تیۆری پیلان، کە بەعەرەبی پێی دەگوترێت (موئامەرە) و بە ئینگیزیش دەبێتە (Conspiracy)، چیتر دۆخێكی ئاسایی نیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و بووە بە نەخۆشییەکی جیددی، زۆر ترسناکتر لەو نەخۆشیە سەردەمییانەی کە ڕۆژانە خەڵك پێیانەوە سەرگەردان بووە. تیۆری پیلان چیە و کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چین؟
بەکورتی، بیرکردنەوە بەشێوازی باوەڕهێنان بە تیۆری پیلان، دۆخێك نیە لەلایەن ئەو کەس و گروپانەی کە وەها بیردەکەنەوە، بەڵکو بووە بە دیاردەیەکی دەروونی ناوەکی، کە بەعەرەبی پێی دەڵێن کەینونی (Innate) تێکەڵ بووە بە خوێن و گۆشتی ئەو کەسانەی کە باوەڕییان بە تیۆری پیلان هەیە، درێژبۆتەوە بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ترسناك. ئەم دیاردەیە لەوەدا نەماوەتەوە لەگەڵ ژمارەیەک لەو کەسانە دابنیشین و بە بەڵگە و ئەرگومێنتی ئاسایی بۆیان بسەلمێنین کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نەك هەر هەڵەیە، بەڵکو نەخۆشیشە، ئەوسا، ئەو کەسانە، خودی ئەو گوتار و کۆبوونەوەیەش بە پیلان هەژمار دەکەن.
پیلان، لەلایەن ئەو خەڵکانە، بوونی هێزێکی شەڕخوازە، ئامانجییان تێکدان و لەباربردنی کۆمەڵگەی موسوڵمانانە. ئەوانەش کە ئەو پیلانەیان داناوە، ماسۆنیەکان و زایۆنیزمن لەڕێی هێزە سوپەرپاوەرەکان، کە هێزێکی زەبەلاحن و پارە و سامانییان لەبەردەستە، ئامانجییان لەباریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵگەی موسوڵمانانە و کافرکردن و بێ ئەخلاقکردن و دواییش کۆنتڕۆلکردنە. بەجۆرێك باوەڕییان بەو گریمانەیە هەیە، ترس و دڵەڕاوکێیەکی ئەخلاقی (moral panic) سەرتاسەریی دروستکردووە، نەك هەر لای ئەوکەسانەی کە باوەڕییان پێی هەیە، بەڵکو بەڕیوەتەوە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە، دەکرێت بەشێك لەو نائارامییەی کە خەڵكێکی زۆر پێیەوە دەناڵێنێت، لەو بیرکردنەوە خەیاڵپڵاوییە هاتبێت.
ئەم باوەڕەهێنانە، جیاوازە لەوەی کە چەند ئەفسەرێکی سوپا (پیلانێک) دادەڕێژن، بۆ نموونە دەست بەسەر حکومەتێکدا بگرن و کودەتایەك ساز بکەن، بەڵکو تیۆریی پیلان جۆرێکە لە وەهم و پیلانی گریمانەیی، کە لە بنەڕەتدا گریمانەیەکە نە دەتواندرێت بسەلمێندرێت، نە دەشتواندرێت ڕەت بکرێتەوە. هەندێك لە توێژینەوەکان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی متمانەیەکی سەرتاسەری بە دەستەڵات و دروستبوونی دۆخێکی خراپی بژێوی و ئاستەنگی ئابووری. بەو مانایەی چەند ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری دروست ببێت، ئەو جۆرە بیروباوەڕەش لەبەرامبەردا گەشە دەکات، بەتایبەتیش ئەگەر بەربڵاوبوونی دیاردەی هێزە دینییەکان لەناو خەڵك، دەکرێت ئەو جۆرە بیروباوەڕە بەهێزتر بێت و زیاتر خەڵك بەرەو خەیاڵاتی بیروباوەڕی پیلان ببات. زانایەکان، پێیان وایە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لەڕووی دەروونییەوە زیانێکی زۆری هەیە و دەکرێت سەربگرێت بۆ نەخۆشی. توانای بیرکردنەوە و زیرەکی کەم دەکاتەوە و مرۆڤ بەرەو دۆخێکی سایکۆلۆجی نەخوازراو و پارانۆیا دەبات. چەندین توێژینەوە لەو بوارەدا کراون، یەکێک لەوانە بریتییە لە "تیۆرییەکانی پیلانگێڕی پزیشکی: زانستی مەعریفی و کاریگەرییەکانی بۆ ئەخلاق"، لەلایەن کەسێک بەناوی گابرییل ئەندرای ئەنجام دراوە، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بیردکردنەوەی لەوجۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند مەرجێکی سایکۆلۆجی وەکو پارانۆیا، شیزۆفرینیا، نارسسیزم و هەستکردن بە نائارامی.
ئەم بیرکردنەوەیە بەجۆرێك مەترسیدارە، ئەگەر ناوەندەکانی دەستەڵات باوەڕ بەو تیۆرییە بێنن، بۆی هەیە کارەسات بخولقێنن. زۆرێك لەوانەی کە پەنا بۆ تاوانە گەورەکان دەبەن، وەکو جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی مافەکانی مرۆڤ، باوەڕهێنانە بەو جۆرە بیرکردنەوەیە، بەوەی کە وڵاتەکەیان، یا دەستەڵاتەکەیان لەژێر هەڕەشە و مەترسیدایە، ئەگەر زوو دەستوبرد نەکەن، ئەوان لەناو دەچن. تەنانەت هێزە توندڕەوەکان، کە پەنا بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەبەن، لەو گۆشەنیگایەوە بیر دەکەنەوە. چ ئەندامێکی گروپە توندڕەوەکانی وەکو قاعیدە و دەولەی ئیسلامی (داعش) هەیە باوەڕی بەوە نەبێت کە ئیسلام لە مەترسیدایە. ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا مشتومڕێکی زۆر لەسەر مەسەلەی جێندەر دروستبووە و بەشێکی زۆر لە ئیسلامییەکان کەوتوونەتە ناو ئەوجەدەلەی کە کۆمەگەی ئیسلامی لەبەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە دایە و وڕوژاندنی پرسی جێندەر بۆ سەپاندنی هاوڕەگەزبازییە.
ئەم دیاردەیە هەر پەیوەست نیە بە گروپە ئیسلامییەکان و دەستەڵاتە تاکڕەو و ئۆتۆریتێرەکانی رۆژهەڵات، بەڵکو لەماوەی ڕابردووشدا نازییەکانی ئەڵمانیا پێیان وابوو کۆمەڵگەی ئەڵمانی لەبەردەم مەترسی گەورەدایە لەلایەن جووەکانەوە، کە بووە هۆی جەنگ و ئەنجامدانی هۆلۆکۆست و لەبەینچوونی ملیۆنان مرۆڤ. سەرانی یەکێتی سۆڤییەت پێیان وابو هەموو دونیا دژ بەوان یەکییان گرتووە. تورکیای ئەتاتورک بە تورکیای ئەردۆغانیشەوە، لەناو ئەو باوەڕەدا هەزاران تاوانییان ئەنجامداوە، بەتایبەتیش دژ بە کورد، بەوە کە دەیانەوێت تورکیا هەڵبوەشێننەوە. بەعسیەکان و رژێمی ئیسلامی ئێرانیش لەناو هەمان تۆڕی بیرکردنەوە دان. هەروەها رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکی و ئەوڕوپی باوەڕیان وابوو ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە پیلانێکە بۆ کەمکردنەوەی مرۆڤ و دەبێت دژی بوەستینەوە. زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتانی ئیسلامیش بەشێوەیەکی بەربڵاو باوەرییان بەو گریمانەیە هەبوو و ئامادەنەبوون ڤاکسین وەربگرن. پەلاماردانی کۆشکی سپی لەلایەن هەوادارانی تڕەمپەوە، بەشێک بوو لەو بیروباوەڕە ترسناکەی تیۆری پیلان، کە تا ئێستاکەش بە هێزەوە کار دەکات، بەوەی کە ئەمریکا لەبەردەم مەترسی دایە. پۆتینی ڕوسیاش لەناو هەمان وەهمدا پەلاماری دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی وەکو ئۆکڕایینی دا.
پوختەی قسان ئەوەمان پێدەڵێت، ژیان لەناو ئەو خەیاڵاتە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەسات، دواکەوتنی کۆمەڵگە و جەمسەرگیرییەکی ترسناک و دروستبوونی تاوان و کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی. لەکاتێکدا، ئەو بیروباوەڕە شتێک نیە بێجگە لەوەهم. لەڕاستیدا، ئەوەی باوەری وابێت کە هێزە نێودەوڵەتییەکان نابێت پلانییان هەبێت بۆ ئایندەی خۆیان، بۆ بەڕەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، جۆرێکە لە گەمژەیی. بەڵکو کارەسات ئەوەیە ئەوانەی باوەڕییان بەو تیۆرییە هەیە، پلانییان نەبێت بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان، بۆ ئەوەی ئایندەیەکی تەندروست بۆ خەڵک و نیشتمانەکەیان بەدەست بێنن.