لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ڕژێمی ئێران دەستبەسەرکرا بەهۆی ئەوەی گوایە ڕێساکانی ئەو شتەی کە ڕژێمی ئێران بە جلوبەرگی گونجاو بۆ ژنان دەزانێت، شکاندووە.
هێزە ئەمنییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەمینی، لەکاتێکدا ڕاهێنانی لەسەر یاساکانی حیجاب وەرگرتووە، لەناکاو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکەدا گیانی لەدەستداوە. ئەم ئیدیعایە لەلایەن بنەماڵەی ئەمینیەوە جێی گومانە و دەڵێن پێش دەستگیرکردنی بە تەواوی تەندروستی باش بووە.
قسەکانی بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕووداوەکان زیاتر لەق دەبێت بەهۆی گێڕانەوەی براکەی مەهسا، کیارەش ئەمینی، کە لە ڕۆژی دەستگیرکردنی خوشکەکەیدا لە دەرەوەی شوێنی دەستبەسەرکردنەکە چاوەڕێی دەکرد، کاتێک گوێی لە هاوارکردن بووە لە ناوەوە.
شایەتحاڵێکیش، کە لە سەنتەرەکەوە هاتۆتە دەرێ، وتوێتی هێزە ئەمنییەکان ژنێکی گەنجیان لەناو سەنتەرەکە کوشتووە.
حکومەتێکی زۆردار و تیۆکراتیک کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ئێراندا جێگیر بووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای کوشتنی ئەمینی، کەتۆتە ژێرفشارێکی بێ وێنەی خەڵکی سەرانسەری ئێران بەتایبەتیش ژنان و لاوان. ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران ڕوویدا. خۆپیشاندانەکان بۆ دژایەتی ڕژێم لە شارە گەورەکان تێپەڕی بۆ شارە بچووکەکان و تەنانەت لادێکانیش. ڕق و تووڕەیی خەڵک لە هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەی تا ئێستا ڕوویداوە ئەستوورتر و فراوانتر بوو.
سەرکوتکردنی توندی ڕژێم لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی، لانی کەم ٥٠٠ کەس لەسەر دەستی ڕژێم کوژران و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیش دەستگیرکران.
بە تایبەتی، کوشتنی ئەمینی بووە هۆی ڕق و کینەیەکی قووڵی ژنانی ئێرانەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو سنوورە زۆرانەی لەلایەن رژێمەوە سەپێنراون بەسەریاندا و بەسەر چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان و نەبوونی پاراستن لە توندوتیژی خێزانی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادەکە، پۆلیسی ئەخلاقی چالاکییەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ناچارکردنی ژنان بۆ باڵاپۆشی و لەسەرکردنی حیجاب. هاوکات حکومەت و پەرلەمان مشتومڕی ڕەشنووسی یاسایەکی نوێ دەکەن.
ڕەشنووسی یاساکە کۆمەڵێک پێشنیاری تێدایە، لەوانە "ماوەی زیندانی زۆر درێژتر بۆ ئەو ژنانەی کە ڕەتیدەکەنەوە حیجاب لەسەر بکەن، سزای نوێی توند بۆ کەسایەتییە ناودارەکان و بازرگانەکان کە سەرپێچی ڕێساکان دەکەن، هەروەها بەکارهێنانی ' AIزیرەکی دەستکرد' بۆ ناسینەوەی ئەو ژنانەی کە پێشێلکاری کۆدی جل و بەرگ دەکەن".
ئەمەش مانای ئەوەیە ڕژێم لە سەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ژنان، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە پراکتیکانە لەلایەن هەزاران ژنی ئێرانەوە، ماوەتەوە.
پڕۆژە یاسا نوێیەکە پێناسەی "ئەو جلوبەرگانە دەکات کە بەشێک لە جەستەیان لە ژێر مل یان سەرووی پاژنەی پێ یان سەر قۆڵیان نیشان دەدات" و ئەو جلانەی کە "دەرکەوتن یان توند"ن وەک پێشێلکردنی حیجاب دەناسرێنێ.
بەپێی "یاسای حیجاب"ی ئێستا، پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگ بە ١٠ ڕۆژ تا دوو مانگ زیندانیکردن، یان غەرامەکردن لە نێوان ٥٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی (٠.٩٣ بۆ ٩.٣٠ پاوەند). پڕۆژە یاسا نوێیەکە لابردنی حیجاب وەک تاوانێکی قورستر پۆلێن دەکات و سزای ٥ بۆ ١٠ ساڵ زیندانیکردن و هەروەها غەرامەکردنی تا ٣٦٠ ملیۆن تمەنی ئێرانی (٦٧٤٢ پاوەند) دەکات.
بە سەرنجدان بەوەی کە تێکڕای مووچە لە ئێران لە ئێستادا یەکسانە بە ٣٦٤ پاوەند لە مانگێکدا غەرامەیەکی لەو شێوەیە بە ڕوونی زۆر لە توانای مامناوەندی ئێرانی زیاترە.
یاسا پێشنیار کراوەکە پێویستی بە جیاکاری زیاتری ڕەگەزی دەبێت لە زانکۆکاندا کە زۆرجار شوێنی نائارامی مەدەنین. هەروەها یاسا نوێیەکە پێشنیاری سەپاندنی سزای توندتر دەکات بەسەر ئەو خاوەن کارانەی کە بەرامبەر بە حیجابکردن نەرم و نیانی دەنوێنن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە سێ مانگ لە قازانجی بازرگانییان، قەدەغەکردنی گەشتکردن و سنووردارکردنی بەشداریکردن لە چالاکییە گشتی یان ئەلیکترۆنییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ.
ڕژێم پێش ئەو یادە بە ڕوونی دەستی بە سەرکوتکردن کردووە و تەنیا تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی ٢٠٠ کەس لە سێدارەدراون. ئەو لەسێدارەدانانەی کە لە ئەنجامی تۆمەتەکانی وەک "سووکایەتیکردن بە پەیامبەر"، "کوفر"، "سووکایەتیکردن بە دایکی پەیامبەر" و "بچووککردنی قورئان" دروست دەبن.
هەروەها ژمارەیەکی زیاتر لە لەسێدارەدانەکان بەهۆی گوایە "تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە" ئەنجام دەدرێن. بەپێی ماددەی ٦(٢)ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ئێران پەسەندی کردووە، لەو وڵاتانەی کە هێشتا سزای لەسێدارەدانیان لەدەست داوە، سزای لەسێدارەدان تەنیا بۆ "جینایەتترین تاوانەکان" دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و گەندەڵی لە نێو دەسەڵاتداران و ئەو سزا بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی ڕژێم دەبنەوە، بەردەوامن لەسەر خەبات. کەچی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری توندڕەو سێ ملیۆن پاوەندی تەرخانکردووە بۆ زیادکردنی چاودێریکردنی کارمەندانی ژن لە دەزگاکانی حکومەت.
ڕەئیسی هەروەها هۆشداریی داوە بە ژنانی ئێران کە یاسای حیجاب جێبەجێ دەکرێت و لە وتارێکی ئەم دواییەدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ژنانی دژایەتی حیجاب "کەمینەیەک بوون کە لەلایەن بیانییەکانەوە ڕاهێنانیان پێدەکرا" بە ئامانجی ئاژاوە دروستکردن و تێکدانی حکومەتی ئێران.
سەرنجی توندی حکومەتی ئێران لەسەر "یاسای حیجاب" هەوڵێکی ڕژێمە بۆ ئەوەی بە ئاشکرا بڵێت کە حیجاب کۆڵەکەی ڕژێمە و هەڵوەشاندنەوەی یاسای حیجاب بە واتای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووخاندن نزیک دەبێتەوە.
لە کاتێکدا میدیای نێودەوڵەتی سەرنجی لەسەر ناڕەزایەتی ژنان بووە دژی یاسا کۆنەپەرستەکانی ڕژێم، ناڕەزایی گشتی لەنێو چینی کرێکار و گەنجان و خوێندکاراندا لە شەپۆلێکی بەردەوامی مانگرتن ڕەنگدانەوەی هەبووە و کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری و هەروەها کەرتی گشتییشی گرتۆتەوە.
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا مانگرتن بەبەردەوام لە ئێران ڕوویداوە. تەنها لە ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئێران نزیکەی ١٢٠٠ مانگرتن ڕوویداوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ خرۆشانی جەماوەری ڕوویدا و دواییتریش لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، هەموویان داواکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی خەڵکیان لەخۆ گرتبوو.
بەتایبەتی لەم دواییانەدا خانەنشینان بە ئاشکرا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە سەبارەت بە کەمی مووچەی خانەنشینی و خراپ بەڕێوەبردنی سندوقەکانی خانەنشینی لەلایەن حکومەتەوە. تەنانەت ڕاپۆرتە فەرمییەکانی حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی ١٨ سندوقی خانەنشینی لە ئێراندا ١٧ سندوق یان ئیفلاسیان کردووە وە یاخود لە لێواری ئیفلاسبووندان. جگە لەوەش، ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی وەزارەتی کاری کۆماری ئیسلامی زیادبوونی گەورەی ڕێژەی هەژاری لە ئێران ئاشکرا کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر بە ڕێژەی ٥٠ لەسەد بەرزبۆتەوە.
دیارە یەکەمین ساڵڕۆژی کوشتنی مەهسا ئەمینی دەبێتە خاڵی سەرەکی بۆ هەموو چین و توێژەکانی ئێران بۆ دژایەتیکردنی ڕژێمی ئیسلامی. بزووتنەوەکە تادێت زیاتر داوای گۆرانکاری ڕیشەیی دەکات، ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی بۆتە دروشمێکی سەرەکی بەرەو دامەزراندنی حکومەتێکی مەدەنی و عەلمانی.
ڕۆژانە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕژێمی ئێران ناتوانێ ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتی-ئابوورییە قووڵانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە چارەسەر بکات، درەنگ یان زوو خەڵکی ئێران ئەم ڕژێمە دەڕوخێنن و ڕووخاندنەکەش ڕێگا دەکاتەوە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی مەدەنی سکولار.