گەندەڵی و تیرۆریزم

نەوزاد شوانی
  2021-12-28     574

لە پەراوێزی ئەو مشتومڕەی بەگاز خنکانی ژن و منداڵی پێشمەرگەیەک لە ماوەی رابردودا دروستی کرد، پرسیاری ئەوەی ئایا گەندەڵی دەسەڵات مەترسیدارترە یا تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام بۆ سەر کۆمەڵگای باشور لە گروپێکی چاتدا، بوو بە ھوێنی ئەم وتارە.

 

گەندەڵی دیاردەیەکی فرەڕەهەندە و کاریگەریەکانی کەوشەنی یەک بواری کۆمەڵگا تێئەپەڕێنن بۆ کۆی کایەکانی ژیان. گەندەڵی لە رووی ئابوریەوە ئەبێتە بەربەستێکی گەورە بە رووی گەشەکردن، چونکە لە لایەک ئەبێتە لادانی بڕێکی زۆر لە سامانی گشتی کە ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پشکی وەبەرهێنان لە داهاتی نیشتمانی. لە لایەکی تر ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێچوی وەبەرهێنان چونکە دەستەڵاتداران پشکی خۆیان ئەويت لە داهاتی هەر پرۆژەیەک کە لەسەر حیسابی پشکی هێزەکانی بەرهەمهێنانە بە تایبەتیش کار و سەرمایە. ئەوەش ئەبێتە هۆی بەربەست لەبەردەم کەڵکەبونی سەرمایەی پێویست بۆ وەبەرھێنان و لاوازکردنی فاکتەرە بزوێنەرەکان بۆ هاتنی سەرمایەی بیانی و راکردنی پارە و سامانی کەڵەکە کراوی ناوخۆ بۆ دەرەوە بە رێگای شەرعی و ناشەرعی.  ئاشکراشە کە سامانێک لە رێگەی گەندەڵیەوە دروستکرابێت ناگەڕێتەوە ناو ئابوری وڵات و زۆربەی کات لە کڕینی موڵک و خانوبەرە لە وڵاتانی تر بەکاردێت کە باشترین کەرتە بۆ شاردنەوەی سامانی ناشەرعی. ئەمە سەرباری دەرهاویشتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردیەکانی تری گەندەڵی.

 

گەندەڵی لە باشوری کوردستان دیاردەیەکی لاوەکی و راگوزەر نیە. بەڵکو بەشێکی بنەڕەتی و دانەبڕاوە لە تانوپۆی دەستەڵات.  لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و پاش راپەڕین، رژێمی بەعس دەزگاکانی دەوڵەتی لەو ناوچانە کێشایەوە کە ھەژمونی سەربازی و ئاسایشی بەسەریوە نەمابوو. بەم شێوازە دەستەڵات وەک سێوێکی رزیو کەوتە باوەشی بەرەی کوردستانیەوە. یەکەم شێوازی پیادەکردنی دەستەڵاتی بەرەش بازگەی گومرگەکان بو لەسەر سنور و نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دهۆک و دەشتی هەولێر و گەرمیان و خاڵەکانی تەماس لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی رژێمی بەعس. 

 

ئەو پارەیەی لەم بوارە دەست ئەکەوت لە نێوان حیزبەکان بە پێی قەبارە و هێز دابەش ئەکرا و بەشێکی کەمی بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاکان بەکارئەھێنرا. لەپەناشەوە ھەر لایەک تۆڕی گەندەڵی و قاجاخچێتی خۆیان ھەبوو کە لە پشتی بازگەکانی بەرەی کوردستانیەوە ئەیانکرد و لەهەر ناوچەیەکدا چ لایەنێک هەژمونی زیاتر بوایە لە لایەنەکانی تر زیاتری ئەکرد، پێم وایە ئێستاش هەر هەمان هاوکێشە کارئەکات بۆ سنوری زەرد و سەوز. 

کەم نەبون ئەو چیرۆکانەی کە پێشمەرگەیەک سکاڵای ھەژاری و نەداری خۆی ئەبردە لای سەرەوەی خۆی. بەرپرسەکەی ئەیگوازتەوە بۆ بازگەیەکی گومرگ بۆ ماوەیەک لەگەڵ ھۆشداری ئەوەی پێویستە لەو ماوەیەدا دۆخی دارایی خۆی باشتر بکات!؟  گەندەڵی رێگاپێدراو. 

 

پاش ھەلبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستان و دروستبوونی حکومەتی ھەرێم، ئەم تۆڕی گەندەڵی و قاجاغچیانە راستەخۆ خرانە پێکھاتەی حکومەتەوە و بوونە بەشێکی دانەبڕاو بە ھەمان ئەرکەوە کە پچڕینی ھەرچەند و بەھەر شێوازێک بتوانن لە داھاتی گشتی بۆ حیزب و خێڵ و باڵ و بەرپرس و خۆیان. 

 

بۆیە ئەبینین ئێستا تەواوی جومگەکانی دەستەڵات لە ژێر هەژموونی ئەم تۆڕانەدان و کۆی جەستەی دەستەڵات و کۆمەڵگایان داوەشاندوە و نزیکیان خستۆتەوە لەتەپین.  سەرباری ترسناکی دۆخەکەش کەس پڕکێشی ئەوە ناکات دەس بۆ بەرژەوەندیەکانیان بەرێت.  چونکە تاکە شێوازی تەمویلی دەستەڵاتە و باش لەوە گەیشتون لەگەڵ نەمانی ئەو کەناڵە بۆ گواستنەوەی سامانی گشتی بۆ حیزب و خێڵ، گڵۆڵەی ئەوانیش ئەکەوێتە لێژی.

 هەتا لەسەردەمی جەنگی داعش کە مەترسیەکی وجودی بوو لەسەر هەرێم هەندێک لەم تۆڕانە بازرگانی نەوت و دانەوێڵە و جچەکیان ئەکرد لەگەڵ داعش.

 

لەبەرامبەردا ئەگەر تەماشای مێژوی مرۆڤایەتی بکەین،  دوژمنی دەرەکی و تیرۆریزم سەرباری ترسناکیان، لایەنێکی پۆزەتیفیان ھەیە!  

 

بەردەوام پەیدابوونی دوژمنی دەرەکی فاکتەرێک بووە بۆ پڕکردنەوەی قەڵەشت و کەلێنەکانی نێوان چین و توێژە دژەکانی کۆمەڵگا و نێوان دانیشتوان و دەسەڵات. ھەر ئەزمونی تیرۆرێزمی مۆدێرن لە ئەمریکا بەر لە ٩/١١ و بەر لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کۆمەڵگا تەواو دابەشبو و راپرسیەکان نیشانیان ئەدا کە جۆرج بۆشی دووەم شانسی ھەڵبژاردنەوەی نیە. بەڵام لەگەڵ ھێرشەکانی ١١ ی سێپتەمبەر دۆخەکە تەواو گۆڕا و جۆرێک لە کۆدەنگی نیشتمانی دروست بوو و جۆرج بۆش ھەڵبژێرایەوە. 

لە ٢٠٠٥/٧/٧ دوای ھێرشە تیرۆریستەکانی لەندەن کە خۆم ئەوکات لە بریتانیا ئەژیام دۆخێکی ھاوشێوە دروست بوو. 

 

لە پاش سەرھەڵدانی دوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام لە ٢٠١٤ و نزیکبونەوەیان لە کازمیە و نەجەف ھەموو چین و تۆێژ و گروپە دژبەیەکەکانی شیعە لە ووڵامی فەتواکەی سیستانی رابوون و حەشدی شەعبی دروست بوو بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و پیرۆزیەکانیان لە بەرامبەر ئەو مەترسیە وجودییە. 

لەگەڵ ھێرشی داعش بۆ کوردستان ھەمان کۆدەنگی دروست بوو و مەسعود بارزانی نەیاری پەڕگیر و سەرسەختی پکک سەردانی گەریلاکانی ئەو حیزبەی کرد کە رۆڵیان بوو لە بەرگری دژی داعش. نێوانی پدک و ینک کە تا ئەوکاتە شیروتیریان لەیەکتر ئەسو لە پاش کارەساتی ریفراندەم و ١٦ی ئوکتۆبەر بۆ ماوەیەکی کەم تەواو گۆڕا و هیزەکانی ینک بەشداری چالاکیان کرد لەبەرگریکردن لە هەولێر.  

 

بەڵام گەورەترین قوربانی گەندەڵی لەپاڵ تێچونە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی،  بێنرخ بوونی بەھاکان و ھەستی ئینتما و پێکەوە بوونە. لە سەدەی بیستەمدا ھیچ سەردەمێک وەک ھەشتاکان و نەوەدەکان بۆ کوردی باشور ترسناک نەبوو. لە نیوەی دووەمی ھەشتاکان مەترسی وجودی ھەبوو لەسەر کوردبوون بە راگواستنی لادی و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ کامپە زۆرەملیەکان و ئەنفال و جینۆساید وکیمیاباران. لە نەوەدەکان سەختترین سەردەم بوو لە رووی ئابوریەوە، بەڵام کورد ھێشتا دەستی لەبەھا پێکەوەیەکانی بەرنەدابوو.  

وەک بەدیعولزەمانی ھەمەدانی ئەڵێت:

فقالوا قسمە نزلت بالعدل

فقلنا لیت الجور مشاع

واتای 

گوتیان دابەشکردنێکی دادوەرانەی خواییە

گوتمان خۆزگە ستەمیش یەکسان بوایە. 

 

ئەوکات هێشتا جیاوازیەکان بەم دۆخە نەگەیشتبون، بۆیە خەڵک یەکگرتوو بوون. بەڵام ئەو جیاوازیەی ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە نێوان چینی تازەپیاکەوتوی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەودوای خەڵک کە دەرئەنجامی راستەوخۆی گەندەڵیە، بڕستی لە کۆمەڵگا بڕیوە و ھیچ جۆرە و متمانەیەک نەماوە و دروستکردنی کۆدەنکیش لە دەوری ھەر بەھایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کردووە بە مەحاڵ. گەورەترین ئاماژەی ئەو دۆخەش ھیواخواستنی خەڵکە بە سەردەمی بەعس کە خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی گەورەیە، قوربانی خۆزگە بە سەردەمی جەللادەکەی بخوازێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×