رێژەی کوشتنی شەڕەف بووە بە دیاردەیەکی ترسناك لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا، لەوەش زیاتر گوتار و زمانی تیرۆر ساڵانێکە لە هەموو ئاستەکانەوە کار دەکات، ئێستا خەریکە دەگاتە ئاستی تیرۆری جەستە و سەندنەوەی رۆح بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕ، "خواناسیش" کە ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ تیرۆر کرا، یەکێکە لەو نموونانە. کەواتە، ئەو هۆکارانە چین کە رۆژ بەرۆژ کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو نائارامی دەبەن؟
ئەوەی کە لە بواری کۆمەڵناسیدا زاناکان لەسەری کۆکن، ئەو کاریگەریە هاوبەشەیە کە هەموو دامەزراوەکان لەسەر یەکتری هەیانە. بە دروستبوونی کەمترین ناهاوسەنگی و کەموکوڕی لە دامەزراوەیەکدا، ڕەنگدانەوەی خراپی لسەر هەموو دامەزراوەکانی دیکەدا دەبێت و بە شێوەیەکی نێگەتیڤ کاریگەری لەسەر یەکدی دادەنێن، رێک وەکو جەستەی مرۆڤ. کاتێک مرۆڤێک ژانە سەر دەیگرێت، تەواوی جەستەکەی دووچاری شەونخونی و نارەحەتی دەبێت. ئەو هاوکێشەیە لەسەر درشت یا (ماکرۆش) هەر ڕاستە. سیستمی سیاسی و سیستمی کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووریش تاد، بە شێوەی ئەرێنی، یا نەرێنی یەکتر تەواو دەکەن. لەو ڕوانگەیەشەوە، دەتوانین بە خێرایی ئاماژە بە سێ خاڵی خێرا بکەین.
یەکەم: سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، نەك هەر نەخۆشە، بەڵکو بۆخۆی بووەتە هۆکارێك بۆ لاوازبوونی شەرعییەتی سیاسی و قانونی، تا ئاستی قەیران ڕۆشتووە. هۆکارەکان زۆرن، دەتوانین چەندین هۆکار باس بکەین بۆ قەیرانی شەرعییەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەخێرایی ئاماژە بە دوو هۆکار دەکەم. هۆکاری یەکەم، نەبوونی ڕوانگەیەکی سیاسی و دونیابینییەکی مۆدێرن لەلایەن حیزبەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەتیش هەردوو حیزبی دەستەڵات، کە هەرێمی کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە و مۆنۆپۆلی دامەزراوەکان، سەرچاوەکانی داهات و هێزە ئەمنییەکانییان کردووە، لەپاڵ ئەوەی کە ناشزانن هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن و ئاڕاستەی بۆکوێ دەڕوات. وەکو هۆکارێکش بۆ ئەمە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە حکومەتی حیزب بووە، نەك حکومەتی خەڵك. حکومەتێکە هەمیشە شەپرە لێدراو و دەستوپێ بەستراوە لەلایەن خودی حیزبەکانیانەوە. بەو مانایەی نە سەرۆك وەزیران دەتوانێت لە خەتە سوورەکانی حیزب لابدات، نە سەرۆکی پەرلەمان و نە سەرۆکەکانی یەکە ئیدارییەکان. ئەم هۆکارەی یەکەمەش، بووە بە بناغەیەک بۆ هۆکاری دووەم، کە ململانێی سیاسی نێوان هەردوو حیزبی دەستەڵاتە، بۆتە هۆی؛ لەلایەک ململانێی ئێسک شکاندنی یەکتر، بۆتە هۆی وابەستەبوون بە هێزە دەرەکییەکان، لە هەمووشیان گرنگتر بۆتە هۆی پشتگوێخستنی کۆمەڵگە و نەبوونی هیچ جۆرە ستراتیژیەتێکی نیشتمانی بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکان، ئاینیەکان و نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانی بۆ کۆمەڵێک کێشە و پرسی هەمەجۆر.
دووەم: سیستمی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە خودی خۆیدا سیستمێکی قەیراناویە، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەی دوای جەنگ و لە قۆناغی دوای پڕۆسەی جینۆسایددا دەژین. راپەڕینی 1991 لە خودی خۆیدا ئەنجامی بوونی قەیرانێکی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو لە عێراق و لە کوردستانی باشووریشدا. دوای راپەڕین، حزبە سیاسییەکان، پڕۆژەیەکی کۆمەڵایتییان نەک هەر پێنەبوو، بەڵکو جارێکی دیکە، کۆمەڵگەیان بردەوە ناو شەڕێکی ماڵوێرانکەرتر و بەهەزاران ماڵباتیان دووچاری کۆچپێکردن کردن و کۆمەڵێک کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری بوونەوە.
لەدوای داڕمانی رژێمی بەعس لە 2003، خەریك بوو وردە وردە خۆشگوزەرانییەکی ئابووری ڕووی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام لەپڕ شەڕی داعش لە 2014 یاخەی هەرێمی کوردستانی گرت و تا ئێستاش حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لەپاڵ ئەو هۆکارانەی کە لە خاڵی یەکەم باسم کردن، لە کاردانەوە و کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە ڕزگاریان نەبووە. شەڕێك کە پڕۆسەیەکی دیکەی جینۆسایدی بەداوادا هات، جیا لەو هەموو نەهامەتیانەی ڕووبەڕووی ئێزیدیەکان بوونەوە وەکو گروپێکی گرنگی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان و تا ئێستاش زۆربەیان لە خیوەتگەکان ژیان بەسەر دەبەن و کێشەکانییان چارەسەر نەکراون، زیاتر لە دوو هەزار کچ و ژنی ئێزیدی بێ سەروشوێن ماونەتەوە. لەپاڵ ئەوەشدا بە دەیان هەزار ئاوارەی سوریا و سێگۆشەی سوننەی عەرەب روویان لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەم ئاوارانەش جیا لەو بارگرانییە ئابووریەی بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی دروست کرد، کاریگەری لەسەر سیستمی کۆمەڵایەتیش داناوە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جیددی هەیە.
ئەم هەموو قەیرانانە، هۆکاری ڕاستەوخۆن بۆ تێکچوون و شڵەژانی سایکۆلۆژیای هاوڵاتیان و نەبوونی هیچ بەربەستێک بۆ توشبوونیان بە دڵەڕاوکێ و خێرا کەوتنە ژێر کاریگەری گوتار و کردارە قەیراناویەکان. نیو سەعات ئۆتۆمبێل هاژۆتن لە شەقامەکان، بەسن بۆ تێگەیشتن لە نائارامی و ئاڵۆزی هاوڵاتیان.
سێیەم: سیستمی گوتاری ئاینی و ڕادەستکردنی کۆمەڵگە بە گروپە سیاسییە ئایدیۆلۆژییەکان، قەیرانێکی دیکەی بۆ سیستمی کۆمەڵایەتی دروست کردووە. ساڵانێک بەر لە ئێستا بابەتێکم بەناوی (ئیسلامی نابینا)، کە تایبەت بوو بە گوتاری ئاینی، بڵاو کردەوە. "نابینا" چەمکێکی کۆمەڵناسیانەیە و وەکو کردەیەکی بێ پلان کار دەکات. ئەوەش مانای وایە، کەسێك کارێک دەکات، گوتارێک دەدات، یا داهێنانێک دەکات، بۆی هەیە مەبەست و نیەتی لەو کارە باش بێت، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا زۆربەی کردە کۆمڵایەتییەکان دەرهاوێشتەی نابینایان هەن. واتە دەرهاوێشتەی نەرێنین ئەگەر مەبەست و نیەتی نەرێنیشی لەپاڵدا نەبووبێت. لەو توێژینەوەیەدا چاودێری زیاتر لە پازدە وتاری نوێژی هەینی مزگەوتەکان کراوە، لەگەڵ شڕۆڤەکردنی چەندین ڤیدیۆی جیاوازی مەلا سەلەفییەکان و ئیسلامیەکان بە گشتی. گوتارەکان تەسنیف کراون بۆ چەند بەشێك لەڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایینی و تاد. لە یەکێک لە کۆنفڕانسەکان پوختەیەکی ئەو توێژینەوەیەم خستە ڕوو، یەکێك لە ئامادەبوانی ئەو کۆنفڕانسە، مەلایەک بوو هەڵگری دکتۆرایە و مامۆستای زانکۆشە. بێ ئەوەی وردەکاری توێژینەوەکەی من بزانێت، بە شێوەیەکی نەشیاو و بە زمانێکی قەیراناوی پەلاماری دام. پەلاماردانەکەی ئەو لەخودی خۆیدا پشتڕاستکردنەوەی ئەو گوتارە تیژئاژۆ و پڕ لە قەیرانەیە کە تا ئەو چرکەساتەش لە ژمارەیەک لە مزگەوتەکان، لە رادیۆ و کەناڵە تەلەڤیزیۆنیەکان و سەکۆ جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێمە کار دەکات. گوتارێك لەپاڵ کێشە سیاسییەکان و قەیرانە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ئەوانیش زیاتر سایکۆلۆژیای هاوڵاتیان ئاڵۆزتر دەکەن.
لەو رۆژانەدا کێشەیەکی عەقیدەیی هاتۆتە ئاراوە کە ڕەوتی سەلەفی گەشەی پێدەدەن و هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ شێواندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی. یەکێک لە سەرکردە سەلەفییەکانی کوردستان لە ڕووداودا، کە لێی دەپرسن بۆ ئێوە بە ئەشعەرییەکان دەڵێن گومڕان؟ لە وەڵامدا، بە خوێنێکی ساردەوە دەڵێت خۆ ئێمەی سەلەفی واناڵێین، بەڵکو خودا و پێغەمبەر وادەڵێن. لێرەدا خودا و پێغەمەبەر دەکرێنە تەڕەف لەو شەڕە عەقیدییە پڕ لە عوقدە و گرێیەدا. وتاری سەلەفییەکان کە چەندین مزگەوت و سەکۆی جیاواز و توانای زۆریان لەبەر دەستە بەشێکن لەو قەیرانە و رۆژانە بەشێوەی جیاواز بەگومڕاکردن بەرهەم دەهێندرێت. سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی بەتەواوەتی ڕادەستی مەجهول و گروپە بێ دایکوبابەکان کردووە و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و گوتاری توندئاژۆ و نابینا بەیەکەوە خەریکە دۆخێکی نائارام لەهەرێمی کوردستان دروست دەکەن و جۆرێك لە بێخەمی و بێباکی لەسەر هەموو ئاستەکاندا دەبیندرێت.
لەسەر بنەمای ئەو سێ هۆکارەی سەرەوەش، ئەگەر خێرا ئاقڵمەندانی وڵات نەخشەڕێگایەك بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان دانەڕێژن و سنوورێك بۆ کێشە و قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و گوتارە توندئاژۆکان دانەنێن، هەموومان بەو ئاگرە بێ ئەمانەی کە وردە وردە خۆش دەبێت، دەسوتێین.