بۆچی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی (WTO) و بانکی نێودەوڵەتی (WB) - سێ لە ڕێکخراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان - تونێلێکی تاریک بۆ ئابووری جیهانی پێشبینی دەکەن؟
بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە ئەگەری "دەیەیەکی لەدەستچوو" بۆ گەشەی ئابووری.
لە مانگی یەکی ئەمساڵ، بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی گەشەی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ١.٧% دابەزاند لە چاو پێشبینییەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کە ٣% بوو.
بۆ ئەوەی لەو ژمارانەی سەرەوە تێبگەین، پێش قەیران و داڕمانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩، گەشەی جیهانی بە تێکڕا ٣.٥٪ بوو.
لە دوای قەیرانەکە گەشەکردن بە تێکڕا لەسەدا ٢.٨ بوو. وە تەنها سێ مانگ دوای پێشبینییەکانی مانگی یەک، بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە دە ساڵ لە دابەزینی گەشەکردن.
وەک لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە: "هەوڵێکی بەکۆمەڵ و گەورەی دەوێ بۆ گەڕاندنەوەی گەشەکردن لە دەیەی داهاتوودا بۆ تێکڕای گەشەی پێشوو."
بە هەمان شێوە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی پێشبینی دەکات قەبارەی بازرگانی کاڵای جیهانی لەم ساڵدا تەنها لەسەدا ١.٧ فراوان بێت لە چاو تێکڕای گەشەی ٢.٨% کە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە ئەزموون دەکرا.
لە دوای زەنگی ئاگادارکردنەوەی مانگی نیسانی بانکی نێودەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خراپترین پێشبینی گەشەی مامناوەندی خۆی لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ڕاگەیاند.
بەم پێیە هەر سێ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە گەورەکە پێشبینی خۆیان پێشکەش کردووە، ئەگەر ترسناکیش نەبێت، بۆ ئابووری جیهانی.
بەڕوونی کەشتییەكەی سەرمایەداری، کە بەهۆی پەتایەکی جیهانی، هەڵاوسانی بەرز، شەڕی ئۆکرانیا و شکستی بانکەکانەوە، خەریکە ئاوی تێدەچێت. لە کاتێکدا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی چاوەڕوانی نوقمبوونی کەشتییەکە بکەین، بەڵام زەنگی ئاگادارکردنەوەی جددی لێدەدرێت.
دوو ساڵ لەمەوپێش شارەزایان و داڕێژەرانی سیاسەت و مامۆستایانی ئابووری دڵنیایان کردینەوە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان، کە زیان لە بودجەی ماڵان دەدات، کاتییە، ئەمیش بەهۆی تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی کە سەرەتا بەهۆی پەتاکەوە بوو، پاشان بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە.
لەو کاتەوە ڕوونکردنەوەکان جێگەی خۆیان بۆ دوعاکردن چۆڵ کردوە. بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود کاریگەری کەمی لەسەر هەڵئاوسان داناوە. دەیەی پێشوو کاتێک ڕێژەی سوود نزم بوو، هانی بەکاربەرانی دەدا کە بە ئازادی قەرز بکەن.
هاوپەیمانییەتێكی ئینتەرناسیۆنالیزمی سەرمایەداری، یەك جەمسەری، کە لە ساڵانی نەوەدەکان و دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک دامەزران، خەریکە دەڕووخێت. ئەوەی بەدوایدا دێت وەک گریمانەیەک دەمێنێتەوە.
لە كۆتاییا ئەوە ماوە بوترێ كە ئابووری جیهانی توشی قەیرانێکی هەمەلایەنەی قوڵ بووە، جگە لە بەرپاکردنی شەڕ و زیادکردنی ڕێژەی سوود، هیچ پێشنیارێکی تر لەلایەن سیاسەتمەداران و ئابووریناسانی لیبراڵ لە هیچ سووچێکەوە نابینرێت. تەنانەت ئابووریناسانی سۆشیالیست لەم بارەیەوە بێدەنگن. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە قورسایی ئەم دۆخە کەوتۆتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت.