سەدری سیاسەت، دەکرێت لەناو هەموو سیاسییەکانی عێراق، بە پەنجە ئاماژەی بۆ بکرێت کە دەیزانی و دەشزانێت چی دەوێت. ئاخر، کشانەوەی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی، عێراقی پاراست لە شەڕێکی خوێناوی، کە بۆی هەبوو بەشێک لە بەرەی ئیتار هاوپێچ بە میلیشیاکانیانەوە بچنە ناو ئەو گەمە قێزەونەوە. ئەوکات بەشێک لە ئیتار بێ سڵەمینەوە لە شێواندنی عێراق و دروستبوونی ئاڵۆزی لەسەر ناوبانگ و وێرانبوونی زیاتری ئەو وڵاتە گرەویان دەکرد. گرەویان دەکرد لەسەر ئەوەی سەدری سیاسەت بە شەڕ کۆتایی پێ بێنن. هەڵبەت لەو لایەشەو، ئێران هەرگیز رێگای نەدەدا عێراق بە تەواوەتی بکەوێتە ژێر هەژموونی سەدر، چونکە ئەوکات، دەبوایە ئێران لە یەك دەرگاوە لە عێراق بێتە ژوورێ، ئەویش تەنها دەرگای سەدر دەبوو.
سەدر، دەیوسیت عێراق ببێتەوە خاوەنی سەروەری خۆی. هێزە دەرەکییەکان لە پێشەوەی هەمووشیانەوە ئێران و ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە. بۆ ئەم ئامانجەش پێوستی بە شەرعییەتی کورد و سوننە بوو، شەرعیەتی شیعەش لای خۆی بوو. بەو جۆرە رێگای ئێران بۆ عێراق بە سەدردا تێپەڕ دەبوو، رێگای ئەمریکاش بۆ عێراق بە کورد و سوننەدا تێپەڕ دەبوو. ئەوسا، دەیویست لەڕێگای پەرلەمانەوە، بە شەرعییەتی کورد و سوننەوە، هەردولا، ئێران و ئەمریکا بخاتە دەرەوەی بازنە و دووریان بخاتەوە.
دوورخستنەوەی ئێران، لەڕێی نینۆککردنی میلیشاکان دەبوو، کە چەند جار ئەو خواستەی ڕاگەیاند. میلیشیاکانی عێراق مۆدێلێکی ماوەبەسەرچووی سوپای پاسدارانن کە نەتەوەکانی ئێران لەدەست ئەو سیستمە پاڕەپاڕیانە و دەیانەوێت کۆتایی پێ بێنن. جگە لەوەش هەر دەوڵەتێکی مۆدێرن ڕێز لە ناوبانگی خۆی بگرێت، ناکرێت خاوەنی میلیشیا بێت. ئێستاش ئەو میلیشیایانە کە ژمارەیان 200 هەزاری تێپەڕاندووە، بودجەیەکی زەبەلاحییان بۆ تەرخان کراوە و بەرەو دەوڵەتی قوڵ دەڕۆن. لەو بارەیەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتیش رێز لەخۆیان و نەتەوەکەیان بگرن، دەبێت هەرچی زووە، هێزەکانی خۆیان لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بتاوێننەوە و بخرێنە ژێر هەژموونی وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی میلیشا واتە ئامادەبوونی مۆتەکەی شەڕ لەهەر چرکەساتێکدا، وەکو نەوەدەکانی هەرێمی کوردستان. ئێستاش نموونەی سودانمان لەبەرچاوە، کە چۆن پێتەختی ئەو وڵاتەیان خەڵتانی خوێن کردووە.
دوورخستنەوەی ئەمریکاش لە عێراق، لەڕێی بەدەستهێنانی شەرعییەتی کورد و سوننە دەکرا تەواو بکرێت. سەدری سیاسەت دەیویست بە بڕیارێکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق هەژموونی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی پێ بێنێت. لە بنەڕەتیشدا ئامانجەکە تەنها هەرێمی کوردستان بوو، چونکە ئەمریکا لە عێراق ئەو هەژموونە یەکلاکەرەوەی نەماوە. ئەوەی هەیەتی لە هەرێمی کوردستانە. بەڵام سەدری سیاسەت، لەپێناو پاراستنی خوێنی شوێنکەوتووەکانی خۆی و دوورخستنەوەی بەغدای پێتەخت لە فیتنە و ئاشووب، کۆتایی بە پڕۆسەی سیاسیی ڕەوتەکەی خۆی هێنا و گەڕایەوە ناو دونیای سەدری ئایین، نەك بەیکجاری، بڵکو بۆ گەڕانەوەیەکی بەهێزتر.
سەدری ئایین، کەسایەتییەکی ئاڵۆزە. لەکاتێکدا کە پڕە لە خەون و خولیای گرتنەدەستی جڵەوی ئایینی شیعەگەری لە عێراقدا، لەهەمان کاتدا، دەیەوێت ئەو پانتاییە ئایینییە درێژبکاتەوە بۆ شەرعییەتی کێڵگەی سیاسی. لە پەنجەرەی سیاسەتەوە هەژموونی خۆی گشتگیر بکات و سەدری ئایین بکات بە مەرجەعی عێراق.
ڕاستە کە سەدری سیاسەت لە گۆڕەپانی سیاسی دوورکەوتەوە، بەڵام لە پێناو گەڕانەوەیەکی بەهێزتر و شەرعیتر، هاندانی شوێنکەوتووانیشی بۆ موبایەعەی موقتدا سەدر و وابستەبوون لەڕێی واژۆکردنی خوێنین، بەشێکە لە تۆکمەکردنی ئەو ڕەوتە. ئەوەش ڕاستە کە سەدری ئایین گروپی «أصحاب القضية»ی[1] بە نەفرەت کردن و خۆی لێ بەری کردن، چونکە سەدری ئایین خێرا لەوە تێگەیشت کە ئەو ڕەوتە ئامرازێکن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو سەدرەکان، سەدری سیاسەت و سەدری ئایین، بۆ هەڵوەشاندنەوەی توانای ڕەوتی سەدر لە بەردەوامبوون و کۆتایی هێنان بە گوتاری نیشتمانیی عێراق، کە بەردوام هەردوو سەدرەکان جەختی لێ دەکەنەوە. سەدر بەو خۆبەریکردنەی لە گروپی «أصحاب القضية»، کۆتایی بە دوو شت هێنا، یەکەمییان کۆتایی بەو گروپە هێنا لەڕووی مەعنەویی و ئەگەری بوونییان بە هێزێکی سەربازی. دووەمیش کۆتایی هێنا بە هەر پیلانێک کە لەڕێی ئەو گروپەوە دەیانویست لە ناوبانگ و تواناکانی سەدر بدەن، کە ئێستا ئێران و پڕۆکسییەکانی لە عێراق تۆمەتبار دکرێن بەوەی لەپشت ئەو هێزەوە بن بۆ کۆتایی هێنان بە سەدر.
ئەوەندە ماوە بڵێم، سەدری ئایین رێی تێدەچێت بۆ شوێنکەوتووانی خۆی پەنایەکی ڕۆحی بێت لەڕوانگەی مەزهەبی شیعەگەراییەوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە هەرگیز ئەو پەنایە نابێت کە عێراق بە لێوارێکی ئارام بگەیەنێت، نەک لەبەر ئەوەی کە سەدر نازانێت چی دەوێت، لە پێشەوەش ڕوونم کردەوە کە چی دەوێت، بەڵکو بەهۆی سەدری ئاینییەوە. سەدری ئایین هەمیشە بەربەستێکە لەبەردەم عێراقێکی مەدەنی، فرەیی و دەوڵەتی قانون. چونکە سەدری سیاسیی لەپەنجەرەی سەدری ئاینییەوە دێتە ناو سیاسەت و دەوڵەتێک لەسەر مۆدێلی ئێران دادەمەزرێنێت. ئەوسا دەوڵەتێک دەبێت بەقد کاڵا و باڵای سەدری ئایین دەبڕدرێت. دەوڵەتێکی مەرکەزی، مەزهەبی و بە کۆتاییهێنان بە هەموو سیمایەکی دەوڵەتێکی مۆدێرن.
[1] «أصحاب القضية»، ئەو گروپەن؛ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە محەمەدی مەهدی گەڕاوەتەوە و خۆی لە جەستەی موقتەدا سەدر بەیان دەکات. بۆیە دەبێت هەمووان موبایەعەی موقتەدا سەدر بکەن. بەڵام سەدر خێرا پێشی لەو بانگەشەیە گرت و خۆی لێ بەری کردن.