لە گوتارێکدا بە ناوي «مامۆستا شێرزاد حەسەن نەتپێکا» کە لە سایتی (ستاندارد کورد) بڵاو کراوەتەوە ئەبو بەکر هەڵەدنی هێرش ئەکاتە سەر مامۆستا شێرزاد حەسەن جونکە گوتویەتی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی کوردستان داعش بەرهەم دێنن. هەموو ئەزانین کە شیرزاد حەسەن پسپۆڕی بواری پەروەردەیە و لە خۆڕایی قسەی واناکات.
ھەڵەدنی لە دەستپێکی ووتارەکەیدا دان بەوەدا ئەنێ کە شێرزاد نوسەر و خوێندەوارێکی بەتوانا و کۆمەڵناسێکی وردە.، هەتا باسی ئەوە ئەکات کە دانیشتووی گەڕەکی عەقاریە کە نازانم شوێنی دانیشتنەکەی پەیوەندی چیە بە بابەتەکەوە و بە چ مەبەستێک باسی کردووە .
بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە، لە جیاتی ئەوەی لە خۆی بپرسێ بۆ ئەم نوسەر وخوێندەوارە بە توانا و کۆمەڵناسە وردەی دانیشتوی عەقاری گەیشتۆتە ئەم ئەنجامگیریە؟ ئەگەری ئەوەی شێرزاد بە کۆڵینەوە و سەرەنجی شارەزاییانەی ورد گەیشتبێتە ئەو ئەنجامگیریە بە تەواوی ئەخاتە لاوە و لە خیتابێکی سۆزبزوێندا تاوانباری ئەکات بە شاهیدی ناحەق.
وەک نەریتی باویشیان بە هیچ جۆرێک نەچووە بەلای ئەوەدا بەڵگە لەسەر ناحەقی قسەکانی شێرزاد بهێنيتەوە. ئەرێ دەکرێ شێرزادی نوسەری ورد و کۆمەڵناسی بەتوانا راسپێرابێت تا ھێرش بەرێتە سەر ئیسلام؟!
ھەڵەدنی لە پەرەگرافێکدا بە شێرزاد ئەڵی «لەمن باشتر ئەزانی داعش دروستکراوێکی هەواڵگیری نێودەوڵەتی ولە منداڵدانی شێواوی نادادی ولەئامێزی گەرمی دەوڵەتانی هەرێمی نەشونمای كرد» بەڵام ئەوەی شێرزاد مەبەستیەتی و هەڵەدنی خۆی لێ نەبان ئەکات ئەو بنەما فیکری و ئایدۆلۆجی و ئیمانی و پەروەردەییانەیە کە وادەکات کۆمەڵگاکانی ئێمە ژینگەیەکی بە پیت بن بۆ پەیدابوونی ئەنسارولئیسلام و جوندلئیسلام و داعش و ھاوشێوەکانیان. هیچ باسی ئەوەش ناکات کە ئەو دەوڵەتە هەرێمیە هاوئاینانەمان بۆ ئەم مارەیان لە ئامێزی گەرمی خۆیان پەروەدە کرد و بەرەڵای گیانی ئێمەیان کرد. خۆشی لەوە بێئاگا نیشان ئەدات کە سەرچاوەی دەوڵەتی ئێسلامی لە عیراق و شام لەناو خەونی ئیسلامۆفاشیانەی ئاکپارتی و ئۆردوغانەوە ھەڵقوڵاوە بۆ زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی بە ھاوکاری یەکیتی جیھانیی زانایانی ئیسلام کە مەلا عەلی قەرەداغی رابەری نافەرمی یەکگرتوە ئیسلامیەکەی ھەڵەدنی سکرتێری گشتیەتی.
ئاشکرایە کە بۆ ھەڵەدنی پرکێشی ئەوە ناکات نکۆڵی یا بەرگری لە تاوانەکانی ئیسلامیەکان بکات. بۆیە لە پەرەگرافێکی تری خیتابەکەی ھاتووە تاوانەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە پاساو ئەھێنێتەوە وەک ئەوەی شێرزاد مرۆڤکوژیی تەنھا لەسەر تیرۆریزمی ئیسلامی تاپۆ کردبێت.
ھەڵەدنی ژمارەی داعشەکانی کوردستان کە تەنھا بە ٤٠٠ موجاھید ئەخەمڵێنێ، بەراورد ئەکات بە ژمارەی داعشە سویدی و ئوسترالی و ئەمریکی و فەرەنسی و بەریتانیەکان کە پێی وایە زۆر زیاتر بوون لەو ژمارەیە! وەک ئەوەی داعشەکانی ئەو ووڵاتانە پەروەردەی سینەگۆک و کڵیسا و مەحفەلی ماسۆنی و مینبەرە ئیلحادیەکان بن و ھیچ پەیوەندیان بە فکری تەکفیریی وەھابی و مزگەوتە تیرۆریست ھەڵھێنەکانەوە نەبێت، کە بە پترۆدۆلار و حەجدۆلاری کەنداو دروستکراون و کتێبەکانی ئیبن تەیمیە و سەید قطب و حەسەن ئەلبەنا و عەبدلحەمید کشک و عەبدوڵا عەززام ئیمام و رێشاندەریانە؟
لە پەرگرافێکی تردا باسی پەروەردی ئاینیی ئەکات وەک کانیەکی سازگار کە ھەزاران مامۆستا و دکتۆر و ئەندازیار و یاساناسی بەرھەم ھێناوە و تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمە پێکدێنن و دیوارێکی قایمن بە رووی روخانی ئەخلاق « رەنگە مەبەستی لە عیلم و ئەخلاقی دکتۆر مەلا عەلی کەڵەک بێت کە ئێستا بۆتە سێلبرتی لە پاکستان».
ئەرێ گەلۆ ئەوەی من لە پەروەردەی ئاینی خوێندم لە سەرتاییەوە تا ناوەندی لە غەیری ئەلحەمدو و قل ھو اللە احد و زەید و زینەب و سروتەکانی دەستنویژ و غوسڵ و جەنابە و مثنى و ثلاث و رباع و ما ملكت ايمانكم و گێڕانەوەکانی ئەبا ھوریرە کە یەکێکیان ئەڵێت « ئەگەر پیاو حەزی لە سێکس بوو و ژنەکەی نەچوو بە دەنگیەوە، ئەو شەوە تا بەیانی فریشتەکان نەفرەتی لێئەکەن» و چیرۆکی ئەنبیا و ئەوەلین زیاتر نەبوو. ئەرێ ئەگەر ئێوە زانستەکانی فیزیا و کیمیا و زیندەوەرزانی و ماتماتیک و ئەندازە و ئابوریتان لە جوزئی عەممەدا خوێندوە ئاگادارم کەن، چونکە ئەگەر وابێت منی ھەشبەسەر بڕوانامەکەم بەتاڵە و دەکرێ بمدەنە دەستەی نەزاھە و ھەموو ئەو موچانەی چەند ساڵە وەریان ئەگرم ئەبێ بیگەڕێنمەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت.
هەڵەدنی خۆشی لە قەرەی ئەوە نادات کە زۆری داعشە کوردەکان منداڵی ئەو خێزانە ھەژارانە بوون کە شێخی داعش مەلا عەلی قەرەداغی و پەیڕەوکەرانی تەریقەتەکەی لە بەرامبەر ھەندێک یارمەتی مادی کە لە وڵاتانی کەنداوەوە ئەیانھێنا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و سەردەمی گەمارۆی ئابوری شەرواڵی کوڕەکانیان کورت ئەکردەوە و لەچکیان ئەدا بەسەر کچەکانیاندا.
له پەرگرافێکی تردا ئەڵێ « عەلمانی وڕۆشنبیرانی کورد کراوەن بەسەر هەرچی مێژوو و بیر وئەدەبیاتی گەلانی دونیا هەیە بەڵام لە لێکۆڵینەوە و ووردبوونەوە لەئاینی گەلی خۆیان کەم تفاقن دەنا گەر بەسەرنج و تێروانینی قوڵەوە توێژینەوەیان لەئاین بکردایە ، ئەوا لەکوردیشدا دەیان ڕۆجیە گارودی و عەلی عزەت بیگۆفیچمان ئەبوو». کە دەڵێ ئاینی گەلەکەی خۆیان، وەک ئەوەی ئیسلام بەرھەمی کۆمەڵگای کوردی بێت و فیکر و دونیابینی ژێر دەوارەکانی نەجد و حیجاز نەبێت. بیریشی چووە یا ھەر نازانێ ئیبن سینا و ئیبن خەلدون و غەزالی وئەبو عەلاێی مەعەری و ئەبو بەکری رازی بەشاری ئیبن بەرد و جەعدی کوڕی دەرھەم و صەفوانی جەهمی و سەڵاح نەسر و فەرەج فودە و نەجیب مەحفوز و حسەین مەروە و نەوال سەعداوی و عەبدولخالق مەعروف و سەدان و ھەزارانی تر پاش قوڵبونەوە لە ئاینی باوی ئومەتەکەی خۆیان، لێی یاخی بوون و لە سەر بیروڕاکانیان راوەدوونران و تەکفیرکران و کوژران و کتێبەکانیان سوتێنران.
ھەر بەو تەرزە ھەستبزوێنە بەردەوام ئەبێت و روحی شاعیر و مەلا و شێخەکانی کوردستان ئەکا بەگژی شێرزاد دا و داواکارە لە بەر خاتری ئەوان لێگەڕێ سروتەکانی ئاین بگەرێتەوە ناو کۆمەلگای کوردەواری، وەک ئەوەی شێرزاد رێگر و بەربەست بێت لەوە.
لە کۆتایدا تەحەدای ھەڵەدنی و ھەموو بەرگریکارێکی ئیسلامی سیاسی ئەکەم، کە هەوڵ ئەدەن ئیسلام لە داعش بێبەری کەن. یەک تەشریع و پراکتیزی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شامم پێ بڵێن پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلام بن و سەلەفی ساڵح پەیڕەویان نەکردبێت؟
بە ھەڵەدنی ئەڵێم بە مێژودا بگەڕێ بزانە کارەساتی ئێزدیەکان لەسەر دەستی داعش چەند جار و لە کوێ و لەسەر دەستی کێ رویداوە؟ کێ بوون قوربانیەکان کە پیاوەکانیان سەرپاک کوژران و ژن و کچەکانیان بوون بە کویلەی سێکس بۆ موجاھدین؟ کێ بوون ٧١ فەرمانی پێشوتری کوشتوبڕی ئێزدیەکانیان دەرکرد و جێبەجێکرد؟ دڵنیام خاچپەرست و جو و بودی و ھیندۆک و شامانیەکانی مەنگۆلیا نەبوون! ئەوان کوشتوبڕیان لە زەمان و مەکانی تر کردووە .
هەڵەدنی نازانێ یا نایەوێ بزانێ بۆ رۆشنگەرێکی وەک فایق بێکەس زیاتر لە نیو سەدە بەر لە شێرزاد ھاوار ئەکات:
خوایه یەک "لووتەر"* بنێری بۆ گەلی کوردی فەقیر
با نەجاتی دا لەژێر دەستی مەلا و شێخان و پیر
ئەم شەوی دەیجووره تاکەی؟ دەرکەوێ ڕۆژی مونیر
"عارەبیش" وا بوونه حاکم, ئێمه هەر دیل و ئەسیر
ئەی مەلا تۆبی و خودا لەم فیکرە کۆنه لابده
باسی باوەڕ که نەماوه باسی فیردەوس و سەعیر
ئەوەندە بەسە بۆ ئێستا