گرامشی قسەیەکی هەیە دەڵێت:((هەر بارەگایەکی حزبی، سەنگەرێکە دژی خەڵک)) دەشێت ئەم وتەیە ئاوا لێبکەین ((هەر پیرۆزیەکی دەسەڵات، سەنگەرێکە دژی خەڵک))
قسەکردن لەسەر ئاڵا، بابەتێکی فرە ڕەهەندە، دەکرێ مرۆڤ لەچەندین ڕوانگەی جیاوازەوە لێی بڕوانرێت، ئاڵا لەگەڵ بونی مرۆڤدا بە فۆرمی جیاواز ئامادەیی هەبوە، بەڵام وەکو دیاردەیەکی مۆدێرن ماناکانی ڕەنگە تاڕادەیەکی زۆر جیاواز بن لە سەردەمەکانی پێشوتر، ئاڵا سیمبولێکە لە دنیای مۆدێرندا وەکو شوناسێکی گشتگیری کۆمەڵگاکان دەبینرێت، ئاڵا لەسەر بنەمای نەهێشتنی کۆی ڕەنگەکانە، تواندنەوەی کۆی ئاڵا لۆکاڵییەکانە بۆ دروستکردنی ئاڵایەکی نوێ کە گشت ئەندامەکانی کۆمەڵگایەک بە هی خۆیانی بزانن.
ڕەهەندێکی تری ئاڵا دەرونییە، مرۆڤ پێویستی بە ئەوەیە کە شتانێکی هەبێت وەلائی هەبێت بۆیان، خواست و ویستی هەبێت لەسەریان، نمونەی هەستی نیشتیمانیی، نەتەوەیی، ڕەمزەکانی وەکو مارش و ئاڵا و سەرجەم ڕەمز و فۆرمەکانی تر، کە مرۆڤ ئەیەوێ بیکاتە سوکنایی دەرونی و جۆرێک لە بۆشایی دەرونی پێ پڕبکاتەوە، شتانێک وەکو موقەدەس لە شێوەی ئاین بکاتە قودوە و نمونە ی ڕێزلێگیراوی خۆی بەجۆرێک دەستبردن بۆی ببێتە هێڵی سور.
شتێکی تر کە هەستی پێ دەکرێت، ئەوەیە کە ڕادەی پیرۆزیی و گرنگی ئاڵا لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێت، لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوادا ئاڵا ئەو واتایەی نییە، کە لای تاکی کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەکو ئێمە هەیەتی ئاڵا لێرە بوەتە ڕەمزی تێکۆشان و خوێن، بەجۆرێک پەیوەندییەکی دو سەرە لەنێوان ئاڵاو خوێندا هەیە، ئاڵا ڕەمزی نەهامەتیی و قوربانییەکانە، چونکە تا ئێستاش ئێمە لەناو قوربانیدانداین، نمونەی جینۆسایدی ئێزیدی زۆر نییە کە ڕوی داوە، هەر خودی ڕقلێبونەوە لە ئاڵاش بەم ئاستە زۆرە، ئاماژەیە بۆ گرنگی ئاڵا و ڕەمزەکان لە کۆمەڵگای ئێمە، واتە ئاڵا ڕەمزێکە جێی هەڵوێستەی خەڵکە، چونکە سەردەمانێک پیرۆز بووە ئێستا پیرۆزی خۆی لەدەست داوە، خۆشەویستییەکەی جاران بۆ ئاڵا ، پێچەوانە بوەتەوە و بوەتە ڕقلێبونەوە لێی، وێنەکەی بەتەواوەتی پێچەوانە بوەتەوە.
بەشێکی تری ئەم ڕاسیستیی و توڕەییەی ئێمە بەرانبەر هەمو شتێک پەیوەندی بە جۆی ژیانمانەوە هەیە ژیانێک، هیچ کەرەستەیەکی خۆشگوزەرانی تێدا نەبێت، ئاین و کلتور ڕێگرییەکانی کۆمەڵگا و پەنگخواردنەوەی ئەو هەمو حەز و ئارەزووەی تاکی ئێمە وای کردوە بەرانبەر هەمو پێشهاتێک دڕدۆنگ و توڕە و بێ حەوسەڵە بین، هەمیشە پەڕگیر بین، بەجۆرێک یان شتێک ڕەت ئەکەینەوە یان بەتەواوەتی قبوڵی ئەکەین، جۆرێک لە هەست و سۆز زاڵە بەسەر تێڕوانینمانەوە بۆ هەمو شتەکان لەناویشیاندا ڕەمزە نیشتیمانییەکانی وەکو ئاڵا، دەردی مەسعود محەمەد ئەیوت ئەگەر بڕێ جوانیی و بریقەداریی شار و خۆشییەکانی بۆ مرۆڤی کورد بڕەخسایە وەکو وڵاتانی ت کە شاری گەورەیان هەیە کوردیش ئەوەنە دوڕدۆنگ و موتەعەسب نەئەبوو بەرانبەر هەمو شتێک.
ئاڵا وەکو ڕەمزێک دەبێتە شوناسی کۆمڵگاکان، پێیان دەناسرێتەوە و جیایان دەکاتەوە لەکۆمەڵگەیەکی تر، ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە و لە ئێستای کۆمەڵگای خۆماندا هەستی پێ ئەکرێت، بریتییە لە بەکارهێنانی ئاڵا و سەرجەمی ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەیکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ مانەوە و بەرگیریی کردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بەجۆرێک ڕەمزەکانی وەکو ئاڵا، پێشمەرگە و نیشتیمان و شەهید و خاک...تاد کراون بە دەسوێژی مانەوە و خۆ دەوڵەمەندکردن و قۆنتەرات، دزیی و تەخشانو پەخشانی سامانی گشتیی و تەنانەت کوشتن و ئیختیالات و بگرە یارمەتی دانی دەوڵەتان و دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتان، بەمەبەستی مانەوەی خۆیان، هەموو ئەمانە لەسەر حسابی داهاتی نیشتیمانی دەکرێت کە موڵکی خەڵکە، حەقی نەوەکانی داهاتووە، واتە بەکارهێنانی ئاڵا بۆ ئەوەی بەردەوامی بدرێت بەو شێوازەی حوکومەتداریی و دەسەڵات، لێرەشدا وێنەکە پێچەوانە دەبێتەوە ئاڵا ماناکانی خۆی لەدەست دەدات و واتای تری بۆ بار دەرکرێت، لێرەوە شەڕێک دروست دەبێت، لەگەڵ ئاڵادا کە هی خودی ئاڵا نییە ، بەڵکو شەڕێکی دەرونیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات ، ئاڵا لێرەدا ئامانجەکە نییە، بەڵکو شەڕەکە دەرئەنجامی شەڕی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتە لەژێر چەتر و سێبەری ئەو ئاڵایە، بەمجۆرە کۆی ئەو ستەمەی دەسەڵات دەیکات، یەکسان دەبێت بە هەمو ئەو ڕەمزانەی دەسەڵات بەرگیریان لێدەکات، لێرەشەوە ئاڵا چیتر نابێتە ڕەمز و سیمبولێک بۆ هەموان، نابێتە موقەدەس و پێویستی سایکۆلۆجییەتی خەڵک، بەڵکو چەکێکی دەسەڵاتە بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بە ئەو ستەمەی کە لە خەڵکی دەکات، هەر بۆیە دەبینین خەڵک چیتر ڕەمزێکی نامێنێت بەناوی ئاڵاوە، ئاڵا چیتر بە موقەدەسی نامێنێتەوە، بە پێچەوانەوە دەبینین سەرجەمی ئەو هونەرمەند و وەرزشوان و سیاسیی و چین و توێژانەی سودەمەندی دەسەڵاتن و لایەنگری دەسەڵاتن لە بەرەی پیرۆزکردنی ئاڵان، بە پێچەوانەوە زۆرینەی خەڵک نەک هەر دژی ئاڵان ، بەڵکو بەگومانەوە سەیری ئەوانەش دەکەن، کە خۆشەویستییان بۆ ئاڵا هەیە، لێرەدا جیاوازیەیک هەیە، ڕەنگە بڵێین بۆچی لەهیچ وڵاتێکی تردا سەرەڕای ستەم و خراپی دەسەڵات، خەڵک ڕقیان لە ئاڵاکەیان نابێتەوە، بێگومان ئەم پرسیارە، ڕەنگە چەندین ڕەهەندی هەبێت، گرنگترینیان ڕەنگە ئەوە بێت کورد خاوەن پرسێکی نەتەوەییە، هەمو ژیانی ئەم کۆمەڵگایە ڕاکردن و کۆچ و ڕەو بووە، سەرەڕای جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال و داعش، کە چی ئێستا ئەو دەسەڵاتە بازرگانی بە ڕەمزە نەتەوەییەکان دەکات، یارییان پێدەکات، لەژێر چەتری ئەو ئاڵایە کوڕ و خزم و لایەنگرانی سەرانی سەربەدەسەڵات کۆشک و تەلار و ژیانی خۆشگوزەرانیی و سەفەری وڵاتان و کڕینی ڤێلاو ئوتێل و دورگە لە وڵاتانی ئەوروپا و خۆشترین شوێنەکانی دونیا، لەبەرانبەردا زۆرینەی خەڵکیش لە فەقیریی و بێ ئیشیدا دەژین، لێرەوە شەڕەکە لەسەر خودی ئاڵاکە نییە، بەڵکو شەڕ لەسەر ئەوەیە کێ و بۆچی پشتگیریی ئاڵا دەکات؟ بە پێچەوانەشەوە کێ و بۆچیش دژی ئاڵان؟