کتێب سوتاندن دیاردەیەکی قێزەوونە لە هەر کات و شوێنێکدا بێت وهەر کەسێک بیکات و کتێبەکە هەرچیەک بێت و هەر ناوەڕۆکێکی هەبێت. رەخنە و ناڕەزایەتیش لە هەر کتێبێک و نوسەرەکەی و ناوەڕۆکەکەی ئەبێت ووشە و رستە و نوسین بێت نەک سوتاندن. بۆیە سوتاندنی قورئانێک لەسەر دەستی سەرکردەی پارتێکی راسیستی دانیمارکی لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە سوید کارێکی نارەوایە وجێگای سەرکۆنەکردنە. بەڵام ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە کە کەسانێکی کەم نەبێت زۆرینەی ئەوانەی قسەیان لە سەر ئەم بابەتە کرد زیاتر کاردانەوەی سۆزداریانە بوو بە هەردو دیوی زۆرینەی دژ و ژماریەکی زۆر کەمتر لایەنگیر. زۆر کەم پرسیاری ئەوەیان وروژان کە ئەم کردارە بۆ لەو شوێن و کاتەدا؟ یەکێک لە پرەنسیپەکانی لێکۆڵینەوەی جینائی لە کاتی تاوانێکدا دۆزەی ئەوە ئەکات کێ بەرژەوەندی هەیە لە ئانجامدانی وا کارێکدا. .
راسمۆس پاڵودان لە دایکبووی ١٩٨٢ خەڵکی وڵاتی دانیمارکە. پیشەی پارێزەرە سەرۆکی پارتی راستەڕەوی پەڕگیر(ستارم کوێرس هاردلاین)ە وپەیوەندی ئۆرگانی هەیە لە گەڵ رێکخراوی (ئاڵتەرناتیف بۆ سوید) کە ئەویش رێکخراوێکی راسترەوە لە ساڵی ٢٠١٩ ژماریەک ئەندامی دەرکراوی پارتی دیموکراتی سویدی دروستیان کرد کە لە سەر بیروباوەڕی راسترەوی پەرگیر لە پارتی دیموکرات وەدەرنران. پاڵودان و پارتەکەی لە جەند هەڵبژاەردنێکی لۆکالێ و نیشتمانی بەشداریان کرد بەڵام لە هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، دواتر دەرکەوت کە لە داواکاری بەشداری لە هەڵبژاردن و ژمارەی واژوکەران ساختەیان کردووە بویە لە هەڵبژاردنەکانی پاشتر رێگایان پێ نەدرا. پاڵودان لە کەمپینەکانی بۆراکێشانی سۆزو دەنگی راستڕەوەکانی دانیمارک و سوید زۆربەی کات هێرشی کردۆتە سەر ئاینی ئیسلام و هەرەشەی سوتاندنی قورئانی کردووە یا سوتاندویەتی لە جەند شارێکی دانیمارک و سوید. لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سەر هەرەشەکردن بە سوتاندنی قورئان بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە چونە ناو سوید قەدەغە کرا، بەڵام لە ئوکتۆبەری هەمان ساڵ توانی ببێتە خاوەنی ناسنامەی سویدی بە هۆی ناسنامەی باوکەیەوە کە سویدی بوە. بڕوانە ئەم لینکە.
http://Rasmus Paludan - Wikipedia
ئەم کارو کردەوانەی پاڵودان هەموو جارێک لەلایەن حکومەتی سوید و دانیمارکەوە سەرکۆنە کراون. بە پێی یاسا کارپیکراوەکانی ئەو دوو وولاتەش سزا دراوە. ئەم جارەش سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی سوید هەردوکیان ئەو کارەیان سەرکۆنە کرد و نارەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر ئەو کردەوەیە و بە قێزەوون و بێڕێزی ناویانبرد. بەڵام یاساکانی ئازادی بیروڕا دەربڕین بە شێوەیەکە لەسوید کە ناتوانن بە شێوازێکی یاسایی هیچ لەگەڵ باڵودان بکەن، جونکە هاوڵاتی سویدە وکارەکەی نایاسایی نیە.
بروانە ئەم لینکە
https://www.voanews.com/amp/swedish-prime-minister-condemns-quran-burning/6928856.html
لەبەرامبەر ئەم روداوە وڵاتگەلێکی ئیسلامی نارەزایی خۆیان گەیاندە حکومەتی سوید لەوانە سعودیە ومەغریب وئەندۆنیسا و ئیمارات لە کەناڵە دپلۆماسیەکانەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە کاردانەوەی ئەردۆغان و حکومەتی ئاکپارتیە کە لەبەرزترین ئاست و بەتوندترین شێوە بوو.
ئەم کاردانەوەیە لەم کاتەدا کۆمەڵێک پرسیار ئەورۆژێنێ.
ئایا پاڵودان وان بۆ لە سوید کارەکەی ئەنجامدا لەکاتێکدا ئەو سەرۆکی حیزبێکی دانمارکیە؟ ئەی بۆ لەبەردەم باڵێوزخانەی تورکیا کە بە دەوڵەتێکی نیمچە عەلمانی و نیمچە دیموکراسی ناسراوە؟ بۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی سعودیە یا ئێران ئەو کارەی نەکرد کە بەروونی دوو دەوڵەتی ئیسلامین و قورئان و شەریعەت سەرچاوەی یاسا و دەوڵەتداریە لەو دوو وڵاتە؟
ئەی بۆ کاردانەوەی ئەردوغان و حکومەتی تورکیا ئەمجارە لەم ئاستە بەرز و بەم توندیە، لەکاتێدا جارەکانی تر ئاوها نەبوو؟
ئەگەر بەروونی لەم هاوکێشەیە ورد ببینەوە بە روونی جۆرێک لە (هاوپەیمانی دژەکانە)، هەرکەس بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی. لە لایەک پاڵودان بەم کارەی لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا پێشبینی ئەوەی کردووە کە ئەردوغان لە بارودۆخی ئیستایدا پێویستی بە خوڵقاندنی قەیرانێکی وایە تا وەک نوێنەر و تاکە بەرگریکاری ئیسلام دەرکەویت. لەلایەک لە قەیرانە ناوخۆکەی رزگاری بکات کە دابەزینی رێژەی دەنگەکانیەتی و ئەگەری دۆڕاندنی هەڵبژاردنی مانگی مەی داهاتو کە هەموو ریسەکەی ئەکاتەوە بە خوری، بە بزواندنی سۆزی ئاینی دەنگدەرانی تورکیا. لە لایەکی تر دەرچوون لەو تەریکەوتنەوە نێودەوڵەتیەی کە تورکیا تێکەوتوە و گاریکەری کوشندەی خستۆتە سەر ئابوری ووڵاتەکە بە راکێشانی سۆزی ئاینی ووڵاتە ئیسلامیەکان.
بۆ هەموان ئاشکرایە کە کارێکی وا لە دانیمارک هیچ کاریگەریەکی نابێت و وەک ئەوانەی پێشوو تەنها سەرکۆنەی زارەکی یا سزا بەدوای خۆیدا ئەهێێت. بەڵام ئەنجامدانی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کە لە ئێستادا پێویستی زۆری بە رازیبوونی تورکیا و ئەردوغانە لە سەر ئەندامیەتی هاوپەیمانی ناتۆ کارەکە ئەباتە ئاستێکی باڵاتر، تا ئەردوغان بتوانێت دوخەکە بقۆزێتەوە و وەک ئەو قارەمانە دەرکەوێت کە خوازیارێتی. پێویستی سوید بە رازیبوونی تورکیا بۆ چونە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە چەکێکی کاریگەرە بە دەست ئەردوغانەوە. هەموو ئاگادارین کە چەندەها تەنازولی بە سوید و فینلاند کردووە بۆ رازی بوون بەو کارە. لەیەکەم لێدوانیدا دوای روداوەکە ئەردوغان وەک ئەوەی پێشوەخت خۆی ئامادە کردبێت، هەرەشەی کرد کە نابێ سوید چاوەڕوانی هاوکاری تورکیا بێت بۆ ئەو پرسە. ئەمە ئەردوغان ئەخاتە ئەو شوێنەی کە خوازیارێتی.
بۆ پاڵودانیش ئەم کارەی وەک ئەوانی تر نابێت و کاردانەوەی لۆکاڵی و هەرێمی و نێودەوڵەتیش بە دوای خۆیدا ئەهێنێت، ئەمەش رێک ئەوەیە سیاسیەکی راسیستی پۆپۆلیست لە هەر وڵاتێکدا خوازیارێتی و لەوانەیە ئەو رێگایە بێت کە بیگەێنێتە خەونەکەی کە لە هەڵبژاردنی داهاتودا بگاتە پەرلەمان و قسەی هەبێت لە سیاسەتی وڵاتەکەیدا.
بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی ئەردوغان وەک پیلانگێڕێک، ئەگەری ئەوە زۆرە کە هەر خۆی لە رێگای حیزب و دەزگا هەواڵگریەکانی دەستیان لە پشتی پاڵودان بێت بۆ ئەم کارەی. هەموو پیلانی کودەتاکەمان بیرە کە لە رێگایەوە ئەردوغان کلک و گوێ نەیارەکای لە ناو سوپا و دەزگاکانی هەواڵگری و پۆلیس و دادگاکان و ئەودوای دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەتا دەوڵەتی قوڵیشدا کرد. نیشاندانی دژایەتی کردنی روسیا و ئیسرائیل لە قۆناغی جیاوازدا وەک جەنگی ئیسلام و روسیای داگیرکەری موسڵمانەکانی قەفقاز و ئیسرائیلی داگیرکەری (اولی القبلتین و ثالث الحرمین) بۆ چنینەوەی دەنگ و هەژموون و ئاشتبوونەوەی لەگەڵیان دواتربەڵگەیەکی تری هاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی ئەردوغان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە هیچ کارو هەنگاوێک نائەخلاقی ناپرینگێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.
بۆیە هەرچۆنێک بێت ئێستا هاوپەیمانیەکی ناپیرۆز هەیە لە نێوان ئەردوغان و پاڵودان و هەردوکیان خزمەت بە ستراتیجیەتی ئەوی تر ئەکەن.