کورتەی بابەتێکی د. عیرفان و وەڵامێکی د. سەردار سەرنجی ڕاکێشام، یەکێک لەو کێشانە، کە لە دیالۆگ و ڕەخنە و گفتوگۆکاندا هەستی پێدەکرێت نەبونی زمانێکی هاوبەشە بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکتردا، هۆکارەکەشی بریتییە لە جیاوازی ڕوانگەکان لەیەکتر، ئەمەش نەک لەبەرئەوەی هەردوولا جیاواز بۆ بابەتێک دەڕوانن، بەڵکو لێکتێنەگەشتن و هەڵە تێگەشتن دروست دەبێت، ئەمەش تەنها پەیوەست نییە بە دۆخی نوسین و دیالۆگی کوردییە، بەڵکو زۆرجار مونەزر و بیرمەندە گەورەکان لەسەر بابەتێک لەیەکتر تێ ناگەن، چونکە هەر یەکەیان شێوازێکی تایبەتیان هەیە بۆ بیرکردنەوە، تەنانەت زاراوەو و تێرمینۆلۆجیان بەشێوەیەک جیاوازە دەشێت وشەیەک، زاراوەیەک لای هەریەکەیان واتایەکی هەبێت، لە دیالۆگەکەی چۆمسکی و میشێل فۆکۆدا هەست بەو جیاوازییە دەکەیت، کاتێک لەبارەی سروشتی مرۆڤایەتییەوە قسەدەکەن ، بەهەرحاڵ ئێرە شوێنی ئەوە نییە تەنها وەکو نمونەیەک هێنامانەوە، بۆ پشتگیری قسەکانمان لەبارەی نوسینەکەی هەر یەک لە د. عیرفان و د. سەردار.
بە بڕوای من ئەو نوسینە کورتەی د. عیرفان بەشێکە لەکۆی سیستەمیی بیرکردنەوەی ئەو بەڕێزە، بۆیە بەبێ گەڕانەوە بۆ موحازەرات و نوسینەکانی بەشێوەیەکی گشتیی تۆ ناتوانیت ڕەخنەی لێبگریت، بۆیە دەرهێنانی سێ دێڕ و پەرەگرافێک و بابەتێکی ناکاتە کۆی تێڕوانینی ئەو، بەڵکو بۆ تێگەشتن و ڕەخنەگرتن لێی پێویستت بەوەیە کۆی مەغزا و کڵێشەی بیرکردنەوەی بناسیت، د. عیرفان لە زۆر شوێنی تردا درێژەی داوە بەو بابەتانە، ئەو کورد بوون وەکو بونێکی ئۆنتۆلۆجی سەیردەکات، نەک کوردبونێک لەنێو مێژوو و سیاسەتدا، دواتر عیرفان هەرگیز باسی کوردێکی بانمێژووی پاک و بێگەردیی نەکردووە، وەکو ناسیۆنالیزمیی نازیی و تورکیی، تەنها هاتووە کوردی وەکو خۆی خوێندووەتەوە، واتە داماڵینی کورد لە دیدو تێڕوانینێک کە لەدەرەوە هاوردەی بکەین، بەجۆرێک کوردبوون نەخەینە ژێر تیشکی میکرۆسکۆبی هیچ بیردۆزە و فەلسەفەیەک، کە لە دەرەوە هێنرابێت( بۆ نمونە هەموو ئەو تێڕوانینانەی ڕۆژهەڵاتناسەکان هەیانە لەبارەی کوردەوە ، تەنانەت هەندێکیان کۆمیدین، بەوەی شتی سەیر وتراوە لەبارەی کوردەوە، چونکە شارەزای کلتورەکە نەبوون)، لە زۆر شوێنداجەختی لەسەر ئەوەی کردۆتەوە کە ئەو توێژەرێکە خەریکی لێکدانەوە و شرۆڤەی بواری کوردناسییە، نەک کەسێکی ناسیۆنالیست یان ئایدۆلۆجی بێت، یان هاتیبێت بەرگیریی لە کوردبون کردبێت، چونکە د. عیرفان خۆشی ئەکادیمییە لەوە تێدەگات قسەکردنی ئایدۆلۆجیانە جیاوازە لە لێکۆڵینەوە و ئارگیومێنتی عەقڵانی و پاساودان و بەڵگەهێنانەوە.
بۆ مەسەلەی مۆدێرنە بەڕای من هیچ توێژەرێکی کورد وەکو د. عیرفان نەیوتوانیوە پەیوەندی نێوان کورد و مۆدێرنە بخاتەڕوو، بۆیە خوێندنەوەکانی مرۆڤ ئەخەنە بەردەم بیرکردنەوە لە هەندێک نۆرم و بەهای ڕۆژاواییانە، کە تا ئێستا ئێمە کوردمان پێی خوێندووەتەوە، یەکێک لەو بابەتانە بریتییە لە نەتەوە بەمانا مۆدێرنەکەی، کە خۆی لە زمان و خاک و بیرکردنەوە و ئاین، ڕەگەزی هاوبەش دەبینێتەوە، یان دەوڵەت وەکو چەمکێکی مۆدێرن کە خۆی لەسەر بنەمای سڕینەوەی جیاوازییەکان دەبینێتەوە بۆ دروستکردنی کیانێک گشتیی تر و شمولی تر بێت و جێی هەمووانی تێدا ببێتەوە، بۆیە لێرەوە ئەو پرسیارانە دێنە بوون کە ئایا کورد بۆچی نەبوو بەدەوڵەت لە دوای کەوتنی عوسمانی؟ ئەگەر لە دورەوە سەیری بکەین ئەتوانیین وەکو د. سەردار ئەڵێت، لەو سەردەمە ڕشک و سپێ کوردی خواردبوو، بیرکردنەوەیان لە مەترسی تیرە و هۆزەکانی تر و لەوەڕگاکان تێنەدەپەڕیی، بەڵێ لە دوەرەوە سەیری دەرهاویشتەکانی دۆخی کوردبوون بکەیت لەو سەردەمەدا بەوجۆرەیە، بەڵام کاتێک دێیت دەرگیر ئەبیت بە بونە ئۆنتۆلۆجییەکەی کوردەوە، یان بوونە خودییە ناوەکییەکەی کوردەوە و دای دەبڕی لە فاکتەرە دەرەکییەکان، بەوجۆرە نییە، فاکتەرەدەرەکییەکانی وەکو دۆخی دواکەوتووی کورد و نەبونی هاوپەیمانییەکی هۆز و تیرەکوردییەکان و کەسایەتییەک ئەو هۆز و تیرانە یەکبخات، کاریگەری ئینتیمای ئاینی وەکو فاکتەری دواکەوتویی کورد لەوەی پشتگیریی عوسمانی بکەن...تاد، بەڵام خێرە هەموو تورک و فارس مرڤێکی پێگەشتوو و شاریی و خاوەن دید و عیرفان و فەلسەفە بوون و کوردیش هەر ڕشک و سپێ خواردبویان، لە ڕاسیتدا ئەم دیدە هەڵەیەکی میتۆدییە، چونکە دنیای پێش مۆدێرینی ئەم ناوچەیە بۆ خەڵکی عەوام هەر یەک جۆر بووە، فارس و تورک و عەرەبیش هەر ڕشک و سپێ خواردبویان، ئەوانیش هەر خەریکی لەوەڕگاکانی خۆیان بوون، هەموو خەڵکانی ئەم ناوچە بەجیاوازییەکی کەمەوە لەناوهەمان ستایلی ژیان بوون، ئێ خۆ سوڵتانی عوسمانی و ژیانی خۆش بوبێت، میرە کوردییەکانیش ژیانێکی خۆشیان هەبووە بۆخۆیان، بەهەرحاڵ مەبەستم ئەوە بوو بڵێم، کورد ئەوەندە بەربەریش نەبووە، بەڵکو وەکو د.عیرفان ئەڵێت کورد نەک نەیتوانیی لەگەڵ بنەما گشتییەکانی مۆدێرنە بگونجێت و بێتە نێو ئەم هاوپەیمانییە جیهانییە نوێیە، بەڵکو بونی خۆی دژ بەم بنەمایانە بوو، لێرەدا د. عیرفان کوردبوون وەکو ناسیۆنالیزمە ئەڵمانییەکە لێکناداتەوە، کە شتێک لەکوردا هەیە لەوانی تردا نییە، تەنها ئەم ئەیەوێ لە ڕێگەی ناسینی خودی بوونی کوردەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە بۆچ کوردنە نەیتوانی بێتە نێو دنیای مۆدێرنەوە، ببێتە خاوەن دەوڵەت و کیانی خۆی وەکو نەتەوەکانی تر، تەنانەت لە زۆر شویندا ئەمەی وەکو تاوان نەخستۆتە سەر دەوڵەتانی ڕۆژئاوای وەکو فەڕەنسا و ئینگلیز، چونکە ئەو پێی وایە کێشەکە لەنێو خودی کورددایە، تەنانەت بۆچونەکەی بۆ ئەوە دەچێت کورد نەتەوە نەبێت، بەمانا مۆدێرنەکەی، بەڵکو جۆرێکی ترە لە نەتەوە کە لەنێو دنیای مۆدێرنەدا نەتەوەی لەو جۆرە بونی نییە و هیچ پێناسەیەکی بۆ دانەنراوە، هوکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کوردبوون دۆخێکە زیاتر لە دونیای ناوەوەی مرۆڤی کورد و لە مێنتاڵێتی کورددا هەیە و بەشێکە لە ڕۆحی مرۆڤی کورد، بەڵام کە دێتە سەر ئەوەی سەنتەرێک، بنەمایەک هێزێک کۆنفدراسیۆنێک دروست ببێت، ئەو کوردبوونەوە تەجەلا نابێت، بەڵکو هەر وەکو وزە ناوەکییەکە دەمێنێتەوە و ئامادەی دەستبەرداربونی خەسڵەتە ناوچیی و بنەماڵەیی و زمانییەکەی خۆی ببێت، ئەم تێڕوانییە بۆ هەورامیی و سۆرانیی و کرمانجی کەلهوڕ و تەنانەت لوڕ و لەک و بەختیارییەکان هەمان شتە. بۆیە دیدەکانی د. عیرفان بەڕای ئێمە زۆر نزیکن لە بوونە ئۆنتۆلۆجییەکەی کوردەوە تا ئەو دیدو تێڕوانینانەی کە لەسەر بنەمای تێز و بیرکردنەوە ڕۆژئاواییەکان کورد دەخوێننەوە و هەمیشە دانیشتوون بزانن لەکوێ نوسەرێکی کورد هاوارێک لێ بەرزدەبێتەوە دژی ڕۆژئاوا و دژی بەها ڕۆژئاواییەکان و سیستەمە مەعریفیی و بیرکردەوە ڕۆژئاواییەکان، تا ئەوانیش پەلەپەل بیدەنە بەر نەشتەری ڕەخنە و بە دواکەوتوو و ڕشک و ئەسپێ تێدراو و وەحشیی لەقەڵەمی بدەن، ئێ خۆ دنیای ڕۆژئاواش، کە چویتە ناوی بێگومان دەبیتە بەشێک لێی، چونکە کێشەی ئەو سستەمانەی ڕۆژئاوا ئەوەیە خۆیان پێش تۆ ڕەخنە لەخۆیان ئەگرن، ئەوروپا و مۆدێرنەکەیان وەکو خوان ناخەنە بەردەستی خەڵکانی تر بیکەن بە خوانی ڕەخنە، ئەو سیستەمانەش بۆیە دەمێننەوە چونکە دژەکەیان لەناخۆیاندا هەڵگرتووە و قبوڵیان کردووە، کەچی هاتوون ڕۆژهەڵاتیان کردووە بەگۆمی خوێن، ئەمریکا لە ئەفغانستان نزیکەی 75حزبی دروستکردبوو، کەچی لە ئەمریکا ئەوەندە یاسا هەیە، کە ڕێگە نادات حزبی نوێ دروست ببێت، تەنها دوو حزبی دیموکرات و کۆماریی دەسەڵات دەگرنە دەست، دیارە بەهای فرەیی/پلوڕالیزم کە بەهایەکی ئەمریکی و ڕۆژئاواییە خۆیان بڕوایان پێی نییە، یان وەکو واجیهە تەنها بۆ ڕای گشتیی و ڕاگەیاندن لە ئاستی دەرەوەدا هەندێک شت دەکەن بۆ ئەوەی وا دەربکەون کە ئەوان ئەو بەهایانە دەپارێزن، کاتێک بتەوێ ڕەخنەیەک لە دنیای ڕۆژئاواو ئەمریکا بگریت، یەکسەر ئەتخەنە هەڵەی میتۆدییەوە بەوەی تۆ باس لەشتێک دەکەیت ئەبستراکتە و گشتییە و بەرهەمی یەک وڵات و شوێن و کۆمەڵگا نییە و پێویستیی و بەرهەمیی مێژوویی مرۆڤایەتییە، بەڵام ئەم تێڕوانینەش هەر خۆی ئەبستراکتە، ئەگینا ئەگەر وایە یەک نمونەیەکی بچوک دەهێنینەوە، نەرویج وڵاتێکی ئەسکەندەنافیی بێ کێشەیەو تاکی نەرویجی وەکو خۆیان ئەڵێن تا 100 ساڵی تر داهاتی ساڵانەی جێگیرە، لاریمان نییە وڵاتێکە و پێشکەوتووە و سەربەجیهانی یەکەمە و سیاسیەکانیان باشن و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسین و لایەنی بەڕێوەبردن و کارێگێڕیان لە لوتکەدایە، بەڵام پۆلیسی نەرویجی چی ئەکات لە ڕومادێ لە عێراق؟ بۆچی هاتووە؟ ئەیەوێ چی بکات؟ ئێ ئەمەی وتمان هەمان ئەو قسانەیە پۆتین بە ئەمریکا ئەڵێت! کەواتە مۆدێرنەی( سەرمایەداریی و لیبڕالیزم و نیو لیبڕالیزم) ئەبستراکتەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، دیوێکی ناشرینی هەیە کە هیچ وەڵامێکی لۆجیکیی پێ نییە بۆ ئەو پرسیارانە، چی جای تۆ بتەوێ لەوێوە دۆخی میلەتێکی دواکەوتووی بێ خاوەنی وەکو کورد بخوێنیتەوە!
ئەوەش تەنهابۆ ئەوە خرایە ڕوو کە بڵێین ئێمە پێویستمان بە خوێندنەوەی خۆمان هەیە بە میتۆدێکی ناوخۆیی، کەڕاستەوخۆ دەرگیر ببێت لەگەڵ بونمان، هەروەها سود وەرگرتن لە ئەو پێگەشتنانەی فیکریی مرۆڤایەتی پێی گەشتووە جیاوازە لە هێنانی بیرکردنەوەی ڕۆژئاواییانە کوتومت وەکو خۆی بۆ قسەکردن لەسەر بونی کورد و مێژووی کورد.