ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێستا لەدژی سەرکوتی ژنان و حیجابی زۆرەملێ و ڕژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا، پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ خەباتی ژنان، چینی کرێکار، کۆمۆنیستەکان و ڕزگاریخوازان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە شۆڕشەکانی میسر و تونسەوە و لە ساڵی (٢٠١١)وە، سەرەڕای هەموو ئەو پاشەکشە و سەرکوتە دڕندانەیەی کە ڕووبەڕووی هەوڵ و تێکۆشانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی نەدار بۆتەوە، بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بۆرژوازی؛ پارێزەران و نوێنەرانی سیستەمی سەرمایەداری و بەربەریی سەرمایە، نەک هەر ئەم خەبات و هەوڵانە نەوەستا، بەڵکو دووپاتیان کردەوە کە سیمایان شۆڕشگێڕ و چینایەتییە و سنووری وڵاتان و نەتەوە و مەزهەب و ئایین و ڕەنگ و ڕەگەز و جەندەر تێدەپەڕێنێنن.
ههروهها ڕاپهڕینی ئۆكتۆبهری (٢٠١٩) لە عێراق و هاوكات لهگهڵیدا بەردەوامی خۆپیشاندانهكانی لوبنان و خۆپیشاندانی جهماوهر له ئێران دژ به گرانبوونی نرخی بهنزین، وێستگە بەیهكتر بهستراوەکانی خهباتی جهماوهری خهڵكی كرێكار و زهحمهتكێش و چهوساوەی ئەم وڵاتانە بوون. ئەوەی ئێستاش لە ئێراندا دەگوزەرێت، قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتووی ئەم خەباتەیە، بەو پێیەی کە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەیە لەدژی بەکۆیلەکردن و ستەمی ژنان، و بەم مانایەش پرۆسەی شۆڕشگێڕانەی لە هەموو ناوچەکەدا بە ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی فراوان و قووڵ دەوڵەمەند کردووە.
بۆ یەکەمجارە دوای ساڵانێکی دوورودریژ لە کۆنترۆڵی ئیسلامی سیاسی بەسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خرۆشانێکی لەم چەشنە و بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێزی ئاوا دێتەمەیدان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بەسەر ژیان و چارەنووسی ژناندا. ئەمە جگە لەوەی کە یەکەمجاریشە چالاکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار، چ ژن و چ پیاو، لە ناوچەکەدا بەجۆرێک سەرهەڵدەدات کە چەقی ئەم چالاکیـیە لەسەر ڕووبەڕوبوونەوە دژی سەرکوتی ژنان و حجابی زۆرە ملێ ڕاوەستابێ، و هیز و تواناش لە پرسی ڕزگاربوونی ژنان و یەکسانیان وەربگرێت.
وەک هەموو پرسێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دیکەی مێژوو، ئەوەی چارەنووسی ژنان و ڕزگاری کۆتایییان لە ڕەوەندی پێشهاتەکانی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەدا دیاری دەکات، بە تایبەت لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، پێشڕەویی شۆڕشە بۆ گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکەی، کە لە شۆڕشی ئێستادا، لەناوبردنی ئەو كۆڵەکە بنەڕەتیانەیە کە کۆیلەکردنی ژنانی لەسەر وەستاوە، کە ئەویش سەرمایە و سیستەمی سەرمایەدارین، بەڵام ئەم پێشکەوتنە لە ڕەوتی شۆڕشدا، بێگومان پێویستی بە پەرەسەندنی خەباتی یەکگرتووی چینی کرێکار و ژنی چەوساوە و هەموو هەژاران هەیە. کەواتە ڕوونە کە کاریگەرییەکانی ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدات، لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا قەتیس نامێنێتەوە، نەک تەنیا لەبەر فراوانی و گەورەیی ئەو گورزەی کە هەتا ئیستا ڕاپەڕین لە ڕژیمی ئیسلامی ئیرانی داوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە شۆڕشگێڕانەیە لەسەر بنەمای خەبات دژی بە کۆیلەبوونێکە، کە نەک هەر کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕاوەستاوە، بەڵکو سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری لە ئێران و وڵاتانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی پێ بەرقەرار کردووە.
کاریگەرییەکانی شۆڕش لە دژی حیجابی زۆرەملێ و ڕژیمی ئیسلامی ئێران، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، لە ویژدان و هۆشیاری ملیۆنان ژن و ئازادیخوازانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕووبەرووبونەوەی ژنان و ئازادیخوازان دژ بە دەسەڵات و چەپۆکی ئیسلامی سیاسی و ڕژێمەکەی بەسەر ژنان لە ئیران، و ڕاپەڕین بەسەر سیمبولی ئەم دەسەڵاتەدا؛ حیجابی زۆرەملێ، واقیعێکی نوێ و قۆناغێکی پێشکەوتووی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و جەماوەری کریکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەم وڵاتەدا دروست کردوە و بەمەش توخمێکی چۆنایەتی بۆ توخمەکانی پرۆسەی شۆڕشگێڕی لە تەواوی ناوچەکەدا، بە عێراقیشەوە، زیاد کردووە.
ئەم واقیعە نوێیە خۆی دەسەپێنێت بەسەر کارنامەی هەر هەڵچوونێکی جەماوەری داهاتوودا کە شایەنی ئەوە بێت بە شۆڕشگێڕانە وەسف بکرێت. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ماددی مێژووییەوە ئەم ڕووداوانەی ئێران هەڵسەنگێنین، دەبینین ئەگەرەکانی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ئێستا، یان گۆڕینی هاوسەنگیی ئێستای هێزی نێوان جەماوەری شۆڕشگێڕ و هێزەکانی دژە شۆڕش بە قازانجی ئەمەی دووەمیان، هیچ لهو ڕاستیه ناگۆڕێت که ئەم ڕووداوانە پرسی ئازادی و یهکسانی ژنانی، وە بە شێوهی کردارێکی جەماوەری، کردە بهشێکی سهرهکی پڕۆسهی شۆڕشگێڕانه لە ناوچهکهدا.
ئەمەش، بە سادەیی، بەو مانایەیە کە ناتوانرێت نە ڤێرژنێکی سەرکەوتووی نوێی شۆڕشەکانی میسر و تونس لە ناوچەکەدا دووبارە بکرێتەوە، وە نە ڤێرژنێکی نوێی سەرکەوتووانەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری عێراق، بەبێ تێپەڕین و زاڵبوون بەسەر یەکێک لە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانیاندا، کە ئەویش جێگیرکردنی ڕزگاری و یەکسانی ژنانە لە تەوەرەی ئەولەویەتەکانی ئەم شۆرش و ڕاپەرینانەدا.
ڕژێمی خوێنڕێژی ئیسلامی لە ئێران ڕۆژانە تاوان لە دژی ڕاپەڕین ئەنجام دەدات و تا ئێستا دەیان کەسی کوشتووە و بەردەوامیش دەبێت. ههروهها هێزه دژه شۆڕشه بۆرژوازییهكان؛ دەوڵەتان و حزبەکان و ڕهوت و جهمسهره ئیمپریالیستی و ناوچهییهكان، یهكگرتوو دهبن بۆ سهركوتكردنی ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕ و جەماوەریانە له ناوچهكهدا و به ههموو ڕێگهیهك لە هەوڵدا دەبن بۆ لەباربردنیان، وە لهگهڵ پەرەسەندنی دۆخی شۆڕشگێڕانەدا، به ڕێگه و شێوازی جۆراوجۆر، ههوڵ دهدهن کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە نوقم بکەن لەنێو شەڕ و میلیتاریزم و شەڕی بەوەکالەت و تاوانەکانی دیکەدا، بەڵام کرێکاران، خەڵکی زەحمەتکێش، بێبەشان، ژنانی چەوساوە، لاوانی کرێکار و ئازادیخواز، هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی پێکدەهێنن کە دەتوانن سەربکەون.
یەکێک لە فاکتۆرە هەرە گرنگەکانی سەرکەوتنی ئەم هێزە چیانیەتیەی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئەوەیە کە هەمان ئەو سیستەمەی کە زوڵمیان لێدەکات و ئازادی و ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی لێی زەوت کردوون، لەسەر شیلەی گیانی هەمان ئەم هێزە بنیات نراوە و لە سەر بەرهەمی کار و زەحمەتی ئەو بەرێوە ئەچێ. ئەم واقعیەتەش بۆ خۆی سەرچاوەی سەرهەڵدانی خەباتی چینایەتی کریکاران و زەحمەتکێشانە بە بەردەوامی، نەک تەنها لەناو وڵاتێکی دیاریکراودا، بەڵکو لەناو سیستەمێکی جیهانی پێکەوەگرێداروی سەرمایە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا.
ئەنجامدانی خەبات لە دژی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن و پەراوێزخستنی چینی کرێکار و ژنان و هەموو تۆێژە هەژار و بێبەشەکان، و یەکخستنیان لە یەک خەباتی چینایەتیدا، لەناو وڵاتێکی دیاریکراودا و لەسەر ئاستی وڵاتانی جیاواز، و بەرزکردنەوەی ئاڵای شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستی وئینترناسێۆنالیستی لە لایەن حیزبەکانی کرێکاران، گەرەنتی سەرکەوتنی خەباتی ئەم چین و گروپە کۆمەڵایەتییانەیە.
خەبات لەدژی بەکۆیلەکردنی ئێستای ژنان لە ئێران و عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و لەدژی فۆرمی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی پیاوسالاری ئەم بەکۆیلەکردنە و دژی ئەو ڕژێمە سیاسییەی کە بەرجەستەی دەکاتەوە، هەنگاوێکی گەورەی شۆڕشگێڕانەیە لەسەر ڕێگای خەباتی شۆڕشگێڕانە لە دژی تەواوی ئەو سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریەی کە ئەم بێبەشکردنە بەرهەم دەهێنێتەوە.
با بەهەموو هێزوتواناوە پشتیوانی لەو خەباتە شۆڕشگێڕانەیە بکەین کە لە ئێراندا دەگوزەرێت لە دژی زوڵم و چەوساندنەوەی ژنان و حیجابی زۆرە ملێ و لەدژی ڕژێمی ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتدار، با بوەستینەوە بە ڕووی هەموو ئەو ڕەوت و حیزبە بۆرژوا ناوخۆیی و دەوڵەتە ئیمپریالیست و ناوچەییانەی کە دەیانەوێت ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیەکانیان لە ململانێی جیۆ سیاسی و جیۆ ئابوری بقۆزنەوە.