درۆ گەورەکانی دونیای ئێمە، ڕاپەڕین وەک نمونە

نەبەز ئەحمەد
  2023-03-10     497

یەکێک لەم دیاردە کۆمەڵایەتیانەی کە خاسیەتێکی هاوبەشی کۆمەڵگا دواکەوتو و تەقلیدیەکانەو، یەكێک لەپایە هەرە سەرەکیەکانی فۆڕمی کۆمەڵگای لەسەر وەستاوە، درۆ گەورەکانن. ئەم دیاردەیە بریتیە لە فۆڕمی چیرۆکێکی زیادەڕۆیانە و شێواو یان تێک هەڵکێشراو لەهەردوو مانای کۆنکرێتی و ئەبستراکتی کە ماناکانیان بەنێو یەکدا دەچن و ئاسان لەیەکتری جیاناکرێنەوە. جیاوازی ئەم دیاردە سۆسیۆلۆژیە لەگەڵ ئەفسانەکان لەوەدایە, درۆگەورەکان ڕەگی پەیوەندیان لەگەل واقعی کۆنکرێتی ناپچڕێنن، ستراتیژیەتی کارکردەیان لەسەر بنەمای فشار یان وەڵامی رۆحی و ویژدانی نیە هاوشێوەی تەکنیکی کۆنی ئاین، بەڵکو کار لەسەر دروستکردنی زەرورەتێکی دەستەجەمعی دەکەن کە تاک ناچارە خۆی بداتە پاڵ بۆ پێناسەکردن و دروست کردنی ناسنامەکەی و بەم جۆرەش وابەستەکردنی بە رۆحی دەستەجەمعی دەبێتە ناچاریەکی دەرونی و هۆشیاری. درۆگەورەکان لەدەرەنجامی خۆگۆڕین و ماسک کردنی ئاین و ترادشن لەدایک دەبن، ئەم دوو تاکە مەرجەعەی کە بێ هاوشان دایکی سەرجەم فۆڕمە هۆشیاریەکانی دونیای ئێمەن، وە بەڕەهای ڕەنگڕێژی ئەخلاقیاتی کۆمەڵگا دەکەن.

ڕاپەرین ئەو زاراوەیە کە خراوەتە پاڵ ڕوداوێکی مێژویی دونیای ئێمەو، لەدەرەنجامی هەژاری مەعریفی و باڵادەستی تۆتالیتاریەتی ئەخلاقیاتی کۆنزەرڤاتیڤی کوردی بۆتە گەورەترین درۆی دونیای ئێمە. لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردودا بەشێوەیەکی بەرفراوان وزەو توانایەکی لەڕادەبەدەر سەرفکراوە بۆ پێدانی ناسنامەیەکی ڕادیکاڵانە و وێناکردنی وەک ئەوپەڕی ئەکتی دەستەجەمعی شۆڕشگێڕانە کە گوایە وەدیهێنەری ئازادیەو لەدەرەنجامیشدا حەرامکردنی هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوە و بینینی ئەم ڕوداوە بەدونیابینێکی تر.  

هانا ئاڕێنت لەکتێبەکەیدا (دەربارەی شۆڕش 1963 ) لەبەراوردی شۆڕشی فەرەنسی و ئەمەریکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە شۆڕشی سەرکەوتو ئەوەیە کە public دروست دەکات، واتا کایەی گشتی بەرهەم دێنێت کە بوارێکی تەواو لەبارە بۆ ئەنجامدانی کردە (action) کە ئەو بە بەرزترین چاڵاکی مرۆڤ دایدەنێت، بەبۆچونی ئاڕێنت شۆڕشی فەرەنسی بۆیە شکستی هێنا و بەڵام شۆرشی ئەمریکی سەرکەوتنی بەدەست هێنا، چونکێ سەرکردەکانی فەرەنسی زیاتر فۆکەسیان لەسەر بژێوی ژیان بوو نەوەک دروست کردنی بواری گشتی کە ڕابەرە ئەمەریکیەکان بەئەنجامیان گەیاند. ئەوەی ئارێنت لێرەدا پێمان دەڵێ ئەوەیە کە کردەی شۆڕشگێڕانە بریتیە لەبونیاتنانی کایەی گشتی کە شادەماری ژیاندن و گەشەکردنی کۆمەڵگەی کراوە و ئازاد و یەکسانە نەوەک سەراوژێرکردنی دەسەڵاتێکی سیاسی و بەرهەمهێنانی یەکێکیتر، شۆرش بریتی نیە لە ئاڵوگۆڕی دەسەلات بەڵکو پەرشکردنیەتی و دابەشکردنیەتی بەسەر خالی جیاجیا و کایەی جیا لەنێوکۆمەڵگادا، ئەمەش لەڕێگای چاڵاکردن و بەرهەمهێنانی کایەی گشتی بەدی دێت وەک هەنگاوی یەکەم.

لە ڕوانگەی یوگن هابرماسیش، ئەو بیرمەندەی کە ڕەخنەگرێکی دیاری چەمکی شۆڕشە بەمانا کلاسیکیەکەی و کارە تیۆریەکانی زیاتر جەخت لە توانای گۆڕانکاری لەسەر دەستی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەکەنەوە، پێی وایە کردەی بەکۆمەڵ تاکە ڕێگایە دەتوانێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروست بکات لەکۆمەڵگا، بەڵام ئەمە تەنها ئەو کاتە ڕودەدات کە کایەی گشتی چالآک بێت. هابرماس لەتیۆرەی communicative action  ئەم دەرەنجامە دەکێشێت کە تاکە مەرجی بەدیهاتنی کۆمەڵگای دێمۆکراسی و تێپەڕاندنی کۆمەڵگای دیسپۆت و داخراو ئەو کاتە بەدی دێت کە کایەیی گشتی بونی هەبێت، کۆمیونیکەشنی ڕاستگۆیانە لەنێوان هاونیشتمانیان بونی هەبێ، گوتاری گشتی لەسەر بنەمای هۆکار و بەڵگە بێت نەوەک هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردن.

بە سەیرکردنێکی خێرا ئەوە ڕون دەبێتەوە کە کایەی سیاسی لە کۆمەڵگای کوردی وەک بەشێک لەدونیای مۆڕاڵی ئیسلامی تا ئەم ساتەشی لەگەڵابێ بەڕەهای لەژێر هەژمونی ئەخلاقیاتی ترادشنی ئیسلامی دایە کە تێمای سەرەکی بریتیە لە بەیعەت، ئەم ئەخلاقیاتەی کە تیایدا مرۆڤەکان هیچ کات خاوەنی مافی ئازادی و بڕیاردان نین بەڵکو تەنیا خودا ئەم مافەی هەیە و مرۆڤەکان جگە لەپابەندی و جێبەجێ کردنی فرمان مافێکی تریان نیە. لەم دونیابینیەدا گرێبەستی کۆمەڵایەتی ئەوەی کە لەزانستی سیاسی بە ڕۆحی دەوڵەت دادەنرێت بەتەواوی پیناسەیەکی جیاوازتری هەیە کە بنەما لۆجیکیەکەی لەسەر هەمان دونیابینی خۆرئاوای ناوەستێت. فەیلەسوفانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە خۆرائاوا، ڕۆسۆ، هۆبز، لۆک، سەرەڕای جیاوازیە فەلسەفیەکانیان بەڵام هەمویان کۆک بون لەسەر ئەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بریتیە لەبەژداری تاکەکان لەگرێبەستەکە، تەنانەت لە شێوە هۆبزیەکەشدا سەرەڕای فۆڕمە توندەکەی بەڵام دواجار تاکەکان بە ئازادی خۆیان دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانیان دەبن و لەپێناو ئاسایش و ئارامی ئالوگۆڕی پێدەکەن. بەڵام لەدونیابینی ئیسلامیدا گرێبەستی کۆمەڵایەتی بەتەنها لەنێوان خوداو فەرمان ڕەوادایە، ئەوەی پێی دەڵین هاوڵاتی لەم گرێبەستەدا بریتیە لە گوێ ڕایەڵ و شوێن کەوتە. هەڵبەتە ئەوە بۆ هەمو کەسێک ڕونە ئەم دەوڵەتەی کە بەرهەمی ئەم گرێبەستەیە بریتیە لە فۆڕمی دەوڵەتی سوڵتانی و پادشایی سەدەکانی نێوەڕاست، ئەوەش ئاشکرایە کە ئەم فۆڕمە لەدەسەڵات بەهەمان پێکهاتەو ناو کەمتر بەرچاودەکەوێت لە ئێستادا، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەم ئەخلاقیاتە هەژمونی خۆی لەدەست دابێت، بەپێچەوانەوە لە مێژوی نوێدا، لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا ئەخلاقیاتی دیسپۆتی دینی ڕەگو ڕیشەی تەواوی دەوڵەت و قەوارە سیاسیەکان پێک دێنێت لە خۆرهەڵاتدا.    

بۆنمونە، دوابەدوای گەشەکردنی بزوتنەوە ناسیۆنالستەکان لەجیهانی ئیسلامی ، ئەم بزوتنەوانە سەرەڕای دورکەوتنەوەیان لە شەرعیەتی ئاینی بەڵام لەشوێنی ئەمەدا نەچونە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەندامان و گڕوپەکانی کۆمەڵگا، بەڵکو لەسەر بنەمای هەمان ئەخلاقیاتی ئاینی گرێبەستی خۆیان لەگەڵ هێزێکی ئەبستراکتی بەست کە پێی دەوترا ڕۆحی نەتەوە. هەروها بزوتنەوە کۆمیونست و مارکسستیەکانیش لەسەر هەمان بنەمای ئەخلاقی لەدۆگمای ئاینیەوە بۆ دۆگمای مارکسی گواستیانەوە و ئەفسانەی چینی پڕۆلیتاریا ( کە بەقەد چەمکی خودا ئەبستراکیە لەخۆرهەڵات و هەرگیز بونێکی ڕاستەقینەی نەبوە بە پێناسە زانستیەکەی مارکس بۆ ئەم چینە) بو بە سەرچاوەی شەرعیەتی گرێبەستەکەیان. 

بە سەرنجدانێکی خێرا لە کارە تیۆریەکانی هانا ئاڕێنت و یوگن هابرماس دەربارەی کایەی گشتی و شۆڕش ئەوە دەردەکەوێت کە لە تەواوی مێژوی خۆرهەڵات شتێک نیە بەنێوی کایەی گشتی (public sphere) هەرگیز کۆمەڵگاکان خاوەنی کۆمیونیکەشنی ڕاستگۆیانە نەبون، داموو دەزگاکانی کۆمەڵگا جگە لە ئامرازێکی ڕوتی دەستی دەسەڵات و گڕوپە ئایدۆلۆژیەکان هیچ کات نەبونەتە ئامرازی کۆمیونیکەشن و ڕێکخستنی پەیوەندی لەنێوان گڕوپ و بەشەجیاجیاکانی کۆمەڵگا. لەدەرەنجامی ئەمەشدا دەسەڵات هیچ کاتێ سەرچاوەکەی لە وزەی کۆمەڵگاوە نەهاتوە، هەمیشە هێزێکی نامۆ بوە و پەیوەندیەکی پڕ لەترس و توندوتیژانەی لەگەل کۆمەڵگا هەبوە. بەکورتیەکەی دەسەڵات لەخۆرهەڵات لەبنەڕەتدا بەشێک نەبوە لە کۆمەڵگا و کارکردیشی لەسەر بنەمای ڕێکخستن و ئیدارەدانی گرفت و کێشەکانی نەبوە، ئەرکی سەرەکی بریتی بوە لە ڕێگرتن لەدروست بونی کایەی گشتی نەوەک دروستکردنی، لەبەرامبەریشدا بەهۆی غیابی کایەی گشتی، کۆمەڵگا هەرگیز نەیتوانیوە خۆی ڕێکبخات و هەنگاو بەرەو تێگەیشتن لەخۆی بنێت، بۆیە نازنێ بەدروستی گرفت و قەیرانەکان چین، چی ئازادیە و چی سەرکوتکاریە، ساختەیی و ڕاستی چۆن لەیەک جیادەکرێنەوە، شۆڕش و ڕاپەڕین بۆچی و لەدژی چی. ئیتر کۆمەڵگا بەتەواوی لە دونیای هەژاری فکری خۆی ماوەتەوە و ئاگاییەکەی لەوە زیاتر نەکشاوە کە دەسەڵات بۆی دیاری کردوە. بەم جۆرە مێژوی مرۆڤایەتی لەخۆرهەڵات کە ململانێیەکی ڕوتە لەسەر دەسەڵات، لەژێر ناوی ڕاپەڕین و شۆڕشی ئازادی بوە بە ڕستێکی دورودرێژ لە ڕوداوی خوێناوی، لەدەرەنجامدا دەیان ملیۆن کەس بە ویژدانێکی ساردەوە کرانە قوربانی و مێژوی کۆمەڵگاکان لەم بەشەی دونیا بەتەواوی بەئاراستەیەکی تاریک و مەترسیدار کێشکرا.

بەردەوام بونی قەیرانە بێ کۆتاو پڕ لەتوندوتیژیەکان تا ئەم ساتەش ئەو ڕاستیەی سەرەوە دەسەلمێنێت کە لەجیهانی خۆرهەڵات شۆڕش بەمانا ڕادیکاڵیەکەی هەرگیز ڕوی نەداوە، بەڵکو درۆ گەورەکان وەک میتۆدی دەسەڵات توانایەکی سەروئاسایان پەیاکردوە لە باوەڕهێنان بە مرۆڤ و هەژمونەکەیان تەواوی هۆشیاری مرۆڤی خۆرهەڵاتی داگیرکردوە بەجۆرێک ئینسان ناتوانێت بەبێ ئەم درۆیانە خەیالیش بکات، بەڵام لەهیچ شوێنێکی خۆرهەڵات ئەم هەژمونە هێندە زەق و ڕوت دەرناکەوێت بەقەد کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەت لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە. بەوەی ئێمە دوجار لەژێر هەژمونی ئەم کارەساتە داین، لەسەرێک لەسەر دەستی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان، لەسەرەکەی تریش لەسەر دەستی بزوتنەوە ناسیۆنالیستەکان و دەسەڵاتی کوردی. ڕێژەی دڕندەیی و خوێن ڕێژی ئەم دوو دەسەڵاتە هیچیان لەیەکتری کەمتر نەبوە، بەیەک میتۆد و ستراتیژ کاریان کردوە، ئەویش لەڕێگای تێکشکاندنی هەر جوڵەیەک بۆ دروست کردنی کایەی گشتی و بەکارهێنانی هەمو جۆرێک لەتوندوتیژی، لەگەڵ دەرخواردانی درۆی گەورە و دروستکردنی هۆشیاریەکی ساختەی هەڵاوساو.

ڕاپەرینی بەهاری 1991 یەکێکیترە لەم ڕوداوە ساختانەی کە لەڕێگای میتۆدی درۆی گەورە کە (ئازادی  بو) بو بە ئەلقەیەکی تری ئەم زنجیرە پڕ لە توندو تیژیەی کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات، بزوتنەوە چەکداریە کوردیەکان زیاتر لە سی ساڵە لەهەوڵی بێوەچان دان بۆ گرێدانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی خۆیان لەگەڵ هێزێکی تری ئەبستراکی هاوشێوەی ئاین، ناسیۆنالزم، مارکسیزم، بۆ بەدەست هێنانی شەرعیەتی دەسەڵاتیان. لەم نێوەندەدا لەدوای کشانەوەی بەعس کاتێک ناسیۆنالزم لە فۆڕمە توندەکەی چیتر کاڵایەک نەبو نرخێکی باشی هەبێ، ئەم جارە لە ڕێگای دروستکردنی درۆی گەورە لە کۆمەڵێک ڕوداو و پێدانی فۆڕمێکی تێکەڵی ئەفسانەیی و واقعی بەدوای شەڕعیەتی حوکمڕانی دەگەڕان، ڕاپەرین بو بەو دەرفەتەی کە ئەم هێزە چەکدارانە هۆشیارانە لەوە ئاگاداربون لەڕێگای بەرهەم هێنانی درۆیەکی گەورە لەم ڕوداوە دەتوانن دوو ئامانج بپێکن، یەکەمیان بەدەست هێنانی شەرعیەتی حوکومڕانی کە ناچار نابن بۆ ئەمە بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگا، دوهەمیان بەرهەم ‌هێنانی ئەو وەهمەی کە ئازادی بەدی هاتوە. بەم شێوەیە کاتێ ئەم هێزە بەربەریانە سەرکەوتنی خۆیان لە بەرهەم هێنانی درۆ گەورەکە بەدەست هێنا، لەمە بەدواوە کەوتنە داپلۆسین و لەباربردنی بچوکترین هەنگاو کە ئەگەری دروست بونی کایەی گشتی تیادا بەدی بکرێت، تەنانەت خێزانێک، لادێیەک شارۆچکەیەکیش نەمایەوە کە بەسەر چەندین بەرەی بچوک بچوکی دژو ناکۆک دابەش نەکرێت، لە هیچ شوێنێک مرۆڤ ناتوانێت هەست بەبونی دامودەزگای دەوڵەتی بکات، شتێک نیە بەنێوی کۆمیونکەیشن لەنێوان هاوڵاتیان، خەمی گشتی و دروست بونی کۆ دەنگی لەنێو کۆمەڵگا شتێک نیە لە واقع نزیک بێت. فۆڕمی ئەم کۆ مرۆڤە لە باشوری کوردستان لە دۆخێکدایە کە نە دەچێتە نێو پێناسەی پێکهاتەی خێلەکی و نە پێناسەی کۆمەڵگا بەمانا سۆسیۆلۆژیەکەی. بەم جۆرە، ڕاپەڕین، ئەم درۆ گەورەیە بو بە یەکێکیتر لە نەهامەتیەکانی تری ژیانی ئێمە، بو بەم شادەمارەی کە وزەو خوێن دەگەێنێت بە تەواوی جەستەی ئەم هێزە مەترسیدار و بەربەریانە. بۆیە هەر قسەکردنێک لەسەر ئازادی و دەرچون لەم جەهەنەمە، تێپەڕاندنی ئەم ئەخلاقیاتە سیاسیە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی درۆی ڕاپەڕین و وەهمی ئازدی هیچ مانایەکی نابێت.      

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×