لە پەراوێزی سوتاندنی کتێبی قورئان لە سوید
بەر لە هەموو شتێک دەبێت پرسیار لەخۆت بکەیت ئاین بۆچی هاتووە؟ خودا بۆچی پەیامبەری ناردووە؟ وەڵامەکەی ڕون و ئاشکرایە: پەرستنی خودای دلۆڤان، چاککردنی دڵوگیانی مرۆڤ، هێنانە کایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی زوڵم و زۆر، فەراهەمکردنی یەکسانی، برایەتی و تەبایی و ڕێز لە نێو مرۆڤەکاندا هەروەها بەهەدەرنەدانی سامانی نیشتیمانی.
بەندە ئەنتی ئیسلامی نیە، من باوکم ئیماندارێکی بێوێنە بوو ئاخر باوکی من یەکەم کوردە کتێبێک لەسەر تەجویدی قورئان بنوسێت. مەلاعەزیزی باپیرە گەورەمان یەکەمین کەسە لە شاری سلێمانی حوجرە دانێت. چی ڕەوشتی بەرزە لە باوکمدا هەبوو، ئەو بە هێمنی دەدوا، دەستپاک و داوێنپاک بوو، پەرداخێک ئاوت بدایە بە باوکم بە سێ قوم دەیخواردەوە چونکی ئەو دەیویست هەموو سونەتەکانی پەیامبەر جێبەجێ بکات. سوپاس بۆ خودا، باوکم موسوڵمانێکی تونڕەو نەبوو ئەو دەیگوت "أطلب العلم و لو کان في الصین" بۆیە هەموو منداڵەکانی بە کچ و کوڕەوە ناردە بەر خوێندن، شوکور بۆ خودا خوێندەوارین و هەر کەسەمان بە گوێرەی توانا خزمەتی کۆمەڵگامان کردووە.
ئاین باش تینەگەیت جگە لەوەی چاوت کوێر دەکات، کەڕو لاڵیشت دەکات. کاتێک تۆ ئاینێک پەسەند دەکەیت مانای وایە تۆ باوەڕ بە خودا و پایامبەرەکەی دەهێنیت و ئەرکە ئاینیەکانت بەجێدەهێنیت. دەبێت خودای خۆت خۆشبوێت، دەشێت کاتێک سوجدەت دەبەیت و چاوت دادەخەیت، خودای خۆت بێتە بەر چاو، داوا بکەیت لە گوناهەکانت خۆش بێت. باوکم خواپەرستێکی ڕاستەقینە بوو، هەردەم خەریکی ویردو سەڵاوات بوو، بەڵام دەشیگوت "هەچ کەسە و دەچێتە گۆڕی خۆی، دەیگوت ئەگەر ئاینت کرد بە سیاسەت ئەوا مەبەست و ناواخنەکەی لەدەست دەدەیت". موسوڵمانی ڕاستەقینە خودای خۆی دەپەرستێت و موزایەدە بەسەر کەسانی تردا ناکات، موسوڵمانی ڕاستەقینە ڕیا ناکات بۆ ئەوەی پێی بڵێن لە هەموو کەس موسوڵمانترە.
من ٣٨ ساڵە لە سوید دەژیم. لە ناو میللەتێکی ڕەوشت بەرزی، میهرەبانی مرۆڤدۆستدا ژیان دەگوزەرێنم. سوید یەکەمین وڵاتە لە وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی پەنابەردا، جگە لە بەسەرکردنەوەی کەسانی داماو، پیر و پەککەوتە، کەم ئەندام، تەنانەت شێت و وێتیش. سویدیەکان جیاوازی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندا ناکەن، لەم ووڵاتە جیاوزی لە نێوان وەزیر و گزیردا نیە، تەنانەت پاشای سویدیش بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکەن نەک بە کاک یان گەورەم، نە سەرۆک هەیە نە ڕێزدار! لێرە میللەت باوکی نیە، لێرە دەسەڵات هێز لە میللەتەوە بەدەست دەهێنێت. مرۆڤی سویدی ڕێز لە پیاو، ژن، منداڵ و پیر وەک یەک دەگرن. خانەی پەککەوتە و پیرانیان دەڵێیت ئوتێلی پێنج ئەستێرەیە. کەس نیە لە سوید بێلانە بێت مەگەر خۆی بیەوێت لەسەر جادە بژی. هەموو هەوڵوتوانای دەسەڵاتدارانی سوید بۆ فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانیە. ساڵانە سوید بە ملیارەها کرۆنی سوید دەدات بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ووڵاتە هەژارەکان . ئەوان ڕێز لە هەموو بیروباوەڕێک دەگرن بەبێ جیاوازی.
ئیمامی ئەزهەر (شێخ محمد عبده) ساڵی ١٨٨١ی میلادی دەچیت بۆ پاریس ئاوا باسی وولاتە ڕۆژئاواییەکان دەکات "ذهبت للغرب فوجدت إسلاماً ولم أجد مسلمين ولما عدت للشرق وجدت مسلمين ولكن لم أجد إسلاماً". منیش کاتێک ساڵی ١٩٨٥ هاتمە سوید تەنها ٢ مزگەوتی تێدا بوو ئێستا ٣١٨ مزگەوت لە سویددا هەیە. ئایا ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوە نیە کە دەوڵەتی سوید و ووڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێزی تایبەتی لە ئاینی ئیسلام و هەموو ئاینەکانی تر دەگرن؟ بە بێ جیاوازی؟ ئەمەش زادەی ئەو عەلمانیەتەیە کە هەموو ڕۆژێک لە مزگەوتەکانمانەوە دوای نوێژکردن هیوای ژێرکەوتنیان بۆ دەخوازین " الهم أنصرنا علی قوم الکافرین". هەموومان دەزانین ئەوانەی ئێمە بە کافریان دەزانین لە ئێمە زیاتر ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن، ئەوان خۆیان بەدوور دەگرن لە جەنگ، لە بەکارهێنانی توندوتیژی، هەمیشە کاری خێرو خێرخوازی دەکەن، نەک تەنها لە بۆنەکاندا! تەنانەت ڕێزی ئاژەڵیشیان لایە.
سەرباری ئەوەش زوربەی ووڵاتانی ڕۆژاوا خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ئەگەر ڕقیان لە ئیسلام و لەناوبردنی موسوڵمانان بوایە بە یەک ڕۆژ بە بۆمبی ئەتۆمی دنیای ئیسلامیان ژێرەوژوور دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا ئێران کە توانی چەند موشەکە شڕێک دروستکا لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دەکرد، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێرانیش دەریانخست ئەو ڕژێمە بەناو ئیسلامیە چەند دڕندەیە، ئەردوگانیش تا ئێستە فریاکەوتووە تەنها نزیکەی نیو ملیۆن کەس بخزێنێتە بەندیخانەوە! کە زوربەیان مرۆڤی سادە و خۆشەویست و ڕۆشنبیرن، هەروەها لوتی لە کاروباری چەندین ووڵاتیش ژەنیوە و ناهێڵێت بە ئیسراحەت دانیشن، سوریا بە نمونە، ئا ئەوەیە ئیسلامچێتیەکەیان..
لە نێو دەستوری سویدیدا چوار یاسای سەرەکی هەیە کە پێیان دەگوترێت یاسا بنەڕەتیەکان. شایەنی باسە، بۆ گۆڕینی هەر بڕگەیەک لەو چوار یاسایە، پێشنیارێکی پەرلەمانی گەرەکە، کە پێویستە دولەسەرسێی پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن، جا کە دەنگی بۆ درا پێشنیارە هەڵدەگیرێت بۆ خولی پەرلەمانی ئایندە و گۆڕانی حکومەت. خۆ ئەگەر لە پەرلەمانی ئایندەی نێوان دوو حکومەتدا دەنگی لەسەر درایەوە و دوولەسەر سێی دەنگی ئەندامانی بەدەست هێنا، ئەوجا یاساکە دێتە گۆڕان، واتە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی دوو حکومەتی جیاوازی گەرەکە، کە ئەمەش وا دەکات گۆڕینی ئەو یاسایانە لە مەحاڵ مەحاڵتر بێت. چوار یاساکە بریتین لە: یاساکانی: ١. شێوازی حوکومڕانی،٢. ئازادی چاپەمەنی ، ٣. ئازادی ڕادەربڕین، ٤. یاسای پشتاوپشتکردنی پاشایەتی. سوید بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە بۆ هاووڵاتیەکانی بە ڕاستی خەباتی سەخت و بێوچانی کردووە.
ئازادی دەربڕینی بیروڕا و ئازادی چاپەمەنی واتای ئەوە دەگەیەنن کە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕینی هەچ بیروڕایەک کە بیەوت لە ڕیگای بڵاوکردنەوەی لە ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، فیلم، ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی یان بە ئاشکرا، هەروەها لە ماڵپەڕ و ئینتەرنێتیشدا. من شەخسی خۆم بەداخەوەم بۆ کردەوەی کەسێکی وەک(ڕاسمۆس پالودان) و سوتاندنی قورئان، بەڵام ئەوە یاسایە دەرفەتی بۆ ڕەخساندوە کە قورئانێک بسووتێنێ وە کەسیش ناتوانێت ئەوەی لێ قەدەغە کات، بەداخەوە ئەم شتە بۆ بۆتە بابەتی غەوغا لە ووڵاتە ئیسلامیاکاندا و پەیتا پەیتا کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی سویددا دەکرێت... لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک کورد لەبەردەم سەفارەتی سویددا لە لەندەن بڵندگۆیان دانا و دەستیان کرد بە قورئان خوێندن و قورئان بەرزکردنەوە... بێ ئەوەی بزانن ئەم کارەیان لە خزمەتی کێدایە.
ڕاستتان دەوێت گەر بەدەست حکومەتی سوید بوایە، لەم کاتە ناسکەدا کە دەخوازن بچنە ناو ناتۆوە، هەرگیز ڕێگایان نەدەدا ڕاسمۆس شتی وا بکات، بەڵام هەچ کەسێک هەر بیروڕایەکی هەبوو بۆی هەیە بە چ شێوەیەک دەیخوازێت دەریبڕێت. بۆ زانیاریتان لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هونەرمەندێکی سویدی چەندین وێنەی ڕوتی حەزرەتی عیسای کێشا و وەک کەسێکی هاوڕەگەزخواز ناوزەدی کرد، تەنانەت لە ناو کڵێسەیەکیشدا نمایشی کرد، دەوڵەتی سوید و یاسای سویدی نەیانتوانی ڕێگەی لێبگرن و کەسیش نەهاتە سەر جارە بۆ سوتاندنی تەڕو ووشک پێکەوە. هەتا یاسای ئازادی دەربڕینی بیروڕا لە ووڵاتای ڕۆژاوادا کارا بێت، ڕێگا دەدرێت چی دەخوازیت بیکەیت.... ئیترخۆ پیشاندان بێت، کتێب سوتاندن بێت یان..هتد. ئەو شتانە دەچێتە خانەی ئازادی دەربڕینی بیروڕاوە و تەنها یاسا دەتوانێت ڕێگەی لێبگرێت، نەک پۆلیس و جەندەرمە وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا هەیە. لە ڕاستیدا کردارەکەش دەوڵەتی سوید ئەنجامی نەداوە بەڵکو تاکە کەسێکی ڕەگەزپەرستی دانیمارکی ئەوەی کردووە! بۆیە سوتانی ئاڵای سویدی گەمژەییە و خۆپیشاندان بەرامبەر سەفارەتی سوید گەوجیە. بۆ ئاگاداری، ئێمەی کورد بە پێی هەمان یاسا سەدان خۆپیشاندان و مانیفێستمان سازداوە دژ بە چەوساندنەوەی کورد لە عیراق، تورکیا، ئێران، سوریا ..هتد.
هیودارم لەم کاتەدا لانی کەم مرۆڤی کورد بە دەهۆڵوزوڕنای ئەردۆگان و ئیسلامیە توندڕەوەکان هەڵنەپەڕن. ئەو خۆپیشاندانانە تەنها لە خزمەتی ئەردۆگاندایە نەک ئیسلام!! کەسێکی وەک ئەردوگان هەروەک چۆن حەزی دەکرد داعش دراوسێی بێت نەک کورد، ئاواش حەز دەکات بە پڕوپاگەندەی نادروست یاسای ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی چاپەمەنی لە ئەوروپادا نەمێنێت. دوژمنی باوەکوشتەی ئەردوگان و ووڵاتە تۆتالیتارە ئیسلامیەکان ئازادی ڕادەربڕینە.
نازانم تا چ ڕادەیەک ئاگادارن لەوەی کە ئەوە (عوسمانی کوڕی عەفان) بوو یەکەمین جار قورئانی سوتاند وە قورئانێکی تری لە جێگای ئەسڵیەکە نوسیوە وناوی نا (مصحف عثمان) کەسیش لە گوڵ پاکتری پێنەگووت. (صدام حسین) لە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفالدا ٤٥٠٠ گوندی تەخت کرد و قورئانەکانی ناو مزگەوتەکانی گڕتێبەردا ، هیچ ووڵاتێکی ئیسلامیش لەسەر کوردی موسوڵمان! نەهاتنە دەنگ. تورکیا کە ئەفرینی گرت هەزاران قورئانی نایە ژێر پێ و سوتانی، کەچی هیچ ڕژێمێکی ئیسلامی توندرەو یان میانڕەو نقەیان لێوە نەهات ، لە پاکستانیش لە تەقینەوەی مزگەوتەکەی هەفتەی ڕابردوودا سەدان کتێبی قورئان سوتا کەسیش خۆپیشاندانی نەکرد.
بە کوردی و بە کورتی ئەوەی دەرهەق بە سوید دەکرێت کارێکی ناڕەوایە و مەرامێکی سیاسی چەپەڵی لە پشتەوەیە، ئەویش لەناوبردنی ئازادی بیروڕایە و هیچی تر. تکایە چاو و گوێت باش بکەرەوە و بزانە چی دەگوزەرێت، بۆ ئەوەی هەتا دنیا دنیایە گەمژەیی حەڵاڵ نەکەیت.