ترسی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لەبڵاوبوونەوەی وەرگێڕانی کتێبی "النجم الأحمر فوق الصین"

موفید محەمەد نوری
  2025-01-24     462

   ئەو ڕۆژانەی خوێندکاری بەشی ئابووری بووم لە زانکۆی موسڵ، لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٠دا، لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە زانکۆ بازنەیەکی ڕۆشنبیری و ڕامیاریمان لە هۆشیاری سیاسییەوە پێکەوە نابوو. هەر زانیارییەک یان پەرتووکێکی تازە بهاتبایەتە بازاڕەوە، ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ دەکرد و لەبارەیەوە بیروڕای خۆمان لەگەڵ یەکتری دەگۆڕییەوە. لەو ساڵانەدا پەیوەندی من بە ڕەوانشاد مامۆستا حەمە ڕەئوف، پەیوەندییەکی برایانە و پرێنسیپانە بوو، کە بە هۆی ئەوەوە دەمتوانی هەموو ئەدەبیاتی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتی نیشتیمانی-م چنگ بکەوێت.

ڕەوانشاد مامۆستا حەمە ڕەئوف ناسراو بە 'مامۆستا عادل'، یەکێک بوو لە تێکۆشەرانی گەلەکەمان، کە لە خێزانێکی نیشتیمانپەروەری سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبووە. ڕەوانشاد مامۆستا حەمە ڕەئوف برای شەهید حەمە رەشید رەفیق بوو، کە یەکێک بوو لە قوربانیانی ڕژێمی بەعس لە بەغدا لە ساڵانی ١٩٧٠- ١٩٧٢؛ لەگەڵ لەیلا قاسم و نەریمان فوئاد مەستی و هاوڕێکانی بە شێوازی جیا جیا لەناویان بردن. مامۆستا حەمە ڕەئوف پەیمانگای مامۆستایانی هەر لە سلێمانی تەواوکردووە، دواتر پەیوەندی بە ڕیزەکانی باڵی مەکتەبی سیاسییەوە کردووە لە ساڵەکانی (١٩٦٦- ١٩٧٠)دا، پاشان لە ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی کردووە بە بزووتنەوە چەکدارییەکەی و پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. لە ڕێکخستنەکانی ناو سلێمانیدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی دەبێت بە مەلا بەختیار و مامۆستا جەمال تاهیر،  لە سەرووەختی گفتوگۆی نێوان ڕژێمی عێراق و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کۆنگرەی سییەمی لە مێرگەپان بەست، کە مامۆستا حەمە ڕەئوف یەکێک بوو لە کاندیدەکان بۆ پۆستی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، بەڵام لەبەر بیروباوەڕی ئەوسای سەرکردایەتی یەکێتی نەیانهێشت ئەو و هاوڕێکانی چالاک بن لە سەرکردایەتی؛ چونکە مامۆستا حەمە ڕەئوف بیروباوەڕی جیاوازتر بوو لە کۆمەڵە و یەکێتی. بۆیە لە دوای تێکچوونی گفتوگۆی حکومەت و یەکێتی لە ساڵی ١٩٨٥دا ڕیزەکانی کۆمەڵە و یەکیتی بەجێ دەهێڵێت، دەچێتە ئێران، کە لەوێ دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاڵای شۆڕش. هەوڵدانی مامۆستا و هاوڕێکانی بۆ ئاڵای شۆڕش ئەنجامی ناڕەزایەتیی چەند ساڵەی ئەوان بوو لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا کە بە تەواوی ناونیشانی لاوازی و لادانی کۆمەڵەیان دیاری کردبوو، کە چۆن لە ڕێبازەکەی شەهید ئارام لایان دا، هەر لەبەر ئەوەش نەیانتوانی بەردەوام لە تێکۆشان و خەباتی ناو شار و ڕیزەکانی کۆمەڵەدا بن. لە ٢٩/١/٢٠١٩دا زۆر بەداخەوە ڕەوانشاد مامۆستا حەمە ڕەئوف کۆچی دوای دەکات.

مامۆستا حەمە ڕەئوف، چیرۆکێکی سەربەرزانە و جوانی لە لای من بەجێ ماوە وەک چەندین یادەوەری تر، کە پێویستە بۆ مێژوو تۆماریان بکەم، بۆ نموونە: چیرۆکی چاپنەکردنی وەرگێرانی کتێبی «النجم الأحمر فوق ‌‌‌الصین».

مامۆستا حەمە ڕەئوف لە ساڵی ١٩٨٠دا دەست دەکات بە بەرنامە دانان بۆ وەرگێرانی کتێبی «النجم الأحمر فوق ‌‌‌ال‌صین»، کە چاپی دووەمی بوو، لە ساڵی ١٩٧٥ لە بەیروت چاپ کرابوو، نزیکەی ٥٢٠ لاپەڕە بوو. ئێمە زۆر باش ئاگاداربووین لە ١٩٨٣ وەرگێڕانەکەی تەواو کرد و کتێبەکەی نارد بۆ  ناوەندی کۆمەڵە بۆ چاپکردن، لەسەر پێشنیاری فەرەیدون عەبدولقادر[1] و مەلا بەختیاردا[2].

بابەتی کتێبەکە چیرۆکێکی کلاسیکی شۆڕشی پارتی کۆمۆنیستی چین-ی بوو، دژی دەسەڵاتی یابان؛ هەروەها ململانێی ناسیۆنالیستەکانی چین بوو، دژی پارتی کۆمۆنیستی چینی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی و کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی. نووسەری کتێبەکە "ئێدگار سنۆ"ی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی بوو، کە نوێنەری ڕۆژنامەی «ستاندەر ئیڤین پۆست» بوو لە چین. لەو کاتەدا تەمەنی ئێدگار سنۆ سی ساڵ بووە و بۆ ماوەی سیانزە ساڵ لە چین ماوەتەوە، لەوێ لە ساڵی١٩٣٢ لە چامەی شەنگەهای خوێندوویەتی و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاران دروستکردووە و فێری زمانی چینی بووە.

        ئێدگار سنۆ، دەستدەکات بە نووسینی کتێبێک لەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە چیندا ساڵی ١٩٣٦، بە هۆی پەیوەندیی هاوڕێیانەی لەگەڵ "ماو تسی تۆنگ"دا توانیویتی زانیاری زۆر باش بەدەستبهێنێت و چاوپێکەوتنی زۆریش لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەدا بکات؛ چونکە ماوتسی تۆنگ ئاگاداری زۆری هەبوو لە مێژووی کارەکانی پارتی کۆنیستی چین و بەشداری چاوپێکەوتنەکانی ئەم پارتەی کردووە. دوای بڵاو بوونەوەی کتێبەکەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ دەکەویتەوە و وەردەگێڕدرێتە سەر زمانانی تر؛ ئێدگار سنۆ مێژوویەکی نایاب بۆ خۆی تۆمار دەکات.   

گرنگی ئەم بابەتە لێرەدایە، مامۆستا عادل خاوەن بیرباوەڕی جیاوازی بوو لەناو کۆمەڵە و یەکێتی نیشتیمانیدا، واتا خاوەن فکری چەپ بوو، وەرگێڕانی کتێبێکی کۆمۆنیستی جێی بایەخدانی ئەم پیاوە بیرکراوەیە بووە، بۆیە بەو پەڕی بایەخەوە کتێبەکە وەردەگێڕێت و ماندوو بوونێکی زۆری پێوەبینی، بە جۆرێک زۆر کات لەگەڵ خۆیدا دەی برد کە بە نهێنی لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ کاری دەکرد، چونکە زۆر بەلایەوە گرنگ بوو ئەم کتێبە دەست خوێنەری کورد بکەوێت، خەونێکی گەورەی مامۆستا بوو، هەر بۆیەش دوای تەواو بوونی لە وەرگێرانەکەی یەکسەر دەینێرێت بۆ چاپکردن. بەڵام زۆر بە داخەوە دوای تێپەڕینی چەند مانگ و ساڵێک بەسەر ناردنی کتێبەکە بۆ چاپکردن هیچ چاپکردنێکی ئەم کتێبەمان نەبینی، کاتێکیش لە هۆکارەکەی پرسیار دەکرا، وەڵامی کۆمەڵە زۆر تەمومژاوی بوو، چونکە دەیان وت گوایە کتێبەکە ون بوو!

دوای گەڕانەوەی مامۆستا عادل بۆ ناو شار لە ساڵی ١٩٩١دا، بەرەو ڕوو  فەرەیدون عەبدولقادر پێی ڕادەگەیەنێت، کە کتێبەکەی لە هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر سەرکردایەتی سوتاوە و لەناو چووە؛ هەر لە سەرەتاوە وەڵامیان هەمیشە تەمومژاوی بووە و جێگەی باوەڕ نەبوو، کە هۆکاری چاپنەکردنی کتێبەکە لەو سەردەمەدا من دەیگێڕمەوە بۆ ئەم خاڵانە:

یەکەم: جیاوازی ئایدۆلۆژیای ئەو ساڵانەی نێوان ئەندامانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ببووە تەسککردنەوەی بیر و هۆشی ڕێکخراوایی، نەک فراوانکردنی. هەر ئەو هۆیەش بوو کە لەو کاتەدا زۆر پێیان قورسبوو کە وەرگێڕانی کتێبێک چاپ بکەن، کە باسی شۆڕشی کلاسیکی پارتی کۆمۆنیستی چینی بکات دژی ئیمپڕاتۆریەتی یابان.

دووەم: متمانەی سەرکردایەتی کورد لە ڕۆژگاری سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی چەکداری ١٩٧٦دا، نیشانەی ئەوە بوو کە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بە هیچ جۆرێک جێگای متمانە نەبوون.

سێیەم: لە ڕاستییدا وا دیارە ئەمە جۆرێك لە گاڵتەپێکردن بووبێت، کتێبەکە لە ساڵی ١٩٨٣دا تەواو کرا و بۆیان نێردرا، کاتێکی زۆریان لەبەر دەستتدا هەبوو کە چاپی بکەن. هەروەها چاپەمەنی و ناوەندی کۆمەڵە نزیک بوون لە حزبی دیموکرات و کۆمەڵە ئیمکانیاتی زۆری چاپەمەنیشی هەبوو، چونکە چەندین کتێب لەو سەردەمەدا دەرچوون. کەواتە شتەکە دەرەکەوێت کە بە ئەنقەست دەیانویست ئەو پەیامە نەگاتە خەڵک.

 

[1]  فەرەیدون عەبدولقادر: ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کۆردستان بوو.

[2]  مەلا بەختیار: ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە شاخ، بوو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×