لەسەر ڕۆشنایی تازەترین جەنگی ناوخۆیی سوریا کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لەسەر دەستی کۆمەڵێ گرووپی توندڕەو دەستی پێکردووە. ئەو گرووپە چەکدارانە ناسراون بە بەرەی شام و سوپای ئازادی سوریا لەگەڵ ئەوانی تردا، کە هەموویان لە هەناوی ئەم گرووپانەوە هاتوونەتە دەرێ، لە ڕاستیدا ئەم گرووپانە پێکهاتەی دواکەوتووترین کۆمەڵگای سوریان کە باوەڕ و ئاڕاستەیان وەکو ئیسلامی سیاسی ناو سوریا پیشان دەدەن. ئەم ڕووداوانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو شیکردنەوەیەکی سیاسی "زافی بار"ە، کە شارەزایەکی تورکییە لە بواری کورددا بۆ ڕای گشتی خەڵکی ئیسرائیلی نووسیوە، لە ڕۆژنامەی هارێتز (Haaretz)ی ئیسرائیلی ساڵی ٢٠١٩دا، لە وتارەکەیدا بە خەڵکی ئیسرائیل دەڵێت، ماوەیەکی کە زۆر ناخایەنێت شەڕی نێوان کوردەکان و حکومەتی تورکیا لە سوریادا وا دەکات ببێت بە ڤێتنام-ی تورکیا لە ڕێگای ئەو دەستتێوەردانانەی تورکیا لە سوریادا.
نووسەر دەڵێت: ڤێتنامێکی تورکیا باوەڕی بەوەیە کە لەیەکچوون هەیە لە نێوان ئەو شەڕە درێژخایەنەی ئەمریکا کە بەسەر ڤێتنامیدا سەپاندبوو لە هەلومەرجی جەنگی ساردا لە ساڵی ١٩٥٧ و تا ساڵی ١٩٧٥، کە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە ٥٨٢٢٠ سەربازی ئەمریکایی لەو جەنگەدا بکوژرێن و لە کۆتاییدا بە سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکانی ڤێتنام کۆتایی بێت؛ لەسەروو هەموو ئەوەوە سەربازە ئەمریکییەکان یارمەتی هێزی ئاسمانیان هەبوو.
نووسەر دەڵێت: "هەڵبژاردەی سەربازی سوپاکەی "مەزڵوم عەبدی" ئەوەیە کە لەگەڵ سوپای سوریادا، واتا بەشار ئەسەد لەگەڵ تورکیا شەڕ بکەن، لە ڕاستیدا دەوڵەتی بەشار ئەسەد نەدەتوانێ و نە دەشیهەوێت بەرەیەکی تر لە جەنگ بکاتەوە لەگەڵ تورکیادا، بەتایبەتی کە ڕووسیا بە لایەوە هیچ گرنگ نییە کە تورکیا سوریا داگیر بکات، هەرچەندە ڕووسیا بەڵێنی دابوو کە بکەوێتە نێوان کوردانی ڕۆژئاوا و تورکیاوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان، ئەوەی کە پەیوەندی بە ڕووسیاوە هەیە ئەوەیە کە هەر وڵاتێک سوریا داگیری بکات دوای دەبێت بیداتەوە بە حکومەتی سوریا بەو شێوەیە یارمەتی ئەو پڕۆسەیە دەکات کە ڕووسیا هەوڵی بۆ دەدات".
بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "هەڵبژاردەی ڕاستەقینە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە دەستبکەن بە جەنگێکی سەرتاسەری پارتیزانی لە دژی هێزەکانی تورکیا، بەو جۆرە ناوچە کوردییەکان دەبنە ڤێتنامی تورکیا. بەم شێوازە خەباتە توانای هێزە کوردییەکان بەهێز دەبێت و دەتوانن چالاکییەکانیان بگوازنەوە بۆ ناو تورکیا وەکو چەند هێرشێکی گەورە و ڕاستەوخۆ لەناو جەرگەی تورکیادا. ئەوانیش ئەتوانن وەکو پەکەکە بیکەن، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە تورکیا کردوییانە.
کات گەورەترین فاکتەرە بۆ تورکیا، بەڵام هێزە کوردییەکان پەلەیان نییە، هەتا جەنگەکە گەورەتر و دریژخایەن بێت بۆ تورکیا ئاسان دەبێت کە فێڵ لە ڕای گشتی نێودەوڵەتی بکەن وەکو ئەورووپا و ئەمریکا و پشتگوێی بخەن. جەنگێکی درێژخایەن و کاریگەر بۆ بێ هێزکردنی بەرانبەرەکەت، مایەی ئەوەیە کە بیروڕای خەڵک بۆ لای ڕێبازی خۆت ڕابکێشیت و لەسەروو هەموویانەوە ئەمریکا و ئەورووپا، لە هەمان کاتدا تا سەربازی زیاتر بکوژرێت زیاتر سەرمایەی پرۆتێستی خەڵک بەرزتر دەبێتەوە، هەروەها زیاتر فشار دەخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا."
ئەم نموونەی لەیەکچوونەی کە نووسەری Haaretz هێناویەتییەوە لەیەکچوونێکە کە تورکیا ببێتە ڤێتنامێکی تر. شرۆڤەی نووسەری تورکی ئەوەمان پێدەڵێت کە تورکیا ڕێگایەکی مەحاڵی لەبەردەم دایە. تورکیا مەحاڵە لە گفتوگۆکردندا سەرکەوتوو بێت لەسەر کێشەی کورد، لە کاتێکدا زۆربەی زۆری دەزگاکانی تورکیا هەتاکو ئێستا گیان و دڵ و دەست و سەریان هەر ئەوەیە کە لە ئیمپڕاتۆری عوسمانییەوە بۆیان بەجێ ماوە، هیچ شتێکی تازە نەچۆتە سەر ئەو فەرهەنگە ڕەگەزپەرستییە تۆرانییە".
جەنگیز چاندار، گەورە ڕاوێژکاری حکومەتی تورکیا و بۆ کاروباری کورد و ئەندامی پارتی Dem دەڵێت: کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا باوەڕیان وابووە کە دەستێوەردانی تورکیا لە سوریادا وا دەکات تورکیا بگۆڕێت بۆ پاکستانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەر بەو شێوەیەش دەبێتە ئەفغانستانێکی تورکی.
لە ئەنجامی سەرکووت و نادادپەروەریی و ستەمکاری تورکیادا، چاوەڕوان دەکرێت شەڕێکی زۆر کاریگەرتر لە کوردستانی ڕۆژئاوادا سەرهەڵبدات لە دژی دەوڵەتی تورکیا، ئەگەر تورکیا نەگاتە ئامانجێک لە گفتوگۆکانیدا. سەرهەڵدانی جەنگ لە شێوازی ڤێتنامی تورکیادا خەونی کوردی ڕۆژئاوا لەبار نابات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، بەڵکو بە پێچەوانەوەی هەرچی هەوڵ بوو کردی، بەڵام نموونەی مۆدڵێکی ڕۆژئاوا لە دە ساڵی ڕابردوودا دروستبوو کە لە هەر هەوڵێکی تورکیادا زیاتر بەهێزتر دەبێت.
"فرانسیس فۆکۆیاما" پسپۆڕ لە بواری دەوڵەتە مۆدێرنەکان، باوەڕی وایە ئەو وڵاتانەی بە شۆڕشی چەکداری دیکتاتۆرەکانیان لەناو بردووە هیچیان لە کۆتاییدا نەیانتوانییوە دیموکراسی بەدیبهێنن، یان ماوەیەکی زۆری پێچووە، چونکە بە قووڵی کەوتوونەتە شەڕی ناوخۆوە، لەوانەش نموونەی: عێراق و لیبیا.
سەرچاوەکان:
Zvi Bar’el “Turkey war on the Kurds: quick conquest or quagmire” Haaretz October 11 ,2019.
Cengiz Candar”Turkey’s mission Impossible” Lexington Books please P219.
.