پرسی مادەی ھۆشبەر

عومەر ئەحمەد
  2024-07-02     412

پرسی بڵاوبونەوەی مادەی ھۆشبەر و دیاردەی بازرگانیکردن و ئالودەبوون پێوەی، کەمتازۆر باسکراوە لە ناوەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، لێرە و لەوێ دەمانبیست لە میدیاکانەوە، کە دەستبەسەر چەندین جۆری مادە گیراوە، بەڵام لەم چەند مانگەی کۆتاییدا بەتەواوی پرسەکە گەرموگوڕە و ئەتوانین بڵێین ھیچ کاتێک ئەوەندە گرنگی پێ نەدراوە، ئەمەش دوای دۆزینەوەی کێڵگەی ئەو درەختانەی، کە مادەکەیان لێدروستدەکرێت، لەگەڵ ئاشکرابوونی باندی گەورە، کە کەسانی سیسایی و دەستڕۆشتوویان تێدابوو.
مادەی ھۆشبەر لە سادەترین پێناسەیدا ھەموو بەری ئەو درەختانە دەگرێتەوە، کە پرۆسەی پەستانخستنەسەر و کارلێکی کیمیاییدا دەبرێن و دەبنە جۆرە دەرمانێک، کە دەتوانن کار بکەنە سەر کۆئەندامی دەمار و لەڕێگەی کێشان و خواردن و بۆنکردن و دەرزی لەڕێگەی دەمارەوە مرۆڤ بێھۆش دەکەن و دەیبەنە جیھانێکی ترەوە، ئەم مادانە لە بواری پزیشکیدا بەکاردەھێنرێن بۆ بابەتی سڕکردن و نەشتەرگەریی و ئازارشکێنی کاتیی لەژێر ڕێنمایی زۆر ورددا بەکاردەھێنرێن، دیارترینیان بریتیین لە( تلیاک، ھیرۆین، حەشیش، کریستال، ماریجوانا، کۆکاین، ...تاد).
 دەرکەوتنی مادەی ھۆشبەر چی وەکو بازرگانیی چی وەکو بەکارھێنان،  دیاردەیەکی زۆر نوێیە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بۆیە دەبێت لە کۆنتێکستێکی تایبەتدا بیخوێنینەوە،  کۆمەڵگەیەک نزیکەی چارەکە سەدەیەکە، ھەندێک لە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی تێدا دەرکەوتووە و لەڕووی ئابوریی و سیایی و سەربازییەوە خەریکە تروسکەیەک دێتە نێو جیھانەوە و پێش ئەو مێژووەی باسمانکرد،  زیاتر کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیی و سروشتیی و زۆر سەرەتایی بووە، ئەمە  وای کردووە ھەموومان بتاسێین، وەکو برینێکی ڕۆحیی زۆر قوڵ سەیری دیاردەی مادەی ھۆشبەر و بەکارھێنان و بازرگانیکردنی پێوەی  بکەین،  بەناوھێنانی ھەموو جارێک برینمان بکولێتەوە، بیر لە لێکەوتەکانی ئەکەینەوە، کە کۆمەڵگەکەمان چۆن لە کۆمەڵگەیەکی سروشتیی زیندووەوە بەرەو ئەوە دەبات  ببێتە کۆمەڵگە کەوتووەکان، کە سیستەم سەرجەم کون و قوژبنەکانی تەنیووە و سەری کۆڵان بەکۆڵان و دوکان بەدوکان و ھەموو شەقام شوێنەکانی  لەلایەن بکەرانی نێو دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کردووە و چیتر ئێمە وەکو کۆمەڵێکی زیندووی و خاوەن بەھای کلتوریی و مێژوویی و ئاینیی نابین و دەچینە نێو جیھانە ناشرینەکەی سەدەی بیستو یەکەمەوە، کە مرۆڤی تەنھای دروستکردووە و ئەوەی ڕازی نەبێت بە سیستەمەکەی فڕێی دەداتە دەرەوەی خۆی و لەسەر شەقامەکان دەکەوێت و پاشان ھەر خۆشیان کارئاسانیی بۆ دەکات مادەی ھۆشبەر بەکاربھێنێت و ببێتە مرۆڤێکی بەرکاریی دەستوپێ سپیی، کە ھیچی لەباردا نەبێت و نەک خەمی گشتیی بەڵکو  تاقەت و توانای خەمەکانی خۆشی نەبێت و بەرگەیان نەگرێت،  چی جای  بچێتە نێو ھیچ ھێز و تاقم و گروپ و کۆمیتەیەکی خەباتکردن لەھەر بوارێکدا بێت، کە زیندوێتی ببەخشێتە کۆمەڵگا و ھۆشیاری بڵاوبکاتەوە و مرۆڤ بەرانبەر ماف و ئەرکەکانی بەئاگابھێنێتەوە و پێی بڵێت تۆ ھێشتا زیندویت، بەو ئیمکانییەتە کەمەتەوە، تۆ لەسەر ڕێگە ڕاستەکەیت و ھێشتا ئەو سیستەمە و بکەرانی نێوی بەو ھەموو توانا و ھێزەوە لەو ئاگایی و ھۆشیارییەی تۆ دەترسن، چونکە پاڵنەری بنەڕەتیی و سەرەکیی پشت ھەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی سەرەتا لە مێنتاڵییەت و بیرکردنەوەوە سەرچاوە دەگرێت و پاشان وەردەگێڕدرێت بۆ کاری دەزگایی و ڕێکخراوەیی، گرنگی پرسەکە وای لە ئێمە کرد  لەم وتارەدا بەچەند خاڵێک بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەم پرسە دەخەینەڕوو:


مادەی ھۆشبەر و سیستەمی سیاسیی

پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوان مادەی ھۆشبەر و سیستەمی سیاسیدا ھەیە، واتە وەکو چۆن سیستەمی حوکومڕانی ئەتوانێ بە توندیی ڕێکاری قەدەغەکردنی مادەی ھۆشبەر بگرێتە بەر، بەھەمانشێوەش دەتوانێت ئاسانکاریی بۆ بکات، یان چاوپۆشی بکات لە بەکارھێان و بازرگانیکردن پێوەی، ئینجا ئەگەر  پێکھێنەران و بکەرانی سیستەم خۆیان بەشێک بن لێی ئەوە کارەکە زۆر ئاسانتر دەبێت، چاوخشاندنێکی سەرپێیی دەبینین ئەو سیستەمە سیاسییانەی لە سەدەی بیستەمدا ھەبوون پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیان ھەبووە لەگەڵ مادەی ھۆشبەر /drugو دیاردەی ئالودەبوون /Addiction  بگرە زۆرجار خۆیان پشتگیریی بەکارھێنان و بازرگانییکردنیان کردووە بەو مادانە، پرسەکە چەندین دیوی ھەیە و لە  چەندین ئاستی جیاوازەوە دەکرێت سەیربکرێت،  لە کاریگەرییە  پزیشکییەکانییەوە بیگرە تا کاریگەرییە سۆسۆلۆجییەکانی لەسەر کۆمەڵ  و سایکۆلۆجییەکانی لەسەر تاک و   دیوە یاسایی و ئیکۆلۆژییەکانیی و سەیرکردنی وەکو یەکێک لە فیڵدە بازرگانییە زۆر گەورەکانی جیھان، بەڕادەیەک ھەندێک وڵات ھەیە داھاتی سەرەکییان لەسەر بەرھەمھێانی ئەو درەختانەیە، کە مادەی ھۆشبەریان لێدروست دەکرێت، وڵاتانی ئەمریکای باشوری وەکو پۆلیڤیا و پیرۆ نمونەی زەقن.


نەبوونی گوتارێکی فیکریی و فەلسەفیی

دیارە، بەرھەمھێانی فیکر، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەئاستی ھۆشیاریی و بوونی بزاوتی ڕۆشنبیریی و جوڵە و داینامیکییەتی بەردەوام لەنێو کۆمەڵگەیەکدا، بیرکردنەوە و تێڕامان و ڕەخنە و دایەلۆگ و ئارگیومێنتکردنی سەرجەمی دیاردە و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی و کۆمەڵێکی دیاریکراو، ڕاستەوخۆ نیشانەی ئاستی پێشکەوتوویی ئەو کۆمەڵگەیەیە، بۆیە زۆرجار ئەوترێت فیکر لە ھەموو کۆمەڵگەیەکدا گەشە ناکات، زەمینەی کلتوریی و ڕۆشنبیریی خۆی دەوێت، مرۆڤ ناتوانێت لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی تۆتالیتاریی دۆگمای،  ناوچەنفوزی، میلیشایی و مەزھەبیی و خێزانیی و حزبی ستالینیدا بیربکاتەوە و فیکر بەرھەمبھێنێت، بەھەرحاڵ گوتاری فیکریی ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو ئەو پەیوەندییانەی باسمانکرد، لەم ڕوانگەیەشەوە ئەو وتار و باسانەی دەیانبینین لەبارەی مادەی ھۆشبەرەوە، زۆر سادە و تەکنیکیی و کاتیین، ھەڵگری باکگراوندێکی قوڵ نیین، تەنانەت ھیچیان ناتوانن ئۆنتۆلۆجییانە دیاردەکە بخەنەڕوو و بیبەستەنەوە بە بارودۆخی سیاسییی و کۆمەڵایەتیی و دەرونی کۆمەڵگای کوردییەوە، ناتوانن پرسیارگەلێکی وەکو: بۆچی مادەی ھۆشبەر بوو بە دیاردە؟ تا چی ڕادەیەک دیاردەکە گڵۆباڵە و لۆکاڵەو گڵۆکاڵە؟ ئایا زەمەینەی بڵاوبونەوەی مادەی ھۆشبەر لەم دەیەی دوایدا فراوانبووە؟ کەی و چۆن ھات و چۆن گەشەی کرد و ڕەھەندەجیاوازەکانی چین...تاد .دەیان پرسیاری تر، کە نەک بەدوای وەڵامیاندا نەگەڕاون، بەڵکو نەوروژێنراون و نەخراونەتە بەر باس، بۆیە دیوێکی بابەتەکە ئەوەیە ئێمە نەمانتوانیوە پرسەکە بکەین بە پرسێک بۆ گفتوگۆ و بیری لێبکەینەوە و گوتاری جیاوازی لەسەر بونیاد بنێین و بیکەین بە بابەت و کەرەستەی نوسین و وتار و لێکۆڵینەوە.
ئەمە وەکو گوتار ئەگینا زۆر سەیر نابێت ئەگەر ببیستین فەیلەسوفە زۆر دیارەکانی جیھان مادەی ھۆشبەریان بەکارھێناوەو ھەریەکە و بەپێی ئەزمونێکی جیاواز، بۆ نمونە سارتەری بونگەرایی بۆ ئەزمونکردنی دنیای نێو مادەی ھۆشبەر بەکارھێناوە و و واڵتەر بنیامینی فرانکفۆرتی و ولیام جەیمسی پراگماتیزم و مێشێل فۆکۆی کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەڕەنسی، نیچەش تلیاکی وەکو ئازارشکێن بەکارھێناوە، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لە ناوەندی کوردیدا ئەم بابەتە وەکو دیاردەیەک نەبووەتە جێی تێڕامان و گفتوگۆ، ھەر بۆیە زۆر نامۆیە بەگیانی کۆمەڵگەکەمان و نازانین لەکوێوە دەستپێبکەین و چۆن ڕێکاری چارەسەر دابنێین.

 

کاری دەزگایی 

کۆمەڵگای زیندوو لە دنیای مۆدێرندا، مۆدێرن بەمانای ئێستامان، لەڕوی ھەرەم و بچمەوە بریتییە لە چەندین دەزگای جیاواز، کە بەیەکەوە وەکو چەند چینێک گیانی سیستەمێکی سیاسیی و حوکومڕانی پێکدەھێنن، لە سادەترین خستنەڕویدا دەزگاگەلی وەکو، پەروەردە، تەندروستیی، داد، سەربازیی، دواتریش سەرجەمی ئەو ناوەندانەی دەچنەوە نێو یەکێک لەمانە پێکەوە ھەیکەلی کۆمەڵگەیەک پێکدەھێنن، بۆیە کاتێک دەوترێت پەروەردە کێشەی تیایە، زانکۆ بەکاری خۆی ھەڵناسێت، ئەم دەربڕینە نالۆجیکییە، چونکە تەنھا لایەکی کێشەکە دەبینێت، لایەکەی تری کێشەکە نەبینراوە، کە بریتییە لەوەی لۆجێک پێت دەڵێت، ئیمکانی نییە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو ھەبێت بەبێ زانکۆی پێشکەوتوو، ناکرێ پەروەردە  دواکەوتوو بێت، بەڵام کەرتی تەندروستیی لەوپەڕی پێشکەوتوویدا بێت، دامەزراوەیەکی دادیی زۆر توند و خاوەن پێگە و بەھای یاساییت ھەبێت و لەولاوە حزبی شەخس ھەبێت!زەوی بەتاڵان ببرێت، دزیی لە موڵکیی گشتیی بکرێت، مەحسوبییەت و واسیتە و دزیی و پلەوپۆست لەپێناو پێگە و پارەی زیاتر و دەیان کاری دزێویتر بوونیان ھەبێت، ئەم شتانە پارادۆکسن و ھەرگیز کۆنابنەوە بەیەکەوە، ھەر لەم ڕوانگەیەشەوە دەزگاکانی کۆمەڵگەکەمان تواناکانیان زۆر سنوردارە، ناتوانن ڕایگشتیی دروستبکەن و ڕاسپاردە و توێژینەوە و کاری ھاوبەش بکەن و وەکو دەزگایەکی پەیوەندیدار و ھەماھەنگ  لەپێناو کاریگەری زیاتردا  کاربکەن، دەکرێت لەم ناوەندە جیاوازانەدا کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر ھەبن، بەڵام کۆی کاری دەزگاکان ھەرگیز یارمەتیدەر نیین بۆئەوەی پرسی مادەی ھۆشبەر بکرێتە پرسێکی جدیی، بۆیە لە دورەوە سەیر دەکەیت دەبینیت، ھەوڵەکان چەند دورن لە یەکەوە، چەند پەرشوبڵاون و چەند بێکاریگەریین، لەولاوە مامۆستایەکی ئاینی وتارێکی دەبێت، لەملاشەوە زانکۆ چالاکییەک ئەنجامدەدا بەبێ ئەوەی ھەوڵەکان یەکبخرێن و پێکەوە دەزگا جیاوازەکان بەشێوەیکی زیندوو پرسەکە ببەنە ئاستێکی تر و سەرجەمی چالاکییەکانیان وەربگێڕنە سەر کاری زەمینەیی بۆ ڕێگریکردن لەم بەڵایەی بەرۆکی کۆمەڵگەکەمانی گرتووە.

 

کاری ئەکادیمیی

دیارە ئەکادیمیا تەنھا زانکۆ نییە، کە ئێمە ڕاستەوخۆ بیرمان بۆی دەچێت، چونکە زانکۆ گرنتگرین دەزگای ئەکادیمییە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو ناوەندی توێژینەوە و ڕاگەیاندن و ھەر سەکۆیەک کاری زانستیی تیابکرێت دەکرێت وەکو ئەکادیمیا تەماشا بکرێت، ھەر پەیمانگا و ناوەند و ڕێکخراوێک ھەبێت کاری ئەنجامدانی توێژینەوە بێت لە ھەر بوارێکدا ئەوا پێناسی ئەکادیمیبوونی پێدەدرێت، ئەگەر بڕوانینە پێگە فەرمییەکانی توێژینەوەی وەکو سکولەر و گەیت و بروسەری گۆگڵ و یوتوب ...تاد  بگەڕێین بەدوای کاری زانستیی لەبواری مادەی ھۆشبەر و ڕەھەندە جیاوازەکانی بە زمانی کوردیی یان توێژەری کورد بەئامار و داتای ورد و  میکانیزمە ئێستاییەکانی دنیای زانست یان ھیچ نابینین، یان ژمارەی ئەو توێژینەوانە نەک پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵکو ھەر پێویستی بە ژماردن نییە ئەوەندە کەمن، ئەمە کەلێنێکی گەورەیە لە کومەڵگەی ئێمە، کە پێیوستی بە ھەڵوێستەی جدییە، ئایا کۆمێنت و پۆستی فەیسبووک و ستۆریی و قسەوقسەڵۆکیی گاڵتەئامێزانە و بۆچونیی کەسیی و حزبیی و ھیچ زیادەیەک ئەخەنەسەر ئەو ڕاستییەی، کە ئێمە نەمانتوانییوە خۆمان بخوێنینەوە و کاری زانستیی لەسەر ئەو گرفت و کێشانە ئەنجامبدەین، کە لە کۆمەڵگەکەماندا ھەن؟ لێرەشەوە دەچینەوە سەر ئەو بەشەی بابەتەکەمان، کە تێیدا وتمان کۆمەڵی زیندوو بریتییە لە دەزگای زیندوو، بە پێچەوانەشەوە لەم ڕوەشەوە زۆرجار توێژەران گلەیی ئەوە دەکەن، کە لەڕوی مادییەوە پشتگیریی ناکرێن بۆ کاری ئەکادیمیی، چونکە زانست و توێژینەوەی زانستیی پێویستی بە ڕێکاریی مادیی و دارایی ھەیە، ھەر بۆیە دەتوانیین بڵێین کاری زانستیی و ئەکادمیی لە لێواری مەرگ  نزیکبووەتەوە و لەبەرانبەردا قسەی کڵێشەیی و گشتی و بێ بنەما و نابەرپرسانەی سۆشیال میدیا جێگەی گرتۆتەوە.

 

مێژووی مادەی ھۆشبەر و ئایدۆلۆژیاکان

ئەگەر بەچاوی ویژدان و بابەتییانەوە لەوە بڕوانین، کە ئایا ئایدۆلۆجییەکان، تا چی ڕادەیەک پەیوەندییان ھەیە بە ئالودەبوون/Addiction و بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەرەوە/drugs ، ئەوا دەتوانین بڵێین ھەموویان لە ڕووی کردەییەوە پەیوەندییان  لەگەڵ ئەم بابەتەدا ھەبووە، دیارە ئێمە لێرەدا باسی دەرھاویشتەی کردەیی ئایدۆلۆجیاکان دەکەین، نەک تێکستەکانیان، چونکە ھەموو ئاین و مەزھەب و ئایدۆلۆجایەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە دژی  ئالودەبوون و بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەرن، بەڵام لێرەدا دەبێت بنکۆڵی ئەوە بکەین لە باوەشی کامیاندا زیاتر ئەم دیاردەیە گەشەی کردووە، لێرەدا ناتوانین کۆی ئەم پەیوەندییانەی باسمانکرد بخەینەڕوو، ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە، کە لە سەدەی بیستەمەوە ئایدۆلۆجیاکانی وەکو مارکسیزم، کاپیتالیزم، لیبڕالیزم، لیبڕالیزمی نوێ، ئیسلامی سیاسی، ھەموویان پەیوەندیی بەھێزیان ھەبووە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا، لێرەشدا دوو ڕووی زۆر گرنگ و زاق دەبینین، یەکەمیان لە سایەی مارکسیزم و ئیسلامی سیاسیدا، کە بەھۆی فشاری ئەمریکای سەرمایەدارییەوە بووبێت، کە وایکردووە ئەو کۆمەڵگایانە بچنە ھێڵی ھەژارییەوە و دەست بۆ ئەم کارانە ببەن، یان بەھۆی فاکتەرە ناوخۆییەکانەوە بوبێت، کە ھەژاریی و بێکاریی و نادادیی و نایەکسانی کۆمەڵایەتیی وایکردووە ھەمیشە مادەی ھۆشبەر لە سایەی سیستەمە چەپ و ئیسلامییەکاندا گەشەبکات و بەکارھێنەری زیاد ببێت، بەجۆرێک شۆڕشگێڕ و پیاوانی ئاینی، کە ئەم جۆرە سیستەمە بەڕێوەدەبەن خۆیان چاوپۆشییان لەم بابەتە کردووە، لەبەر دوو ھۆکاری سادە، یەکەمیان لەبەرئەوەی مرۆڤێکی تێکشکاو و دەسەپاچە و بێدەسەڵات و ھێمن و ئارام و دروست دەکات، کە لە پەنای دیواری شەقامەکاندا خەوتووە و ھەموو ئامانجێکی تەنھا بەدەستخستنیی مادەکەیەتی، بەبێ ئەوەی بیپەرژێتە سەر ھیچ کێشە و گرفت و گۆڕانکارییەکی کۆمەڵگاکەی، دووەم لەبەرئەوەیە، ئەم جۆرە سیستەمانە ناتوانن ئەو فاکتەر و ھۆکارانەی  بوونەتە ھۆی ئالودەبونی ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان  چارەسەربکەن و بەری پێبگرن وەکو  نادادیی و مەحسوبییەت و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەرفەتی یەکسانی بەشداریی سیاسیی و نەبوونی ئازادیی و خراپیی باری ئابوریی و  دەرفەتی کاری یەکسان بۆ ئەندامانی کۆمەڵ،  بۆیە ئەم جۆرە سیستەمانە ناچار دەبن،  چاوپۆشی  لەو دیاردەیە بکەن و بگرە کارئاسانیشی بۆ بکەن و دەزگا چەکداریی و پۆلیسییەکانیان ڕابسپێرن بەوەی نەک ڕێگریی بکەن لە بەکارھێنان و بازرگانیکردن بەمادەی ھۆشبەرەوە، بەڵکو چاوپۆشیشی لێبکەن،  بەبێ ھێنانەوەی داتا و ئاماری ورد و گەڕانەوە بۆ ھیچ پێگە و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، تەنھا بە تێبینیکردنێکی سەرپێیی دەوڵەتە بەناو ئیسلامییەکانیی سەدەی ڕابردوو و ئێستا و  چەپەکانی وەکو وڵاتانی ئەمریکای باشور باشترین نمونەی ئەم باسەی ئێمەن، کە مادەی ھۆشبەر چۆن بووەتە پێناسی ئەو کۆمەڵگایانە.
 لەبەرانبەردا، لە سیستەمە سەرمایەداریی و دیموکراسییەکاندا، کە بانگەشەی تاکگەرایی و ئابوری ئازاد و بازاڕی ئازاد دەکەن، دیسانەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە دوو سیستەمەکەی پێشوتر بڵاوە و تەنانەت ھەندێک لەو وڵاتانە، بە یاسا ڕێگەیان پێداوە بە ڕێژەی دیاریکراو لە مارکێتەکاندا مامەڵەی پێوەبکرێت و تۆی ھاوڵاتی دەتوانیت ڕێژەی پێویستی ماددەی ھۆشبەر بکڕیت و بەکاریبھێنیت، لێرەوە پرسیاری ئەوە دێتە بوون ئەگەر لە سیستەمە سیاسییەکانی پێشوتردا لە ئەنجامی بێکاریی و نەبوونی دەرفەتی یەکسانی کار و بەشداریی سیاسیی و ئازادی کۆمەڵایەتیی، دیاردەی مادەی ھۆشبەر  بڵاودەبێتەوە، ئەی لەم جۆرە سیستەمانەی کە بانگەشەی یەکسانیی و دەرفەتی یەکسانی کار و ژیان بۆ ھەموو تاکێک دەکرێت، بۆچی دیاردەکە بڵاوە؟ ئایا کێیە بیەوێت ژیانی خۆی وێرانبکات بەبێ ھیچ ھۆکارێک؟ کەس ھەیە ھۆشیاری بە ناھۆشیاریی بگۆڕێتەوە؟ ئاگایی بە نائاگایی بگۆڕێتەوە؟ بەبێ ھیچ ھۆکارێکی دیاریکراو؟ بێگومان دیاردەکە ئاڵۆزە و وەکو لە سەرەتای بابەتەکە خستمانەڕوو چەندین دیوی ئاڵۆزی تێکچڕژاوی ھەیە، کە پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەچینە لای پرۆفیسۆرێک لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی( جۆھنس ھۆپکینس)، بە ناوی (ھانا پیکاردس)، ئەم مامۆستایە لە ساڵی ٢٠٢٢ بابەتێکی نوسییوە لە سایتی زانکۆکە بە ناوی ((ئالوودەبوون و چاکبوونەوە: ڕوانگەیەکی فەیلەسوفییانە))  لەوێدا بە ڕونی باسی ئەوەی کردووە، کە دەبێت واز لەو دیدە ڕەش و سپییە بھێنین، کە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا ھەیە بۆ دیاردەی مادەی ھۆشبەر، ئەو پێی وایە بابەتەکە چەندین دیوی ئاڵۆزی ھەیە و تەنھا پەیوەست نییە بە باش و خراپییەکەیەوە، بەڵکو زۆرجار پەیوەستە بە دیدی ئێمەوە بۆ چێژ؟ ئایا چێژ چییە؟ لێرەشەوە پرسیاری ئەخلاقی لەبارەی ئەوە دێتە کایەوە کە  ئایا پێویستە چێژ لەچی وەربگرین و چی شایستە نییە بەوەی بیکەینە سەرچاوەی چێژ،  ئەو کاریگەرییە عەقڵیی و نیرۆلۆژییانەی لە مادەی ھۆشبەردا توشی مرۆڤ دەبن و بەتەواوی حەز و ویست و خواستی مرۆڤ کۆنتڕۆڵدەکەن و چیتر ئەو مرۆڤە ناتوانێت بەبێ ئەو مادەیە بژیت، چونکە مێشک بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە لەلایەن ئەو دۆخەی، کە بۆی دروستکراوە و چیتر  ناتوانێ دانیشێت بە دیار پرۆسێسکردنی زانیاریی و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگاریییەکانی ژیان، لە بەرانبەردا ئەو دۆخە بێھۆشییە تەمبەڵییەی بۆی دروستکراوە پێی‌باشترە لەوەی بچێتە ژێر باریی ناخۆشیی و  ڕۆتینی بێزارکەر و ناڕەحەتییەکانی ژیانەوە، بەھەرحاڵ ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگبوو، بیڵێین ئەوەیە، زۆرجار دواکەوتوویی سیستمی حوکومڕانیی و ھەژاریی دەبنە ئالودەبوونی مرۆڤ، ھەندێک جاریش وەکو ئێستا خستمانەڕوو، مرۆڤ تەنھا بۆ ھەڵھاتن لە ژیان ئالودە دەبێت بەبێ ئەوەی کێشەکەی بریتییبێت لە کار و ژیان و ماڵ و پارە و سامان و داھات، لێرەشەوە دەگەین بەو ڕاستییەی ، کە ئابوری ئازاد و دیموکراسی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و کۆنتڕۆڵکردنی کۆی کایەکانی ژیان لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە، فاکتەرێکی بەھێزە بۆ بڵاوونەوەی مادەی ھۆشبەر و زۆربوونی ڕێژەی ئالودەبوون، چونکە لەم جۆرە سیستەمانە  ھەر شتێک جوڵەی ئابوری زیادکرد و بووە ھۆی  کۆکردنەوەی زیاتری داھات دەخرێتە بەر ئەندامانی کۆمەڵگا بەبێ بیرکردنەوە لە ئاکامەکانی،  لەم جۆرە سیستەمانە تەھا فۆکەس و جەختی زۆر لەسەر سەرمایە و داھاتە، لەگەڵ فرەچەشنکردن و ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەی کۆکردنەوەی داھات بەو  ئامانجەی، کە  ژیان بەرەوپێشەوە ببرێت حەز و خواستە  دروستکراوەکانی مرۆڤ/  manfactured plasure تێربکرێ، بەبێ ئەوەی مۆڕاڵییانە سەیری بابەتەکە بکرێت، کە ئایا ئەم سەرچاوەی داھاتەn کە دەرفەتی کاری ڕەخساندووە و بووەتە ھۆی کۆکردنەوەی سەرمایە و داھاتی زیاتر، کۆمەڵگا بەرەوکوێ دەبات.

 

سەرچاوەکان:
١-https://hub.jhu.edu/٢٠٢٢/٠٩/١٦/hanna-pickard-philosophers-view-of-addiction-recovery/
٢-https://bigthink.com/personal-growth/٥-philosophers-who-took-drugs/

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×