەوەی بەدوای لێکچوون و جیاوازییەکانیشدا بگەڕێم، کە لە نێوان پیاوە بەساڵاچووەکەی خەباتی کورد و پیرە پیاوە کۆچکردووەکەی کۆماری ئەمریکادا هەن. ئەگەر پێشبینی ئەوە بکەم کە تۆی خوێنەر بتتوانیبایە ئەم دوو کەسایەتییە لە نزیکەوە بە یەکدی بناسێنیت؛ لەوانەیە خۆشیان بە زوویی ببوایەن بە هاوڕێی یەکدی، ئەمەش بە هۆی ئەو لێکچوونە زۆرانەی کە لە نێوانیاندا هەیە.
بنیامین فرانکلین لە بۆستن گەورە بوو. لە تەمەنی هەرزەکاریدا چوو بۆ فیلادلفیا و لەوێ دەژیا. هەردوو شارەکە فرانکلین بە کوڕی خۆیان دەزانن. ئەمریکا وەک باوکێکی دامەزرێنەر ڕێزی لێ دەگرێت. وێنەکەی لەسەر کاغەزی پارەی سەد دۆلاریی ئەمریکی نەخشێندراوە.
کاتێک بنیامین فرانکلین لە دایک بوو، ژمارەی دانیشتووانی بۆستن حەوت هەزار کەس بوو. شارەکە هەزار ماڵێکی لەخۆ دەگرت و هەزار کەشتییەکیش لە قەراغەکانی بۆستن لەنگەریان گرتبوو.
پیوریتانەکان، کە ئەو کەسانە بوون کە کەنیسە و قەشەکانی ڕۆمایان بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەت دەکردەوە و تەنیا پابەندبوون بە ئینجیلەوە، زاڵ ببوون بەسەر سیاسەتی ئەمریکادا. ئەوان هەمان ئەو سزایانەیان جێبەجێ دەکرد کە لە ئینجیل نووسرابوونەوە و ئەوەشیان بە ئاشکرا و لە ناو خەڵکدا دەکرد. پیوریتانەکان پابەندی تەواوی یاسایەکان بوون بەبێ هیچ شیکردنەوە و لادانێک لێیان. ئەوەش هەمان شێوەی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەی ئەمڕۆ بوو؛ کە تەنیا پشت بە دەقی قورئان دەبەستن وەکوو سەرچاوەی ڕەسەن و ناگەڕێنەوە بۆ لێکدانەوەکان و بارودۆخی سەردەمی دەرکەوتنی قورئان. ئەگەر دەتەوێت زانیاریی زیاتر دەربارەی بارودۆخی ئایینی ئەوسای ئەمریکا بزانیت، کتێبی The Scarlet Letter لە نووسینی ناثێنیێل هاثۆرن یان کتێبی The Crucible لە نووسینی ئارثەر میلەر هاوکاری باشن.
بنیامین فرانکلین لەم ژینگە قووڵەدا گەورە بووە. لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری خوێندنەوە و نووسین بووە. ئەو دەیەم منداڵی هاوسەرگیریی دووەمی باوکی بوو؛ هەر وەکوو عادەتی زەکاتی مەسیحییەکانی ئەوێ پێشکەش بە کەنیسە کرا بۆ ئەوەی ببێتە وەزیر لە نیو ئینگلاند. بە گوێرەی باوەڕی مەسیحییەکانی ئەو سەردەمەی بۆستن و زۆرێک لە مەسیحییەکانی جیهان، زەکاتی یەک لە دە ساڵانە دەدرێت بە کەنیسە. لەبەر ئەوەی بنیامین فرانکلین دەیەمین منداڵی خێزانەکەی بوو، هەر بۆیە پێشکەشی کەنیسە کرا.
پەندێکی ییدییەکان هەیە کە دەڵێت؛ ''مرۆڤ پلان دادەنێت و خوا پێ دەکەنێت!'' ئەو پەندە لەوانەیە زۆر دروست بێت بۆ شێوازی ژیانی فرانکلین. ئەو کەسانەی دەیانویست ببن بە وەزیر، بەگشتی لە قوتابخانەی لاتینیی بۆستنەوە دەستیان پێ دەکرد. فرانکلینیش بە هەمان شێوە لەوێ تۆمار کرا. ئەو لە خوێندنەکەی زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە دیندارییەکەی بەو شێوەیە نەبوو. بۆ نموونە، ئەو پێی وابوو کە دوعایەکانی باوکی (بەر لە نان خواردن) زۆر دوور و درێژ و بێزارکەرن و جیگرەوەیەکی پێشنیاز کرد؛ کە بریتی بوو لە یەک دووعا بۆ تەواوی زستان و ئەمەش لە پێناوی بەفیڕۆنەدانی کات. بەڵام باوکی بە پێشنیازەکە دڵخۆش نەبوو هەر بۆیە پێشنیازەکەی فرانکلینی ڕەت کردەوە. هەروەها، ئەوە وایکردن کە باوکی تێڕوانینی خۆی دەربارەی پێدانی کوڕەکەی خۆی بە خوا بگۆڕێت. ئیدی فرانکلینی خوێندکار بوو بە فرانکلینی دوکاندار لە چاپخانەی براکەی.
فرانکلین هەر لە قوتابخانەی لاتینیی بۆستنەوە حەزی بۆ خوێندنەوەی کتێب جووڵابوو. لە چاپخانەکەیاندا، ئەو ئەرکی درووستکردنی کتێبەکانی پێ سپێردرابوو. بەڵام هەرگیز خولیای بۆ کتێب لە دەست نەدا و لە کاتە پشووەکاندا هەوڵی کۆکردنەوە و بوونیادنانی کتێبخانەی خۆی دەدا، بە جۆرێک کاتێک کۆچی دوایی کرد؛ ٣٧٤٧ کتێب لە کتێبخانەکەیدا هەبوو.
کاتێک کتێبەکانی باوکی و ئەو کتێبانەی کە بە پارەی خۆی کڕیبوونی تینوویەتیی فرانکلینیان بۆ کتێب و فێربوون نەشکاند. هاوڕێیەکانی خۆی، کە لە کتێبفرۆشەکاندا کاریان دەکرد، ناچار کرد بۆ ئەوەی کتێبی بە قەرز بدەنێ و بتوانێت شەوان و کاتێکدا کتێبفرۆشەکان داخراون، بیانخوێنێتەوە.
کاتێک کتێبێکی دەخواست، ئەو دوایەمین کەس بوو بۆ ئەوەی بخەوێت و یەکەم کەس بوو بۆ ئەوەی خەبەری ببێتەوە. بەم شێوەیە دەیتوانی زۆرترین شت بخوێنێتەوە و پێش ئەوەی دوکانی کتێبفرۆشەکە بکرێتەوە، کتێبەکە بۆ خاوەنەکەی بگێڕێتەوە.
کارەکانی پلاتۆ، پلوتارک و تاسیتس بەشێک بوون لەو کتێبانەی کە فرانکلین دەیخواستن. هەروەها، دەربارەی ڕووەکخۆرەکان زانیاریی وەرگرت و خۆشی ببوو بە ڕووەکخۆر. بەڵام ئەو تێگەییشتنی بۆ ڕووەکخۆری گۆڕی بەوەی کە گووتی دەکرێت کەسی ڕووەکخۆر ماسییش بخوات، چونکە ماسی خۆیشی ماسی دەخوات!
خوێنەری باش دەبێتە نووسەری باش. بنیامین فرانکلین خوێنەرێکی ناوازە و نووسەرێکی پڕهیوا بوو. ئەو دوای کارکردن، داڕشتنی دەنووسی و دەیناردن بۆ ڕۆژنامەی برایەکەی بە ناوی ' the New-England Courant ' . بەڵام بەداخەوە، نووسینەکانی هەمیشە ڕەت دەکرانەوە.
فرانکلین بە پەرۆشییەوە دەیویست ناوی خۆی لەسەر ڕووپەلی چاپکراوەکان ببینێت، بۆیە بڕیاری دا کە چەند نووسینێکی نوێ بە ناوێکی خوازراوەوە “Silence Dogood” بنێرێت بۆ ڕۆژنامەکە. ئەو نووسینانەی کە بە ناوە نوێیەکە نێردرابوون قبووڵ کران. بەڵام کاتێک ناسنامەی خۆی ئاشکرا کرد، کارەکانی دووبارە خرانەوە تەنەکەی خۆڵەوە.
هەرچی دەربارەی کارکردنەکەیەتی، ئەو کرێکارێکی کاتی بوو، هەمیشە لە ژێر ڕەحمەتی بڕیار و ڕەحمی بەڕێوەبەرەکەیدا بوو. هەندێکجار، برایەکەی لێی دەدا و فرانکلین نەیدەتوانی هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت. ئەو دەیزانی کە شاری دیکەش لە ئەمریکادا هەن هەر بۆیە دەستی بەوە کرد کە بۆ ئاسۆیەکی فراوانتر بڕوانێت.
لە حەڤدە ساڵیدا بۆستنی بەجێ هێشت و بوو بە کەسێکی هەڵاتوو. نیویۆرک مافی مانەوەی پێدا، بەڵام نەیتوانی کار لە نیویۆرک بدۆزێتەوە. لە فیلادلفیا هەم مافی مانەوەی پێ درا و هەم کاریشی دۆزییەوە. ئەوەش وایکرد کە ببێتە کەسێکی فیلادلفیایی.
فرانکلین بوو بە خەڵکی شاری برازەرلی لەڤ و هەر وەکوو چۆن مراوی ئالوودەی ئاو دەبیت، فرانکلینیش بوو بە بەشێک لە شارەکە. چوار ساڵ دواتر، ئەو بوو بە خاوەنی چاپخانەی خۆی. نۆ ساڵ دواتر، ژیانی هاوبەشی لەگەڵ دەبوورا ڕید دەست پێ کرد و خێزانی خۆی پێک هێنا.
لە سەدەی هەژدەیەمدا، ئەمریکا لە هەموو بیست ساڵێکدا دانیشتووانەکەی دوو قات زیادی دەکرد. کاتێک ژمارەی خەڵک زۆرتر دەبوون، کاری چاپخانەکەی بنیامین فرانکلینیش باشتر دەبوو. بیست و پێنج ساڵ دواتر، خۆی خانەنشین کرد و بێ ئەوەی هەست بە خۆی بکات پێی نایە ناو کارێکی دیکە؛ کە بریتی بوو لە ئازادکردن و بوونیادنانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە ساڵی ١٧٥٧دا، ئەنجوومەنی پێنسلڤانیا وەکوو نوێنەری خۆیان ناردیان بۆ لەندەن. لە ڕێگادا، لە نزیکی دورگەی سیلی، کەشتییەکەی لە لایەن چەتەکانی دەریاوە پەلامار درا و لە ناو تەمومژدا خۆیان کێشا بە بەردەکانی دورگەکەدا. ئەو ڕزگاری بوو بۆ ئەوەی چیرۆکەکەمان بۆ بگێڕێتەوە.
لە نامەیەکدا بۆ هاوسەرەکەی نووسیویەتی: ''ئەگەر مەسحییەکی کاسۆلیکیی ڕۆمانی بووایەم، دەبوایە سوێند بخۆم کە کەنیسەیەک درووست بکەم، بەڵام چونکە ئەوە نیم، ئەگەر سوێند بخۆم؛ سوێند دەخۆم کە فانۆسێک دروست بکەم''
پرسیارێک بۆ خوێنەری ئەو بابەتە، کە لەوانەیە هەر وەکوو من خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەوەیە:کە ئێمە دەستوپەنجەمان لەگەڵ تیۆکراسیی ئیسلامی نەرم کردووە، ئایا ئەمە شیاوە کە ئێمەش ئەم قۆناغە تێ بپەڕێنین و هاوشێوەی بنیامین فرانکلین و هاوچەرخەکانی لە ئەمریکا؟
لە لەندەن، فرانکلین تەنیا نوێنەری پێنسلڤانیا نەبوو، بەڵکوو وەکوو زانایەکی ناسراویش ناوبانگی دەرکردبوو. دۆزینەوەکەی دەربارەی ئەوەی کە بروسکە کارەبایە، ناوی ئەوی بردبووە ناو هەموو ماڵێکی ئەوروپاوە. ڕۆیاڵ سۆسایەتی لە بەریتانیا ئەویان وەکوو ئەندامێک ناساند و ئەکادیمیای فەڕەنسیش هەمان هەنگاوی نا. بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە بەریتانیا و ئەوروپا مایەوە. فرانکلین ئەو تێڕوانینەی بەریتانییەکانی ڕەت کردەوە کە پێیان وابوو پەرلەمانی بەریتانیا مافی سەپاندنی باجی بەسەر کۆڵۆنییەکانی بەریتانیادا هەیە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی حەفتاکانی سەدەی هەژدەم، پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و کۆڵۆنییەکانی بەرەو خراپی دەڕۆیشت. لەندەن باجی لەسەر چا دانا. ئەمریکییەکان حەزیان بە چایەکە هەبوو، بەڵام حەزیان بە باجدانەکە نەبوو، هەر بۆیە لە بۆستن چایەکەیان ڕژاندە ناو دەریاوە. ئەو ڕووداوە لە مێشوودا پێی دەگووترێت ئاهەنگی چا لە بۆستن. ئاهەنگی چا لە بۆستن یەکێکە لە بەناوبانگترین شێوەکانی ناڕەزاییی دەربڕینی ئاشتیانە؛ کە بریتی بوو لە فڕێدانە ناو دەریای ئەو چایەی کە بۆ بۆستن هاتبوو. بەم جۆرە و بەم هەنگاوە ئەمریکییەکان باج و خەراجی بەریتانییەکانیان ڕەت کردەوە.
دەسەڵاتدارانی لەندەن، هەر وەک پێشبینیکراو بوو، زۆر تووڕە بوون. بانگێشتی بنیامین فرانکلینیان کرد بۆ لێپرسینەوە کە لەو کاتەدا خاوەن بەرزترین پایە بوو لە پایتەختی بەریتانیا. ئەو داوای لێ کرا کە لە بەردەم ئەنجوومەنی تایبەتدا ئامادە ببێت بە مەبەستی لێپرسینەوە لە هەڵسوکەوتی ئەمریکییەکان.
دانیشتنەکە لە ژوورێک بە ناوی “cockpit” بەڕێوە چوو. لەو ژوورەدا، هێنریی هەشتەم سەیری شەڕەکەڵەشێری کردبوو. لە هەمان هۆڵدا، داواکاری گشتی ئەلێکساندەر وێدەربێرن دەرسی فرانکلینی دەدا و ئەو هیواخواز بوو کە فرانکلین بکات بە سەگێک بۆ ئەوەی پاسی مەڕەکانی ئەمریکای پێ بکات.
دانیشتنەکە بەم جۆرە دەستی پێ کرد:
داواکاری گشتیی بەریتانیا زۆر تووڕە بوو.
بنیامین فرانکلین پشتگوێی خست و بە بێدەنگی مایەوە. بێدەنگییەکەی فرانکلین جۆرێک بوو لە بەرخۆدانی بێ توندوتیژی.
غاندییش بە هاوکاریی ملیۆنان کەس پەیڕەوی هەمان تاکتیکی کرد؛ هەماهەنگی لەگەڵ یاسا نایەکسانەکانی بەریتانیا لە هیندستان ڕا گرت و نیوەقاڕەی هیندستانی ئازاد کرد. دکتۆر کینگ هەماهەنگی لەگەڵ چالاکوانە سپیپێستەکانی وەکوو ستانلی لێڤیسەن ڕا گرت. هەڵسوکەوتی هیندییەکان لە ئەمریکا دووبارە کردەوە و یاساکانی جیم کراوی نارد بۆ مۆزەخانە.
هەتا ئەمڕۆ، ژمارەیەکی کەم لە کوردەکان سەیری ئەم بەرخۆدانە ئاشتییانەیان کردووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارەیان کردووەتەوە. ڕەنگە ئەحمەد تورک و هاوڕێیەکانی هەمان کار بکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا؛ چونکە ئازادکردنی تورکەکان، عەرەبەکان و فارسەکان لە تێڕوانینە ڕەگەزپەرستییەکانیان دەکرێت دەرچەی ئازادبوونی کوردیش بێت.
دوای ڕووداوەکان کە لە هۆڵی شەڕەکەڵەشێری بەریتانییەکان ڕوویان دا، فرانکلین لەوە تێگەییشت کە ئیتر کاتی گەڕانەوەیە بۆ وڵات. لە کەشتیی گەڕانەوەی بۆ فیلادلفیا، بە نهێنیی بە گوێی نەوەکەی خۆیدا چرپاند کە ئاسۆی ئەمریکا ڕوونە. پلانی ئازادبوونی فرانکلین سێ بابەتی گرنگ و پێویستی لە خۆ گرتبوو. کە بریتی بوون لە: ''پەیداکردنی پارە، ئابووریبوون و هەبوونی منداڵ''
ئەو پێی وا بوو کە پارە دەرگاکان دەکاتەوە. پاشەکەوتکردن ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هێز بە خاوەنەکەی ببەخشێت. هەروەها، لەدایکبوونی منداڵ لە ئەمریکا و زیادکردنی ڕێژەی منداڵان وا دەکات کە لە ماوەی پەنجا ساڵدا ڕێژەی دانیشتووانی ئەمریکا بگاتە ئاستی ڕێژەی دانیشتووانی بەریتانیا. هەموو ئەمانەش بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتییانە، نەک بە شۆڕشی خوێناوی، فرانکلین بەم ڕێگا تایبەتەی خۆی دەیویست ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانی بە هۆش خۆی بێنێتەوە.
بەڵام کاتێک گەییشتەوە فیلادلفیا، کڵپەی شۆڕش لە ئەمریکا پەرەی سەندبوو. چەند ڕۆژێک دواتر، ئەو بە ئەندامی کۆنگرێس وەکوو نوێنەری پێنسلڤانیا هەڵ بژێردرا. لە سەرەتادا، ئەو وەکوو کۆترێکی ئاشتیخواز بوو: ئەو نەیدەویست ملکەچی بەریتانیا بێت و نەشیدەویست هێرش بکاتە سەری.
بەڵام هەبوونی هەزاران سەربازی بەریتانی لە کۆڵۆنییەکەی وای کرد کە ئەجێندایەکەی ئەستەم بێت.
بنیامین فرانکلین هەستی کرد کە ئەمریکا ناچار بە کاردانەوە کراوە. ئیدی ئەویش هەر وەکوو ئەوانی دیکە شۆڕشگێڕێکی ئەمریکی بوو. کوڕەکەی حاکمی نیو جێرسی بوو، فرانکلین داوای لێ کرد بۆ ئەوەی بچێتە بەرەی شۆڕشگێڕان؛ بەڵام کوڕەکەی لە بەرەی بەریتانییەکاندا مایەوە.
کاتێک کۆنگرێس فرانکلینی وەکوو نوێنەر لە پاریس دەستنیشان کرد، ئەو دەستی بە یاریکردن لە دژی بەریتانییەکان و لە بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان کرد. چونکە بەریتانیا لە شەڕی حەوت ساڵەدا شکستی بە فەڕەنسا هێنابوو. ئێستا ئامانج و دووعاکردنی فرانکلین بۆ ئەوە بوو کە فەڕەنسا بخاتە بەرەی وڵاتە کۆڵۆنییەکان لە دژی بەریتانیا. بەم جۆرە هەم کۆڵۆنییەکانی وەکوو ئەمریکا ئازاد دەبن، هەم فەڕەنسا تۆڵەی خۆی لە بەریتانیا دەکاتەوە.
پرسیارەکە ئەوە بوو: ئایا پاریس ئەمە دەکات؟
پیرە پیاوەکە کەسێکی ویستراو و خۆشەویست بوو لە لای ئەوروپییەکان. ئەو ڤۆڵتێر، بریلۆن و هێلڤێتیۆسی لە گرووپی هاوڕێکانی خۆی هەژمار کرد. مارکیز دی لافایێت و بارۆن ڤۆن ستیوبن و کاسیمیر پولاسکییش ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوکاریکردن و ئەوانی خستە ناو لیستی یەکەم کەشتیی هاوکاریی کۆڵۆنییەکان.
سەرکەوتنی ئەمریکا لە ساراتۆگا لە ساڵی ١٧٧٧ چارەنووسی بەریتانیای دیاری کرد. ئەوە بوو کە فەرەنسا لە ڕووی دارایی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە لایەنگری ئەمریکا بوو. شەڕی یۆرکتاون وەک کودەتایەک ڕۆڵی گێڕا. هەتا کۆتاییی جەنگەکە فەرەنسا ٢٥ ملیۆن لیڤەری بە قەرز دا بە کۆلۆنییەکان و زیاتر لە ملیارێک لیڤەری خۆیشی خەرج کرد.
فرانکلین دەربارەی خەرجییەکانی شۆڕشی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە:
''ئەگەر ئەوان [ئەمریکییەکان] یەک لەسەر چواری ئەو پارەیەی کە لە شەڕدا خەرجیان کرد، بیاندابووایە بە من [بینیامین فرانکلین]، سەربەخۆییمان بەدەست دەهێنا بەبێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن بڕێژین. بەو پارەیە هەموو ئەندامانی پەرلەمانم دەکڕی، هەموو حکومەتی بەریتانیام دەکڕی.''
ئەم لێدوانەی فرانکلین تێبینییەکەی پاشا فیلیپی دووەمی مەقدۆنی دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێت ''کەرێک کە بارەکەی زێڕ بێت، دەتوانێت بچێتە ناو هەر شارۆچکەیەکەوە! ''
هەر بۆیە باشترە ئەگەر کوردەکان بیر لە فرانکلین و پاشا فیلیپی دووەم بکەنەوە. خوێن تاکە ڕێگای ئازادی نییە. چونکە ئامرازی دیکەش هەن بۆ ئازادبوون.
لە کاتێکدا ئەم بڕە پارانە خەرج دەکران و سەربەخۆییی ئەمریکا گەرەنتی دەکرا، فەڕەنسییەکان و بنیامین فرانکلین لە سەرانسەری ئەمریکادا ستاییش دەکران. خەڵکی شارۆچکەیەکی نوێ لە ویلایەتی ماساشوسێتس بڕیاریان دا کە ناوی شارەکەیان لە ئێکسێتەرەوە بگۆڕن بۆ فرانکلین.
دوای چەند ساڵێک یەکێک لە دانیشتووانی ئەو شارە نامەیەکی بۆ فرانکلین نووسی و داوای کرد زەنگێک بۆ کەنیسەکەیان بکڕێت. فرانکلین کە ئارەزووی زانینی ڕای ئەوانی دیکەشی دەکرد، بڕیاریدا ڕاوێژ بە خوشکەکەی بکات، کە دانیشتووی بۆستن بوو. خوشکەکەی دژی ئەو داوایەی خەڵکی شارۆچکەکە بوو، بۆ فرانکلینی نووسیبوو: ''ئەوان هەر هێندەی بۆقێک کە پێویستی بە کلکە، پێویستییان بە زەنگە.''
لەم بابەتەدا فرانکلینیش هاوڕای خوشکەکەی بوو. هەر بۆیە ١١٦ کتێبی زانستی و پەیوەندیداری بە حکومەت بۆ کەنیسەکە نارد. هێشتا ٩٢ لەو کتێبانە لە کتێبخانەی گشتیی فرانکلینن لە فرانکلین، ماساشوسێتس.
ئەگەر تۆ کتێبت خۆش دەوێت و ئەگەر بۆت دەگونجێت دەبێت سەردانی ئەم کۆکراوەی کتێبانە بکەیت. لەم ڕێگەیەوە تۆ تەنیا ڕێز لە پیاوە پیرەکە ناگریت، بەڵکوو ڕێز لە بیروباوەڕەکەشی دەگریت؛ کە پێی وابوو کتێبەکان و زانین بناغەی سەرەکیی گۆڕانکاریی تەندرووستن.
کاتێک بۆ هاوڕێیەکی لەندەنی باس دەکرد، فرانکلین هۆکاری ئەوەی ڕوون کردەوە کە بۆچی لە جیاتی زەنگ کتێبی بۆ کەنیسەکە ناردووە. بە گووتەی ئەو ''بیرکردنەوە باشترە لە دەنگەدەنگ''. بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەو دووبارە ئەو نامە کۆنانەی دەخوێندەوە کە بۆ هاوسەرەکەی نووسیبوونی؛ ئەو ئاماژەی بەوە دابوو کە دیاری دەبێت بەهای تایبەتی هەبێت. ئەم دیارییە تایبەتە، هەرچەندە بە پێوەرەکانی ئەمڕۆ بچووکە، بەڵام بۆ ئەندرۆ کارنگی ئیلهامبەخش بوو، کە وایکرد بە پارەی خۆی ١٦٨٩ کتێبخانەی گشتی لە سەرانسەری ئەمریکادا دروست بکات.
ئایا بنیامین فرانکلین کەسێکی بێ کەموکوڕی بوو؟ بێگومان نەخێر. ئەو خاوەنی دوو کۆیلە بوو. یەکێکیان ڕای کرد و لە ئینگلتەرا ئازادیی خۆی بە دەست هێنا. چارەنووسی ئەوەی دیکەش هەتا ئێستا نەزانراوە.
دوای سەربەخۆییی ئەمریکا، فرانکلین بوو بە چالاکوانی دژی کۆیلایەتی و بە سەرۆکی کۆمەڵەی پێنسیلڤانیا بۆ پێشخستنی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی هەڵ بژێردرا.
لە داواکارییەکدا بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئەمریکا، داوای نەک تەنها هەڵوەشاندەوەی کۆیلایەتی دەکرد، بەڵکو داوای هاوکاریی داراییشی دەکرد بۆ "ڕەگەزی ژێردەستە". بەڵام کۆنگرێس داواکارییەکەی پشتگوێ خست.
فرانکلین کۆڵی نەدا و ئامرازی دیکەی بۆ گەییشتن بە خواستەکەی بەکار هێنا. بۆ نموونە گوتارێکی نووسی؛ لە ڕێگەی ڕۆژنامەکەیەوە بڵاوی کردەوە. گووتارەکەی شانۆییەکی پێکەنیناوی و گاڵتەجاڕ بوو دەربارەی کۆیلایەتی. لە گوتارەکەیدا کەسایەتییەک هەبوو بە ناوی "سەید محەمەد ئیبراهیم" کە خواستی بە کۆیلەکردنی ئەوروپییەکانی ئاراستەی دیوانی دەوڵەتی جەزائیر کردبوو. سەید محەمەد ڕەوایەتی بە ڕفاندن و بەکۆیلەکردنی ئەوروپییەکان دەدا بە پشت بەستن بەوەی ئەوان مسوڵمان نین و کافرن و بەکۆیلەکردنیان حەڵاڵە. بێگومان کەسایەتیی سەید محەمەد بۆ ئەمریکییەکان مایەی گاڵتەجاڕی بوو. فرانکلین لەم ڕێگەیەوە دەیویست ئەمریکییەکان تێ بگەیەنێت کە بەکۆیلەکردنی ڕەشپێستەکانیش بە هەمانشێوە مایەی گاڵتەجاڕییە و نامرۆڤانەیە.
کاک سەید محەمەدی کەسایەتیی شانۆییەکەی فرانکلین لە شانۆنامەکەدا دەیگوت: سپی پێستەکان کۆیلەی نایابن؛ لە لە کێڵگەکاندا باشتر لە ڕەشپێستەکان کار دەکەن و زۆر باشتر لە ئەفریقییەکان بەرگەی خۆری گەرم دەگرن!
بنیامین فرانکلین بەشێک لە موڵک و ماڵی خۆی بەمەرج بۆ کچەکەی بەجێ هێشت کە ناوی سالی بوو. مەرجەکەیشی بریتیبوو لە ئازادکردنی کۆیلەکانیان. سالی و هاوسەرەکەی کە ناوی ڕیچارد بوو مەرجەکەیان قبووڵ کرد و کۆیلەکانی خۆیان ئازاد کرد.
تورگۆت کە دەوڵەتمەدارێکی فەرەنسییە، دوای مردنی بنیامین فرانکلین لە بارەیەوە نووسیویەتی؛ ''ئەو بروسکەی لە بەهەشتەوە هێنا و چەقۆی دەسەڵاتی لە ستەمکاران ستاند''. فرانکلین هەردووکی کرد و خۆشبەختی لە جیهاندا زیاد کرد. بۆیە منیش پێم وایە کە باشترە ئەگەر کوردە "ژێردەستەکان" بتوانن ئەو بکەن بە نموونە بۆ خۆیان.
تێبینی ١: ئەگەر ئەحمەد تورک لە ژیانیدا ئەو کارە بکات کە بنیامین فرانکلین لە ژیانیدا کردوویەتی، ئامادە دەبم داوا لە گەورەکانی شارۆچکەکەم بکەم کە ناوی شارۆچکەکە بگۆڕن بۆ تورک، سەرباری ئەو هەموو زووڵمەی کە تورکەکان بەرامبەر کوردیان ئەنجامیان داوە. ڕەنگە ئەوەش ئیلهامبەخش بێ، هەرچەندە ئەوە شتێکی دووبارەیە و ٣٠٠ ساڵ پێش ئەمڕۆ ئەمریکییەکان بەم ڕێگایە ڕێزیان لە سەرکردەکەیان ناوە.
تێبینی ٢: کورد دەتوانێت ڕۆژێک لە تورکەکان خۆش بێت. بەڵام تورکەکان لەخۆیان خۆش نابن. ئەوان بە تاوانەکانیانەوە دەژین. خۆ بەتاوانباردیتنیش گرانترین بارە کە مرۆڤێک یان کۆمەڵگایەک لەسەر شانی بێت.
لینکی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:
http://https://kurdistan.org/politicians-and-their-legacies%ef%bf%bc/