هەندێك جار قوڕسە لە هەندێ چەمک تێبگەیت، تا لەڕووی پڕاکتیکەوە ڕووبەڕووی نەبیتەوە. یەکێیش لەو چەمکانە "پووچێتی خراپەکاریی" هانا ئاڕێنتە. هانا ئاڕێنت لەزۆرلایەنەوە دژایەتی دەکرا، چونکە پێی وابوو "تاوانبارەکانیش وەک خۆمانن". پێی وابوو تەنها چاکەکاری ڕادیکاڵە، خراپەکاری ڕادیکاڵ نیە، بەڵام پوچگەراییە. ئەو لەگۆشەنیگایەکی ئەخلاقییەوە دەیویست وەک نازییەك بیر نەکاتەوە. بەڵام چەند قوڕسە مرۆڤ لەبەردەم ئەهریمەنێك بوەستیت و ئەو هەموو بنەما ئەخلاقییەکان ژێرپێ بخات و تۆش بەتەواوەتی لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە شەڕی ئەهریمەن بکەیت. ئەوانەی دژایەتی هانا ئاڕێنتیان دەکرد، لەو گۆشەنیگایەی هانا تێنەدەگەیشتن. هانا دەیویست مرۆڤەکان وەک خۆیان تەماشایان بکرێت، کە تاوان دەکەن، نە ئەوەتا پاساو بۆ ئەو بنەمایانە بێنینەوە کە بەو هۆیەوە تاوانەکەیان ئەنجام داوە، نە ئەوەتاش بچینە هەمان پانتایی ئەوان و هەموو بەهایەک لەدەست بدەین و وەکو ئەوان بیر بکەینەوە و ڕەفتار بکەین. بەکورتی، هانا دەیزانی پوچگەرایی لەدوامانەوەیە، نابێت بکەوێتە پێشمان، ئەگینا ئێمەش دەچینەوە ناو هەمان تۆنێل.
هەندێك جار پوچگەرایی ئەو عەقڵانە ڕامدەگرێت کە ڕۆژ تا ئێوارە خەریکی پاساوهێنانەوەن. پاساو بۆچی، بۆ بنەماکانی ئایدیۆلۆجیایەك کە لە قەیرانێکی ڕاستەقینە دایە. قەیرانێك کە ڕاستەوخۆ دژ بە مرۆڤبوونە. ئینجا کاتێك کەسێکی دیکە کە هەڵگری هەمان ئایدیۆلۆجیایە، خراپەکارییەک دەکات، لەجیاتی ئەوەی ڕەخنە لەو بنەمایانە بگرێت کە ئەگەری ئەوەشییان تێدایە مرۆڤ بەرەو خراپەکاری یان تاوان ببەن، ئەوان پاساو دێننەوە و دەڵێن، ئەوانە لەو بنەما و دەقانە تێەگەیشتوون. کاتی خۆی، دوای پەلاماری چەکدارانی دەولەی ئسلامی (داعش) بۆ سنوورەکانی هەرێم، لەکەناڵي (NRT) رێبەری حیزبێك دەیگوت؛ "ئەوانە بەهەڵە لە دەقەکان تێگەیشتوون و لەوەیاندا گوناهبارن". چۆن بتوانین لەو ڕستەیە تێبگەین؟ ئەوکاتە هەندێك پێیان ناخۆش بوو کە چەکدارەکان تەکفیر ناکات، بەڵکو هەر بە گوناهبارییان دەزانێت، بەڵام زەینییان بۆ پاساوهێنانەوەکەی نەدەچوو. ئەو کات پێم وابوو ئەو ڕێبەرە لەوەیاندا زۆر وردە و ناتوانێت تەکفیرییان بکات، چونکە سوور دەزانێت کافر نین. کەسانێك چۆن کافر بن کە گیانی خۆیان لەپێناو ئەو بنەمایانە دەبەخشن؟ بەڵام لەوەیاندا هەزەلی بوو کە پێی وابوو بەهەڵە لە حوکمی کەنیزەک (سەبایا) و دەستگیرکردنی ژنە ئێزیدییەکان حاڵی بوون. لەکاتێکدا تا ئەو چرکەساتەش، نە خۆی و نەهیچ کەسێکی دیکە ئەو جورئەتەی نەبووە قسەیەک لەو حوکمە بکات و بڵێت خەتا لەوانە نیە کە مرۆڤە جیاوازەکان دەکەن بە کۆیلە و کەنیزەك، بەڵکو کێشە لەو دەقانە دایە کە نەتواندراوە چارەیەکییان بۆ بدۆزرێتەوە و بەدوامانەوەن.
چەمکی موحارەبەتوڵا، بەقەد چەمکی "نەژادی باڵا"ی نازیەکان، چەمکێکی دژە مرۆڤە و بەدوامانەوەیە. هێندە مەهزەلەیە، مەگەر لەهەمان گۆشەنیگای هانا ئاڕێنتەوە، دایبەزێنینە چوارگۆشەی "پوچێتی خراپەکاریی"، پوچێتییەك کە تەعبیرە لە ئەقڵێکی هێندە هەژار و دژەمرۆڤ، هێندە بەتاڵ، هەندێ جار حەقی بەزەیی پێداهاتنەوەی هەیە. لێرەشدا، چەمکی "موحارەبەتوڵا"، لە پوچگەراییەکەیدا زۆر جیاوازتر نیە لە چەمکی کەنیزەك. لێرە بەناوی شەڕی خودایەك کە لەبەرچاوی ئێمە غائیبە، مرۆڤێك لەسێدارە دەدات، لەوێش بەناوی خودایەك کە بەهەمان شێوە لەبەرچاوی ئێمە غائیب بوو، سەری مرۆڤێک پەل دەدرا یا دەکرا بە کەنیزەك.
ئالێرەدایە چەمکی موحارەبەتوڵا، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەرامبەر چەمکی (ژن، ژیان، ئازادی). لەوێدا، پوچێتی حوکمێك کە ئەوانەی لە پشتییەوەن و بەکاری دێنن، هەر لە ڕاسپۆتینی جادووکەر و کاهینەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەچن و دێنە بەر چاو. حوکمێك کە بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە، لەدوامانەوەیە و بەدوامانەوە. لەبەرامبەر دروشمێك کە لەپێشمانەوەیە. دروشمێك کە مرۆڤ، لەمرۆڤیشدا ژن تیایدا سەنتەرە، مرۆڤێك کە هەم پێویستی بە ژیانە و هەمیش بە ئازادی. دروشمێك کە بەهەموو خەسڵەتەکانییەوە ڕێک دەچێتە ناو گۆشەنیگاکەی هانا ئارێنت، بەتەواوەتی پوچێتی "موحارەبەتوڵا" ڕادەگەیەنێت، لەبەرامبەر فەلسەفەی ژیان و ئازادی بۆ کۆمەڵگایەکی نوێ، کە چیتر ناکرێت خەڵکێك وەکو ڕێبەرانی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاست خۆیان بکەن بە دەمڕاستی خودا و بەناوی "هەڵگەڕانەوە" مس بەسەر جەستەی هەڵگەڕاوەکاندا بتاوێننەوە. ڕێك کاهینەکانی ئەمڕۆی دونیای ئێمەش دوای زیاتر لە پێنجسەد ساڵ، لەژێر هەمان پاساوی "هەڵگەڕانەوە" لە فۆڕمی "موحارەبەتوڵا"دا، مرۆڤەکان لەژێر ئەشکەنجەدا دەکوژن و لەسێدارەیان دەدەن.