ئێوارەی (۹ ی ئابی ۲۰۲٤) باندێکی چەکدار و چەتەی شوێنەواریی لە ناوچەی قەرەداغ، هەوڵی دزین یاخود شێواندنی نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی (پاشا شولگی)ی دەدەن، کە بە نەخشی دەربەندی گاور و (بە هەڵەیش) لە نێو خەڵکیدا بە نەخشی (نەرام سین) ناسێنراوە، کاتێک کە هێزەکانی ئاسایشی ناوچەکە بەمە دەزانن؛ دوویان دەکەون و شکست بە هەوڵەکە دێنن، بەداخەوە شکستپێهانی ئەم هەوڵە بێ باج نەبوو، بەڵکو دوای ڕوبەڕووبوونەوەیەک هات لەگەڵ چەکدارەکاندا و تێیدا دوو کارمەندی ئاسایش گیانی خۆیان لە پێناوی پاراستنی ئەم نەخشە هەڵکۆڵراوەدا بەخشی، کە بێ هیچ گومانێک نەخشەکە یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە بەبایەخەکانی نێو مێژووی دێرینی کورد و لە ئەگەری سەرکەوتنی باندەکەدا، زیانێکی گەورە لەو مێژووە دەکەوت کە بە هیچ شتێکی دی قەرەبوو نەدەکرایەوە.
ئەم نەخشە هەڵکۆڵراوە هی کێیە و بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی دەربەندی گاور، دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای قەزای قەرەداغ و (٤۷) كم لە شاری سلێمانییەوە دوورە، دەکەوێتە ناوەندی دەربەندەکە و ڕووی لە باکورە، بەرزییەکەی (۳) مەترە و مینا پاڵەوانێک کە لە جەنگێکی گەورەدا براوە بووبێت ڕاوەستاوە و دوو کەس لە ژێر قاچەکانیدان، بە دەستی ڕاستی تەورێک و بەدەستی چەپی کەوانێکی هەڵگرتووە، کڵاوێکی سادە و خڕی لێواردار لە سەریدایە، قاچی چەپی وەک هەنگاونان بۆ سەرەوە بەرزکردۆتەوە، بازنێک لە دەستی چەپیدایە و مووروی تێدایە، دەستی ڕاستیشی بازنێکی سادە کە تا نزیکی مەچەکی هاتووە، جگە لەمانە هیچ زانیارییەک بە نووسین لە سەر نەخشە هەڵکۆڵراوەکە نابینرێت، هەربۆیە زۆرجار بۆچوونەکان دەربارەی خاوەنی ئەم نەخشە هەڵکۆڵراوە و ساڵی هەڵکۆڵینەکەی دژن بە یەک و بە هەڵە و بەراوردکاری ناشارەزایانە، ئێستاشی لەگەڵدابێ چەندین لێکدانەوەی ناڕاستی بۆ کراوە و دەکرێت.
ئەفسەری ئینگلیز (س.ج. ئیدمۆنز) لە ساڵی (۱۹۲٥) یەکەمین کەس بوو کە دەربارەی ئەم نەخشە هەڵکۆڵراوەی نووسی و لە بەر هاوشێوەبوونی زۆری بە وێنا هاوشێوەکەی (نەرام سین) لە میلی سەرکەوتن، بە هەڵکۆڵراوی (نەرام سین)ی هەژمار کردووە، ئەم بۆچوونە هەڵەیە ئەوەندە ببوو بە بۆچوونێکی باو، کە تا ساڵانێکی زۆریش و بە ئێستاشەوە لای زۆر کەس وەک ڕاستیەکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بۆ نموونە: ساڵی (۱۹٦۰) پەیمانگای شوێنەوارناسیی ئەڵمانی لە بەغدا ( ئیڤاشترۆ)ی ڕاسپارد کە بچێتە دەربەندەکە و چەند وێنەیەکی زۆر ڕوونی نەخشەکە بگرێت و بیباتە پەیمانگاکە بۆ لێکۆڵینەوە، تەنانەت دوای لێکۆڵینەوەش، لە بری هەڵوەشاندنەوەی بۆچوونەکەی ئیدمۆنز، بە هەمان بەراوردکارییەوە پشتگیری بۆچوونە دێرینەکەیان کرد، چونکە پێیان وابوو لە زۆر ڕووەوە لە وێنەی (نەرام سین) دەچێت کە لە سەر میلی سەرکەوتن لە شاری سوسە کێشراوە!
لەم ساڵانەی دواییدا، دوای ئەوەی کە زانیاری مێژوویی زۆر گرنگ و بەنرخ دەربارەی بنەماڵەی ئوری سێیەم و پاشاکانی بە دەست هاتن، لەگەڵیشیدا دۆزینەوە شوێنەوارییەکان بەرچاوڕوونیی زیاتریان خستە ڕوو، بەتەواوی ئەوە یەکلا کرایەوە کە یەکێک لە پاشاکانی بنەماڵەی ئوری سێیەم پاڵەوانی نێو ئەم نەخشە هەڵکۆڵراوەیە، شوێنەوارناسی ئەڵمانی ( ئەنتون مورتگارت) دوای وردبوونەوە لە شێوازی جل و بەرگ و ڕیش و کڵاوی پاشاکە، گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئەم شێوازی هەڵکۆڵینە لەسەر بەرد لە شێوازی پاشاکانی بنەماڵەی ئوری سێیەم دەچێت بە تایبەتی پاشا شولگی، کە لە هەزارەی دووهەمی پێش زاییندا، بۆ ماوەی سەدەیەک، بە نزیککراوەیی لە نێوان ساڵانی ( ۲۱۱۱ -۲۰۰٦)پ.ز ئەم بنەماڵەیە فەرمانڕەواییان کردووە.
بۆچی لە نێو پاشاکانی بنەماڵەی ئوری سێیەمدا، شولگی لە هەموویان نزیکتره لە نەخشەکە؟ چونکە بە وردبوونەوە ئەو ساڵنامە سۆمەرییەی کە ئێستا بەردەستە و بە ساڵنامەی ( شولگی) ناسراوە و تێیدا ئاماژە به ساڵەکانی حکومڕانیی شولگی و هێرش و پەلەماردانەکانی بۆ سەر ناوچەکانی تر، بە تایبەتی ناوچەکانی کوردستان( کارخار، خوموورتوم، کیماش، سیموروم)کراوە، زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە شولگی زۆرترین هێرشەکانی بۆ سەر ئەم ناوچەیە بووە و پێدەچێت لە یەکێک لە سەرکەوتنەکانیدا، بەلاساییکردنەوەی نەرام سین و پاشایانی ئەکەدی، وێنەی سەرکەوتنەکەی خۆی کێشابێت، بەڵام جیاوازی زۆر ڕوون ئەوە بەدیار دەخەن، کە ئەمە نەخشی نەرام سین نەبێت و بۆ پاشایانی بنەماڵەی ئوری سێیەم بگەڕێتەوە، لەوانە: شێوازی سادەیی و خڕیی کڵاوی پاشا، سیمای کڵاوی پاشا سۆمەرییەکان بووە نەک ئەکەدییانی پێشین، هەرچەندە شێوازی کێشانی وێنەکە سەر بە هونەری ئەکەدییە، بەڵام لە سەرجەم وێنەکانی دیکەی نەرام سیندا کڵاوی شاخداری لەسەرە نەک کڵاوی سادە و خڕ.
لەبەرچی دزین و شێواندنی شوێنەوارەکانی کوردستان؟
سێ هۆکاری سەرەکی لە پشتی دزین و شێواندنی شوێنەوارەکانی کوردستانەوەن و ئاماژەن بۆ بێباکیەکی قووڵ دەرهەق بە شوێنەوار، ئەوانیش:
یەک/ نەبوونی مەعریفەی پاراستنی شوێنەوار و بێ بەها بینینی شوێنەوارەکان و بێباکبوون لێیان، وایکردووە کە لە سەر ئاستی گشتی هەوڵی دزین یان شێواندن و لەناوبردنی هەر شوێنەوارێک، وەک ڕووداوێکی ئاسایی ببینرێت و کاردانەوەی گەورە بەدوای خۆیدا نەهێنێت، بەمەش چەتە و ناحەزانی شوێنەوار، بوێری زیاتریان پەیداکردووە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.
دوو/ دوژمنایەتی لەگەڵ مێژوو لەڕێی هەوڵدان بۆ شێواندنی ڕابردوو، چ لە نێوخۆوە بێت یاخود لە دەرەوە، ئەوە ڕوونە کە زۆر بە لێزانانە کار بۆ شێواندنی بە ئەنقەستی مێژووی کورد دەکرێت، لەمەشدا نیازی بە بچووک هێشتنەوە و بچووک بینین ڕۆڵ لە زاڵترکردنی ئەم دیدەدا دەبینن و ئامانجگەلی گەورەی سیاسی وڵاتانی دەوروبەر پاڵنەری زەقکردنەوەی ئەم دوژمنایەتیەن.
سێ/ نەبوونی سزای قورس و بەردەوامیدان بە لێپێچینەوەی ئاسایی و پێبژاردنی مادی کەم لەگەڵ چەتەکانی شوێنەواردا، هۆکاری هەرە سەرەکی زیادبوونی ئەم ڕاماڵینە شوێنەوارییەن، ئەمە چ کاتێک نامێنێت؟ کاتێک دەسەڵاتدارانی کورد لەو بێباکی و ناهوشیارییە گەورەیەیان دەرهەق بە شوێنەوار بەئاگابێنەوە و سزای ئێجگار قورس بۆ چەتە و لەناوبەرانی شوێنەوار دەربکەن و یاساکان بۆ ئەم مەبەستە توندتر و بەرکارتر بکەن.